فەڕۆخ نێعمەتپوور

کات
لە کاتژمێرەکان دەکشێتەوەو
دەبێتەوە بە چیلکە و بە سێبەر
ژمارەکان کاڵدەبنەوە
راستی
باوەگەورەم کەی مرد؟

 

کڕۆنا

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

بە گیرفانی بەتاڵ
لەناو بازاڕی ژیان راوەستاوم
کڕونا بە گۆنیەک پارە لەوێوە تێدەپەڕێ.


***
شەو درەنگان
گوێم لێیە
لە رەفەی کتێبەکانەوە کەسێک دادەبەزێتە خوارەوە
لەوێوە بۆ بەر پەنجەرەکە
سەدەکانی ناوەڕاست بە بزەوە لە دونیا دەڕوانێ.


***
لەدووای ساڵان
دایەگەورە
سەری یەغانەکەی هەڵدایەوە
یەک یەک چیرۆکەکانی دەرهێنایەوە
منداڵەکان لە دەوری کۆدەبنەوە.


***
دەمامک لە جیاتی روخسار
باوکم دەڵێ
وەک جاران
ئیتر هیچ ژنێک دڵی بە خۆی نامێنێ.


***
تەرمێک لە کۆڵان
بەپشتی خاکەوە
نە هەتاو دەیڕفێنێ و
نە مانگەشەو.


***
ئەنتەرناسیوناڵی سیستەرەکان
مارکس رادەبێتەوە
ئەنگڵسیش
مانیفێستێکی تر
دەستی جیهان ماچدەکا.


***
دەرەوە
وەک سەرەتای ژیان چۆڵە
ئادەم و حەوا
لەبیری سێودزینێکی تردان.


***
کڕۆنا
وەرزی سڕێنەوەی سنوورەکان
دکتۆر و نەخۆش
پێکەوە دەمرن.


***
وەک جاران
مرۆڤ لەلایەک و
سروشت لەلایەک
سیاسەت و ئابووریش
دوو سۆزانیی پیر.


***
کات
لە کاتژمێرەکان دەکشێتەوەو
دەبێتەوە بە چیلکە و بە سێبەر
ژمارەکان کاڵدەبنەوە
راستی
باوەگەورەم کەی مرد؟


***
کڕۆنا
رقی لە ئاو و
لە سابوون و
لە کلۆرە
رەنگە جیهان ئەمجارە
لەم سیانە چێ بێتەوە.


***
بە کونیشا نەچێ
مێروولەکان هەر
شایی لۆغانی تاڵانیانە.


***
هەر مودێرنە و
ئینتەرنێت و
موبایل نەبوو
کڕۆنایش بوو بە هۆکارێکی تر بۆ تەنیایی.


***
پاش یەک میلیۆن ساڵ
زەوی دەستی دەکا بە کەپری چاوانی و
هاوار لە هەسارەکانی تر دەکا:
ـ سبەی دەعوەتن بۆ
میوانییەکی کاکەشانی.


***
من زەویم بیر ناچێتەوە
خەیاڵێک بوو
لە رەنگی سەوز و شین
بە زەرد و سووریش لە تەنیشتییەوە
ئەستێرە بێ ئەژمارەکان دەیدەنە پڕمەی پێکەنین.


***
گەر ئەمجارە
گەڕامەوە
شەرت بێ سنوور
لەبیری خۆم
بۆ هەمیشە بسڕمەوە.