ما 855 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کڕۆنا و جووڵە

مەترسیی کڕۆنا تەنیا لەوەدا نیە دەکوژێ، بەڵکو لەوەشدایە دەتوانێ ببێتە هۆی داڕمانی ئابووری. داڕمانی ئابووریش لەبەر ئەوەی کاتێک هەموو شتێک رادەوەستێ و جووڵە نامێنێ، بەرهەمهێنان، بازاڕ و بازرگانی کاڵایش نامێنێ و بەم شێوەیە سووڕی ژیانی مرۆڤ رادوەستێ.

کڕۆنا جارێکی تر سەرنجی مرۆڤ بۆ گرینگیی 'جووڵە' رادەکێشێتەوە. یەکەمین فیلسووف سەرنجی دایە گرینگیی جووڵە و وەک بنەمای بوون پێناسەی کرد 'هراکلیتۆس'ی یۆنانی بوو. لای ئەم فیلسووفە دونیا هەمیشە لە گۆڕان و جووڵەدایە و هیچ شتێک وەستاو نیە. بە هۆی جووڵەوەیە هەم جیهانی هەست و هەم جیهانی بەرهەست دێنە چێکردن و هەبوون و بەردەوامی هەروەها مردنیش. مردنێک کە لێرەدا بە هۆی جووڵەوە لە خزمەت 'بوون' دایە.

کڕۆنا پێمان دەڵێ کاتێک مرۆڤ رادەوەستێ، هەموو شتێ دەتوانێ راوەستێ. کاتێک جووڵە نامێنێ، ژیان لە سنووری مردن نزیک دەکەوێتەوە. هەر بەو شێوەیەیش بگرە دونیای سروشت و جیهانی دەرەوەی مرۆڤیش. کەواتە جووڵە سەرەکیترین بنەمای بوون و بەردەوامی و خوڵقاندنە، هەرچەند لە گەڵ خۆیشیا هەڵگری مردنە، بەڵام ئەو مردنەی وا دیاردەیەکە بۆ بەردەوامیی ژیان و خوڵقاندن.

ئەگەرچی جووڵە و گۆڕان دەبنە هۆی کاتی بوونی هەموو شتێک و یەک لەوان ژیانی تاکەکان، بەڵام لەبیرمان نەچێ بە هۆی ئەوانەوەیە ئێمە دەتوانین هەبین. کەواتە ئەم چەمکانە ئاستی بەرز وەردەگرن لە وەسفی بوون بە گشتی.

کەواتە بە مانایەک کڕۆنا دەتوانێ هۆکارێ بێت بۆ دۆزینەوەی دووبارەی چەمکی جووڵە و شۆڕبوونەوە تیایدا. کڕۆنا دەتوانێ بیانوویەک بێت بۆ خوێندنەوەیەکی فەلسەفیانەی تر.

سایتی قەڵەم ٣ مانگی چواری ٢٠٢٠

 

زمان و حرکت در هنر: نقاشی های جنبش فوتوریسم (آینده نگری) درباره ...

گەڕان بۆ بابەت