ما 3790 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

رەنگە بتوانین بڵێین لەم دونیایەدا شتێک هەیە واوەتر لە خودی خواستی نووسەر بۆ نووسین یاخود نەنووسین. شتێک کە ناوی 'نووسین'ە. بە واتا ئیفلاتوونیەکەی ئایدیای نووسین. ئایدیایەک وا لە شوێنێک لە دەرەوەی خواستی مرۆڤ هەیە و هەر نووسینێک لە جیهانی واقع بریتییە لە کۆپی کردنی ئەم ئایدیایە. ئایدیایەک کە هەیە و خۆی دەسەلمێنێ.

 

بۆچی دەنووسین (١)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەم پرسیارە گەلێک نووسەر (بواری ئەدەب) بیریان لێکردووەتەوە و، هەوڵیانداوە وەڵامی بدەنەوە. دیارە ئەمە پرسیارێکی کراوەیە و ئەگەرچی خۆی لە خۆیدا یەک رستەیە، بەڵام وەڵامەکان بێ سنوورن و هەمیشەیش بێ سنوور دەمێننەوە.

هێنانەوەگۆڕێ ئەم پرسیارە بەتایبەت لەم سەردەمەدا گرینگە وا ئێمەی تیا دەژین. سەردەمێک کە بە گوێرەی یەکێک لە کاراکتێرەکانی دوواڕۆمانی چارڵز بوکۆسکی بە ناوی 'پاشماوە' کە لە لاپەڕەی ٥٨ی دەقە نۆروێژییەکەیدا هاتووە، دەڵێ نووسەران و دەقەکانیان چیدی گرینگیان نەماوە. ئەو کاراکتێرە دەڵێ "جاران ژیانی نووسەر سەرنجڕاکێشتر بوو لەو شتەی وا دەینووسی، بەڵام ئێستا نە ژیانی نووسەران و نە بەرهەمەکانیان سەرنجڕاکێش نەماون."

بێگومان هەموو نووسەرێک ئەگەر تەنانەت بۆ خەڵکیش نەنووسێ، بەڵام پێی خۆشە بەرهەمەکەی بخوێندرێتەوە و ببێ بە جێگای سەرنجی ئەوان. بۆیە لە دووامانادا دەق بە خەڵکەوە مانا پەیدادەکا. دەق بوونێکی کۆمەڵایتییە و لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا هەست بە خۆی دەکا. ئەگەر نووسەر 'پەیامنێر' بێت و دەق 'پەیام'، ئەوا ئەم سێکوچکەیە بە هەبوونی 'پەیاموەرگر' کۆتایی دێ و کامڵ دەبێ. 'هێمن'ی شاعیر دەیگوت بۆ خۆم دەنووسم و گەر کەسێک بیخوێنێتەوە ئەوا سوپاسی دەکەم. مارکس، نووسەر بە کرمی ئاوریشم دەشوبهێنێ و دەڵێ وەک ئەو کرمە چۆن لە سروشتیدایە ئاوریشم بەرهەم بێنێ ئەوا نووسەریش بە هەمان شێوە لە سروشتیدایە نووسین بەرهەم بێنێ. بۆیە لە راستیدا نووسەر بە بێ گوێدانە خوێنەر و خەڵکی دەنووسێ. واتە دنەدەری سەرەکیی ئەو، سەرنجی خوێنەر و خەڵکی نیە، بەڵکو دینامیزمێکە وا لە دەروونی خۆدی نووسەرەوە سەرچاوەدەگرێ. بێهۆ نیە نووسەری راستەقینە لەهەر چەشنە بارودۆخێکدا دەنووسێ و نووسین لای بە دۆخەوە گرێ نەدراوە. نووسەری راستەقینە نە برسیەتی، نە فشاری ژیان، نە زیندان و نە نزیکبوونەوە لە مەرگ نابنە هۆی راوەستانی چالاکییەکی زەینی کە ناوی نووسینە. بگرە هەموو دۆخێک بۆ ئەو دەبێتە بیانوو و هاندانێک بۆ بیرکردنەوە و بۆ نووسین. وەها نووسەرێک لە ژیان و لە دیاردەکانی وەک ئامراز و لە هەمان کاتدا وەک ئامانجێک بۆ نووسین دەڕوانێ. لای ئەو شوێنێک بوونی نیە بەناوی خاڵی راوەستان. ئەگەریش هەبێ ئەوا خاڵێکە بۆ بازدانێکی تر بەرەو قۆناغێکی تر.

با بگەڕێینەوە سەر قسەکانی کاراکتێرەکەی چارڵز بوکۆسکی. پرسیار ئەوەیە گەر خوێنەر بۆ نووسەر گرینگە، بۆچی لە جیهانێکدا کە دەق و نووسەر هەتا دێن گرینگیی کەمتر پەیدادەکەن، هێشتا خەڵکانێک هەن کات بۆ نووسین تەرخان دەکەن؟ بگرە بەشێکی یەکجار گرینگیش لەو کاتانەی وا بە ژیان ناوبانگی دەرکردووە؟ بۆچی هێشتا کەسانێک هەن کەمتر بیر لە بەشی سێهەمی زنجیرەی "پەیامنێر، پەیام، پەیاموەرگر"واتە پەیاموەرگر دەکەنەوە و هێشتا لە سەر دوو بەشی یەکەم و دووهەم چەقیان بەستووە؟ دیارە وا باشترە بڵێین لەسەر بەشی دووهەم واتە 'پەیام' چەقیان بەستووە، چونکە لە راستیدا ئەوان لە خۆیان وەک ئامرازێک بۆ بەشی پەیام دەڕوانن و لە کاتی نووسیندا لەبنەڕەتدا بیر لەوە ناکەنەوە ئەوان هەنووکە پەیامنێر یاخود سەرچاوەی پەیامن.

لە جیهانێکدا بەهۆی گەشە ئامرازە دیجیتاڵییەکان و تەکنۆلۆژیاوە دەرفەتەکانی سەرگەرمی مرۆڤ روو لەزیادبوونن، بۆچی هێشتا کەسانێک هەن بیر لە نووسین دەکەنەوە؟ بگرە ئەم کەسانە جیهانی نوێ و پڕ لە داهێنانی دیجیتاڵیان کردووە بە ئامراز و بیانوویەک بۆ نووسینی زیاتر. لە راستیدا ئەم دونیا نوێیە ئەوانی وەها لە خۆیدا نوقم نەکرد کە بیر لە پرسیارە هەمیشەییە و بنەڕەتییەکانی ژیان و بوون نەکەنەوە و، بە گوێرەی دۆخی نوێ سەرلەنوێ نەیانخەنەوە بەر پرسیار و لێکۆڵینەوە و لێدوان. داخۆ هومێدێک هەیە بۆ ئەوەی سەرئەنجام خەڵکی بگەڕێنەوە سەر دەقەکان و دیسان وەک جاران سەرنج بدەنەوە گرینگیان؟ یاخود نووسین لەم جیهانە پان و بەرین و جۆراوجۆرەدا بریتییە لە جۆرێک لە ژیانکردن وەک هەموو ژیانەکانی تر؟

چارڵز بوکۆسکی کە بۆخۆی ئەم رستەیە لە رێگای یەکێک لە قارەمانەکانییەوە بەیاندەکا، بێگومان خۆی بە قووڵی ئاگای لەوەها دیاردەیەکە، بەڵام لە دوواقۆناخی ژیانیشیدا هەر خەریکی نووسینە و دوواڕۆمانی بەرهەم دێنێ. رێک لە کاتێکدا نەخۆشە و رەنگە وەک جاران جەستە و سەلامەتی هاوڕێی نین بۆ نووسین، بەس ئەو وازناهێنێ و بە جەستە و بە تەندروستیی خۆی دەڵێ کە ئەوە ئێوەن دەبێ گوێڕایەڵی من بن، نەک من گوێڕایەڵی ئێوە! بەم شێوەیە جەستە و تەندروستی ملکەجی دەبن و هەتا سەر سەرەڕای دژواریی رێگا لەگەڵیا دەڕۆن. رێک تا ئەو رۆژەی دوواڕۆمان بەرهەم دێ و بوکۆسکی بە دڵنیایی و خۆشحاڵییەوە پاڵی لێدەداتەوەو دەڕوانێتە دووابەرهەمی. رەنگە هەر ئەمەیش دوواڕۆژەکانی تەمەنی ئەم نووسەرەی، سەرەڕای ئێش و ئازاری جەستە بە هۆی نەخۆشییەوە، ئاسانتر کردبێ. کاتەکان لای بوکۆسکی دەبن بە ئاوێتەیەک لە ئازار و لە داهێنان. ئازاری جەستە و داهێنانی رۆح و بیر. دوو لایەنی دژبەیەک، بەڵام هاوکات هەمیشە جووت و هەمیشە پێکەوە.

لە دونیایەکدا نووسەران رەنگە زیاتر لەهەر کەس و چین و توێژێکی تر هەست بە نامۆیی دەکەن و لەلایەن خەڵکەوە وەک جاران وەرناگیرێن، بەڵام دەبینین نووسین پاشەکشەناکا و بەردەوام لە دونیای مەجازیدا زیاتر لەهەر کاتێکی تر ئامادەیی هەیە. بوکۆسکی ئەم قسانە لە زمانی یەکێک لە قارەمانەکانییەوە دەکا و بەڵام بە بەردەوامبوون لە نووسینی دووابەرهەمی خۆی دەمەلاسکێی ئەو خەڵکە دەکاتەوە وا ئەو و بەرهەمەکەی ئەو و ژیان و بەرهەمی نووەرانی تر بە هێند وەرناگرن. وەک بڵێی بوکۆسکی دەیەوێ بڵێ راستە ئێوە حەزتان بە من نیە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە من ئەوەی دەکەم وا ئێوە دەیخوازن، بەڵکو من ئەوەی دەکەم وا خۆم دەیخوازم! وە لەم جیهانەیشدا کە بەردەوام چەمکی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان بە شێوازێک بەهۆی جیهانی دیجیتاڵییەوە بەرفراوانتر دەبن، منیش، با ئێوە نەمناسن و دیانم پیانەنێن، بەڵام خاوەن شوێنم و هەم و دەمەوێ ببم و... بەردەوامیش دەبم،... تا دوواساتەکان!

بەم شێوازە لە دووای مەرگی بوکۆسکی دوواڕۆمانەکەی لەچاپدەدرێ و دەبێ بە یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی. بەناوبانگ لە جیهانێکدا وا تێیدا نووسەر و بەرهەمی، چیتر بۆ خەڵکی سەرنجڕاکێش نین!

رەنگە بتوانین بڵێین لەم دونیایەدا شتێک هەیە واوەتر لە خودی خواستی نووسەر بۆ نووسین یاخود نەنووسین. شتێک کە ناوی 'نووسین'ە. بە واتا ئیفلاتوونیەکەی ئایدیای نووسین. ئایدیایەک وا لە شوێنێک لە دەرەوەی خواستی مرۆڤ هەیە و هەر نووسینێک لە جیهانی واقع بریتییە لە کۆپی کردنی ئەم ئایدیایە. ئایدیایەک کە هەیە و خۆی دەسەلمێنێ. ئایدیاکە کە بە هۆی بوونە ئایدیالیستیەکەیەوە خۆی دەسەلمێنێ و دێتە ناو جیهانی مرۆڤەوە. مەرج نیە هەر لە سەرەتای بوونی مرۆڤەوە، مرۆڤ بە هەبوونی ئەم ئایدیایەی زانیبێ، بەڵام دوواتر لە درێژەی ژیان ئایدیاکە بەربەرە خۆی دەردەخا و دەبێتە بەشێکی گرینگ لە کلتور، وەها کە تەنانەت کلتور بە بێ ئەو مانایەکی ئەوتۆی نابێ و ناتوانێ خۆی بە بێ نووسین خەزن بکا بۆ نەوەکانی داهاتوو. تەنانەت دەقە ئاینییەکانیش دەبێ ببن بە نووسین ئەگینا لە گرینگییان کەم دەبێتەوە و خەڵک بە هێندیان وەرناگرن. بۆ وێنە سەیری ئایینەکانی مەسیحیەت، یەهوودی و ئیسلام بکە! داخۆ بە بێ ئینجیل و تەوڕات و قوڕئان ئەم سێ ئایینە دەبوونە ئەوەی وا هەن؟ بێگومان نا. ئەم ئایینانە لە رێگای نووسین و وشەی ناو دوو توێی دوو بەرگەوە دەبن بەوەی هەن. خودایش لێرەدا بگرە پەنادەباتە بەر نووسین. پەیامبەرەکانیشی. ئایدیۆلۆژی و ئایدیا گەورەکان بە هۆی نووسینەوە دەبن بە ئایدیۆلۆژیا و ئایدیا گەورەکان.

بەم شێوەیە نووسین ئەگەرچی لەم سەردەمەدا شوێنی شیاوی خۆی وەرناگرێ، بەڵام بەردەوام خۆی دەسەپێنێ. ئەم دینامیزمە هەم پشتی بە رابردوو گەرمە و هەم وزە لە ئیستای بێ وەفا وەردەگرێ. مرۆڤ دەبێ بەو سیزێفەی وا بەردەکەی لە شان نابێتەوە و هەتا هەیە دەبێ بە شانیەوە بێت! بەرسی نووسین لە گەمەی ئەزەلیی و ئەبەدیی خۆی بە سەر شانی مرۆڤەوە بەردەوامە.

درێژەی هەیە...   

گەڕان بۆ بابەت