ما 5558 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

روخسارە دیار و نادیارەکان

مێژوو وەک گەورەترین خەزێنەی بیرەوەرییەکانی ئینسان  لێواوڵێوە لە کردەوە چاک و خراپەکان، لە داهێنان و داڕمان، لە رزگارکردن و داگیرکردن، لە کوشتن و گیانبەخشین. هەموو ئەمانە بە کۆی ئینسانەکان نەخشاوە و لە پشت هەر رووداو و کارەساتێکدا کۆمەڵێک کەس و کەسایەتی وەستاوە، بەڵام کاتێک دەچێتە خانەی تۆمارکردن و خەزنکردنەوە، تەنیا بە ژمارەی پەنجەکانی دەست نێو و نیشانی کەس یان کەسانی پێکهێنەر و خولقێنەری ئەو رووداوە یان کارەساتە ئینسانییانە باسیان دێتە ئاراوە.

 

ئەمە دەمانخاتە ئەو بیرەوە کە زۆرینەی ئینسانەکان لە دونیای واقیعدا نایەنە بینین و حیسابی بوونیشیان زۆر بۆ ناکرێت. بۆیە سەرەڕای هەموو هاوخەمی و هاوبەشییەکانی ئەمڕۆی ئێمەیش لە رووداوەکاندا بە دەگمەن دەبینین کە ئاکامی رووداوەکان بە خواست و ویستی زۆرینەی ئینسانەکان بگەڕێت. بۆ وێنە ئەوەی ئەمڕۆکە لە رۆژهەڵاتی ناویندا لە ئارادایە، هەست و سۆزی هەموومانی بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بەرەو لای خۆی راکێشاوە و کاری تێکردوە. ئەمڕۆ هەموومان بە شێوەگەلی جۆراوجۆر و بە گوێرەی توانا هەوڵمان بۆ گۆڕان و دیاریکردنی ئاکامی رووداوەکان بەرەو باشترکردن داوە و بەردەوام هەوڵیشێ بۆ دەدرێت. واتە هەموومان پێکەوە دەور و رۆل لە رووداوەکاندا دەگێڕین، بەڵام لە نووسینی مێژوودا و لە بیروەرییەکانی کۆمەڵگای ئینسانیدا کە لە داهاتودا دەکەوێتە بەردەم بەرەکانی داهاتوو، نە کەس نێوی ئێمە دەبینێت و نە کەسیش بە مێشکیشیدا دێت کە کەسانی وەک ئێمەیش بوونمان بووە و دەور و رۆڵمان گێڕاوە. تەنیا شتێک کە دەکرێت بمێنێتەوە بۆ داهاتوو، بوونی دوو بەرەیە، کە یەکیان بەرەی زۆرینە و زۆر جار حەق بووە و ئەویتریشیان بەرەی شەڕ و ناحەق. ئەم کێشمەکێشیەی نێوان دوو بەرە، هێز و موتۆری بەشی زۆری قەتاری مێژوو بووە و تا ئینسانیش ببێت بەردەوام دەبێت.

بەڵام گرینگ مانەوەی ناو نیە، ئەگەرچی ئەم مانەوەیە وردەکاریی زیاتر بە تۆمارکردنی رووداوەکان دەبەخشێ. راستییەکەی ئەوەیە کە ئەوەندەی ئەنجامەکان گرینگ بوونە، خودی بکەرانی ئەوەندە گرینگ نەهاتوونەتە بەرچاو. لەم نێوەیشدا بۆ ئەوەی بتوانرێ ئادرەسێک بە رووداوەکان بدرێ و رۆل و نەخشی مرۆڤیان تێدا بەرجەستە بکرێ، بە ناچار (لە کەمترین حاڵەتدا)، ناوی کەسانێک لە پاڵیاندا تۆمار کراوە.

کەواتە گەر بمانەوێ وەسفێکی کورتی مێژوو بکەین، دەتوانین بڵێین "ئەو رووداوە چڕانەی لە ئاستی زۆرینەدا روو دەدەن، بەڵام بە روخسارە دەگمەنەکانەوە."

 

سایتی قەڵەم

 

یەکی یانواری ٢٠١٥ 

گەڕان بۆ بابەت