ما 4074 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

شەڕەکان ئەو کاتە سەرهەڵدەدەن کە جیهان لەسەر پێوەندی 'سەربەخۆ ـ کۆیلە' راوەستاوە، نەک لە سەر پێوەندی نێوان 'سەربەخۆ ـ سەربەخۆ'. سەربەخۆکان ناوێرن شەڕی یەکتر بکەن چونکا قەت نابنە کۆیلەی یەکتر. جگە لەمە ئەوانەی باوەڕیان بە سەربەخۆیی خۆیان هەیە باوەڕیان بە سەربەخۆیی ئەوانی تریش هەیە و لێرەوە نایانەوێ بە کۆیلەکردنی ئەوانی تر خۆیشیان خۆیان بەکۆیلەبکەن.

 

پێوەندی پرسی 'بۆچی دەنووسین' بە مودێرنیزمەوە چییە؟ سەردەمی رۆشنگەری لە سەدەی هەژدە، سەردەمی سەرهەڵدانی باوەڕمەندی بە عەقڵ، زانست و پیشکەوتنە. بەم پێیە دەتوانین بڵێین پرسی 'بۆچی نووسین' خۆی گرێدەداتەوە بەم سێ چەمکەوە. هەڵبەت ئەمە  بەو مانایە نیە کە بۆ یەکەم جارە نووسین لەگەڵ ئەم سێ چەمکە پێوەندی بەرقەراردەکا. هەمیشە لە هەموو دۆخ و زەمەنێکدا مرۆڤ سەرقاڵی ئەم سیانە بووە، بەڵام تەنیا لە سەردەمی رۆشنگەریدایە ئەم سێ چەمکە قووڵایی و پانتایی تر وەردەگرن وەها کە ئەم پرسە لە سەردەمی پێش خۆی، خۆی بە شێوەیەکی رادیکاڵانە جیادەکاتەوە. ئەگەر لەسەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست عەقڵ زۆرتر لە پانتایی ئایین و نەریتدا لێکدەدرایەوە، ئەوا لە سەردەمی رۆشنگەری ئەم پانتاییە جێدێڵێ و دەگەڕێتەوە بۆ زاتی خۆی و هەوڵدەدا لەسەر پێی خۆی راوەستێ. مرۆڤی سەربەخۆ کە دەتوانێ لە توانا عەقڵییەکانی خۆی کەڵک وەربگرێ لە ناوەندی تێڕامانە فەلسەفییەکانی 'کانت'دا خۆی دەبینێتەوە. بەم پێیە دەتوانین بڵێین نووسەری سەردەمی نوێ دەنووسێ چونکە لە سەر توانا زاتییەکانی خۆی (ئەقڵ) راوەستاوە، دەنووسێ بۆ ئەوەی بتوانێ ئەم توانا زاتییانە دەرببڕێ و لەوێوە جیهان بە شێوازێکی تر تەعبیربکات. کاتێک ئەقڵ خۆی لە کۆت و بەندەکانی دادەبڕێ و خۆی بە لێهاتووییەکانی خۆی و بە زانست و بە باوەڕ بە پیشکەوتنەوە (لێرەوە هەروەها چەمکی رزگاری) دەبەستێتەوە، خۆبەخۆ نووسین دەچێتە قۆناغێکی ترەوە. کەواتە نووسین لە ئەقڵەوە سەرچاوە دەگرێ بۆ ئەوەی بتوانێ بە کەڵک وەرگرتن لە بنەما زانستییەکان و باوەڕ بە پیشکەوتن و رزگاری، جیهانێکی تر بونیات بنێ. لە خۆوە نیە سەردەمی نوێ، سەردەمی سەرهەڵدانی ئایدیۆلۆژیا مەزنەکانە. ئەو ئایدیۆلۆژیانەی وا دەیانەوێ جیهان بۆ هەمیشە بگۆڕن و بیخەنە قاوغێکی ترەوە. بەسەرهەڵدانی سەردەمی نوێیە رۆمان وەک ژانری نوێ لەدایک دەبێ و دەبێ بە گرینگترین بواری دەربڕینی ئەدەبی و لەچاو بوارەکانی تر پانتاییەکی بەرچاوتر داگیردەکا. رۆمان شوێنی لێکگرێدانی ئەقڵ، زانست و باوەڕ بە پیشکەوتن و لێرەوە رزگارییە. کەواتە نووسەر دەنووسێ بۆ ئەوەی لە دەقی خۆیدا ئەم چەمکانە دەرببڕێ و لەهەمان کاتدا نێوەڕۆکی نوێ و ئەرکی نوێ بۆ نووسین چێبکا. کاتێک ئەوە مرۆڤە دەبێ بە سەرچاوەی یاساکان و هەروەها سەرچاوەی دۆزینەوەی یاساکان، ئیتر ئەو جورئەتە بە خۆی دەدا زیاتر لە جاران بەرەو دۆزینەوەکان و گەڕان بە ناو جیهانی دەرەوە و دەرووندا بڕوات و بەردەوام پانتایی نوێ بە نووسین ببەخشێ. تەنانەت نووسین دەبێ بە یەکێک لە سەرچاوەکان و (رەنگە گرینگترین سەرچاوەی) شۆڕشی مەزنی فەڕەنسە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە. لە شۆڕشی مەزنی فەڕنسە دەرکەوتەکانی ئەم سێ چەمکە بە ترۆپکی خۆیان دەگەن و نووسین بۆ یەکەم جار بەجۆرێک هەست بە لەدایکبوونی خەونەکانی خۆی دەکا. مرۆڤێک کە خۆی بە سەرچاوەی راستەقینەی دیاردەکان دەزانێ و بە چەکی زانست تەیارە و لەهەمان کاتدا گەشبینە بە داهاتووی خۆی، پرۆژەی نووسین بە گشتی دەباتە بوارێکی دیکەوە کە یەکجار جیاوازە لە سەردەمی پێش خۆی کە تێیدا میتافیزیا و دیاردە بانسروشتیەکان زاڵ و بڕیاردەربوون. لەخۆوە نیە لەو سەردەمەوە مرۆڤ شاهیدی تەقینەوەیەکی مەزن لە بواری نووسیندا دەبێ وخوێندنەوە بەرەبەرە دەبێ بە بەشێک لە ئەرک و پێویستیی رۆژانە بۆ حەشیمەتێکی زۆرتر لە ئینسانەکان. سەدەی نۆزدە کە سەدەی رەنگدانەوەی ئایدیا رۆشنگەرییەکانی سەردەمی رۆشنگەرییە، دەبێتە سەدەی لەدایکبوونی مەزنترین رۆمانەکان و بەم شێوەیە ئەقڵ لە دەربڕینی توانا شاراوەکانی خۆی لە ئەدەبدا خۆی بە ترۆپک دەگەیەنێ. لە رێگای ئەدەبەوە ئەقڵی ژن کە تا ئەو کاتە وەک ئەقڵی دەرەجە دوو سەیردەکرا یاخود هەر بە بوونەوەرێکی ئەقڵانیش حسێب نەدەکرا، دەبێتە سەرچاوەی لەدایکبوونی رۆمان و بەم شێوازە مرۆڤایەتی رێگا بۆ نیوەکەی تری خۆی فەراهەم دەکا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ جنس دیاریکەری ئەقڵ نیە و بەڵکو تەنیا شێوازێکی بوونی جەستەییە.

بەڵام ئەوەیکە مرۆڤ دەنووسێ بۆ ئەوەی توانا ئەقڵیەکانی خۆی بسەلمێنێ و باوەڕی خۆی بە زانست و بە پێشکەوتن دەربخا، خۆی لە خۆیدا هۆکارەکانی نووسین ناگەیەنێتە دووامەنزڵی خۆی. ئەمە لە راستیدا یەکێکی تر لە هۆکارەکانی نووسینە. لەبەر ئەوەی دنەدەرەکانی نووسین وەک خودی جۆراوجۆری دەق دەتوانن یەکجار جۆراوجۆر و بێکۆتایی بن و هەر جارەی بە شێوازێک خۆیان دەربخەن.

مرۆڤی ئۆتۆنۆمی نوێ کە کوێخا میتافیزی و نەریتییەکانی وەلاناوە، هەنووکە لەگەڵ دیاردەیەک بە ناوی ئەقڵ رووبەڕووە کە ئەگەرچی ناوەکەی ئاشنایە و لەوە پێش گەلێکی لەسەر بیستووە، بەڵام بە هۆی شکڵ و شیوازی نوێیەوە یەکجار غەریب دەنوێنێ. ئەم ئەقڵە نوێیە ئەگەرچی خاوەن تایبەتمەندیی هاوبەشە لەگەڵ ئەقڵەکانی تر (لە مانای نێوان مرۆڤایەتی)، بەڵام لە هەر تاکێکدا تەنیا خۆیەتی و خاوەن تایبەتمەندیی تایبەت بە خۆیەتی کە لەوی تر ناچێ. لێرەوە تاک تاکی مرۆڤەکان کتوپڕ دونیایەکی نوێیان بەڕوودا دەکرێتەوە، دونیایەک کە بەرەو باوەڕبەخۆبوون، بیرکردنەوە لە سەر پێی خۆ، خوڵقاندنی مانا نوێیەکان و بەرەو گۆڕانی بەردەوام پاڵیان پێوەدەنێ. هیچ شتێکیش رەنگە لەمە ترسناکتر نەبێ. لەبەر ئەوەی مرۆڤێک کە لەوە پێش لە ناو دونیای دۆگما و حەقیقەتە ئەزەلی و ئەبەدییەکاندا دەژیا، کتوپڕ خۆی لە گەڵ ئەقڵی خۆی تەنیا دەبینێتەوە و بەرەو ئەوە هاندەدرێ بۆ خۆی ببێ بە بەشێک لە سەرچاوەکانی ئەو یاسا و خویندنەوە و دەقانەی وا بەڵێنە ئاراستە بە دونیا ببەخشن. ئەگەر نووسین دەبێ بە پرۆژە و دەرکەوتەی مرۆڤی بیرمەند، ئەگەر نووسین رەگی خۆی لە ئۆتۆنۆمیی مرۆڤدا دەبینێتەوە، لێرەوە ئۆتۆنۆمی دەبێ بە هۆکارێکی تری نووسین. بە واتایەکی تر ئێمە دەنووسین چونکە سەربەخۆین. سەربەخۆیی دەبێ بە هۆکاری خوڵقاندنی دەق. کەواتە نووسین کاتێک لەدایک دەبێ نووسەر سەربەخۆ بێت. بۆ وێنە رۆمان دەقی دەربڕی سەربەخۆییەکانی نووسەرە لە پانتایی وڵاتی سەربەخۆیدا. ئەو دەقەی دەقە وا لە رێگای ئەم سەربەخۆبوونەوە مۆرکی تایبەتی نووسەری پێوەیە. هیچ وابەستەیەک نووسەر نیە و ناتوانێ ببێ بە نووسەر. نووسەر لە ناخی خۆیدا ئازادە و لێرەوە دەق دەبێ بە پانتاییەک بۆ تەمرین و مومارسەی ئازادی. دەق شوێنی جێهێشتنی کۆیلایەتییە، هەڵبەت بەو مەرجەی خۆی ئاراستەی کۆیلایەتییەکی تر نەکاتەوە. دەق سەربەخۆیە. بۆ سەلماندنی خۆی پاڵ بە هیچ شوینێکەوە نادا. بەپێچەوانەوە ئەو شوێنەکانی ترن بۆ سەلماندنی خۆیان دێن و پاڵی پێوەدەدەن.

رەنگە بەم پێیە بە قەدەر ژمارەی مرۆڤەکان خاوەن دونیای سەربەخۆ بین، داخۆ ئەمە ترسناک نیە؟ داخۆ جێگا بۆ ئەم هەمووە شک دێ؟ دەبێ بڵێین سەربەخۆیی بیر و دەق وەک وڵاتان پیویستی بە شوێن نیە، بەڵکو تەنیا لە کاتدا حوزوری هەیە. 'کات'یش کە رەوتێکی بگۆڕی لە گوزەری بێکۆتاییە، دەتوانێ هەڵگری بێ ئەژمار مرۆڤ و دەقە سەربەخۆکان بێت. مرۆڤ ئەوەندەی بۆ سەلماندنی سەربەخۆیی خۆی پەنا بۆ کات دەبا پەنا بۆ شوێن نابا. یاخود ئەو پرسیارە دێتەگۆرێ کە داخۆ وەها جیهانێک ترسناک نیە و نابێتە شوێنی ململانێ و شەڕی بێکۆتایی نێوان سەربەخۆکان؟ دەبێ بڵێین شەڕەکان ئەو کاتە سەرهەڵدەدەن کە جیهان لەسەر پێوەندی 'سەربەخۆ ـ کۆیلە' راوەستاوە، نەک لە سەر پێوەندی نێوان 'سەربەخۆ ـ سەربەخۆ'. سەربەخۆکان ناوێرن شەڕی یەکتر بکەن چونکا قەت نابنە کۆیلەی یەکتر. جگە لەمە ئەوانەی باوەڕیان بە سەربەخۆیی خۆیان هەیە باوەڕیان بە سەربەخۆیی ئەوانی تریش هەیە و لێرەوە نایانەوێ بە کۆیلەکردنی ئەوانی تر خۆیشیان خۆیان بەکۆیلەبکەن. بەڵام سەبارەت بە پێوەندی نێوان 'کۆیلە ـ کۆیلە' چی؟ دەبێ بڵێین وەها پێوەندێک قەت بوونی نەبووە و قەتیش بوونی نابێ. لەبەر ئەوەی کۆیلە تا سەربەخۆ نەبێ ناتوانێ بیر لە کۆیلەکردنی ئەوی تر بکاتەوە.

بەم شێوەیە ئێمە دەنووسین چونکە نووسین بریتییە لە سەربەخۆکردنی خۆمان و ئەوانی تر. نووسین باوەڕە بە سەربەخۆیی خۆمان و بە سەربەخۆیی ئەوانی تر.

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت