ما 4646 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئێمە دەنووسین چونکە لەخۆوە ئاڵۆزکراوین، چونکە لەخۆوە خۆمان ئاڵۆزکردووە. نووسین هەوڵدانە بۆ کردنەوەی گرێ ئاڵۆزەکان. وەک چۆن با هەورە رەش و مۆن و گرژەکان لادەدا و ئاسمانی سادە تەنیا بە یەک هەتاوەوە دەردەخا. ئێمە دەنووسین چونکە رەنگە زیاتر لە ئاسمان و هەتاوێک چیتر نین.

بۆچی دەنووسین (٦)

بەڵام بەرنگاربوونەوەی میتافیزیا دەتوانێ ببێ بە هۆکاری چێکردنی میتافیزیایەکی تر. بەو مانایە ئەمجارە خودی مرۆڤ یاخود ئازادی جێگای میتافیزیا بگرنەوە، یاخود ببنە فۆڕمێک و دەرکەوتەیەکی تر لەم چەمکە. لێرەوە دەردەکەوێ کە لە راستیدا پرۆژەی دژ بە میتافیزیاراوەستان تەنانەت خودی ئازادی و خودی مرۆڤیش دەگرێتەوە. کاتێک هەر دیاردەیەک وەها شوێنێک پەیدابکا کە بەدەربێت لە هەر چەشنە رەخنە و سەرنجێک ئەوا مەترسیی بەخواەوندبوون هەڕەشەی لێدەکا و لێرەوە دەبێ بە هۆکارێک بۆ راوەستان و لاوازکردنی بیر و نووسین. بە واتایەکی تر تەنانەت خودی چەمکی مرۆڤایەتی و ئازادیش ئەو ئیزنەیان نیە جێگای میتافیزیا بگرنەوە و دەبێ بەردەوام لە خانەی پیرۆزبوون وەدەربنرێن و وەک هەموو چەمکەکانی تر مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ. چونکە رەهابوون و موتڵەقبوونی هەر ئایدیایەک دەبێتە ئەوەی حەقیقەتی رەها و موتڵەقی بخەینەپاڵ و، لێرەوە حەقیقەتی موتڵەقیش خۆبەخۆ دەبێتە هەڵگری کردەی خۆسەپینەرانە و ئەو مافە بە خۆی دەدا لە ژێر ناوی موقدەسبوونی مرۆڤ و ئازادی، ئەوی دی سەرکوت بکا. جگە لەمە هیچ ئایدیا و چەمکێک نیە ئەوەندە خاوەن حەقیقەتی موتڵەق بێت کە بتوانێ بڵێ بە تەواوی لەسەر پێی خۆی راوەستابێ و نیازی بە هیچ چەمک و دیاردەیەکی تر نەبێ. چەمکەکان بەیەکترەوە گرێدراون و بوونی خۆیان لە یەکتر وەردەگرن و بۆیە لە دووامانادا هەمیشە لە فەزایەکی رێژەیی و کاتیدا دەژین. لە راستیدا رێژەیی بوون ئەو خەسڵەتەیە ئێمە لە دیکتاتۆریی گوتار و چەمک دووردەخاتەوە و فێرماندەکا گوێ لە ئەوی دی بگرین و بەگومانیشەوە لە باوەڕەکانی خۆمان بڕوانین.

با لێرەدا بڕوانینە جۆری مامەڵەی چارڵز بوکۆسکی لە رۆمانی 'خۆڵەدار' لە گەڵ چەمکی 'مەرگ' کە بەڕوالەت دەتوانێ موتڵەقترین چەمک بێت. لەم رۆمانەدا کاراکتێرێک بەناوی 'خانمی مەرگ' هەیە و لە راستیدا بوکۆسکی مەرگ لە رواڵەتی ژنێکی جواندا وێنادەکا. لە لاپەڕەی ١٢٦ و ١٢٧ی دەقی نۆروێژیی ئەم بەرهەمەدا دەخوێنێنەوە:

("تەلەفۆنەکە زەنگی لێدا. هەڵمگرت. خانمی مەرگ بوو.

"من بەردەوام لێرەم بێلانە." (بێلانە ناوی گێڕەرەوەی چیرۆکەکەیە. نووسەر)

"جوانێ گیان بۆچی پشوویەک وەرناگری؟"

"ناتوانم، من کارەکەمم یەکجار خۆشدەوێ."

"گوێ بگرە، دەتوانم سەبارەت بە شتێکی تر پرسیارت لێبکەم؟"

"بێگومان."

"تۆ تەنیا لە سەر زەوی کاردەکەی؟"

"مەبەستت چیە؟"

"مەبەستەم ئەوەیە تۆ هەروەها... لەگەڵ... بۆ وێنە بوونەوەرە گەردوونییەکانیش کاردەکەی؟"

"بێگومان، بوونەوەرە گەردوونییەکان، کرم، سەگ، ئەسپێ. شێر، جاڵجاڵۆکە و هەموو شتەکانی تریش.")

بەم شێوەیە نووسەر لە دەقێکی ئەدەبیدا کە لە دەیەی نەوەدی زایینیی سەدەی بیست، رێک پێش مردنی، نووسراوە، موتڵەقترین چەمک لە گەمەیەکی کۆمێدیانەدا دەخاتەبەر رەخنەیەکی خۆش و تاڵەوە و چیدی مرۆڤ لە پاش خوێندنەوەی ئەم دێڕانە هەمان مرۆڤی پێش خوێندنەوەی نیە.

وەک دەبینین زەینی رەها و ئازادی نووسەر لەگەڵ هەموو چەمکەکان مامەڵەیەکی رەها و ئازاددەکا و تەنیا بە گوێرەی قازانج یاخود دەستکەوت لەگەڵیان ناجووڵێتەوە.

ئەمە ئێمە بەرەو پۆستمودێرنیزم دەبا کە تێیدا حەقایەتە گەورەکان دەمرن و چیتر مرۆڤ باوەڕی بە ئایدیۆلۆژیا و باوەڕە مەزنەکانی سەردەمی مودێڕنیزم نەماوە و لە گۆشەنیگای گومانەوە لە هەموویان دەڕوانێ. ئەو ئایدیۆلۆژیا گەورانەی وا نەک تەنیا ئەوەی وا بەڵێنیان دابوو بەرهەمیان نەهێنا بەڵکو لە گەلێک بواریشدا بەپێچەوانەوە لێیانکەوتەوە و بوونە هۆکاری گەلێک نەهامەتی. لە راستیدا ئەوجا زەینێک دێتەئاراوە کە ئەو ئیزنە بەخۆی دەدا (دیارە ئەم جارە بە جورئەتی زیاترەوە) تەنانەت بگەڕێتەوە سەر هەندێ ئایدیا و روانگەی پێش مودێڕن کە مودێڕنیزم هەوڵیدا لەناویان ببا. لێرەوە هەڵوێستێکی پلۆڕال شکڵ دەگرێ کە هەموو مردووەکانی ناو مێژوو سەرلەنوێ بانگ دەکرێنەوە بۆ ئەوەی دیسان رۆڵ و نەقشی خۆیان بگێڕنەوە هەڵبەت ئەمجارە لە دۆخێکی تر و لە پانتایی و دەورانێکی تردا کە چیتر سەردەمی زاڵبوونی هیچ ئایدیایەک نیە. بۆیە لێرەوە هەر کامە بەشی خۆی وەردەگرێ و جۆرێک لە رێژەگەرایی و سەرهەڵدانی حیکایەتە بچووکەکان سەرهەڵدەدا.

رەنگە پێوەندێکی نهێنی لەنێوان سەرهەڵدانی جیهانی نێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەک و، ونبوونی حیکایەتە گەورەکان هەبێ. لەبەر ئەوەی دەبینین ئەمڕۆکە هەموو کەس دەتوانێ ئەو دەرفەتە پەیدابکا گوزارشت لە دونیای دەروونی خۆی بکا و بە غەرقبوون لە ناو ئەو هەموو پۆست و نووسینانەدا کە رۆژانە بەتووشیانەوە دەبێ، چیدی پێویستی نەبێ پەنا بۆ حیکایەتە گەورەکان ببات. دیارە ئەمە هەر لەم ئاستەدا راناوەستێ. نووسەرە نوخبەکانیش واز لە حیکایەتە گەورەکان دێنن و دەق دەبێ بەو بەرهەمانەی وا بۆ هەمیشە قارەمان تیایا ونە و هەموو شتێک کتوپر دەبێ بە پانتایی حوزوری ئەو مرۆڤە ئاساییانەی وا رۆژانە دەژین و رۆژانەیش دەمرن بە بێ جێهێشتنی هیچ شوێن پێیەکی ئەوتۆ کە بەشێکی گرینگی داهاتوو بتوانێ داگیربکا. مرۆڤ دەبێ بە خۆی و بە گومانەکانی.

لە خوێندنەوەی ئەم جۆرە دەقانەیش بێزارکەرتر دەستناکەوێ، بەڵام مرۆڤی سەردەم دەبێ ملبدا چونکە تازە ئەمەیە رۆحی نوێی ئەدەبی سەردەم! مرۆڤی بێزار دەبێ فێری خوێندنەوەی دەقە بێزارکەرەکان بێت بۆ ئەوەی پیش لەهەر شتێک خۆی بناسێ، لەگەڵ خۆی تەماس بەرقەراربکا و بۆ هەمیشە تێبگا کە ئەوەی لەم دەقانەدا هەن ئەو خۆیەتی و کەسی تر نیە.

راستییەکەی ئەوەیە هەڵاتن لەم دەقانە، هەڵاتنی مرۆڤە لە واقعییەتی تاڵی ژیانی خۆی. وەک چۆن بوکۆسکی لە هەمان رۆماندا دەڵێ "کێشە و ژانە مرۆڤ لە ژیاندا رادەگرێ، یاخود هەوڵی دوورکەوتنەوەیە لێیان." (لاپەڕەی ١٠٦) ئەم دەقانەیش بە روونترین شێوەی خۆیان دەربڕی کێشە و ژانی مرۆڤن، بەڵام لە فەزایەکی بەدوور لە قارەمانەتی و بەدوور لە حەقایەتە گەورەکان، ئەو حەقایەتانەی وا دەیانویست مرۆڤ ببەنە قاوغێکی ترەوە. گەر مرۆڤی سەردەم دەیەوێ خۆی لە ژیاندا رابگرێ دەبێ وەک هەمیشە خۆی بەم کێشە و ژانانەوە گرێبداتەوە.

بەڵام تێکەڵبوونی خوێنەر بە وەها فەزایەک و تێگەیشتن لێی دەتوانێ لە هەمان کاتدا دەستپێکی دەورانێکی تر لە حەقایەتە گەورەکان بێت، وەک چۆن دەتوانێ بە هەمان رادە تەسلیمبوون بە حەقایەتە بچووکانیش بێت. لێرەدا مرۆڤ خۆی دەتوانێ هەڵبژێرێ. هەڵبژاردنێک کە دژوارە چونکە لە دەرەوە، واتە لە کۆڵان و لە شەقام و لە ژیانی رۆژانە، حەقایەتە گەورەکانیش بزربوونە و ئەوەی وا رۆژێک قارەمان دەینواند ئەمڕۆکە چیتر قارەمان نانوێنێ لەبەر ئەوەی هەموو شتێکی ئاشکرایە و زیاتر لە جاران وەک مرۆڤێکی ئاسایی، تەنانەت گەر خۆیشی نەیەوێ، دەردەکەوێ. کەواتە چیتر قسە لە سەر ئیرادە نیە ئەوەندەی قسە لەسەر دەرکەوتنە. مرۆڤیش ئەوەندەی کە لە ژیانی رۆژانەدا بەگوێرەی خواستە رۆژانەییەکانی دەردەکەوێ بەگوێرەی ئیرادەی دەرناکەوێ و، لێرەوە هاوسەنگیی نێوان قارەمان و مرۆڤی سادە بە لای مرۆڤی سادەدا دەشکێتەوە.

بەڕاستیش ئەم سادەبوونە خۆی لە خۆیدا لۆژیکی بنەڕەتیی ژیانە. مرۆڤ چیتر پێویست ناکا بۆ ئەوەی کاری باش بکات، دەبێ مەزن بێت. بۆیە دەق دەبێ بۆ سادەیی خۆمان بمانگێڕێتەوە و فێرمان بکا گرنگترین کار و ئەرکەکانی ژیانیش لە رێگا سادەکانەوە و بەهۆی مرۆڤە سادەکانەوە دەکرێن. بۆیە دەق گەڕانەوەیە بۆ سادەیی، گەڕانەوەیە بۆ قارەمانە بچووکەکان (گەر ئیزنمان هەبێ لەم دەستەواژەیە کەڵک وەربگرین). دەق پێوەندیگرتن لەگەڵ سادەیی ژیان و لەگەڵ سادەیی رێگاکان و لەگەڵ سادەیی مرۆڤەکانە. چونکە تەنیا لەم سادەبوونەدایە مرۆڤ دەتوانێ بەر بە کارەساتە گەورەکان بگرێ و لەگەڵ خۆی وەک خۆی رووبەڕوو بێتەوە.

ئێمە دەنووسین لەبەرئەوەی سادە بین، لەبەر ئەوەی سادەیی مرۆڤ بگێڕینەوە و درێژە بەم سادەیی بوونە بدەین. ئێمە دەنووسین چونکە دەمانەوێ بیرمان بێتەوە مرۆڤ لە ناخی خۆیدا پلۆراڵ و چەند لایەنەیە. نووسەرەکان لە ناو دیاردە ئاڵۆزەکاندا بە شوێن دیاردە سادەکاندا دەگەڕێن کە بنەمای دیاردە ئاڵۆزەکانن و بەڵام لەژێر هەرەسیاندا ونبوونە. ئێمە دەنووسین چونکە لەخۆوە ئاڵۆزکراوین، چونکە لەخۆوە خۆمان ئاڵۆزکردووە. نووسین هەوڵدانە بۆ کردنەوەی گرێ ئاڵۆزەکان. وەک چۆن با هەورە رەش و مۆن و گرژەکان لادەدا و ئاسمانی سادە تەنیا بە یەک هەتاوەوە دەردەخا. ئێمە دەنووسین چونکە رەنگە زیاتر لە ئاسمان و هەتاوێک چیتر نین.

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت