وه‌رگێڕ: مه‌نیژه میرموکری
ته‌ته‌ر هه‌واڵی هێنابۆوه که باوکیان له خاکی ئیتالیا په‌کیکه‌وتووه. شتێکی نامۆ، نوێ، بێگانه که هیچ بۆ تێگه‌یشتن نەدەبوو له بهرامبهرییاندا قووتببۆوه. به‌رز و پان له‌وێ ڕاوه‌ستابوو. نه ڕوخسار، نه چاو و نه ده‌می هه‌بوو. خه‌ڵکی هیچ شوێن و مڵکی هیچ شتێ نه‌بوو. نه هی ئه‌و ژیانه پڕ له هه‌ڵا و ههنگامهیهی به‌ر ده‌رکی کلیسا و نه هی شه‌قام. نه هی ئه‌و تاریکییه گه‌رمه‌ی شه‌وه دووره‌کان و نه هی چیرۆکه‌کان.
منداڵه‌کان به‌ر له نووستن هه‌موو شه‌وێ ده‌گه‌ڵ یه‌کتر قسه‌یان ده‌کرد. له ده‌وری ته‌ندور داده‌نیشتن و هه‌رچی به سه‌ر زارییانداهاتبا، ده‌یانگوت. تاریکایی شه‌و بە چاوێکی پڕ له خه‌ون و خه‌یاڵه‌وه له پهنجهرەی تاریکه‌وه سه‌ری بۆ ژوورێ ده‌کێشا. تارماییە بێده‌نگه‌کانیش، به دیرۆکه سه‌یره‌کانیانەوە به هه‌ر سووچ و قوژبنێکدا وه‌سه‌رده‌که‌وتن.
منداڵه‌کان هه‌رچی به مێشکیاندا هاتبا، خۆیان له گوتنی نه‌ده‌پاراست. هه‌ڵبه‌ت ته‌نیا چیرۆکی دڵپه‌سندی خۆر و تین که ئومێد و ڤیانی لێده‌باری و ئاوێته‌ی هیوا و خۆشه‌ویستی بوو، هه‌وێنی بیر و زه‌ینیان بوو. داهاتوو خۆی به ته‌واومانا، ڕۆژێکی دور و درێژ و ڕووناکی جێژن بوو، چلەی بەڕۆژووان ده نێوان جێژنی له دایک بوون و قیامه‌تی عیسادا جێی‌نه‌بوو. له‌وێ له شوێنێک، له پشت په‌رده‌ی گوڵدار، ژیان به تروکه تروک و ترپه ترپ،هێدیهێدی له ڕووناکییه‌وه ده‌ڕژا نێو ڕووناکی. وشه‌کان نه‌رمه نه‌رمه تەنیا هەتا نیوه رێی تێگه‌یشتن دەهاتن. هیچ چیرۆکێک نه ده‌ستپێکی هه‌بوو و نه ئاکامێکی دیار... هیچ به‌سه‌رهاتێک کۆتایی به‌خۆوه نه‌ده‌دی. جاری وابوو هه‌ر چوار منداڵه‌که به یه‌که‌وه قسه‌یان ده‌کرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه هیچیان بیری ئه‌وه‌ی دیکه‌ی نه‌ده‌شێواند. هه‌موویان واق وڕماو چاویان له تیشکێکی به‌هەشتیی جوان بڕیبوو که له‌ودا یه‌کبه‌یه‌کی وشه‌کان ئاشکرا و دروست بوون و هه‌ر چیرۆکێک ڕوخسارێکی زیندووی ده‌نواند و هه‌ر دیرۆکێک خاوه‌ن کۆتایه‌کی به‌شکۆ.
منداڵه‌کان به‌چه‌شنێک شێوه‌ی هه‌ڤدویان (یه‌کتر) ده‌دا که له تاریکایی شه‌ودا، ڕوخساری ئه‌وه‌ی هه‌ره بچووکیان، واته "تۆنچک"ی چوار ساڵان، له ڕوخساری "لۆتیزکا"ی ده‌ساڵه، که گه‌وره‌ترینیان بوو، جیانه‌ده‌کراوه. گشتیان سیمایان کز، باریک و خاوه‌ن چاوی ده‌روونبین و گه‌ش و گه‌وره بوون.
ئه‌و شه‌وه شتێکی نامۆ له شوێنێکی نه‌ناسراوەوە ده‌ستی توانایی خۆی بۆ ئه‌و ڕووناکییه به‌هه‌شتییه درێژ کرد و بێبه‌زه‌یانه جێژن و چیرۆک و دیرۆکه‌کانی شێواند.
ته‌ته‌ر هه‌واڵی هێنابۆوه که باوکیان له خاکی ئیتالیا په‌کیکه‌وتووه. شتێکی نامۆ، نوێ، بێگانه که هیچ بۆ تێگه‌یشتن نەدەبوو له بهرامبهرییاندا قووتببۆوه. به‌رز و پان له‌وێ ڕاوه‌ستابوو. نه ڕوخسار، نه چاو و نه ده‌می هه‌بوو. خه‌ڵکی هیچ شوێن و مڵکی هیچ شتێ نه‌بوو. نه هی ئه‌و ژیانه پڕ له هه‌ڵا و ههنگامهیهی به‌ر ده‌رکی کلیسا و نه هی شه‌قام. نه هی ئه‌و تاریکییه گه‌رمه‌ی شه‌وه دووره‌کان و نه هی چیرۆکه‌کان.
شتێکی شادیبه‌خش نه‌بوو، خه‌مێکی تایبه‌تیشی تێدا بهدینهدهکرا. چونکه چاوی نه‌بوو تا بزانرێ بۆچی هاتووه و خه‌ڵکی کوێیه و ده‌میشی نه‌بوو گفتی لێ‌ببیسرێ. هزری ترس و بچووک له به‌رامبه‌ر ئه‌م خه‌یاڵه مه‌زنه‌دا ڕاست ببۆوە، وه‌ک ئه‌وه که تووشی دیوارێکی به‌رز و ڕه‌ش ببوو. له‌و دیواره نزیک ده‌بۆوه و بێ هیچ بنه‌مایه‌ک چاوی تێده‌بڕی. تۆنچک به په‌رێشانییەوە پرسی:
ئه‌گه‌ر په‌کیکه‌وتووه، ئه‌ی که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
به‌پانه‌وه له بێده‌نگیدا نوقم بوون. ڕوو بەم دیواره به‌رز و ڕه‌شه ڕاوه‌ستابوون و ئه‌وبه‌ری دیوار‌یان نه‌ده‌دیت.
"ماتیچه"ی حه‌وت ساڵه کە ده‌تگوت زووتر له‌وانیتر ئاقڵی پێ‌شکابێ، له‌پڕێکا وه‌ده‌نگ‌هات:
- منیش ده‌ڕوم بۆ شه‌ڕ.
وێده‌چوو ئه‌و شته‌ی ده‌بوو گوترابا هه‌ر ئه‌وه بوو.
تۆنچکی چوار ساڵه، به ده‌نگێکی قورس، به‌مه‌به‌ستی ئامۆژگاری، وڵامی‌داوه:
- تۆ زۆر بچووکی.
تۆنچک هێشتا هەر جلی منداڵانه‌ی کچانه‌یان دەبەر دەکرد.
میلکا له گشت مناڵه‌کان لاوازتر بوو و به‌رده‌وام نه‌خۆش و بێحاڵ. ده‌نێو له‌چکه‌گه‌وره‌ی نه‌نکیان وه‌رپێچابوو و شێوه‌ی تێله‌که‌ی ڕێبوارێکی ده‌دا. ئه‌و به ده‌نگی نه‌رم و ناسکەوە کە دەتگوت له شوێنی تارماییه‌کان دێتە دەر، پرسیاری کرد: شه‌ڕ چۆن ده‌کرێ؟ ماتیچه پێمان بڵێ!
ماتیچه گوتی: به‌ڵێ ، شه‌ڕ ئاوایه. مرۆڤه‌کان به چه‌قو لێکده‌ده‌ن و به شمشێر زگی یه‌ک هه‌ڵده‌دڕن و به تفه‌نگ گوله به یه‌که‌وه ده‌نێن. هه‌رچی مرۆڤ زیاتر چه‌قو بوه‌شێنێ و زگ هه‌ڵدڕێ ، شه‌ڕه‌که خه‌ستتره. هیچکه‌س تووشی لێپرسینه‌وه نایه، چونکه هه‌ر ده‌بێ ئاواش‌بێ. به‌وه ده‌ڵێن شه‌ڕ.
"میلکا" به پێداگرییه‌وه پرسی : به‌ڵام بۆ به چه‌قو لێکده‌ده‌ن و زگی یه‌کتر هه‌ڵده‌دڕن؟
ماتیچه گوتی: له‌به‌ر دڵی ده‌سه‌ڵاتدار !
گشتیان بێده‌نگ بوون.
له مه‌ودایه‌کی تاریک و له به‌رامبه‌ر چاوه ته‌ماوییه‌کانی ئه‌واندا شتێکی زه‌به‌لاح وه‌دیار که‌وتبوو که به بریسکه‌ی شکۆداره‌وه ده‌دره‌وشاوه. بێجوڵه دانیشتبوون و وەک له کاتی دوعای خێری کلیسه‌دا بن، هه‌ناسه له‌ترسان له ده‌میان نه‌ده‌هاته‌ده‌ر.
ماتیچه ئیتر، زۆر خێرا خه‌یاڵه‌کانی خۆی له‌مه‌ر شکاندنی ئه‌و بێده‌نگییه‌ی قورسایی به سه‌رییاندا سه‌پاندبوو، ڕێکخست: منیش ده‌ڕۆم بۆ شه‌ڕ بۆ دژایه‌تیکردنی دوژمن . میلکا به ده‌نگێکی ناسکه‌وه، له‌نه‌کاو پرسی: دوژمن چ هێمایه‌کی هه‌یه؟ شاخی هه‌یه؟
تونچک بێ گاڵته و هێندێک به قه‌ڵسی و دڵنیاییه‌وه گوتی : دیاره شاخی هه‌یه. ده‌نا چۆن ده‌یتوانی دوژمن بێ؟
ده‌رکه‌وت که ته‌نانه‌ت ماتیچه‌ش وه‌ڵامی دروستی بۆ ئەم پرسیارە نه‌بوو. ماقوڵانه گوتی :
- پێموانییه دوژمن شاخی هه‌بێ!
لۆتیزکا به ناقایلییه‌وه وه‌قسه‌هات :
- چۆن ده‌کرێ شاخی هه‌بێ ؟ ئه‌ویش وه‌کوو ئێمه مرۆڤه.
پاشان بۆ سەلماندنی قسه‌که‌ی، گوتی : ته‌نیا ڕوحی نییه.
دوای بێدەنگییەکی دوور و درێژ، تۆنچک پرسی : باشه! مرۆڤ له شه‌ڕدا چۆن ده‌مرێ و ئاوا به‌پشته‌وه‌دا ده‌که‌وێ؟
مه‌به‌سته‌که‌ی به جوڵه‌یه‌ک نیشان دا .
ماتیچه هێمنانه شرۆڤه‌ی بابه‌ته‌که‌ی کرد:
له مرۆڤ ده‌ده‌ن و ده‌یکوژن !
- بابم به‌ڵێنی پێدابووم تفه‌نگێکم بۆ بێنێ .
لۆتیزکا به تووڕه‌ییه‌وه وه‌ڵامی دایه‌وه : ئه‌گه‌ر مردبێ چۆنت تفه‌نگ بۆ بێنێ ؟
- یانی لێانداوه .... و کوشتوویانه؟
- به‌ڵێ کوشتوویانه.
به چاوی زه‌ق و دنیانه‌دیتوو و نوقمی بێده‌نگی و خه‌م، له‌و تاریکییه‌دا، به‌دڵ و مێشکییه‌وه ده‌یڕووانییه شتێکی نه‌ناسراو و دوور له فام.
هاوکاتیش، باپیره و دایه‌گه‌وره له‌سه‌ر چوارپایه درێژه‌که‌ی به‌ر ده‌رکه‌ی کۆخ دانیشتبوون. دوایین پرشه‌نگی سووری خۆر، ئه‌ویش به‌نێوان چڵوپۆ نیسێداره‌کانی باخدا ده‌دره‌وشایه‌وه.
شه‌وێکی بێده‌نگ و ته‌نیا بوو. ده‌نگی هه‌نیسکێکی خنکاوی پڕمهودا له قوڕگ هاته‌ده‌ر. زۆر وێده‌چوو گریانی دایکه گه‌نجه‌که بێ که بۆ تاقه‌تکردنی حه‌یوانه‌کان سه‌ردانی ئه‌وێی کردبێ.
ژن و پیاوە پیرەکە، چه‌ماوه له په‌نای یه‌کتر دانیشتبوون و ده‌ستی یه‌کترییان گرتبوو. راست وه‌کوو سه‌رده‌می به‌رله که‌نه‌فتی. به چاوی بێفرمێسکه‌وه ده‌یانڕوانییه ڕوناهی ئاسمانی دوای ئاوا بوونی هه‌تاو و بێده‌نگی دایگرتبوون.
ژێرنووس:
ئیوان کانکار نووسەری ئەم چیرۆکە به هۆی نووسینی چیرۆکی کورت و شانۆنامه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ناوبانگی ده‌رکرد. ئه‌و خه‌لکی ئسلوون بوو. ئسلوون ده‌گه‌ڵ سێربه‌کان و کرۆواسییه‌کان به یه‌که‌وه " نه‌ته‌وه‌ی یوگسلاو" یان پێکهێنابوو. کانکار ساڵی 1919ی زایینی کوچی دوایی کرد. ژماره‌یه‌کی زۆری ڕۆمان ، شانۆنامه و چیرۆکی کورت لە پاش بەجێما. نووسه‌ر له‌م چیرۆکه‌دا هه‌ستی ئینسانی و نیانی منداڵان سه‌باره‌ت به گرفتی له‌چه‌شنی شه‌ڕ پێشکەش به خوێنەر دەکا. شه‌ڕێک که گه‌وره‌کان ده‌ستی پێده‌که‌ن و منداڵان تێیدا ده‌بن به قوربانی.