محەممەد محەممەدمورادی

 چین لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هەم لەسەر عەرز، هەم لە ئاوەکاندا و هەم لە بەشی کەش و کەشپێویدا چ لە باری ئابووری و چ لەباری میلیتارییەوە بووە بە کێشەی سەرەکی بۆ ئەمریکا. ئەمریکاش خۆی زیاتر لە دە ساڵە ئەمە دەزانێت و هەموو هەوڵەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ جێهێشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەر لەو ئاراستەدایە.

 

داهاتووی پرسی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات

محەممەد محەممەدمورادی

لەناو گوتاری ئۆپۆزیسیۆنی ڕۆژهەڵاتدا، چ ئەوەی خۆی بە کۆمۆنیست ئەزانێ و چ ئەوانی تریش، تێگەیشتنێکی ڕێک و دروست دەربارەی ئەم سەردەمەی تێیدا دەژین بەدی ناکرێت. بەداخەوە هێشتا لەسەدەی نۆزدەدا دەژین.

ئێوە هەرچەندەش بێز و نەفرەتتان هەبێت لە ڕەخنەی ئابووریی سیاسی دیسان ناتوانن حاشا لەوە بکەن کە ئێستە ئیتر پێوەندی و هاوپێوەندیی کاڵایی و شێوەبەرهەمهێنانی سەرمایەداری باڵی کێشاوە بەسەر هەموو کونوقوژبنێکی ئەم جیهانەدا.

کەواتە ئەمە ئیتر بە حەز و خواستی ئێوە نییە و ئەگەر بتانەوێ لە تەمومژی بۆشایی بێنە دەرەوە و پێ بنێنە سەر ئەرزی واقیع، پێویستە هەموو جۆرە سیاسەت و چالاکییەکتان بەپێی هاوپێوەندی لەگەڵ ئەم سیستەمە ڕێک بخەن و پلان بۆ داهاتوو دانێن. لە تاقەت ‌و توانای ئەم یاداشتانەدا نییە بەوردی هەموو قۆناغەکانی سەرمایەداری باس بکات، بەڵام هەوڵ ئەدەم بە کورتی وێنایەک لەم عەسر ‌و سەردەمەی تێیدا دەژین بەدەستەوە بدەم.

 زاتی سەرمایه هەر لە سەرەتای دیارکەوتنیەوە جیهانی بوو و "لە ڕێگای تاڵانکردنی ئاڵتوونی ئەمریکا، تاڵانکردنی ئاڵتوون و زێوی چین و هندستان و بەدیلگرتنی ئەفریکاوە سەرمایەی سەرەتایی لە چەند وڵاتی ئەورووپی کەڵەکە بوو. هەر لەو کاتانەوە هەموو شتێک و هەموو کەس لەژێر ڕکێفی سەرمایەدا بووە و هەیە. بەڵام خودی سەرمایەش پەیڕەوی یاسایەکی سادە و گشتی دەکات، "کەڵەکەکردنی قازانج و قازانجی زیاتر". مێکانیزمەکە زۆر سادەیە، زاتی سەرمایه گەڕۆکە و ئەچێتە ئەو بەش و شوێنانەی کە ڕێژەی قازانج زیاتر لە ڕێژەی مامناوەندیی قازانج بێت. (دواتر دێمەوە سەر ئەم مێکانیزمی سەرمایە و پێوەندیی بە کوردەوە.)

سەرمایەداری بەردەوام بەرەوڕووی کێشە و قەیرانی سەرمایەی زیادە بووە و هەمیشە هەوڵیداوە شوێن و جوگرافیای تازە بو سەرمایەگوزاری بدوزێتەوە. ئەگەر لە ڕابردوودا سەرمایەی دەرەکیی مێترۆپۆل ڕێگر بوو لەبەردەم گەشەکردنی سەرمایەی ناوخۆی وڵاتانی پەڕاوێزدا، لە شەستەکان بەملاوە ئیتر خۆیان بوون بە هاندەری سەرمایەی ناوخۆی وڵاتانی پەڕاوێز بۆ گەشەپێدانی و ئەبوون بەشەریک.

 ڕێکخراوە ماڵییە نێودەوڵەتییەکانیش هەر لەم سەروبەندەدا پێک هاتن و ئەکرێ بڵێین هەر ئەم مێکانیزمە هاندەری سەرەکیی گڵۆباڵایزەیشن لە سەرەتای حەفتاکان بەملاوە بووە.

بەرهەمهێنان هەر لەسەرەتاوە برێتی بوو لە دوو بەش. ۱- بەرهەمهێنانی کاڵا ۲- بەرهەمهێنانی ئامێرەکانی بەرهەمهێنان. مێترۆپۆل لە شەستەکان بەملاوە بەدیاریکراوی تەرکیزی خستە سەر بەشی دووەم کە بەرەبەرە لەباری فەننی و تەکنیکییەوە دابەشکارییەکی گەورەی لە بەرهەمهێناندا هێناوەتە ئارەوە.

هێزی کار لە مێترۆپۆل گرانە هەربۆیە مێکانیزمی گەڕۆکبوون و لۆژیکی سەرمایە سەرەڕای هەموو ناکۆکییە سیاسی و ئایدۆلۆژیکییەکان ئەو بەشە لە بەرهەمهێنان کە پێویستی بە زیاترین هێزی کار هەیە بردوویەتییە شوێنەکانی تری دنیا و تەنیا بەشە تەکنەلۆجیکییەکەی بەرهەمهێنانی لە مێترۆپۆل هێشتۆتەوە (۷۰۰ میلیۆن کرێکاری پیشەسازی لە چین و هێند). کە ئەمە خۆی لە مێترۆپۆلدا ڕێژەیەکی زۆری بێکاری لێکەوتۆتەوە و هۆکاری سەرەکیی شەپۆلی نوێی ناسیۆنالیزمیش هەر ئەم ڕەوشەیە.

هێزی کاری هەرزان و بێسنووری چین وایکردووە کە بەشی سەرەکیی کاڵای مەسرەفیی جیهان لەو وڵاتە بەرهەم بێت و چین تەنانەت لە بەشی تەکنەلۆجیاشدا بەرەبەرە بەهەمان ڕێگای ژاپۆن و کۆریادا دەڕوات؛ واتە دوای ماوەیەک خۆی ئەبێت بە خاوەن تەکنەلۆجیاکەش(لەبەشی مۆبایلدا ئەو کارەی کردووە). هەر ئەمە وایکردووە لەم دواییەدا ئەمریکا لە هەوڵدایە و پلانی هەیە کە چەند وڵاتێک کە لانیکەمێک لە ژێرخان و پێداویستیی سەرەتایی بەرهەمهێنان و هێزی کاری هەرزانیان تێدایە (مەکزیک و بڕەزیل) بکات بە جێگرەوەی چین.

هەموو ئەم ناکۆکییانەش لەحاڵێکدایە که باس لەوە دەکرێت کە بەشەر هەر ئێستا توانای ڕۆبۆتیزەکردنەوەی کۆی بەرهەمهێنانی هەیە. واتە هەم تەکنەلۆجیای پێویست و هەم سەرمایەی پێویستیش بۆ بە ڕۆبۆتیزەکردنی بەرهەمهێنان لەبەردەستدایە بەڵام کێشە لەوەدایە خۆشیان نازانن ئەبێ ئەم هەموو خەڵکە بێکارە چی لێبکەن. هەر لەو پێناوەدا تەنانەت لە خودی ئەمریکاش باس لەوە دەکەن کە بۆ دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە پێویستە سەرەتا لانیکەمێک لە مەعاش بە هەموو خەڵک بدەن. لەم چەند ساڵەدا چەند وڵاتێکی ئەورووپی و بەدیاریکراوی فەنلاند ئەو کەمتازۆر دەستیان کردوە بەو کارە. ئیتر ئەبێ چاوەڕێ بکەین بزانین دەرەنجامی ئەم ناکۆکییانە چی دەبێت.

ئەم باسە پێوەندیی بە داهاتووەوە هەیە بەڵام بەنیسبەت ئەمڕۆوە، لێژنەی حاکمی ئەمریکا کە لەدوای هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت و کۆتایی شەڕی سارد بوبوو بە تاکە جەمسەر بڕیاری دابوو کە ئیتر ڕێگە نەدات هیچ وڵاتێک دیسانەوە تا ئەو ڕادەیە بەهێز بێت کە هێژمۆنیی ئەمریکا بباتە ژێر پرسیار. بەڵام چین لە ماوەیەکی زۆر کەمدا هەم لەسەر عەرز، هەم لە ئاوەکاندا و هەم لە بەشی کەش و کەشپێویدا چ لە باری ئابووری و چ لەباری میلیتارییەوە بووە بە کێشەی سەرەکی بۆ ئەمریکا. ئەمریکاش خۆی زیاتر لە دە ساڵە ئەمە دەزانێت و هەموو هەوڵەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ جێهێشتنی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەر لەو ئاراستەدایە.

ئەڵبەت ئەمە بەو مانا نییە کە چیتر ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ ئەمریکا گرنگ نییە. ئەساسەن ئەمریکا لەڕێگای کۆنتڕڵکردنی سەرچاوە سەرەکییەکانی سووتەمەنیی جیهان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندایە کە توانیویەتی هێژمۆنیی دۆلار بسەپێنێت بەسەر 60%ی کۆی ئابووریی جیهاندا بەڵام ئەمریکا دەیەوێ بۆ ئەوەی بتوانێ تەرکیز بخاتە سەر کێشە گەورەکەی، واتە چین، هەوڵی بۆ ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکشێتەوە و به‌جۆرێک لە جۆرەکان بیداتە دەست هێزە ناوچەییەکان. (ئیسڕائیل - سعوودییە - تورکیا - ئێران) بۆ ئەم کارە ئسرائیل و سعوودییە ئامادەن، تورکیاش وێڕای هەموو کایە سیاسییەکانی دیسان دواجار هەر هاوپەیمانیەتی، بەڵام ئێران ئێستە سەرەکیترین کێشەیە لە بەردەم ئەم پڕۆژەی ئەمریکادا. دەبینن کە لە هەموو گوتار و ڕاگەیەندراوەکانی ئەمریکاشدا داوا لە ئێران دەکەن ڕەفتاری بگۆڕێت و ببێت بە وڵاتێکی ئاسایی و ڕاشکاوانە دەڵێن بەدوای گۆڕینی ڕژیمەوە نین.

لێرەدایە کە کێشەی کودیش ئەبێ لەناو ئەم ناکۆکییە ناوچەیی و حیهانییانەدا لەپێش چاو بگیرێت و سیاسەت و پلانی بۆ دابنرێت.

 

درێژەی هەیە...