محەمەد نەبى

ئەگەرچى ئەم رۆمانە باسى ئەحمەدى خانى و سەردەمەکەى دەکات، بەڵام بەدەر نییە لە رەخنەگرتن لە واقیعى ئێستاو رۆچون بەناو واقیعى ئێستاى ئەم مەملەکەتەدا، بەو واتایەى نووسەر پەناى بۆ سەردەمێکى مێژوویى و کەسایەتییەکى دیارى مێژوو بردووە، بەڵام ئەمەى بۆ سودبینین بووە تا ئەم سەردەمە روونتر بخوێنێتەوەو، ناخى خۆى پێ دەربڕێت، نەک گێڕانەوەیەکى مێژووئاساى تەقلیدى بێت.

 

  خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانى (میرنامە)           

 ((هەموو وتراوێک، نەوتراوێک دەشارێتەوە))                                                                                                                                                        (رۆلان بارت)

میرنامە، رۆمانێکى جان دۆستە، کە سەباح ئیسماعیل کردوویەتى بە کوردى، مەرگى (ئەحمەدى خانى) تێماى سەرەکیى رۆمانەکەیە، کە هەر یەک لە کارەکتەرەکان لە روانگەو بۆچوونى خۆیەوە باس لە مەرگى خانى و ژیان و کەسایەتیى ئەو دەکەن.

رۆمان وەک پانتایەکى کراوە، سود لە هەموو ژانرەکانى دیکەى ئەدەب و لە هەموو زانست و لقەکانى مەعریفە وەردەگرێت، بەجۆرێک دەکرێت رۆمانێک لە ژێر کاریگەریى شیعرێک، تابلۆیەک، پارچە مۆسیقایەک، شانۆنامەیەک، بنووسرێت. یان دەکرێت رۆمان سود لە فەلسەفەو سایکۆلۆژیاو هەموو زانستەکانی تر وەربگرێت، پێچەوانەشى راستە: دەکرێت ژانرەکانى دیکەى ئەدەب، زانست، لقەکانى مەعریفە، سود لە رۆمان وەرگرن و کاریگەریى رۆمانیان بەسەرەوە بێ و ئەوەى ئەمان دەیڵێن، پێشتر رۆمان گوتبێتى. میلان کۆندێرا لە کتێبى (هونەرى رۆمان) بە قووڵى لەم باسە ورد ئەبێتەوەو پێى وایە: هەموو تێما مەزنەکانى وجود، کە هایدیگەر لە کتێبى بوون و کات دا راڤەیان دەکاو لەو بڕوایە دایە ئەم تێمایانە لە لایەن سەرجەمى فەیلەسوفانى پێشووى ئەوروپاوە پشتگوێخراون، رۆمان لە گەشەکردنى پتر لە چوار سەدەى خۆیدا، ئەو تێمایانەى پیشانداوە. کۆندێرا بەردەوام دەبێت لە جەختکردن لەسەر ئەوەى کە رۆمان بە درێژایى تەمەنى خۆی گوزارشتى لە هەموو لایەنە جیاوازەکانى وجود کردووە و لەگەڵ دەرکەوتنى هەر رۆماننووسێک لایەنێکى بوون دۆزراوەتەوە بۆ نموونە: (نهێنییەکانى ناخ و پەیوەندیى مرۆڤ بە مێژوو و کاریگەرییەکانى ئەفسانە بەسەر رەوتى ژیانى ئێستاو قووڵاییەکانى کات و گەڕان بەدواى چرکەساتەکانى ئێستاو....هتد) هەموو ئەوانە رۆمان دۆزیونیەتەتەوە1.

سودبینینى رۆمان لە ژانرەکانى ئەدەب و سودبینین لە مێژوو و فۆلکلۆرو زانستەکان، گەڕانەوە بۆ رابردوو، بەڕوونى لە هەردوو دەقى (مەموزین)ى خانى و (میرنامە)ى جان دۆستدا دا دەردەکەوێت : مەم وزین چیرۆکێکى میللیی سەرزارەکییە و ئەحمەدى خانى بە شیعر دەینووسێتەوە، جان دۆستیش میرنامە دەنوسێت بە سودوەرگرتن لە شیعرەکانى خانى و گەڕانەوە بۆ مێژووى ژیانى خانى، کە بەڕوونى و ئاشکرایى کاریگەرییان بەسەر تەواوى رۆمانەکەدا دیارەو نوسەر خۆى ئاماژە بەمە دەکات، جگە لە چەندین لایەنى دیکەى ئاماژەپێنەکراوى تر، کە رۆمانەکەیان دەوڵەمەندتر کردووە. بۆ نموونە بەسەرهاتى (کابراى دەمامکدار) کە لە روانگەیەکى دەروونناسانەوە نووسراوەو پێدەچێ کاریگەریى تیۆرەکانى سایکۆلۆژیاى بەسەرەوە بێ و دەشێ مەوداى لێکۆڵینەوەیەکى دەروونناسانە بەرووى دەقەکەدا بکاتەوەو لە روانگەیەکى دەروونشیکارانە خوێندنەوەى بۆ بکرێت. ئەمەو چەندین رەهەندى ترى سیاسى و کۆمەڵایەتى و مێژوویى و رۆشنبیرى لە رۆمانەکەدا تەوزیف کراوە.

ئەگەرچى ئەم رۆمانە باسى ئەحمەدى خانى و سەردەمەکەى دەکات، بەڵام بەدەر نییە لە رەخنەگرتن لە واقیعى ئێستاو رۆچون بەناو واقیعى ئێستاى ئەم مەملەکەتەدا، بەو واتایەى نوسەر پەناى بۆ سەردەمێکى مێژوویى و کەسایەتییەکى دیارى مێژوو بردووە، بەڵام ئەمەى بۆ سودبینین بوە تا ئەم سەردەمە روونتر بخوێنێتەوەو ناخى خۆى پێ دەربڕێت، نەک گێڕانەوەیەکى مێژووئاساى تەقلیدى بێت، بە واتایەکیتر: جان دۆست، کە پەنا بۆ ئەحمەدى خانى دەبات مەبەستیەتى ناخى خۆى دەربڕێت؛ خۆى بنووسێتەوە. وە ئەم رۆمانە پێمان دەڵێ دەکرێ مێژوو ببێتە کەرستەیەکى گرنگى ئەدەب بۆ تێگەیشتن لەو هەنووکەیەى ئێستا تیاى دەژین، یان مێژوو شتێک نییە لە رابردوودا وەستابێت، بەڵکو درێژبۆتەوە بۆ ئێستا و ریشەکانى (ئێستا) لەنێو( رابردوو )دان. خاڵى سەرەکى لەم نوسینەدا پەیوەستکردن و تێهەڵکێشکردنى خانىء جان دۆستە لەلایەک ء مەم زین و میرنامەشە لەلایەکیتر، بەجۆرێک بۆمن میرنامە پەیامێکى هاوشێوەى مەم و زینى خانیى هەیە و جان دۆستیش خانییانە پەیامێکى هەیەو لە میرنامەدا دەرى دەبڕێت. بەڵام ئەمە بەهیچ جۆرێ ئەو نییەتەى لە پشت نییە کە بڵێم جان دۆست لەو سەردەمدا گیرى خواردووە و جگە لە پەیامەکەى خانى هیچیترى نەوتووە، بە پێچەوانەوە میرنامەى جان دۆست داهێنانێکى هونەریى بەرزە، چ لە لایەنى ئەو فۆرمەى بەکارى هێناوە و چ لەو پەیامە قووڵەى کە فۆرم دەریدەبڕێت، بەجۆرێک خوێنەر وا هەست دەکات کە ئەو پەیام و بابەتەى میرنامە دەیەوێ دەریبڕێ تەنها بەم فۆرمە دەردەبڕدرێت، ئەمە لەکاتێکدا پەیامەکە بەجۆرێک لە جۆرەکان خانى چەندین ساڵ  پێشتر بە شیعر دەری بڕیوە بەڵام لە شوێن و کاتى جوداوە، ئەمە بۆ رۆمانى (نەفرەت لە دۆستۆیڤسکى)ى عەتیق رەحیمیش درووستە: عەتیق رەحیمیش لە نووسینى ئەم رۆمانەى بە ئاشکرا دەگەڕێتەوە بۆ رۆمانى (تاوان و سزا) ى دۆستۆڤسکى و بە سودوەرگرتن لە تێماو رووداو و کارەکتەرەکانى دۆستۆیڤسکییەوە واقیعى ئەفغانستان دەخوێنێتەوەو رەخنەى دەکات، ئەمەش هیچى لە گرنگى و گەوهەرى رۆمانەکەى رەحیمى کەمنەکردۆتەوەو نوسەر توانیویەتى بەشێوەیەکى هونەریانەى بەرز رۆمانەکەى بنوسێت و کاریگەرییەکى قووڵ لەسەر خوێنەر جێ بهێڵێت، وە ناشکرێت ئێمە وا هەست بکەین کە رەحیمى ناخ و ئەزموونى خۆى نەنسیوەتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوەى نووسیویەتەوە قووڵ لە ناخى دا رەگى داکوتاوەو بەشێکە لە نووسەر. هەموو ئەوەى گوترا بۆ رۆمانى ( سەمەرقەند )ى ئەمین مەعلووفیش درووستە بەوەى نووسەر دەگەڕێتەوە بۆ چوارینەکانى خەیام و کاریگەریى خەیام بەسەر فەزاى رۆمانەکەدا بەئاشکرایى دەردەکەوێت.

با بگەڕێمەوە سەر کرۆکى مەبەست: خانى داستانى مەم و زینى نوسیوەتەوە، کە داستانێکى میللیى سەرزارەکیى کۆنە، واتە مەموزین پێشتریش دەق بووە (دەقێکى نەنوسراو) ئیتر خانى دێت و دەینووسێتەوە، بەڵام خانى کە مەموزین دەنوسێتەوە هەرتەنیا مەبەستى ئەوە نییە، چیرۆکە دڵدارییەکە بگێڕێتەوەو لە فەوتان رزگارى بکات، بەڵکو خانى مەموزین دەکاتە (بەهانە) یەک بۆئەوەى چەندین بیروراى فەلسەفى و نەتەوەیى و ئایینى و کۆمەڵایەتى و سیاسیى خۆى دەربڕێت و خەمى دڵى خۆى بەیان بکات. هەروەک خۆى دەنووسێت:  

 شەرحا غەمێ دڵ بکەم فەسانە

زین و مەمێ بکەم بەهانە

ئەم دەستبردنەى نوسەران بۆ سەردەم و بۆ تێکستەکانى تر گەمەیەکى نهێنیئامێزى قووڵ و سەرنجڕاکێشە بەهۆیەوە نوسەران دەیانەوێ خۆیان لەپشت ئەو تێکست و کەسایەتییانەوە بشارنەوەو کۆمەڵێک بابەت بەناوى ئەوانەوە دەربڕن، کە لە حەقیقەتدا لەناو هەست و ناخودئاگاى ئەوانیشەوە بوونیان هەیە. (بەختیار عەلى) لەوتارێکیدا لەژێر ناونیشانى( لە نەستى دەقەوە بۆ نەستى رەخنە_ خوێندنەوەیەک بۆ خوێندنەوەکەى رێبوار سیوەیلى بۆ نالى) خوێندنەوەیەکى ورد بۆ خوێندنەوەکانى (رێبوار سیوەیلى) دەکات کە بۆ نالى کردوونى، بەتایبەتى ئەو خوێندنەوەیەى کە بۆ شیعرى مەستورە کردوویەتى: بەختیار پێى وایە سیوەیلى لە رێگەى نالییەوە دەیەوێت ئەو شتانە بڵێت کە لەخۆیدا هەن و چەپاندوونى؛ سیوەیلى لە رێگەى ئاشکراکردنى ئەزموونى نالییەوە، ئەزموونى خۆى دەشارێتەوە، چونکە هەمان ویستى نالیى هەیە؛ ئەو وێنانەى نالى بۆ ئافرەت دروستیاندەکات و لە مەستورەوە بەرجەستەیان دەکات و لە رێگەى خەونەوە بەیانیان دەکات، رێبواریش هەمان کار دەکات؛ هەمان حەزو ویستى هەن، بەڵام لە رێگەى نالییەوە بەیانیان دەکات ((لێرەدا نووسەر لەبرى ئەوەى خۆى بخاتە سەر کاغەز هاوشێوەکەى خۆى دەخاتە سەر کاغەز، لەبرى ئەوەى خۆى بێتە زمان یەکێکى هاوشێوەى خۆى دەهێنێتە زمان و ناچاریدەکات ئەوە بڵێت کە ئەم خواستییەتى))2 ئەمە بۆ جان دۆستیش هەر درووستە: جان دۆستیش لەبرى ئەوەى خۆى بخاتە سەر کاغەزو ئەزموون و ناخى خۆى بە ئاشکرایى بنوسێتەوە، خانى دەهێنێتە سەرکاغەزو ئەزموون و ناخى ئەو دەنوسێتەوە، لەبرى ئەوەى خۆى بێتە سەرشانۆ، خانى دەهێنێتە سەر شانۆ. لێرەوە ئەکرێت یارییەکە درێژتر بکەینەوەو بڵێین خودى ( خانى)ش بە دەستبردنى بۆ داستانى مەموزین دەیەوێ خۆى بشارێتەوە؛ لەبرى ئەوەى خۆى بێتە سەر شانۆ، مەموزین دەهێنێتە سەر شانۆ و هەر خۆشى دان بەمەدا دەنێت: شەرحا غەمێ دل بکەم فەسانە، زین ومەمێ بکەم بەهانە.

خانى لە مەمو زیندا ورد بە واقیعى سەردەمەکەى خۆیدا رۆدەچێت و دەکرێت هەر لە رێى مەموزیندا بە روونى درک بە مێژووى ئەو سەردەم بکەین و لە واقیعى سیاسى و رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتیى ئەو سەردەم تێبگەین، هەموو ئەمانەشى لە فۆرمى شیعرەوە دەربڕیون، بێگومان ئەمەش تواناو کارامەیى خانى دەردەخەن لەو بوارەدا، واتە لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت کە خانى دەست بۆ مەموزین دەبات تا سەردەمى خۆى بخوێنێتەوەو رەخنەى واقیع بکات، جان دۆستیش ئەگەرچى لە پێشەکى میرنامەدا دەڵێت ویستوومە بەم کارەم خانى زیندووبکەمەوە، بەڵام ئەمە بەس نییە تا ئێمە بەمە بگیرسێینەوەو هیچ لێکدانەوەیەکیتر بۆ دەقەکە نەکەین تا بزانین لە پشت میرنامەوە نوسەر دەیەوێ چى بگەیەنێت؛ راستە دەکرێت جان دۆست وەک باربووکردنەوەیەک بۆ خەمەکانى ئەحمەدى خانى و هەروەها وەک خۆشەویستسییەک بۆ خانى، ئەم مەبەستەى هەبوبێت، بەڵام دەشکرێت ئێمە ئەم هەوڵەى جان دۆست وەک ئەو (بەهانە)یە لێکدەینەوە کە ئەحمەدى خانى بەهۆیەوە مەموزینەکەى خۆى نووسى. چونکە ئەگەر لە واقیعى ئێستاى کوردان بڕوانین دەبینین هەموو لایەنەکانى رۆشنبیرى و نەتەوەیى و سیاسى و کۆمەڵایەتى، نزیکایەتییەکى زۆریان هەیە لەگەڵ ئەو سەردەمەى خانیى تێدا ژیاوە: لەم سەردەمەش چەندین کەس لەسەر ناڕەزایى و لەسەر نووسین کوژراون، لە( میرنامە)شدا، خانیى شاعیر لەسەر ناڕەزایى و نووسین  ژەهرخوارد دەکرێت و دەمرێت، ئەمە نزیکە لەو ململانێیەى لە رۆمانى ( غەزەلنوس و باغەکانى خەیاڵ)ى بەختیار عەلیدا لەنێوان غەزەلنووسى شاعیرو بارۆنى خەیاڵدا روودەدات و دواجار بارۆن، کە نوێنەرى دەسەڵات و میرایەتییە، غەزەلنووس دەکوژێت.

بەهانەکان هێشتا درێژەیان هەیە: خانى مەموزین دەکاتە بەهانە تا(شیعر) بنووسێت، جان دۆستیش خانى دەکاتە بەهانە تا (رۆمان) بنوسێت.بەمەش مەموزین و میرنامە تێهەڵکێشییەکى جوانیان لەگەڵ یەکتردا هەیە و هونەرییانە بەناویەکداچوونەو دەکرێت وەک جۆرێک لە دەقئاوێزان لێبدرێتەوە، ئەمەش نەک هەر بۆ ئەم دەقە راستە، بەڵکو تیۆریستان تا ئەو رادەیە دەڕۆن، کە هیچ دەقێک تەنیا نییە، بەڵکو هەموو دەقێک بەشێک لە رۆحییەتى دەقەکانى پێش خۆى هەڵگرتووەو لە دیالۆگدایە لەگەڵ دەقەکانى تر ((هەموو دەقێک گواستنەوەى دەقەکانى دیى تێدایە... گشت واژەو گوتارەکان لەنێو دەقێکدا بەنێو یەکدا دەچن))3  من دواى خوێندنەوەى چیرۆکێکى (عەتا محەمەد) کە دەربارەى (مەحوى)ى شاعیر نووسیویەتى، قەناعەتى ئەوەم لا درووستبوو، کە زاراوەى (دەقئاوێزان) دەکرێت بەسەر مرۆڤەکانیش داببڕێت نەک هەر دەقەکان، واتە هەروەک چۆن دەقە قووڵەکان رۆحییەتى دەقەکانى پێش خۆیان هەڵگرتووە مرۆڤەکانیش رۆحییەتى مرۆڤەکانى پێش خۆیان هەڵگرتووە؛ مرۆڤەکان تەنیانین، بەڵکو هەموو مرۆڤێک چ بە تێکەڵاوى و چ بە کاریگەربوون بە کەسانى دى، هەرتەنیا بریتى نییە لەخۆ، بەڵکو ئەو کاریگەرییەى مرۆڤێک لەسەر مرۆڤێکیتر دایدەنێت، بەناویەکداچووییەک درووست دەکات لەنێوا ئەو مرۆڤانەدا ئەمەش هاوشێوەى ئەو دەقئاوێزانەیە کە دەربارەى دەقەکان دەگوترێت. لە چیرۆکەکەدا عەتا دەنووسێت: ((وەک چۆن دەقە گەورەکان خوێنى دەقەکانى پێشتر بە دێرەکانیاندا دەگەڕێت، ئەوا ئینسانە مەزنەکانى وەک مەحویش، خوێنى ئینسانە مەزنەکانى پێشتر، بە لەشیاندا دەگەڕێت.... پێناچێت مەحوى تەنها کەسێک بووبێت ئەوەندەى چەند کەسێک بووە لە یەک کاتدا. هەربۆیە مەحوى بەو دەقە دەچێت کە چەندین دەقى تر ئامادەییان تیا هەبێت. ئەگەر باوەڕمان بەم بۆچوونە هێناو هەوڵماندا زاراوەى " دەق ئاوێزان" بەسەر مەحوى خۆیدا ئەزموون بکەین نەوەک شیعرەکانى، ئەوا دەبێت بەدواى ئەو کەسانەدا بگەڕێین کە بەهەموویان بوونەوەرێکی تر دەخولقێنن کە ناوى مەحوى لێدەنێن...))4  بۆیە بۆمن جان دۆست لە نووسینى ئەم رۆمانەدا هەرتەنیا جان دۆست نییە، بەڵکو تێکەلەیەکە لە ئەحمەدى خانى و میرنامەش هەر تەنیا میرنامە نییە بەڵکو خوێنى دەقى مەموزینى خانى بە دەمارەکانى دا دەگەڕێت.

 ئەم رۆمانەى جان دۆست بە قووڵى بە واقیعى ئێستادا رۆ ئەچێ، لە فۆرمێکى هونەرى و ئیستاتیکیى بەرزو بە تێکەڵکردنى واقیع و خەیاڵ و گێرانەوەى مێژوو و تیێکەڵکردنى بە فەنتازیاوە  وێنەى سەردەممان بۆ ئەکێشێت و لە رێى مەرگى خانییەوە خانى زیندوو دەکاتەوە! ئەمە دەقى ئەدەبییە لەوپەڕى جوانى و فەنتازییدا، ئەمە رۆمانە دێت و لەڕێى تێماى مەرگى کەسێک: کەسەکە نەمر دەکات، جگە لەمە نووسەر تەکنیکى فرەدەنگى بەکارهێناوە بەمەش ئازادییەکى زۆرى بە کارەکتەرەکان داوە تا سەربەستانە بدوێن و بجوڵێنەوە، ئۆرهان پاموک لە رۆمانى ( من ناوم  سوورە) هەمان تەکنیکى بەکارهێناوە بەوەى هەر کارەکتەرێک تەنانەت (سەگ و دارو پارەو ئەسپ....)یش چیرۆکى خۆیان، لە روانگە و بۆچوونى خۆیان دەگێرنەوە. بێگومان ئەم تەکنیکە خوێنەر بێزارناکا لە خوێندنەوە، بەڵکوچێژو ماناى جیاوازى پێدەبەخشێت؛ لەگەڵ هەر گێڕەرەوەیەک: جۆرى قسەکردن و هەندێ جار جۆرى بابەت و تێماش گۆڕانیان بەسەر دادێت، ئەمەش پێچەوانەى تاکدەنگى و چەقبەستوویى جوینەوەیە. ئەوەى ماوەتەوە بیڵێم دەستخۆشیکردنە لە (سەباح ئیسماعیل)ى وەرگێڕ، کە توانیویەتى وەرگێڕانێکى وردو جوان بۆ دەقەکە بکات و رۆحییەتى دەقەکە بگوازێتەوە بۆ زمانى ئامانج و دەقێکی ترى گرنگ پێشکەش بە خوێنەران و کتێبخانەى کوردى بکات.

 

سەرچاوەکان:

1_ میلان کۆندێرا، هونەرى رۆمان، و: کەریم پەڕەنگ، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى یەکەم، سلێمانى، 2008، لا29.

2_لە دیارەوە بۆ نادیار/ دەربارەى میتۆد_بونیاد_زمان، ن: بەختیار عەلى، چاپخانەى کارۆ، پەخش و بڵاوکردنەوەى کتێبخانەى ئەندێشە،  چاپى یەکەم، 2011، لا277.

3_ئەزموونى خوێندنەوە/چەند لاپەڕەیەکى رەخنەیى، ن: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم، چاپى یەکەم، سلێمانى، 2006، 63.

 

4_ تیناو چیرۆکە ئەندێشەکراوەکان، ن: عەتا محەمەد، چاپ و بڵاوکردنەوەى چاپخانەى رەنج،چاپى یەکەم، سلێمانى، 2007، لا 115_116.

بازدید: 1337