عەلی شێخ عومەر

سەرهەڵگرتنی هەر یەک لەم سێ شاعیرە، بە خودی سەڵاح شوان خۆشیەوە بۆ دەرەوی نیشتیمان، بۆ تاراوگە بە ئارەزوو نەبووە، ناچاری بووە، ڕزگارکردنی ڕۆحی شیعر و دۆزینەوەی خەیاڵ بوو، مانەوەی دەقە لە رەتکردنەوەی واقیعێ نەخوازراو. 

 

چاوەڕوانی و کێشەی بێدەنگی

لە شیعری: (دوایین شەوەکانی سیمرخ)ی  سەڵاح شوان دا

عەلی شێخ عومەر              

"دوایین شەوەکانی سیمرخ"١ هۆنراوەیەکی درێژی (سەڵاح شوان)ی شاعیرە، دەکرێ ئەم شیعرە بە تەواوکەری شیعری "شەوێک لە ژیانی سیمرخ"٢ هەژماربکرێ، هەرچەندە  مەودایەکی زەمەنی درێژ لە نێوان دەقی یەکەم و دەقی دووهەمدا هەیە، نێوانێک لە بێدەنگی، لە ئازار و لە سالارگەراییدا ناتوانێ چیتر گوێ لە ترپەکانی نەگرێت، نەخرێتە ژێر ڕەهەندەکانی دەنگ و پرسیارکردن، هەر ئاوڕێک، یەقدانەوەی خڵتەی ئەو کۆژانانەیە،  سەردەمانێک، تەمەنێکی لێسەندووە، وێنەیەکی لەبەردا گرتووەتەوە، وەک بنەمایەک ڕیزپەڕ کردنی ئەو وێنانە دژوارە، زبری ئەزموونێکە، کەژاوەی ڕێوڕەسمێکە، پاژێکە لە ژیان و لە بوونی شاعیر، ڕەنگە لە نووسینی شیعردا، وێنە کاڵبێتەوە، بەڵام سەراسیمە تەواو نابێت، هەمیشە بە شێوازو جۆرێکی تر، لێرە نا، لە شوێنێکی تردا، لە هەندەراندا، لە تەنیاییدا خۆی دووبارە دەکاتەوە، شیعر بەجۆرێک لە جۆرەکان ناهێڵێت وێنە کۆتایی پێبێت، کردەی شیعر ترجاندن و ڕێکخستنی ئەو وێنانەیە، تێڕوانین و دۆزینەوەی جیاوازییەکانە، سەرنجدانی هاوڕێک و هاوتاو هاودژەکانە، ئەمەش نکۆڵی لەوە ناکات پتر لەیەک خوێندنەوە هەڵگرێ، شاعیرو ڕەخنەگری ئایرلەندی سێسیل دەی لویس لە کتێبی وێنەی شیعریدا دەنووسێت "وێنەی شیعری ئەفسانەی تاکە"٣ وابەستبوونی (سەڵاح شوان) بە هونراوەی "شەوێک لە شەوانی سیمرخ" لە ساڵی ١٩٧٧ دا بەیەک نەفەس، بێ ناوبڕ، بێ وەستان، شەسەت و هەشتاو پێنج دیڕە شیعری نووسیووە، چۆن ئێستا و ڕابردوو و ئایندەی لەیەک کاتدا لە شەوێکدا چڕکردووەتەوە، چۆن زیرەکانە لەتەک شوێندا کاتی بەکارهێناوە، ئاوێتەی کردوە، لە بێدەنگی ئەفسانەیەکی کراوەی خوڵقاندووە، لە ئەژیندای بێدەنگیەکەیدا، پێگەیەکی تری هێشتووەتەوە، لە دوای چل ساڵ لە ئەزموونی شیعری، لە کات و شوێنی جیاوازدا، لە تاراوگەدا، واتا لە ساڵی ٢٠١٧ دا جارێکی تر لە بێدەنگییەکی ترەو، لە تەنیاییدا، دەرگایەکی دیکە واڵادەکات، گەر لە سەرەتادا، کۆدی سیمرخ ئاماژەیەکی ئاراستەکراو بێت، هەر جاری بە شێوازێک، دیوێک لە سووتان و لە ئازار، زیندوو بوونەوەی گیانی شاعیری نیشان بدات، بە دامرکاندنەوە ئازار لە ژیلەمۆی نووسیندا، ئەزموونێ زیندوو، لە ژیانی خۆی لە شەوێکدا چڕکاتەوە، ڕادەستی نێو دەقە شیعرییەکەی بکات، کافکا ئاسا بە ئازار ژیان بدۆزێتەوە، شۆبنهاوەر دەڵێت "هونەر ڕێگایە بۆ دەربازبوون لە ئازار"٤، گەر شاعیر لە شەوێکدا ڕەهەندەکانی کۆدی سیمرخ، سووتان و ئازار، لە چەند گرتەیەکدا ڕابردوویەک بشکێنێ، دوای چل ساڵ، لە تەنگەژەی ئازاری سووتان و زیندوو بوونەوەدا، جارێکی دیکە دێتەوە، ئێستا دەشکێنێ، جارێکی تر لە ئازارێکی دیکەدا، لە چڕکردنەوەیەکی نوێدا، دەقی شیعری (دوایین شەوەکانی سیمرخ) دەنووسێتەوە، میکانیزمی سووتان و زیندوبوونەوەی سیمرخ وەک کۆدێک، کردەیەکی کرۆنۆلۆژیی بازنەییە، هەر لە دووبارە بوونەوەی سووتان و زیندووبوونەوەدا، بێکۆتایە، بێ دواییە، بەهۆی ئەوەی نەبەستراوە بە کاتێکی دیاریکراو، گەر شەو وەک تاک ئاماژە بێت بەجێگیرکردن و گەمارۆکردنی کات، ئەوا وشەی شەوەکان وەک کۆ ئاماژەیە بە تێکشکانی جێگیربوونی کات و تەواونەبوون، واڵاکردن و رەتکردنەوەی دوایینە، ئەمەش لەگەڵ سروشتی سیمرخدا یەکدێتەوە، گرێدانی وشەی شەوەکان بە دوایین، دەکرێ گەمەیەکی زمانەوانیی بێت، ڕێرۆشتن و درێژەپێدان بگرێتەوە، ئێستا بەگوێرەی دوێنێ دوایینەیە، بەیانی بە بەراوورد بە ئێستا دوایینەیە... هتد بە تازە کردنەودا دەروات، ئازار دەمێنێ و دەق زیندوو دەبێتەوە، ڕەنگە هەندێ لە وێنەکان بە ئاسانی نەیەنە بەردەست، بەڵام لەناو ناچن، بەشێوەی جیاواز، بە تێزێکی ترەوە، سەرلەنوێ دەردەچنەوە، دێنەوە یادگا، دەبنە بەشێک لە ئەزموون و لە خەونی شاعیر، گوزارشتکردن لە خەون و ئەندێشە، فاکتەرێکە تەنیایی شاعیر دەبووژێنێتەوە، بوونەیەکێکی بێدەنگیە، هاوپێچێکە خۆی لە نێو چەمکی مەنەلۆژدا کۆپی دەکات، لە شوێن و کاتی جیاوازدا، بە تێکشکانی شوێنکات، هەر جارەو پاژێکی لێدەردەخات، بۆشاییەکی پێ پڕدەکاتەوە، لە پرۆسەی داگەڕاندا، هەمیشە هەر بۆشاییەک، یادەوەرییەک بۆ خەیاڵ و هونەر ماوەتەوە، بۆرخیس دەڵێت "خەیاڵ واقیع ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ببێتە هونەر"٥، شاعیر ناتوانێت خەیاڵێک باربکات کە هەڵگری واقیعی هونەری شیعر نەبێت، لەم دەقە شیعرە درێژەی (سەڵاح شوان)ی شاعیردا، بەچەند سامپڵێک دەتوانین ئاوێزانی بڕێکی ئەو دەقانە بین.

تا ئەمرۆکەش...

هەموو ڕۆژێک کاتێ کە ئێوارە دادێ

بە یادی عەشقە جوانەمەرگەکەی تۆ

پەردەکانی دڵم دادەدەمەوە و

مۆمە شیعرێکی گەش وەک چاوەکانت

دادەگیرسێنم و بێدەنگ

پشت لە سەردەمی گورگانە دەکەم و 

ڕووەو ڕۆژئاوا دادەنیشم

زۆر چاوەڕێم کرد تا وەکو کوێراییم داهات

ئێستاش خۆری خوداکەی تۆ

لێم هەڵنەهات

تازە بەم درەنگان شەوە 

بەم درەنگە زەمانە

بە دەم مەستیی و نەستییەوە

نە خۆر هەڵدێ و نە من چاوەڕوانی خۆرم

بە مۆمە کوژاوەکانی خەونەکانمدا دەچمەوە

لاپەڕ بە لاپەڕە هەڵیان دەدەمەوە بەڵکو

لەم شەوە سارد و تاریکەی دوادواییدا 

ترووسکاییک ببینم 

هیچ دیار نییە

وتی لێرە دانیشە

لە گەڵ یەکەمین گزنگی خۆرهەڵاتندا دێمەوە

ئێستا و ئەوسا نەمدییەوە

                                   هەندێک لە کۆپلەی ١ی شیعرەکە ..... لاپەڕە ١           

گەر خودی شیعر پێگرێک بێت بۆ زیزبوون لەگەڵ خەونەکانیدا، بە کۆمەکی چەند وێنەیەک کۆتای بە دنیایەکی تێکشکاو بێنێ، تراژیدیایی ڕابردوو لە ئێستادا تۆماربکات،  ئایندەش بەنادیاری لە چاوەڕوانییەکی دڵڕەق و بێهوودەدا بهێڵێتەوە، ئەوا دەسپێکی ئەم شیعرە لە شوێنکاتی "ئەمرۆکەش" خستنەسەری باکڕاوندی شوێنکاتێکە، ڕەهەندەکانی ڕابردوویەکە، هەڵگری هەمان خەم و ئازارە، لە جۆرایەتی دووبارە بوونەوەی هەمان پرینسیپە، مامڵەکردنە لەگەڵ هەمان ئەو مەراسیمانە کە شاعیر دەقی پێوەگرتووە، لە نائامادەی گوێنەگرتنی ئەوی بەرامبەردا، شاعیر ناچارە لە تەنیایی و بێدەنگیدا، ڕێگای مۆنۆلۆگ و دواندن لە تەک خۆیدا بکات، باس لە یادکرنەوەی پەیوەندییەک بکات کە لەسەر هێڵێکی دیاریکراودا دەروات، لەگەڵ هاتنی هەموو ڕۆژێکدا دەیەوێت حەقیقەتێک کۆبکاتەوە، پێداگری لەسەر رەتکردنەوەی بەدگومانییەکدا بکات، لە ناوەخندا لەگەڵیدا دەسووتێ، چیتر ناتوانێ بگات بە یەقینێک دڵنیایی پێببەخشێت، دەیان مۆم داگیرسێنێ کڵپە لە دەیان شیعر دەدات، ناخی پێ دادەگیرسێنێ، تەسکێنی نادات، قەرەبووی عەشقێک ناکات، لەگەڵ یەکەم چاوترووکانیدا نەما، یان جوانەمەرگ بوو، پرسیار جێدەهێڵێت، بۆ نەما؟ پێمان ناڵێت، بە لادانێک پەردەپۆشی لەسەر نهێنییەکان دەکات، بە لارێکدا هەنگاو دەنێت کە ڕووداو تێیدا تیرۆر دەکرێت، نەخۆی دەجوڵێت، نە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات، لە ڕاستیدا بەجۆرێک لە جۆرەکان، گەر چاوبەستی لەمەڕ هەمووشیان نەکات، بە دڵنیاییەوە بێ یەکوودوو خۆی هاوتای عەشقە جوانەمەرگەکەی دەکات، لایەکی ئەرێنی دەمرێنێت "مردنی ڕاستەقینە ئەوەیە کە هیچ ڕوونەدات"6 غرووری شاعیرانە، ڕۆنانی وشە، هەستیاری وادەکات یەخانگیری داکەوتەکانی بێت، وەک شاعیر پتر مژۆڵی خەیاڵی دەکات، لە ڕێگای خەیاڵ و فانتازیاوە، ڕادەستی داکەوتەکان نابێت، بەرەنگاریان دەبێت، هەمیشە ڕۆحی شاعیر یاخیە، نێچیر نییە بە دەم گورگەکانی واقیعەوە ڕاوبکرێ، دژوارە بتوانێ لەگەڵ دڵڕەقی و نا ئەقڵیانیەتی واقیعدا، هاوکێشەیەک بدۆزێتەوە، بنەماکەی لەسەر زۆردارو زۆرلێکراو دامەزرابێت، (سەڵاح شوان) پێش ئەوی مرۆڤ بێت شاعیرە، گەر بە دیوێکدا بە نەرێنی لە دۆزەخی واقیعدا دەستبەرداری ئەوی بەرامبەر بێت، بە دیوێکی تر لە بەهشتدا جێی ناهێڵێت، لە دەقی شیعرییدا، لە زاکیرەدا، بە نەمری دەیهێڵێتەوە، گەر لە دەنگ و دیدەنیدا وونی بکات، لە بێدەنگی و تەنیاییدا دەیدۆزێتەوە، دوای بێدەنگییەکی چل ساڵی، جارێکی تر دێتەوە، بە سووتانی خۆی، سیمرخ ئاسا خۆی دەسووتێنێ، مۆمی دەقە شیعرییەکەی زیندوو دەکاتەوە، لە هەندران، لە ڕۆژئاوا، جارێکی تر دێت، پرسیار لە دانیشتنی خۆی دەکات، هەرچەندە ئەو پەیوەندییە وەک پراکتیک تەواو بووە، بەڵام تەنیا هیوایەک لە نێوان دوا لیزمەی مردن و ژیاندا مابێتەوە، ئەوەیە ئەوی بەرامبەر هێشتا لە چاوەڕوانیدا ماوەتەوە، فاکتەرەکانی مانەوە، فێگەرێکی بەهێز دەبەخشنە چەمکی چاوەڕوانی، ڕەهەندەکانی چاوەڕوانی لە دیمانەو دایلۆگ و دەنگدا دەشکێت، لە بێدەنگیشدا چاوەڕوانی وزە پڕۆکێنە، نەیارێکە یان نایەت بەرامبەرت بگرێ، یان کە دێت، تۆ نایبینی، یەقین لە گومان جیاکاتەوە، تەلیسمی سیحرێکی کەمەندکێشە بەگێڕانەوەی خۆت، باجی کاریگەری ئەوی بەرامبەر زامن دەکەیت، چاکەو ئەمگی خۆت بە دەرخستنی نەنگی و بێ وادەی ئەو نەبێت، محاڵە لە دادگای ویژداندا دەرچیت، بە هۆ بێت، یان بەبێ هۆ، بە وەخت بێ، بە ناوەخت بێ، بە درەنگانێ شەو بێ، یان زەمانە، سکاڵا بێت، یان ئاشتەوایی، ئەوی بەرامبەر نییە و نایەتەوە، ئایا توورە بووە یان تۆڵە لە تۆ و دونیا دەکاتەوە، یان ناوکێ ڕقە لە قاوغی خۆشەویستیدا خۆی حەشارداوە، هەرکامیان بێت جیاوازی دروستناکات، ئەویش خۆی بەشە تەواوکەرەکەی (سەڵاح شوان)ە، بە تەنیا گوناە وسزاکە هەڵناگرێ تا بخرێتە لیستی ڕەشەوە، ڕەشبردنەوەی ڕایەڵەکانی ئەوینداری، هەروا ئاسان نییە لە حیرس و سووتانی خۆتدا، لە ژێر فشاری تەنیایدا ئومێدی چاوەڕوانی گەر سەری گشت خەونەکانت نەخوات، سەرجەم لاپەڕەکانی نەنووسێت، ئەستەمە لە نێو دونیایی چاوەڕوانیدا، بەرانبەر بە نادیارەکانی پەیوەندی خۆشەویستی و کەنارکەوتندا، بە زیندووی بمێنێتەوە، لە دووتۆی ڕایەڵەکانی دەقەوە ئاوێزانی تروسکاییەکی ڕاستەقینە بێت، ئەفسووس کە ڕوونادات، گوزارشت لە ونبوون و لە بێهوودەی مرۆڤ دەکەیت، دوالیزمەی بکەر و بەرکار، دڵدارو دڵخواز، بە ئاراستەکردنی دەق بەرەو شیعر نووسین، بە لەتکردنی شوێن و جێگیرکردنی کات، دەکرێ درک بە یەکەمین جیاوازی بکەین، جیاوازی دوو دونیا، لە لووتکەیەکدا بە دوو ئاراستەی هاودژ دەگەن بە یەکتر، ئەوەی بەیەکەوە گرێیان دەدات، چەمکی چاوەڕوانییە، هاوتابوونی بێدەنگییە، نەگەیشتنی دەنگە بەیەکتر، حاڵی نەبوونی دوو شارستانییەتە، دوو بیرۆکەیە، دوو تێڕوانیینە، لە کایەیی چاوەڕوانیدا هەناسەدەدن، دەمرن و دەژین، بەڵام ڕووداو دروست ناکەن، گەر (سەڵاح شوان) ڕوو لە ڕۆژئاوا، لە هەندران پرسیار لە دانیشتنی خۆی بکات، هەنگاوێک نەیەتە پێشەوە، پێشوەخت بڕیاری کوشتنی دەڵەمەی ئەو پەیوەندیەی دابێت، لەڕێگای سووتانەوە، بە بێدەنگی بەهرە بە داهێنانی شیعری خۆی بدات، لای دولبەریش شاراوە نییە وەک ژیلەمۆیەک تەماشا بکرێت، دەقی شیعری و داهێنانی پێ گەرم بکرێت، یارییەکە دیارە وەک چاوشارکێ وایە، چاو پۆشینی یەکێکیان لە چاوەڕوانیدا، ڕاکردنی ئەوی ترە، خۆشاردنەوەی یەکێکیان گەڕانی ئەوی تریانە، هەردووکیان بە جووتە کۆکن لە پیادەکردنی ئەم یارییە، لە ڕازیکردنی نەرسیسیەتی هەردوو لا، ئەم وەک شاعیر، ئەوی نائامادەش وەک ڕەگەزی مێینە، ئەوی نائامادە لە لووتکەی بێدەنگیدا بە مەنۆلۆگ و خۆ دواندن، بە پێلێنانی (سەلاح شوان)خۆی کەسێکی تر ناجارێکی تر، داوایەکی محاڵ لە (سەڵاح شوان) دەکات پێی دەڵێت: "وەر لیرە دانیشە" شوێن لەت دەکات کات لە چاوەڕوانیدا جێگیردەکات گەمەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات، ئێرەو هەندەرانی پێدەکات، نایەتەوە، دەنگێ، دیالۆگێ فەراهەمکات، گوزارشت لە سادەیی بکات، لە کاتێکدا بێدەنگی خۆی لە خۆیدا وەک ئەوین وەک دەقی شیعری پڕ لە ئالۆزییە، بە دیوێکی تر، گەر گریمانەی ئەوە بکەین، ئەوی دڵخواز یاخی نەبوایە و گوێڕایەڵی بانگەشەکەی ئەمی دڵدار بوایە، بێدەنگی بشکانایە، ڕاستەوخۆ بە دیدەنی و دیالۆگ و ڕازی دڵی خۆیان بکردایە، ئەوسا لە بێدەنگیدا، چ کێشەیەک دەمایەوە تا ببێتە فێگەری دەقی شیعرێکی زیندوو، کارەساتی شاعیربۆ ئەو شتەیە کەنییەتی، لە نێو بۆشاییەکدا بۆی دەگەرێت، پێیناگات، بەردەوام هەڵگری ڕوحێکی یاخی و ناسەقامگیرە، بەمەش دەبێت بە خاوەن ناسنامەی شیعری ڕاستەقینە. نارەحەتی دەق سەردەخاتە سەر سەقامگیری ژیانی تایبەتی خۆی، گەر لەسەر حسێبی نیوەکەی تری ژیانیشی بێت.                      

ئێستا لە دوایین هەنگاودا

ئاوڕ دەدەمەوە ڕێگام خۆڵەمێشە

نازانم کێ پێشتر گری تێبەرداوە

نازانم کێ

کێ بوو؟ بۆچی؟

گوڵزارەکەی ئەوسای جێگا دڵداریمانی کردووە

بە وشکە خاکێکی وەکو

وەکو دڵم ڕەق و چۆڵ و شەقار شەقار؟

ئەو وتی ئێستاش هەر ماوە

تۆ نایبینیت

کوێرە چاوێک خەو بە خۆری سبەینێوە نەبینێ

وێرانە دڵێک نەبێتە چوارچێوەی خۆرێکی عاشق

من هەردوو خۆرەکەم دۆراند

                                    کۆپلەی 3 ی شیعرەکە ..... لاپەڕە 3

یەکێک لە خەسڵەتەکانی فانتازیا، ڕیزکردن و دیاریکردنی ڕەگەزەکانی خەیاڵە، خورپەیەکی تەبا و هاودەنگە، لە ئەفسانەو فۆلکلۆرەوە سەرچاوەی وەرگرتووە، لە چوارچێوەی خوددا چاو هەڵدەهێنێ، گەر خودگەرای ڕۆحی (سەڵاح شوان) پەیوەست بکەین بە ڕۆحی دەزگیرانەکەیەوە، گەر بە کرداریش نەبێت، لە ڕێگای یادوەرییەکانیەوە لەگەڵیدا دەمرێت و دەژی، وون دەبێت، دەدۆزرێتەوە، لەنێو چێژی ڕەهاو ونبووندا تراژیدیای گەشتێک دەنووسێتەوە، ڕاساندن و کۆگیری پەیوەندییەک لە نێوان دوو ئەفسانە یان دووچیرۆک یان زیاتردا دەکات، نووسەر ئەمجارەیان زیرەکانە، گەشتی چیرۆکی سووتان و زیندووبوونەوەی سیمرخ دەکاتە دەروویەک، لە گۆشەنیگایەکەوە پەیوەندی وبەراوردێک فەراهەمدەکات، لە دەرگای تراژیدیاوە بەرکەوتنێک لەتەک "چیرۆکی ئۆرفیۆس"7 دا دەکات، ئاماژەکردنی ئۆرفیۆس، ئاماژەکردنە بە ماڵبەندی ڕاستەقینەی هونەرمەندان و شاعیران، (سەڵاح شوان) لە ڕووی ستراکتۆر و لێکچواندنەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان وەچەیەکی دڵسۆزی ئۆرفیۆسە، وەک پاشگرێکیش بێ نکۆڵی ڕێرەوەکەی دەگرێتەبەر، هاوپێچ لەگەڵ دەمکرانەوەی تێکست، تێهەڵتێشکردنی دوو بابەتدا، ئاراوی چەواشەیەک دەگرێتەوە، کەسەرو خەم و ئازاری ڕایەڵەکانی ئەوینداری، تەنگەژەی بوون تێدا دەرباز نابێت، لە نێو هاوکێشەیەکدا پاک نابنەوە، پەلکێشی گەورەترین کارەساتمان دەکات، ئۆرفیۆس ئاسا لە دوایین هەنگاودا، لە ئاوڕدانەوەیەکەوە دەستپێدەکات، گەر مردنی ئۆردیگا سەرچاوەی داهێنانی ئۆرفیۆس بێت، بۆ نەوەکانی دوایی خۆی، فێگەری میراتییەک بێت، خەم لەگەڵ یەکتردا بەشکەن، ئایا خەم وەک دەرئەنجامێکی کۆتایی هەڵناسێت بە گۆڕینی ئاراستەکانی ئەو پەیوەندییە، لە ماتەمینی و بێدەنگیدا چێژی سەراتاکانی خۆی لەبار نابات، بۆیە سەیر نییە دەنگی خۆمان بخینە پاڵ بێدەنگی (سەڵاح شوان) لە دوایین هەنگاوە، ئاوڕ لە خۆشەویستەکەی دەداتەوە، سووتانی ئێستای لە زیندوو بوونەوەی ڕابردوودا بە دەستدەهێنێ، ئەفسانەی خۆشەویستیی و ڕق، جیابوونەوە و ئاشتەوای، خەندە و فرمێسک، بێگەردی و تاوان، لە ئاوڕێکدا کۆدەکاتەوە، چ ئاوڕێکە، کە ڕێگا خۆڵەمێش بێت، ئاساوەری هادەس (دۆزەخ)ێکی هەڵگرتبێ، ئایا ئاوڕدانەوەکەی فاکتەری پاکبوونەوەی گوناهێکە کە هەستی تاوانی تێدا چاندووە، یان بە ئەنقەست خۆی نەبان دەکات، دەچێتە دەرەوەی هاوکێشەی کەنارکەوتنی ئەو پەیوەندیە، بە مانایەکی دیکە، وەک نەرسیسێک کەنارکەوتنی ئەو پەیوەندییە دەخاتە ئەستۆی ئەوی بەرامبەر پاکانە بۆ خۆیدەکات، لە بێدەنگیدا شتێک دەشارێتەوە، بە نهێنی قەربووی ئاشکرابوونی دەکات، ئایا دڵخوازەکەی ئەمی شاعیریش وەک ئۆردیگا کەسی دیکە لەگەڵیدا ڕابردووی هەیە، ئایا ئەو کەسە بە دوو ئاراستە غەریزە هارناکات، یەکەم ئەوی دڵخواز ملکەچی ئارەزووکانی دەکات، ڕاستەوخۆ لەبەرچاو ئەوی شاعیری دەخات، دووەم بە زوڵم زۆرداری ئەوی دڵخواز دەمرێنێت و بە ژیانی دۆزەخی ڕادەستدەکات، هەڵهاتنی ئەمی دڵخواز تێوەگلانی بەم چارەنووسە، ئیرەی ئەمی شاعیر زیندوو ناکاتەوە، وای لێناکات هەمیشە لە گوماندا بمێنێتەوە، ناخۆشترین دۆزەخ ئەوە نییە لە گومانێکدا بژیت، کەسێکی تر بە زورەملێ بێ رەزامەندی ئەوی دڵخواز ئاگری خۆشکردبێ، مەردایەتی لەوەدا نییە ڕزگاری بکەیت، بەڵام بەو مەرجەی نابێت ئاوڕ لە ڕابردوو بدەیتەوە، سەیری دواوە بکەیت، دۆزەخ لەوێیە، سێکووچکەی ڕابردوویەکی هەڵگرتووە، هیچ شتێ لەکەی گومان وبڕست لە ئیرەی ناسێنێ وەک کەسی دەخیل و ئەوی دڵخواز، ئاوڕنەدیتەوە ناحەوێتەوە، نکۆڵی تۆ تەنگەژەی بوونە، ئایا مێژوو لە ئەفسانەکاندا خۆی دووبارە ناکاتەوە، بەدەر لە ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس دڵخوازەکەی تۆش، دایکە حەوا ئاسا، لە ڕێگای غەریزەوە کە بە مار ئاماژەی بۆ کراوە، بۆ تام و چێژو لەزەتی خۆشەویستی سێوێک هەڵیگرتووە، لە دوای چاوەڕوانی چل ساڵ لە بەهەشتەوە تۆو باوکە ئادەمی دەرنەکردە سەر دۆزەخی زەوی، ئایا لە ئەزەلەوە ئاوڕدانەوە بۆ کردەی ئەوین، گوناهی یەکەم نییە، هەڵکڕانی بەدگومانییەک نییە، تاوان لە نێو بێگەردیدا ناسووتێنێ، دەنگ حیلکەی خۆشی و ئاسوودەی لە نێو فرمێسکی بێدەنگیدا نغرۆ ناکات، لە کۆتاییدا دەرگای دۆزەخ ناخاتە سەرپشت، ئایا بەهەشتی خۆشەویستی تۆی تاوان هەڵدەگرێ، بەری لێبووردەی دەگرێت، یان دارێکی زڕە گەردن ئازایی سزای دەدات، ڕادەستی دۆزەخی دەکات، میلان کۆندێرا دەنووسێت " دۆزەخ ئەو شوێنەیە کە لێبوردنی تیا نییە" گەر وابێت کەواتە لەگەڵ دەقی بەردەستدا، بەیک دەگەینەوە، بەهەشتی خۆشەویستی ئەو شوێنەیە کە لێبوردنی لێیە، نە ئەبوایە وەک ئۆرفیۆس ئەو ئاوەڕە نەگریسە بدەیتەوە، گومانت بکردایە تا بزانیت ئاخۆ ناپاکی لە گەڵتدا نەکردووە، گوڵزارەکەی ئەوسای دڵداری کردووە بە وشکە خاک، چاوپۆشیت بکردایە لە سەلماندنی ئەو عەشقە، کە لە لەسەقامگیریدا بەگومانە، لە پارچەکردن و پۆلینکردنی دڵدا باڵادەست و لێوانڕێژە، لە سالارگەراییدا بۆ دەبێ ئاوڕبدەیتەوە، دەزانیت ڕێگا خۆڵەمێشە بە ئاوڕدانەوەت دڵخوازەکەت دەگێریتەوە بۆ دۆزەخ و دەیکەیتە خەڵوزێک، لە داهێناندا دەقی شیعری پێ گەرم دەکەیت، دەیکەیتە قوربان، کلاوس تێڤلایت دەڵێت " هونەرمەندان ژنان و دڵدارانی خۆیان وەک کەرەستەیەک بۆ خروشاندنی داهێنانی خۆیان بەکار هێناوە بلیمەتی خۆیان لە کوشتنی مەعشوق بەدەست هێناوە "8، ئاوڕدانەوەت بۆ هونەر، بۆ خەیاڵ و شیعر بوو، نەک بۆ ئەوی دڵخواز، بۆ دۆزەخی واقیع، لای تۆی شاعیر بەهەشتی دنیا ئەو نییە بە واقعی لە تەک ئەوی دڵخوازدا بژیت، دۆزەخ ئەوەیە نەتوانیت جارێکی تر بێیتەوە ناو دنیایی خەیاڵ و شیعر، لەم ساتەوەختەدا، لەم بگرەو کێشمەکێشەدا، بە زمانی نائامادەی دڵخواز (سەڵاح شوان) ڕاچیتەی بێگوناهی بۆ خۆی دەبڕێت، بەو مەرجەی ئەو واتا دڵخواز نرخی دڵنیاییەکەی بدات و ڕزگاریکات لەو بەدگومانییە، خەیاڵ و بێدەنگی دەق بکات بە کردەوە بە واقیع پێی دەڵێت "ئێستاش هەر ماوە" واتا تا ئێستاش خەیاڵ و بەدگومانیت بەرامبەر بە من  هەر ماوە، نەگۆڕاویت، ژیان لە بەهشتی دەقەو بکەیتە واقیعی دۆزەخ، بە مانایەکی دیکە دڵخوازەکەی ناراستەوخۆ داوای لێدەکات ئاوڕەکەی بداتەوە، خۆشەویستییەکەی ببینێت، ئەم هاندانەی ئەمی دڵخواز بۆ ئاوڕدانەوە، یەکەم خۆی لە ناو دەدات ئەویش دەکوژێت، دووەم لە دوای خۆی کەلاکی نەفرەتییەک بەجێدەهێڵێت، نەتوانێ لە دوای خۆی کچێکی تری خۆشبوێت، ئەو چاوە کوێردەکات کچێکی تری پێ ببینێت، یان هەستی وا بێزارکەری پێدەبەخشێت، وەک ئەوەی فەرزەندەیەکی ناخۆشەویستی نەرێنی بێت، چیتر نەچێتە هیچ دڵێکەوە، نەک ئەوە، ئەوی دڵخواز بەوەندەوە ناوەستێ، ئۆقرە ناگرێ، دوورتر دەروات، لە ئێستادا تەنیا بەری خۆری ئایندەی لێناگرێ، شەوی بەسەرا بێنێ، بەڵکو لە ڕەهەندەکانی ڕابردوودا دەیکوژێت، لە دووڕیانی قەیرانێکدا دەیچەقێنێ تا بۆ هەمیشە بێ ئەوی پێوە دیاربێ، لەگەڵ خۆیدا نامۆبێت، گێچەڵی گومانێکی نەناسراوی دەکات، گومانێک نە لە ئاست ئێستا، نە لە ئایندەش، نەتوانێ ببێت بە سیمبولی هێزێ، جاریکی تر ڕۆحی شاعیرانەی تێدا زیندووبکاتەوە، کێشەی شاعیر لە ئاشقبوونە، ئاشقێک کە بەلای فریشتەدا دەچێت ئەهریمەنی لێ زیندوو دەکاتەوە، دەیخاتە دڵەڕاوکێ، بە پێچەوانەوەش کە بەلای ئەهریمەندا دەچێت فریشتەی لێ زەقدەکاتەوە، دیسانەوە دەیخاتە دڵەڕاوکێ، لە کۆتایی ئەم دژەوابوونەدا، هەم بەهەشتی خەیاڵ، هەم دۆزەخی واقیع دەدۆرێنێ، دەرئەنجام لە نامۆییدا دەبێت بە مرۆڤێ یاخی، دەبێت بە شاعیر، بەدەرلە بێدەنگی دەق و نووسین،  داگیرسانی مۆم و یادکردنەوە، ناتوانێ بە کردار بجوڵێت، بە دیالۆگ بنەماکانی لەیەک تێگەیشتن ئەنجامدات، چیتر بەهەشتی خەیاڵ قەرەبووی دۆزەخی واقیع ناکات، ڕووبەڕوو لە بنەرەتەوە هاوکێشەی پەیوەندییەکە بگۆڕێت، نووسینی ئێستای دەق بشکێنێ، نەک تواناو بەهرە، لە نێو یادەوەریەکانیدا بسووتێنی، دەقی پێ ڕۆشنکاتەوە، ژیانی تایبەتی خۆی تاریکبکات، بەم پێوەر و ڕێسایەش بێت، (سەڵاح شوان) لێکچواندنی لەگەڵ تۆفیق حەکیم* دا دەکات، زۆر بەسادەیی ناوبراو گشت بەهرەو تواناو لێهاتووی خۆی خستووەتە نێو نووسین و کتێبەوە، کەمی بەکارهێناوە بۆ ژیانی تایبەتی خۆی، ئەمەش پێچەوانەی تێڕوانینی ئۆسکار وایڵدە کە دەڵێت "سەرجەم تواناو لێهاتووی خۆم کردە خزمەت ژیانم شتێ کەم نەبێ لە لێهاتووی خۆم نەخستە نێو نووسین کتێبەکانمەوە"8      

کوانێ ئەوەی دەڵین گۆی لە خشتەی مار و مێرووە کوا ؟

بۆچی ئێستا کەڕ بووە ؟

درۆیە درۆیە درۆ

کەس نییە گوێ لە کەس بگرێ

هەر دووکەڵە و هەر تەپو تۆزە

وتی بەر بە دواوە مەکە

ئەگینا دەتکەم بە بەرد

 ئەم هەموو بەردانە کێ بوون؟

چییان دەوت؟ چییان دەکرد

کێ دەزانێ؟

لە کێ پرسم        

                                 کۆپلەی 14 ی شیعرەکە ..... لاپەڕە 8

ئایا بڕواهێنان و بەدواچوونی چەمکی هیوا، دەبێتە پاڵنەرێ بۆ ڕێکخستنی ژیانی تایبەتی، ئایا دەتوانێ لێکەوتەی ئەو بۆشاییانە پڕکاتەوە کە تێزو ڕێساکانی پەیوەندی ئەوینداری دەخاتە ژێر یاساکانی ڕێکخستنەوە، یان دژەوابوونێک لە تەک بەربەستکانی ڕیاڵدا فەراهەمدەکات، دوالیزمەی داواکانی خەیاڵ و ئەگەرەکانی ڕیاڵ لە ئاکامدا نابنە کاریتەیەک، پووچگەرایی لەسەر بنیاد نانرێ، بەری هیوای لێناگرێت، خود لە کوێی چاوەڕوانیدا پرسی مانەوە یەکاڵا دەکاتەوە، ڕوو لە کوێ دەکات، پرسیار لە کێ دەکات، بازنەیەکی داخراوە، وەڵام کۆمەکی ناکات، پشتیلێدەکات، پرسیارکردنی ئاوەز بەرابەر بە دڵ و سۆز هاوتەریبە، شکۆمەندی وەڵام ناشکێنی، هەرگیز ناگاتە ویستگەی مەبەست، لە دۆزەخی بێ وەڵامدا بۆ پرسیاری بێگوناە دەگڕێت، گەر سێ کووچکەی ئەم و شەیتان و دڵخوازەکەی ئاگری دوزەخیان قاندابێ، ئەدی خوداوەند لە کۆی بوو! کاتێ ئۆردیگا وەک دڵخوازەکەی تۆ ویستی وەڵامەکانی دڵ بداتەوە، لە دەستی واقیعێ هەڵبێت، بۆ ئاگای لێنەبوو، گوێی لە ڕازو خوازی نەبوو، بۆ ڕزگاری نەکرد لە دەست واقیعێ کە مردن، یان جیابوونەوە خۆی تێدا مەڵاس دابوو، کاتێ خۆشەویستی لە بەهەشتی بەیەکگیشتندا دەمرێت، بۆ دەبێت لە دۆزەخدا بە نەمری بمێنێتەوە، کە دەنگی دڵ هەبێ بۆ دەبێ گوێی ئاوەز کەڕبێ، بۆ دەبێ لە تەنگژەی بۆشاییەکانی ئاوەزو دڵ تۆ وەک نەرسیسیک خۆت واڵاخەیت، پڕکردنەوەی پرسیارەکان و ئاکامەکانی دەخیتە ئەستۆی خودا، بۆ تەنیا لە کاتی چەقینی نووشستی و پوچگەراییدا، لەتاریکستانا ڕۆشنای خودا بەدی دەکەیت، لە درۆدا ڕاستی دەدۆزیتەوە، لە بەدگومانیدا وەڵامەکان چەواشە دەکەیت، سەرت لێدەشێوێت، نازانیت لە کوێوە سەری داوەکان بگریت، هەڵبێیت، بەقەدبرییەک دامێنی درۆ بگری، دەکرێ بەپێی فەلسەفەی بووناگەرای، بەپێچەوانەی درۆوە پرسیارێ بکەین، بەجۆرێک لە جۆرەکان، ئایا تۆی شاعیر لە داڕشتن و لە دیاریکردنی جۆری پەیوەندییەکاندا، بەرپرسی یەکەم نیت، کەچی ئێستا گازندەی ئەوە دەکەیت و دەڵێت کەس گوێی لە کەس نییە، ئەدی هەر مرۆڤێک بەرپرسیاری خاچی کارەکانی خۆی هەڵناگرێ، ئەم بەرپرسیارییە بە تەنیا وەک تاک بە تەنیا خۆت ناگرێتەوە، بەڵکو بۆ سەرجەم کەسانی تریش درێژ دەبێتەوە، ئەوە بڕیاری خۆتە، لە نێو کەسانی دیکەشدا یەقدەداتەوە، هەڵبژاردەی خۆتە، دەمامێکە ڕِاستی تێدا ناشارێتەوە، بوون وماهییەتی تۆ ئاشکرا دەکات، بەوەی " بوون پێش ماهییەت دەکەوێت و دیاری دەکات"10 بەم پێیەش بێ نە ئۆردیگا نە دڵخوازەکەت گوێیان نە لە ئۆرفیۆس، نە لە تۆ نەگرتووە، بە پێچەوانەوەش دروستە، پێودانگێکش نییە سازشی لەسەربکەن، بەوەی مرۆڤ فەرزەندەێکە لە نێوان ئاسمان و زەویدا، لە نێوان دڵ و ئاوەزدا، هەڵپەسێراوە، لەنێو بێدەنگی و چاوەڕوانیدا ئازارێکی ڕاگوزەرە، لە نێو توڕبوونی سروشت و یاخیبوونی مرۆڤدا، سەرەتاتکێیانە، هەر دەمی بە جۆرێک، هاوشان و تەبا لە ئاوێنەی تەڵخی شوێنکاتدا درزێک، پرسیارێک دەوورژێنن، بە هاوبەشی لەگەڵ یەکتریدا تەواوی دەکەن، سروشت بە تەپوتۆز مرۆڤیش بە دووکەڵ، تەقڵڕێژکردنی مرۆڤ بە سروشتەوە، پانۆرامای کەتنی ئەژیندایەکە، ئیرادە تێدا پەکدەخرێت، پاشەکەوت ڕادەستی چارەنووس دەکرێت، نە ڕووداو، نە کارو کردەوەی تێدا ئەنجامنادرێت، لە ئازاری کات سووتاندنی چاوەڕوانیدا، ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنیا ڕۆشنایی ڕایەڵەکانی خۆشەویستییە، دیسانەوە لە دەروازیەکی دیکەوە دێتەوە سەر هەمان برین، هەمان بارودۆخی پێشوو، جارێکی تر ئوردیگا ئاسا بە ئاگاتدەهێنێتەوە پێت دەڵێت: ڕێرەو بگۆڕە، سەیری دواوە مەکە، گەر تۆ وەک شاعیرێ یاخیبوونی خۆت لەسەرجەستەی سروشتی تورەبوونی مندا تەقڵڕێژدەکەیت، لەنێوان دووکەڵی تۆ و تەپوتۆزی مندا، دەتەوێت جارێکی تر جڵەوی ئاوڕەکە بخەیتە ئەستۆی من، خۆت وەک قوربانییەک نیشانبدەی، پیلانگێری و دڵڕەقی و بێباکی من بە مەرجی ئاوڕەکەتەوە شتەک بدەیت، سزای پەکخستنی ئیرادە، پاشەکەوتکردنی چارەنووس ، بێکرداری بە بەرد بوونی خۆت وەک هەرشەیەک بە کردەی خستنەسەر(projection)  بە منی دەفڕِۆشیت، بە مانایەکی تر، پێش ئەوەی منی ئافرەت، سزای بە بەرد بوون بەسەپێنم، بەسەر تۆی قوربانیدا، تۆ وێنەی بە بەرد بوونت لە سروشتی منداکێشاوە، من تەنیا خۆم گونجاندوە، (ئەو پیاوە کە وێنەی ژن بۆ خۆی دروستدەکات و ژن تەنها خۆی لە گەڵ ئەو وێنەیەدا دەگونجێنێ) 11 هاوپێچ شاعیر بۆ دڵنەوای ڕازیکردنی خود وەک داکۆکییەک، وێنەکە گشتگیر دەکات، هەموو دونیایی دەرەوە لە وێنەی خۆیدا دەشواتەوە، بەوەی ئەم یەکەم کەس نەبووە و نابێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سزا درابێت، تووشی نامۆبوون و بەدگۆڕان بووبێت، هەستبکات بووەتە بەردێک، سەرجەم بەردەکانی دنیا لە خۆیدا ببینێت، بەکەس بوونی بەرد، پارادۆکسێکی دڵپڕوکێنە بە ناوچەوانی مێژووی مرۆڤایەتیەوە لکاوە، پرسیاری جدی و زیندوو لەسەر مردنی وەڵامدا بەجێدەهێڵێت، نهێنی کارەساتێکە، لە چاوەڕوانیدا ماوەتەوە، لە بێدەنگیدا خنکاوە، لە دەقی بەردەستدا وەک پرسیار ماوەتەوە، چییان دەوت، چیان دەکرد، بێ وەڵامە، بێ وەڵام.. بەردە، بەرد، لە بەرد پرسیاردەکرێ، تا پەیکەری وەڵام لە نێو دەقداو هەڵکۆڵێ بیهینێتە دەنگ.گەر چەمکی بە بەردبوون لە گۆشەنیگایەکی گشتیی و فراوانترەوە داگەرانی بۆ بکەین، نابێ ڕەنگدانەوەی تاوانەکانی دەسەڵاتی سیاسەتی بە بەردبوون فەرامۆشبکەین، گەمەی بە بەردبوون لەگەل چەمکە بەر تەسکەکەی ئایدیالۆژیادا یەکدێتەوە، ڕەهەندێکی ئەستوونی گشتگیر لە خۆدەگرێت، هەرچی لە دەرەوەی مێگەلی بە بەردبوون بێت، رەتکراوەتەوە، بە نەیار سەیردەکرێت، لەگەڵ چەمکی ئەویندارییدا هاودژە، یەکناگرێتەوە، بەوەی چەمکی ئەوینداری تایبەتمەندی ڕەهەندێکی ئاسۆیی فەراهەمدەکات، ڕوودانی هەر درزێک لە نێو دوو دڵداردا، سەلماندنی تێوەگلانی دەسەڵاتە، لێڵکردنی دیدەی ڕوونی ئاسمانی دیاری دڵدارانە، کەس لە بەرامبەر دەسەڵاتدا وەک ئاشق چاوکراوەو ووریا نییە، لە ئاشکراکردنی سەندنەوەی مرۆڤ لە مرۆڤبوون، کردنی بە مێگەل و بە بەردبوون.  

هەر لە هەمان کۆپلەدا لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت

ئەمرۆکە خاکی کوردستان

کە گوڵی یاخی ناگرێ

وێرانە خاکە ئەو خاکەی

جێگای گۆڕی

شاعیرێکی گێلی تێدا نابێتەوە

جێگای دڵی عاشقێکی 

خەمان گەستەی وەک منی تیا نابێتەوە 

نالی، حاجی، شێخی سەنعان

ئەوانی تری گۆڕ غەریبان

وێرانە خاکە ئەو خاکەی

کرا بە جێی گۆرپەرستان کرایە جێی برا گەورە  

                                                        هەمان کۆپلەی پێشوو ـ  لاپەرە 9 

سیمرخ لە پاش ئازارەکانی سووتان و زیندووبوونەوەدا، لە دوایین شەوەکانیدا، دەتوانێ هەرەتی گەنجێنی خۆی زیندووبکاتەوە، لە دوای تەمەنێک، توانای ئەوەی ماوە چێژ و لەزەتی سەرجێی لەتەک دڵخوازەکەیدا ئەنجامبدات، هەستکردن بە بوون بە بەرد، بەرامبەر بە پێداویستیە سێکسیەکانی سروشتی مێینە، تا کڕۆک و ژیانی تایبەتیش پەل دەهاوێژێت شۆردەبێتەوە، چاوپۆشین و بێدەنگبوون نییە، ،شاردنەوەی ئەرکێک نییە، کە کرداری بە دواوە نایەت، نسکۆ تەنیا نسکۆی دەسەڵات نییە، لە بەرهەمهێنانی ژیانێکی ئاسوودە و سەقامگیر، بەڵکو لە ئاست حەزی مێینەشدا، یەقدانەوەی نسکۆی تاکی نێرینەشی بە دواوە دێت، تەنگەژە و جیابوونەوەی بەزۆرەملێی لێدەکەوێتەوە، دەکرێ شاعیر لە زیندووبوونەوەی خەیاڵدا، بە نمایش قەرەبووی ئەوی نائامادە بکات، یادەوەری و سووتان و نەمانی هێزو ووزەی بەیەکگەیشتن، دەسەڵات و دووری نیشتیمان، نیشتەمنی تەمەنێکە، ئاساواری ساڵانێکە، لەسەر ڕوویەکە ناتوانێ حەزو ویستی مێینە دابینبکات، تاسەی ئەفسانەی ئەو حەزە دێڕینەیە، باوکە ئادەمی خستە نێو دۆزەخی زەمینەوە، ئۆرفیۆسی گێڕایەوە بۆ هادس، سەرچاوەی کێشەکە ئاوڕێکە، لەگەڵ جیاوازییەکی بنەڕەتیدا یەکدێتەوە، دەبێ ئاماژەی بۆ بکەین، ئاوڕو سەیرکردنەکەی ئادەم، بۆ دایکە حەوا، بە کردەوەو بەڕاستی بێشاردنەوە، دوور لە دەسەڵاتی سیاسی مژۆڵی یەکتربوون، جەستە لە نێو جەستەدا، لە نێو لەزەتی سەرجێیدا توایەوە، بە جووتە سزادران، گومانیان نەهێشت، بەردەکانی حەزیان شکاند، لە بەردبوون دەرچوون، بە یەقینەوە بوونە خاوەن نەفس و دەروونێکی دروست، لە بەرانبەردا  ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس، نەیتوانی ئەو مەبەستە بهێنێتە دی کە جەستەی مێینە، چاوەڕێی دەکرد، ئاوڕەکەی زیاتر بۆ هونەرو، بۆ گومان بوو، نەک بۆ زیندوو کردنەوەی حەزە خەوتووەکانی ئەوی مێینە بێت، ئەو ساردوسڕییە، نەخوێندنەوەی جوانییەکانی جەستە، بە بەردکردنی خەیاڵ یەکێکە لە گەمە گەندەڵکانی دەسەڵات، لە ژێرفشارە هەمە جۆرەکانیدا، بە کردەی نامۆبوون، دڵ مراندن و نەبزواندنی هەستی نێڕایەتی لێدەکەوێتەوە، لێکەوتەی ئەم نامۆبوونە، دۆگمابوونێک زەقدەکاتەوە، چیتر شوێنی ئەشق، جێگای زیندووی تێدا نابێتەوە، وێرانەیەکە، دەسەڵات، یان برا گەورە  مانەوی خۆی بە بەردبوون و لە سڕینەوەی گشتدا، سەرکەوتنی خۆی پیرۆز دەکات، کردەی گۆڕینی خاک بۆ جێگای گۆڕپەرستیی، نەرێتی کۆمەڵگا سەرەتاییەکانە، برا گەورە یان دەسەڵات دەیبەخشێتە مرێدەکانی، گرێدراوە بە مان و نەمانی دەسەڵات، هەر درزێک بەر ئاوێنەی دەسەڵات بکەوێت، هارەو شکاندن ئەوانی لێدەکەوێتەوە، ئەمەش لەتەک یاخی بوون یەخانگیربوونی شاعیران لەگەل مردندا یەکنایەتەوە، سەر هەڵگرتنی شاعیران ستاتیکای دابڕانە نەک توانەوە، بەرگرییە نەک ڕادەستبوون، ئەو گۆرستانە وێرانەیەکە، بە ڕادەی ئەوەی کەمکردنەوەی بەهاو نرخی پیاوە، لە تێڕوانینی ئافرەتدا، بە هەمان ڕادەش گەر زیاتر نەبێ، کەمتر نییە، لە ئافرەتیشدا کەمکردنەوەی نرخ و بەهای پیاوە، شکاندنی ئافرەتە ، هەڵلێگرتنی ڕقە، هەر ئەو ڕق و کینیەش بوو، ژنانی سەر بە دینیۆسیسی هاندا، ئۆرفیۆس پارچەپارچە بکەن، یەکێکیان لە دوورەوە دەیبینێت، هاواردەکات " بیبینن، بیبینن، ئەوەتا ئەوەی سووکایەتی بە ژنان کردوە"12 هەر مێمڵی ئەو ڕقەشە، لە ئێستادا دەنەی دڵخوازەکەی (سەڵاح شوان) دەدات، ناهێڵێت بگەڕێتەوە، لە چاوەڕوانیدا کەسەرەکانی بێدەنگی بشکێنێ، بە سزادان بەرگری لەخۆی دەکات، بە دیوێکی تر، گەر ئەمیش سزای نەدات، ئەو پێشوەختە لەو کارەی کە دەبوو کاتی گەنجێنی چارەسەریبکات، هیچی بۆ نەکرا، لە چێژی جەستەو لە نیشتیمانێک کە ئازاری داوە، لە نامۆبوون زیاتر هیچی هەڵنەکڕاند، بە خەونێکی لە دەستچووەو، تەنیا سزای خۆی داوە، ئێستاش پەشیمانە، ئەوی دڵخواز بە گومانە لەوەی ئەمی دڵدار دوای چل ساڵ و هەندەران، جارێکی تر بتوانێ بگەرێتەوە بۆ نیشتیمانێ چاوەڕوانی هیچی باشی لێناکرێت، نیشتمانێ پەیڕەوی ئەو ئامرازانە ناکات، خەونی چل ساڵەی شاعیرێکی دەربەدەر، خۆی لەمی نائامادەدا بشکێنێ، حەزیش ناکات پێی بڵێت هیچی پێناکرێت، نیشتمان هەرخۆیەتی تۆ گوڕاویت، ئەو هەرخۆیەتی نەگۆڕاوە، شەرمەزارییە، پێدەچێ ستایلی ئەم ئەویندارییە، هەر لە سەرەتاوە خۆشەویستییەکی سۆفییانەی سەخت بێ، توانەوەیەکە ناتوانێ لە نێوان خۆی مەعشوقدا، لە نێوان ئەوەی مۆتیڤی شیعر نووسینیەتی، لەگەڵ سیحری ئەو سروشتە زگماگەی لە ئافرتدا هەیە، جیاوازی دروستبکات، یان ناتوانێ لە دەروەی خەیاڵ ئاوڕ لە واقیع بداتەوە، مامڵەی لەتەکدا بکات، گەیشتن بە دوا خاڵەکانی ئەم پەیوەندییە لە ڕێگای گەیشتن بەوی دڵخوازەوە، سیحری پێشبڕکێی داهێنانی نووسین و خەیاڵی بردنەوە، کۆتایی پێدێنێ و دەدۆڕێت، کوشتنی حەز، کوشتنی بەهرەی شیعرییە، دۆڕاندن و لێسەندنەوەی تواناکانی شیعر نووسینە، ئەمەش ئەو ڕاستییە بەدەستەوە دەدات کە ئەمی شاعیر ئەزموونی لەگەڵ  شوێنێکی دڵرەقدا کردووە، شوێنێک دەتوانێ پارادۆکسێ لەگەڵ نەرمی و تەڕی خەیاڵدا لەگەڵ دولبەردا دروستبکات، لەگەڵ ڕوونبوونەوەی خەیاڵ، جوانکردنی خۆشەویستی، دڵڕەقی دەسەڵات لەشوێندا زیاتر تۆخ دەبێتەوە، ناشرینتر دەبێ لەوەی شوێنی جوانی تیابێتەوە، هەڵبەت شوێنی گۆڕی شاعیرێ جوان پەرستیشی تیا نابێتەوە، ڕێزگرتنی جوانی گێلی نییە، ئەوە بەرپەچدانەوەی ئەوانە، لە شاعیردا یەقدەداتەوە، سەرسامبوونی شاعیر بە  شکۆمەندی و بەهاو جوانی ئەوی ئافرەت، بێدەنگی خەیاڵ، دابڕانێک لەگەڵ واقیعی سیاسیدا فەراهەمدەکات، وێناکردنی شاعیر لەو ئافرەتە کە خۆشیدەوێت، گەورە دەبێتەوە بۆ نیشتیمانی یەکەم، بۆ خاکی کوردستان، ویرانەیە لە تێکچوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، لە پیادەکردنی جیاوازییەکانی نیوان نێرو مێ، پابەندبوونی دڵخوازەکەی بە داب و نەرێتیەکانی باوکسالاری، چپاندنی نیگایەکی ڕوون، ئاڵۆزییەک فۆرمۆڵەدەکات، لە چاوەڕوانیدا بڕیاری گونجاو بە ئاسانی ناهێنیتە دەنگ هەر لە بێدەنگیدا پیاو لە جووڵە دەخات و لە خەیاڵ و لە یادەوەریدا دەهێڵێتەوە، خەمساردی گوێپێنەدان مرۆڤ تا ئاستی ڕادەستبوون وا دەکات توانای نەمێنێ دنیایەکی تر ببینێت، بیر لە ئافرەت و لە نیشتمانێ تر بکاتەوە، خەساندنی پیاو لە نێو هاوکێشەیەکی ئاوهانەدا، یاخیبوونێک بەرهەم دەهێنێت، وێڵی دادپەروەرییەکە، نە لە دڵخوازەکەیدا، نە لە نیشتیماندا بەدی ناکات، مافێکە لە تاک و کۆدا پێشێلکراوە، ئافرەتێ بێ نەفسکرابێ، نیشتیمانێکی نەزۆک، بە چ ڕێسایەک دەتوانێ گوڵی یاخی بگرێ، ڕێز لە داهێنان بگیرێت، ئاوێزانی شیعرو نیشتیمان بێت، نیشتیمانێ وەک دڵخوازەکەی ناتوانێ دەستلەملانی بێت، لە نامۆبوون و نەبوونی ئامرازەکانی بەیەک گەیشتنیدا، وەچەی خۆشەویستی دروست بدۆزێتەوە، یان دەبێت بە بەردبوون قایل بێت، خۆی بسڕێتەوە، یان دەبی یاخیبێت و هەڵبێت بۆ هەندران، ئافرەتێ لە نیشتمانێکدا بچووککراوەتەوە، لە هەندرانیش دا گەورەکراوە، هەمیشە یادی دەکات وازی لێناهێنێت، نە بەمردنی ڕازییە و وازی لێدەهێنێت، نە قایلە بەوەی دڵی ڕاگرێ، لە جەستەیەکی وێرانەدا، جێگای بکاتەوە، عەشق لە نیشتیمانێکدا ناژێت، مەیلی ئەم و کویلەبوونی ئەوانی تر گەورە بکات، دروشمی تەنیاباڵی و فەرامۆشکردن بەرزکاتەوە، بێئومێدی بڵاوبکاتەوە، بێهەستی و بی ڕێزی، بووەتە کەلتور و مەرجی مانەوە، لە کەلتور و مێژووی نیشتیماندا، لە کوردوستانی پیرۆزدا، لە وەچەکانی ئۆرفیۆس دا، (سەڵاح شوان) یەکەم کەس نییە، نابێتە دوا کەسیش، لە دوایین شەویشدا شاعیر، لە دەروازەی ئەزموونی شیعرییەوە، لە خوێندنەوەی سەرچاوە شیعرییەکانەوە، بە سێ تێڕوانینی جیاواز، لە سێ شاعیردا، بۆشاییەکانی بێدەنگی پڕدەکاتەوە، سەرجەم توخبی تەگەرەکانی پەیوەندیی ئەوینداری پۆلیندەکات، لە سێ ئەزموونی جیاوازدا، لەگەڵ خاڵی هاوبەشی نامۆبووندا، کۆیاندەکاتەوە، یەکەم دۆزینەوەی خود و نامۆ بوونی شیعر، کاتێ نالی شاعیر مەستورەی دڵخوازی بە نیشتیمان دەچوێنی، ناتوانێ خۆی لەڕاستییەکدا ونبکات، ئایا شیعر ئەو هێزەی هەیە، لە ژێر زوڵم و ستەمدا ژیانێ ئاسوودە بە شاعیر ببەخشێت، خۆی لە مێگەل بوون و لە بەردبوون بپارێزێ، گەر کات خود لە شوێندا کەرتبکات، درزێکی کەمەرشکێن لە نێوان دوێنێی ئازاد و ئیمڕۆی بندەستیدا، فەراهەمبکات، ئیتر شاعیرخۆی لە کۆی شیعردا دەبینێ، خود خۆی لە کۆی دڵێکدا دەبینێ، کە داگیرکرابێ وەک مرۆڤ تواناکانی لێسەنرابێ، بە چارەنووسی نادیارەوە شەتەک درابێ، چارەنووس دابەش ناکرێ بە گرتنی گشت و بە ئازادکردنی بەشێک، هێزی شیعر لێکەوتەی ئەو دابەش بوونە قەبووڵ ناکات، کەی ڕەوایە خودی شاعیر بەدەستی دولبەرەوە دیل بێ، بانگەشەی ڕزگاری بکات، ئەوی دولبەریش بەدەستی داگیرکەرەوە دیل بێ، (هێمن)ی شاعیر بە جوانی گوزارشت لەو باردۆخە دەکات، لە شیعری (دیلی دیل) دا دەڵێت "ئەسیری بسکی ئاڵۆزی کچە کوردێکی نەشمیلم، تەماشاکەن، چ سەیرێکە بە دەستی دیلەوە دیلم" 13 هێزی شیعر و هێزی داگیرکەر، دوو دونیایی جیاوازن، بە یەکەوە هەڵناکەن لە نێو ئەو تەنگەبەرو بەیەکداهاتوونەدا، ناژێ و ئەغزە لەوێشدا بمرێت، لە مردنیشدا بێت، بەهای شیعر ڕێگا نادات شانوشکۆی شاعیر خود بدۆڕێنێ لە دونیایەکی ناجۆر نەویستراودا داکوترێت، وەک بەرپەرچدانەوەیەک، سەرهەڵدەگرێت، مەرگێکی شاعیرانەی شایستە هەڵدەبژێڕێت، گەر لە هەندرانیش بێت خود دەدۆزێتەوە، درێژە بە نامۆبوونەکەی دەدات، لێرەدا ئەمی شاعیر بەپێی دەقی باسکراو، یان هاوشێوەبوونێک لەگەڵ نالیدا، فەراهەمدەکات، یان بووەتە ئەلتەرناتیڤی نالی شاعیر. دووەم نەبوونی نیشتیمانی نەتەوایەتی دەرئەنجامێکە، ئاودیوکردنی پەڵپێکە، گرێدراوە بە نەسەقامگیری دڵخوازەیەکەیەوە کە بە دوو زمانی جیاواز دیالۆگ ئەنجامدەدەن، ئەم بە خەون و خەیاڵی ئازادەوە، ئەوی بەرامبەریش بە ڕادەستبوونی واقیعی تاڵ، پەی بە زمانی شیرینی خەیاڵ نابات، دوالیزمەی خەیاڵ و واقیع، پارادۆکسێ فەراهەمدەکەن لە نێوان ئازادی ڕادەستبوون بە ژیانی ملکەچی، بەلای کۆمەڵگایەکی ملکەچی کەنارکەوتوو، وێرانە بە نەزانین، مەحاڵە سێبەری خۆشەویستی تێدا بدۆزرێتەوە، ئەمیش وەک حاجی قادری کۆیی شاعیر ڕزگارکردنی پەیوەندییەکەی گرێدەدات بە هاتنەکایەی پڕۆژەی نەتەوەیەکی سیاسی، لە دەوڵەتێکی سەربەخۆدا، داوای خۆشەویستیەکی ئازاد دەکات، بە مەرجێ، لە کۆیی جیاوازییەکانی زمان و بیرکردنەوەدا دەکرێ خۆی کۆبکاتەوە، سێیەم بەناوهێنانی (شێخی سەنعان)ی شاعیر تێڕوانینی ڕەهەندەکانی ئاین و یەقدانەوەی ئەگەرەکانی لەسەر داڕشتنی جۆری پەیوەندیەکان ئاشکرادەکات، کە پاشخانی ژێروژووربوونێکی تێدا ڕەچاودەکات، ئەگەرەکانی فۆرمۆڵەبوون ئاستەنگ دەکات، دەزانێت تەنیا پەیوەندی خۆشەویستییە، دەتوانێ جیاوازیە ئاینییەکان ڕیزپەڕ بکات، ئاستەنگەکان ڕەشکاتەوە ڕووی ئەوین سپیکاتەوە، دڵنەوایی نێرو مێیەک، دەتوانێ لە بەیەکگەیشتنی چاوەڕوانیدا، بۆشاییەکانی پووچگەرایی پڕکەنەوە، ڕووبەڕووی دابونەرێتە ڕزیوەکانی کۆمەڵگا بنەوە، کە لە جیاوازی ئاینەکاندا خۆی حەشارداوە، ئەوەندەی پێداگرن لەسەر ڕەهەندەکانی کەرتبوون، ئەوەندە کۆک نین لەسەر یەکبوون، بەرجەستە بوونی (سەڵاح شوان) لە پەیوەندی ئەوینداری لەگەڵ هەبوونی چەمکی ئاینیدا، خۆیلەخۆیدا پێلێناێکی ڕاستەوخۆیە، خۆی لە ئاوێنەی (شێخ سەنعان)دا بەدی دەکات، ئامادەیە لە پێناوی سەرخستنی پەیوەندییەکەی، گەر بە مردنیش بی، ئاوڕ لە دڵخوازەکەی بداتەوە، بێتە سەر ئاینی دڵخوازەکەی، لەگەڵ مەئلووفدا جیاوازی دروستبکات، وەک شێخ سەنعان بۆ کچێ گاور لە ئیسلام وەڕگەڕا، گەر دەق ڕۆحی دووەمی نووسەر بێت، ئەوا شاعیر، لە گەشتەکەیدا بۆ هەندران، راکردنی لە دەست زوڵم و ستەم، زیرەکانە خود و دونیایی شیعری، لە دونیای ئەم سێ کەڵە شاعیرەدا دۆزییەوە، بە فرە دەنگی لە دەنگی منی سادەوە، توانی لە دەرووی سووتان و زیندووبوونەوەی سیمرخدا، بچێتە ناو بێدەنگی سەرجەم ئەو دەنگانەی ئاوێتەیان بووە،  ئەوەندە پێویستی بە خەیاڵ هەبوو، ئەوەند بەلای زەیندا نەچوو، سووتانی سیمرخ، تراژیدیای ئەو سەفەرەیە کە ڕابردوو لە نێو ئەو کاتەدا زیندوو دەکاتەوە،  کە نووسەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی تێیدا دەژێ، هەر کاتێ غەریبی و نامۆبوون لە ناخیدا مرد، ئەوسا شیعریش تێیدا دەمرێت، لە کۆتاییدا ئەم شیعرە، شیعری گێڕانەوەیە، ئاشکراکردنی پارادۆکسێکە کە شاعیر بە مەنەلۆگ دەدوێت، دڵخوازەکەی نهێنییەکان بە دیالۆگ دەخاتە ڕوو، بۆیە بەو دەستەواژنەوە تەنراوە کە نیشانەی نائامادەیی بە دەستەوە دەدەن، کرداری تێیدا نییە وەک " خۆی پێیووتم، من دەبینم، ئەو ووتی، تۆ نابینیت، من ووتم، کاتێ ووتم، کێبوو ووتی"... هتد. هەروەها سەرهەڵگرتنی هەر یەک لەم سێ شاعیرە، بە خودی سەڵاح شوان خۆشیەوە بۆ دەرەوی نیشتیمان، بۆ تاراوگە بە ئارەزوو نەبووە، ناچاری بووە، ڕزگارکردنی ڕۆحی شیعر و دۆزینەوەی خەیاڵ بوو، مانەوەی دەقە لە رەتکردنەوەی واقیعێ نەخوازراو. 

                                                             زەمەنی کۆرۆنا 2020 

  

   ژیدەرەکان:

1 ـ سەڵاح شوان ـ دوایین شەوەکانی سیمرخ ـ ماڵپەڕی ئەنتەرنیت ـ سایتی دەنگەکان.

2 ـ  سەڵاح شوان ـ شەوێک لە شەوەکانی سیمرخ ـ چاپخانەی لەریا ـ چاپی یەکەم ـ  بەریوەبەراێتیی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلیمانی ـ ساڵ 2013

3 ـ کاروان عومەر کاکەسوور ـ نامەیەک بۆ (ئیدریس)ی هاوڕیی دەنووسێت ـ ماڵپەڕی پی، دی، ئێف

4 ـ کاروان عومەر کاکەسوور ـ دیمانەیەک لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسوورـ سازدانی بڵند باجەلان ـ لاپەرە 8  ـ ماڵپەڕی پی، دی، ئێف

5 ـ توانا ئەمین ـ چەند گفتوگۆیەکی ئەدەبی ـ لە بڵاوکراوەکانی پاشکۆی چاودێرـ ژمارە 15 ـ ساڵ 2008 ـ لاپەرە 123

6 ـ بەختیار عەلی ـ ئاوڕەکەی ئۆرفیۆس ـ چاپخانەی رجایی / تاران ـ چاپی یەکەم ـ ناوەندی رۆشنبیری و هونەری ئەندێشە ـ سالی 2014 ـ لاپەرە 124

7 ـ هەمان سەرچاوەی پێشووـ چیرۆکی ئۆرفیۆس ـ بۆ زیاتر زانین دەربارەی چیرۆکی ئۆرفیۆس سەیری لاپەری  123 بکە

8 ـ ـ هەمان سەرچاوەی پێشووـ لاپەرەی 197

9 ـ جورج گرابیش ـ عقدە اودیب فی الروایە العربیە ـ دار الگلیعە للگباعە والنشر ـ الگبعە الاولى ـ 1982 ـ ێ 82

*ـ توفیق الحکیم: رومانووسیکی گەورەی عەرەبە میسرییە لە بواری نووسینی شانۆشدا باڵادەستە خاوەنی چەندەها شاکاری شانۆییە وەک مێیر ێرێار، سرمنتحرە، سلیمان الحکیم،... هتد گرنگترین رۆمانی عێفور من الشرق، عودە الروح وە چەندین رۆمانی تر

10 ـ الدکتور عبدالحمن بدوی ـ دراسات فی فلسفە الوجودیە ـ المۆسسە العربیە للدراسات والنشر ـ الگبعە الاولى ـ 1980 ـ ێ 263

11 ـ کۆمەڵێک نووسەر ـ گۆڤاری ئایدیا ـ ژمارە 12 ـ ئاشنا بوون بە نیچە ـ چاپخانەی کاڕۆ ـ سلێمانی ـ ل 29

12 ـ هەمان سەرچاوەی ژمارەی 7 ـ لاپەڕەی 196

13 ـ سەرجەمی شیعری هێمن ـ بارگەی یاران ـ چاپخانەی وەزارەتی پەروەردەی هەولێرـ چاپی یەکەم ـ ساڵی 2003 ـ لاپەڕ 186