رەسوڵ سەفەریانی

لای کەس دیارنییە کە مەبەست لە داگیرکەر کێیە و چۆن دەیانەوێت وەدەری بنێن و کەی؟ کام داگیرکەر؟ ئەگەر مەبەست تورکیە و ئێرانە کە ئێستا بە یارمەتی دۆستانی ھەرێمی ھەموو باشوریشیان گرتووە و هەرێمییەکانیش شانازی بەو کارەیانەوە دەکەن. ئەم داگیرکەرە بە زەبری کام ھێز قەرارە وەدەرنرێت؟

 

بۆ کوێ دەچن

رەسوڵ سەفەریانی

سەردەمانێک بەشێک لە تەمەن و ژیانم لە پێناو بیر و بڕوایێکدا دانا کە کۆمەڵە دروشم  و ئاڵاکەی ھەڵگرتبوو. شار، لادێم شاخ و دەر و دەشتمان بە سرودی ئینترناسیوناڵ و ھەستێرەی پێنج پەڕی سوسیالیست و چەپ پڕکردبوو. ئەمەش خۆی ببووە تایبەتمەندی کۆمەڵە و ھەموو ئەوانەی بە جۆرێک دڵیان لە لای چەوساوەکان و چینی کرێکار بوو و هەوڵیان رزگاری کرێکاران لە دەس سەرمایەداری، خورافات و نەتەوەپەرەستی بوو. هەموویان لەدەور ئەو ئاڵایە کۆ بووبوونەوە. خوێنێکی جیاواز بە دەمارەکانی  پێشمەرگە و کادر و لایەنگرانی کۆمەڵەدا دەگەڕا. خوێندنەوە و زانیاری دان بە ھەموو ئەندامان و تەنانەت خەڵکی ئاسایش یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمەڵە بوو. تەیارکردنی گەنجەکان لە باری زانست و وشیارکردنەوەیان بەرانبەر بە خورافە و دواکەوتوویی ببووە بەشێک لە رێبازی کۆمەڵە. ئەوەش سەرەکیترین جیاوازی نێوان پێشمەرگەکان و کادر و ئەندامانی کۆمەڵە لە گەڵ باقی حزب و رێکخراوە کوردستانییەکان بوو. ئەم خاڵە وایکردبوو پێشمەرگەی کۆمەڵە بە وشیاری و ئاگاھی باشەوە چەک ھەڵبگرێت و بزانێت چۆن و کەی و بەرانبەر بە کێ بەکاری بێنێت. ئەوانەی لەو سەردەمەدا لە ریزی کۆمەڵەدا خەباتیان کرد تا ئەمڕۆش بە ئیمانێکی پتەو و زانسیانە لەسەر ئەو بیر و بڕوا ماونەتەوە و ھیچ ھەلومەرجێک نەیتوانیوە بیانلەرزێنێت. ئەو داری زانستەی ئەودەم لە مێشک و دڵی ھاوڕێیانی  کۆمەڵەدا چێندرا، تەنانەت بۆ مناڵەکانی ئەوبەرەیەش بەر و بوومی داوە.

 

من ئێستاش کە ئاوڕ لەڕابردووم دەدەمەوە ئەو بەشەی ژیانم بە خۆشترین و پڕبایێخترین ساڵەکانی تەمەنم دەزانم و وەک مەشخەلێکی نورانی دەگەشێتەوە و شانازیان پێوە دەکەم و لە ھیچ ھەلومەرج و بارودۆخێکدا لیان پەژیوان نەبوومەتەوە و نابمەوە. ئەوە دەورانێک بوو ھێز و پارە و ژیانی کۆمەڵە لە گیرفان و شان و قۆڵ و سفرە و خوانی خەڵکەوە دەگەڕا. ئەودەمە کۆمەڵە بڕوای وابوو ئینسان دەبێت سەرەتا مێشکی تەیار بکات جا دواجار دەستی.

بەڵام بەداخەوە لەوکاتەوە کە ئیتر پارە و ھێز و ورە و پشت بەستن بە خەڵک جێگای خۆیان دا بە بندەستبوون و چاولەدەست بوون، وردە وردە ھەموو شتێک گۆڕا و قڵش و دووبەرەکی و جیابوونەوە کەوتە جەستەی بەھێز و ئەستوری کۆمەڵە و ھەر جارێک بەشێکی لێ داڕمان. ئیتر ھەوڵەکان و خەبات و ھێرش و شۆڕش دژی چەوسێنەران جێگای خۆیان دا بە ھەوڵ بۆ کورسی و وەرگرتنی بەشەپارە و درێژەدان بە ژیانی بندەستی و چاولەدەست بوون. بوو بەوەی کە جامەلۆسکێ کردن بۆ ھەرێم و دەسەڵاتدارە دزەکانی بۆ ئەوەی بتوانن مانگانەکانیان بۆ بنێرن و بھێڵن لەو خوانە بخۆن و دەریان نەکەن. ئەمڕۆ ئیتر ھیچ جیاوازیێک لە نێوان پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەک و دوو...  و دیمکراتەکان و پاک و ...  نەماوە و نییە. پێشمەرگە ئەمڕۆ بۆ خەبات و شۆڕش و بونیاتنانی دونیایێکی باشتر و رزگار لە چەوساندنەوە و ئازادی نییە. پێشمەرگە ئەمڕۆ رەقەمە و ژمارە و ئامار. ئەمڕۆ پێشمەرگە سەرچاوەی داھاتە بۆیە  ئیتر پێویستی بە راھێنان و ئاگاھکردنەوە نییە. ئیتر گرینگ نییە کێ بێت و چۆن بێت گرینگ ئەوەیە کە زۆر بێت و بۆر. پێشمەرگەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵە، جگە لەوانەی کە خۆیان ھەوڵیان دابێت و دوای زانیاری کەوتبێتن و خۆیان راھێنابێت، باقییەکەیان ھەر چۆن ھاتونەتە ئوردوگاوە ھەر بەوشێوەش ئەوێیان جێھێشتوە، جا یان گەڕاونەتەوە ئێران، یان بەرەو ئوروپا رێکەوتوون. زۆر بەداخەوە من لێرە کەسانێکی زۆرم بینیووە کە بەناوی پێشمەرگەی کۆمەڵە ماوەیێکی زۆر لە ئوردوگاکانی کۆمەڵەکاندا ژیاون، بەڵام کە ئەیاندوێنیت وادەزانی هەر ئێستا کۆمەڵگای ئیسلامیزەی ئێرانیان جێهێشتووە. ھەموویان بیر و ھۆشیان لای ئیسلام و نوێژ و خوا و ئیشاڵا و ماشاڵایە.

ژیانی چاولەدەستی و خەوتن و راھاتن لەژێر دەسەڵاتی ھەرێمییەکاندا جۆرێک لە ھاوڕایی و ھاوڕەنگ بوونی ڵە حزبەکانی رۆژهەڵاتدا لەگەڵ ھەرێمیەکاندا دروست کردووە کە ئەمە وەرچەرخانێکی خراپ و دواکەوتوانەی لە کۆمەڵەکاندا دروست کردوە و زۆر تەنەزولی پێداون. ئەم تەنازول و دابەزینە لە کۆمەڵەکاندا وایکردووە کە ھاتونەتە سەر ئاستی حیزبێکی راست  و ئەوانیش بەرەو خوارتر شۆڕبوونەتەوە، تا ئەو ئاستەی کە کاک خالیدی عەزیزی وێڕای  رەخنە و گازەندە لە چەپەکان و کۆمەڵەی چەپ، چرا سەوز بۆ ئیسلامییەکان پیشان دەدات تا بەڵکوو بتوانێت ھەم جمھوری ئیسلامی نەرم بکات و ھەمیش لایەنگرانی موفتیزادە بۆ لای خۆی رابکێشێت.

 

بەداخەوە دووری لە کۆمەڵگا و نەبوون لە جەرگەی خەڵک و خەباتدا و راهاتن و خوگرتن بە ژیانی دەستەوەستانی وایکردووە کە لایەنگران و ئەندامان و رێبەرانی کۆمەڵەکان و باقی ئەحزاب ھەموو هەڵە و چەواشە و گەندەڵی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بۆ ئەندامان و لایەنگرەکانیان پاساو بدەنەوە، وای بنوێنن کە حکومەتی ھەرێم دەسکەوتێکی گەورەیە و پاراستنی ئەرکی ھەموومانە. کۆمەڵەکانی ئەمڕۆ وێڕای دوورکەوتنەوە لە بناخە فکرییە بەھادارەکانی خۆی،  وەھا ملکەچ و چاولەدەستی حکومەتی ھەرێم بوون کە ئاستی ئامانجەکان، دووربینیەکان، چاوەڕوانییەکان و ئاواتەکانی دابەزیووە و لە ھەوڵ بۆ کۆمەڵگایێکی دادوەرانە و دونیایێکی یەکسان، دەستیان ھەڵگرتووە و وێڕای داکۆکی لە سیاسەتی نایەکسانی و پڕ لە چەواشە و دیفاع هەڵنەگری دەسەڵاتدارانی ھەرێم، تەواوی ھەوڵیان تەرخان کردووە بۆ سازکردنی کۆپییەی وەھا دەسەڵاتێکی چەندپارچەکراوی دواکەوتووی ئەمەی ئێستای ھەرێمە.

 

ئەمڕۆ دروشمی کۆمەڵەکان بووەتە ئەوەی کە ئێمە دەبێت لە پێشدا شەڕی وەدەرنانی داگیرکەر بکەین جا پاشان بۆ ئامانجەکانی تر تێبکۆشین! ئەمەش یانی ھەموو دروشمە سەرەکییەکانی بونیادی و بناغەیی کە کۆمەڵەی لەسەر دانرا وەلا بنرێت بۆ ئامانجێکی ناڕوون کە لای کەس دیارنییە کە مەبەست لە داگیرکەر کێیە و چۆن دەیانەوێت وەدەری بنێن و کەی؟ کام داگیرکەر؟ ئەگەر مەبەست تورکیە و ئێرانە کە ئێستا بە یارمەتی دۆستانی ھەرێمی ھەموو باشوریشیان گرتووە و هەرێمییەکانیش شانازی بەو کارەیانەوە دەکەن. ئەم داگیرکەرە بە زەبری کام ھێز قەرارە وەدەرنرێت؟ ئایا ھەر ئەم ھێزانەی ئێستا کە پرژ و بڵاون و بە ھۆی دابەزینی ئاستی چۆنایەتی راھێنانیان، ھەموو ساڵێک کۆمەڵێک سیخوڕ و نفوزی ئێران دزەیان تێدەکات و پاش زەربەی کاری بە بێ ھیچ موشکلەیێک، بە یارمەتی ھاوکارانی ئێران لە ھێزەکانی باشوردا، دەچنەوە باوشی دوژمن و داگیرکەرکەیان، یان چاوەڕوانی کرانەوە درگای رەحمەتی قەزا و قەدەرن.

 

ئەم خاڵانەی باسم کرد بەداخەوە ھەموو راستی حاشاھەڵنەگرە وتەنیا بە رەتکردنەوە و بەیانی وشەی "وانییە" و ھەوڵ بۆ پاساودانەوە ھیچ حەل ناکات. تەنیا چارەسەری بۆ بەھێزبوونەوەی کۆمەڵە، گەڕانەوە بۆ پرینسپەکانی چەپە. ئەو شتەی کە نەبوونیان لە نێوکۆمەڵەکاندا ئەحزابێکی ھەرێموێنە دەخولقێنێت کە ئاکامەکەی نایەکسانی، گەندەڵی و دیکتاتۆریەت و نابرابەری لێکەوتوەتەوە. بمانەوێت و نەمانەوێت، پێمان خۆشبێت و پێمان ناخۆشبێت و حەز بکەین و حەزنەکەین، تەنیا رێگای رزگاری کۆمەڵگای دواکەوتەی ھەڵچەقیو لە خورافە و نەزانین و ئاینسالار ھەر بیرۆکەی چەپ و سوسیالیستیە و بەس. دروشمی ناسیونالیستی بێ بنەمای کۆێری بێڕوانگەی "بێ ئیسم"ی (خالیدی عەزیزی) لە حکومەتی ئێستای ھەرێم زیاتر واوەمان نابات، کە ئەویش هەرگیز لە لایەن خەڵکی کوردستانی ئێرانەوە، بە هۆی بەرزبوونی ئاستی زانیاری خەڵکەکەوە، رێگای پێنادرێت.

بەتاڵکردنەوەی بزووتنەوەی کوردستان لە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی و عەداڵەتخوازانە لە ژێر ناوی رزگاری نەتەوەیی، بەتاڵکردنی ئەم بزووتنەوەیە لە مافە نەتەوەییەکانیشی.