ما 2466 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

تەنز، رێگایەک بەرەو ئازادی

رۆژانە مرۆڤەکان گاڵتە و گەپ دەکەن. کاتێک لە ناو بنەماڵە دادەنیشین، یاخود لەگەڵ هاوڕێکانمان کۆدەبینەوە بەشێکی گرینگی پێوەندییەکانمان لەسەر گاڵتە و قسەی خۆش راوەستاون. ئێمە ئەمە دەکەین بۆ ئەوەی لە قورسایی ساتەکانی ژیان کە زیاتر ئەرکن دەربازبین، باریان سووک بکەین و کەمێک خۆشی بە خۆمان و بە دەورووبەرمان ببەخشین.

تەنز شێوازێکە بۆ دەربازبوون لە قورسایی نەریت و ئەو شتانەی وا کۆمەڵگا فێری کردووین. تەنز وەک شێوازێکی نووسین رێک ئەو کارەی دەکا کە گاڵتە و گەپ لە ژیانی رۆژانەدا دەیگێڕێ. تەنیا بەو جیاوازییەوە تەنز فۆڕمێکی ئەدەبییە و خاوەن پێناسە و خەسڵەتی خۆیەتی و بۆیە وەک بوونێکی ئەدەبی خۆی دەخەمڵێنێ.

لە زۆرینەی قوتابخانە ئەدەبییەکاندا تەنز حوزوری هەیە. جا کەم یان زۆر. رۆماننووسان چونکە سەرقاڵی ژیانن، تەنز وەک بوارێکی گرینگی ژیانی مرۆڤ دەبینن و هەوڵدەدەن بینوێننەوە. تەنز بەتایبەت لە رۆمانتیزم و پۆستمۆدێرنیزمدا خۆی دەنوێنێ.

تەنز ئەوەندەی پێوەندی بە هەستکردن بە ئازادییەوە هەیە، پێوەندیی بە هیچ شتێکی ترەوە نیە. لە رێگای تەنزەوە ئێمە ئۆتۆریتەی دیاردە قورسەکانی بان سەرمانەوە لاوازدەکەین و پشوویەک دەدەین بە خۆمان. تەنز دەبێتە هۆکاری هەستێک وەک فڕینی باڵندەیەک لەناو ئاسمانی بەریندا؛ بەدوور لە زەویی سنووردار و رەق.

ئەوە لەززەتی ئازادییە پێویستیی هەبوون و بەردەوامیی تەنز دەهێڵێتەوە. مرۆڤ جاری وایە دەبێ لە رێگای تەنزەوە گومان لەهەموو شتێک بکات، بۆ ئەوەی بێتەوە بیری ئەوە خۆیەتی سەرچاوەی هەموو دیاردە مەعنەوی و دەروونییەکانە، ئەگەرچی جاری وایە هەندێ لەو دیاردانە دەبنە دەسەڵاتێکی نامۆ بەسەریەوە.

رەنگە هەمووشمان بەجۆرێک لەوە گەیشتبین لەو کۆمەڵگایانەیدا وا ئازادی نیە یاخود کەمە، گاڵتە و گەپ و تەنز دەگەنە دوواسنوورەکان. تەنز، رێگایەکە بەرەو ئازادی.

سایتی قەڵەم ٢٩ مانگی مەی ٢٠٢٠

Til forsvar for ironien

گەڕان بۆ بابەت