رەسوڵ سەفەریانی
فرمێسکم با ئەیسڕێت و
ھەنیسکم شەو ئەیشارێتۆ
ئەو شوێنەی وا نور تیادەژی
منیش لەوێ ماڵم ھەیە و
تاسەی خەوی شەوی شاخ و شەپۆلی شێعری رووبار
ئەم ھەژێنێ
هەڵەی خودا
رەسوڵ سەفەریانی
چرۆی چڵی داری شێعر
دەمەوبەھار
بە چاوی تاو
بە ماچی با و
بە فرمێسکی ھەڵوەریوی نەرمە باران
لەدایک ئەبێت
خونچەی گوڵی رەنگاورەنگی ھەر ئەم دارە
بە ھەناسەی کیژی شنەی دەم ئێوارە و
بە گزنگی زەردەپەڕی دەمەو بەیان
ختوکەی دێ و پێدەکەنێت
لەنجەولاری باڵای کچێک
کە دێتەدەر بۆ ڕاوی دڵ
بە ناو گۆمی دڵی کوڕا تێدەپەڕێ و
ھەزار شەپۆل بە شێعرەوە لەدایک ئەبێت
منیش باران ئەمژیێنێ و
فرمێسکم با ئەیسڕێت و
ھەنیسکم شەو ئەیشارێتۆ
ئەو شوێنەی وا نور تیادەژی
منیش لەوێ ماڵم ھەیە و
تاسەی خەوی شەوی شاخ و شەپۆلی شێعری رووبار
ئەم ھەژێنێ و
ئاگر لەدوونیا بەر ئەدەم
با بسوتێت، بۆچی باشە ئەگەر دڵێک نەبرژێنێ و پێکێ شەرابیش ھەڵنەدا
سوتان سزای ناپاکییە
ئەوە نییە خودا خۆیشی جەھەنەمی داناوە تا
بسوتێنێت ھەرچی ھەڵەی خلقەتیەتی
رەنگە منیش یەکێک بم لەو ھەڵانەی وا
خودا کاتی ھەژاندنی
بە شعر و شراب و ژن
(ئەگەر پیاو بێت)
دەمخولقێنێت
منی ھەڵە دایەگەورەم ناوم دەنێت
کاتێ خودا دوای سەرخۆشی یەکێک لە ئیمامانی دەنێرێت
بچێتە خەو دایەگەورەم ناوی من و چەقۆیێکی پێدەبەخشێت
من ئەو چەقۆم ھێشتا ماوە
ھەر چەند دەسکەکەی شکاوە
باوکم وتی پێغەمبەرێک بەرێوەیە
نەنکم پێدەکەنی پڕ شانازی و ھەستێکی جوبرەێیلانە
موحەمەد بووم لەلای باوکم
لە لای نەنکم رەسوەڵێ بووم
خۆیشم وەیلان لە دووی خۆما
بەدەستێکم شەراب و سێوی سور و شێعری حەرام
بەوی تریش خەندەکانی دایەگەورە و خەیاڵەکانی باوکم
باوکم
ھەموو رۆژێ وەک روبۆتێکی کۆککراو
رووبەشوێنێک دەوەستێت و
چەند حەرەکە و بڕێ وشە لەبەر خۆیۆ دەڵێتەوە
باوکم دەڵێت بۆ شوکرانەی چەقۆکەیە
بەڵام ئەو ئەترسێت
لەوەی لە ھەڵەکانی خودا بێت و بیسوتێنن
ترس
ترس ترێ رەشەی باخەکانی ئالانە
ئەتوانێ ببێتە شەرابی سور و
لە جەستەتدا دەھۆڵ و زورنا لێدات
یان ئاوێکێ ئاگر ئاسا بخولقێنێ و دۆزەخیانە بسوتێنێ
وەرە ترست بە شەرابکە و بە جۆگەلەی جەننەتی دەروونتدا بیسوڕێنە
شەرابەکەم
تۆ بەھەشتی
تۆ بەھەشتی ئەی مەمک ھەنارەکەم
تۆ بەھەشتی و
خوا بە تۆ ھەموو دونیای فریو داوە
وەرە جامێک لە شەرابت بە تامی ھەنارەوە بدەدەستم
با بزانم چۆنە مەستی
با بزانم چۆنە حاڵی نێو بەھەشتێ.