ما 2644 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی

ئەوەی وا ئەو ئاسەوارناسانە بە درۆ یان نەزانکاری و خەیاڵ و فانتازی هەڵیانبەست یان ڕستیان چل ساڵ دواتر نازیسم و ڕاسیسم و هولۆکاست و بێبەش کردنی کوردەکانی لێکەوتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە جامێکی "خاچ وەر" بە وێنەی ئەوەی سامەڕا، لە قەفقاز و لە ئەرمەنیا دۆزرایەوە!

 

شارستانیەتی مۆنا- ماد

وەرزی دووهەم. بەشی ٣

شوروپاک

 

ئازاد کەریمی

 

لە دەقە کەیان گیرەکاندا باسی شوروپاک کراوە. واتە ئەو شارەی وا زی ئودسودرا دەسەڵاتداری بووە.

شوروپاک لە خاتوەر یان شاری خات یان شاری خاچ دایە و هێمای شوروپاک هەمان خات یان خاچ یان صلیب ە.

لە سەرەتای سەدەی بیست دا جامێک لە سامەڕای لای بەغدا لە ئێراق دۆزرایەوە و هێمای خاچ و دوازدە ماسی یان تێدا بەدی کرد،ئەم جامە لە لایەن ئاسەوارناسێکی ئەڵمانی دۆزرایەوە و بەڕێکرا بۆ ئەڵمانیا و دواتر بوو بو هێمای نازیستەکان و حزبی ناسیونال سۆسیالیستی کرێکارانی ئەڵمانیا. ئەو حزبەی وا هیتلێر سەرۆکایەتی دەکرد و جیهانی تووشی شەڕی جیهانیی دووهەم کرد. حزبێکی تۆتالیتەر و گرژ و ڕەچەڵەکپەرست.

هێمای خاچ زۆر کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شاهەنشایی ئیزەدەکان وخواوەندەکان لە مەزۆپۆتامیادا واتە سەردەمی میتۆلۆژیکی مێژوویی کە بە خدرشا یان گەورشا یان زی ئودسودرا کۆتایی پێهات.

خاچ لە کولتوری شوروپاک لەگەڵ خاچەکانی سەردەمی مسری فەڕۆخایەتی و مەسیحیەت زۆر جیاوازە. خاچی شوروپاک هەر چوار ئاراستەکەی بە یەک ئەندازەیە بەڵام خاچی فەڕۆخەکان ئەندازەی باڵەکانی کورتترە لە کۆڵەکەکەی و هەروەها لای سەرووی وەک گردۆکە وایە واتە خڕە. خاچی مەسیحیەتیش ئەوە دیارە و هەموو دەزانن چۆنە.

هەروەها خاچی شوروپاک چوار پەخی هەیە واتە لە کۆتایی هەر لقێکیدا زیادەیەکی لێبوەتەوە و بە ئاراستەی سووڕی کاتژمێر یان لە چەپەوە بۆ راست پەخی خواردووە و داشکاوە. ئەوە ئاماژەیە بە سووڕی زەوی بە دەوری خۆردا و خۆر لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوێ.

خاچی شوروپاک  هەر چوار باڵەکەی یەکسانە لە بەر ئەوەی هەرێمی شوروپاک چوارگۆشەیەکی تەواو یەکسانە و هەموو بەرەکانی بە یەک ئەندازەن و پانایی و درێژاواریەکەی یەکێکن. وەسفی شوروپاک لە ئاڤێستادا بە وردی کراوە، ئەوە لە کاتێکدایە گاهان ی زەردەشت هی سەدەی هەشتی زایینیە و دەقە کەیانیەکان هی سەردەمی میتۆلۆژی مێژوویین و زۆر کۆنترن لە ئاڤێستا. هەروەها ئەو ئاڤێستا کە باسی دەکەین دوازدە سەدەی بەسەردا هات تاکوو نوسراوەتەوە و گاهان بەشێکە لە ئاڤێستا.گاهان هۆنراوەی جەنابی زەردەشتە و ئەو دەقەی وا باسی شوروپاک دەکات هی سەردەمێکە وا زەردەشتیەکان پاکتاو کرابوون و لە هێندستان و ئەفغانستان و کرمان دەژیان و هیچ کات نەیاندەزانی شوێنی لەدایکبوونی زەردەشت و شاهەنشایی کەیانیەکان و گۆمەرد خدرشا و ئاگرگەی پیرۆز کوێیە. لە بەر ئەوەی زەردەشتیەکانی دوای ئیسلام خۆیان لێون ببوو. ئەوان ڕاست و چەپی خۆیان بە ئێراقی عەجەم و سیستان دەزانی و ئەوە لە کاتێکدایە ئەفغانستان هەتا چەند سەدە دوای هاتنی ئیسلام هەر بودایی بوو و سەر بە ئایینیزەردەشتیش نەبوون! بۆ وێنە بنەماڵەی بەرمەک ی وەزیران بوودایی بوون و ئەوەی مێژووی خۆلەفای عەباسی خوێندبێتەوە ماجەرای خالید و فەزڵ و جەعفەر بەرمەکی و ئەوەی وا بە سەریان هات دەزانێ.

 

لە فەرگەردی یەکەمی وەندیداد، بڕگەی ٣ و ٤ دا هاتووە:

باشترین شوێنێک وا شک دەبرێ وەرمز ئافراندوویەتی "ئایەرەن ئویژەن"ە.

بەڵام پتیارە یان بەڵا زستانێکی دەمانگی و جۆرەکانی ماری پەڕدار و بێ پەڕی لەم شوێنەدا ئافراندووە.خۆشی ئەم مەڵبەندە لە ڕادەیەکدایە وا وەرمز دەفەرمێ ئەگەر شوێنەکانی دیکەم نەخولقاندبایە هەموو خەڵکی جیهان ڕوویان دەکردە ئەم شوێنە و ئاوەدانی لە جیهاندا نەدەما.

پێشینانی ئێمە بڕوایان وابوو جیهانی ئاوەدان بریتییە لە حەوت بەش و بەشی ناوەڕاست ناوی "خونیرە بامیک" ە و بە قەد شەش بەشەکەی دیکە دەبێ و "ئایەرەن ئویژەن" لە خونیرەدایە.

ئاڤێستا دەڵێ: وەرمز شتی زۆری لەو هەرێمەی وا ئایەرەن ئویژەن ی تێدایە ئافراندووە. ڕووبارەکانی "دایتی وەنگوهە" و "تەرە جە" لەوێن." گاوئیوداد" یان یەکەم گا لەوێ ئافرێندراوە. گۆمەرد خدرشا لەوێ ئافرێندراوە. چیاکانی "ئەبەرز" و "ئوسێندام" و "ڕاس" و پردی ئۆستوورەیی "چینوەت" لەوێدایە. یەکەم جووتی ئاژەڵ واتە گا و مانگایەک و هەروەها جۆری هەموو گیاو گژ و ڕووەک و شینایی لەوێ ڕوواون. ئایەرەن ئویژەن هێمنترین و پەناترین شوێنە بۆیە " وەریەمکرد" لەوێدا سازکراوە. پارێزەری ئایەرەن ئویژەن هامسایێکە و ناوی "ئەنگەبیزە". زەردەشت لەو هەرێمەی وا ئایەرەن ئویژەنی تێدایە سەری هەڵداوە. خورشیدە یان خەرمانەی خۆر کە ٣٦٠ پلەیە ڕێک دەکەوێتە سەر ئەم هەرێمە.

 

مینوی خڕەت واتە هزری مایەندە و بێ کۆتایی ناوی کتێبێکی زەدەشتیەکانە و سەبارەت بە شوروپاک یان سوریگاش یان هەرێمی خاچ وەری چوارگۆشە وا ئایەرەن ئویژەنی تێدایە دەڵێ: ئەم شارە شاری ئاواتی یە بۆ زەردەشتیەکان و دەڵێ: دیارە وەرمز ئەم شوێنەی لە هەموو شوێنەکان و و دیهەکان (دێ، لادێ، گوند) خۆشتر درووست کردووە و خۆشییەکەی لەوەدایە ڕادەی تەمەندرێژی خەڵکەکەی هەتا ٣٠٠ ساڵ دەچێ و تەمەنی ئاژەڵ وماڵات و پاتاڵ لەم شوێنەدا دەگاتە ١٥٠ ساڵ و خەڵکەکەی دەرد و نەخۆشینیان کەمترە لەچاو خەڵکی دیکەوە و دێوی ئاز و تەماح کەمتر زاڵە بە سەر خەڵکەکەیدا و بە دە پیاو نانێک تێریان دەکات و تەمەنی زاو زێیان لە چل ساڵاندایە و یاسایان "بەه"ی یە واتە دادپەروەری و عەداڵەت و میزان و تەرازوە و ئیزەد ڕەشن (ڕووش ، ڕاشنو ،ڕاس) یاسای بۆ داناون و ئایینیان " پوریوتکێشی" یە و بە پەڕشە یی واتە پاڵەوانی دەمرن و موریدی گوبدشا (گۆمەرد خدرشا)ن و ئیزەد سروش (خواوەند کلد، دیکل) سەرگەورەیانە.

 

بە گوێرەی دەقە کەیانی یەکان (سومەریەکان)، شوروپاک دوای " ئور" لە مەزۆپۆتامیای خواروو ئاوەدان کراوەتەوە و ماڵی "ئێن لیل" خواوەندی "با" لەم هەرێمەدایە. لە دەقە ئاشوریەکاندا بە "سوریگاش" ناو براوە وخونیرە بامیک بە " قەڵای خارونا " ناو براوە.

سوریگاش واتە هەرێمی سور یان سودر،خودر کە دەبێتە گۆمەرد خدرشا.

گۆمەردخدرشا چەرخێکی ئاورینی بووە و سواری بووە و بە ئاسماندا گەڕاوە. ئەم باسە لە کتێبی پیرۆزی جوو/ مەسیحیەکاندا  هاتووە. ناوی بە الیاس یان ئیلیا هاتووە و لەگەڵ ناوی ئەودا وشەی ئاگر هاتووە.

لەم هەرێمەدا ئایینی مارتاوس یان مەهرانی/ میتراییسم داهاتووە. لەم هەرێمەدا بیرمەندی و خڕەت و پرسیارکردن و مەنتق و فەلسەفە و خوداپەرستی سەریهەڵداوە. لەم هەڕێمەدا ئاگری دەستی مرۆڤ پەیدابووە و یەکەم ڕەچاوخانە بۆ زنج کردن و ئەستێرەوانی لەم هەرێمەدا، لەکوردستانی کۆن دا بەرپاکراوە.

 

بە گوێرەی ئاڤێستا ئەم هەرێمە بریتی بووە لە پێنج بەر و حەوت ئاوەدانی.

٥بەر: ئەپاکتەر،ڕاییشوێن، خوەروبەران، خوەراسان و خونیرە بامەک

٧ ئاوەدانی: خوەروجاڕەخ،خوەروباڕەخ، ڕاس خوشیدەر، مەوی شوو، شەوە  و ئەرزەهی

ئەرزەهی بە تەنیا خۆی - بە درێژایی مێژوو- ئەم ناوانەی بووە: ئیزیرتا، ئیزیریت،ئەرزە، شەرزە، گرژە، موشاشیریان موزازیر، ئەرزەشکون و ئەردینی شکوز، سکوز، ئوشکوز و ئەشکەناز.

 

ساڵی ١٩٠٨،وینکلیر ئاسەوارناسی ئەڵمانی لە بۆغازکۆی لە نزیک ئانکارای پایتەختی تورکیادا بەردیکی دۆزییەوە کە مێژووەکەی هی ساڵی ١٣١٧ی پێش زایینە و تێیدا باسی بڕیارنامەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتەکانی میتانی و هیتی  کرابووە و هەروەها سویند بەم چوار پیرۆزاییە خوراوە:

میتراش، خاروناش،ئین دەرە و ناخاتیانا واتە ئەو چوار ئیزەدە پیرۆزەی وا لە فەرهەنگی شەڕوانیدا جێگەی هاوار و پەنان بۆ شەڕوانان.

 

واتە مارتاوس یان پاڵەوانی گەورە و پارێزەری تیشکی خۆر، خاروناش یان وەرەخران خواوەندی خوم و پێشەنگی شەڕ دژ بە ئەنگەرەماینو کە لە جەستەی یەکانەدا خۆدەنوێنێ. ئین دەرە یان دەرەجە ی ئاڤێستا واتە شوێنی تەرە یان پەرەیان فەرە.

فەرە بە فەرنە و تەرنەش هاتووە واتە ئیزەدی کەواندار یان تیر. ئیزەدی تیر یان کەواندار لە خزمەت ئیزەد مارتاوس دا شەڕ لەگەڵ هێزی تاریکی و ئەنگەرەمینو دەکات و ناخاتیانا یان ناهاتیانە هەمان ئاناهیتا یان هانە و تیشتەرە کە خواوەندی شەڕوانی یە و لەگەڵ ئیزەد مارتاوس دا شەڕ لەگەڵ ئەنگەرە ماینو یان ئەهرەمەن دەکات.

میتراش هەمان مارتاوس هیچ پەیوەندی بە هێندستان و خواوەند میترای ئەوانەوە نیە،هەروەها ناخاتیانا یان ئاناهیتا و ئشتار و ئیزەد تیر و ئیزەد خارونا یان وەرەخران...

 

دۆزینەوەی بەردەنووسی بۆغازکۆی و جامی سامەڕا لە لایەن ئەڵمانیەکانەوە قوڕ بوو گرتیانەوە بۆ سەری ئەڵمانیا و بەدبەختی و کوڵۆڵی و بێدەرەتانی بوو بۆ جووەکانی ئەوروپا وا بە ئەشکەنازی دەناسرێن و ئاور بوو کەوتە ناو ماڵی کورد و کوردستان.

 

ئەوەی وا ئەو ئاسەوارناسانە بە درۆ یان نەزانکاری و خەیاڵ و فانتازی هەڵیانبەست یان ڕستیان چل ساڵ دواتر نازیسم و ڕاسیسم و هولۆکاست و بێبەش کردنی کوردەکانی لێکەوتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە جامێکی "خاچ وەر" بە وێنەی ئەوەی سامەڕا، لە قەفقاز و لە ئەرمەنیا دۆزرایەوە!

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت