ئارى زێندینى

گرینگیدان و هاندانى گەنجان لە بوارى (میدیا) باشە، بەڵام  نابێت هەندێک بەرنامە کەسانى زۆر بەتەمەن بچووک، یان سەر بە دوواقۆناغەکانى خوێندن  پێشکەشی بکەن. بەتایبەت کاتێک کەسێک لە ئاستێکى خوێندنى باڵا یان سیاسیەکى شارەزا میوانی بەرنامەکەیە.

 

چەند تێبینى و دیاردەیەک لە تەلەفزیۆنەکانى کوردستانەوە

 

 ئارى زێندینى

 

لە پاش ڕاپەڕینەوە لە (١٩٩١)، لە باشورى کوردستان ئەو ئازادى و سەربەستیەى رووى لە کۆمەڵگەى کوردى کردووە جۆری هەڵسوکەوت و ڕادەڕبڕینى تاکى کوردى گۆڕیوەو تا ڕادەیەک ئازاد و سەربەستی کردووە. ئەو ئازادى و سەربەستیە ڕەنگدانەوەى لە ژیانى سیاسى، کۆمەڵایەتى، ڕۆشنبیرى و ڕاگەیاندنى کوردىدا بەرچاوە. کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بەتایبەتى (ڕادیۆ- تەلەفزیۆن) زوو پێشکەوتوون و زۆرتربوونە، بەڵام ئەوەى  بەرچاودەکەوێت و دەبینرێت، بەتایبەت لە بواری (ڕادیۆ- تەلەفزیۆن)، خەوش و ناڕێکی و نەبوونى ئەکادیمیەت و پڕۆفیشناڵى لە ڕووى تەکنیک و هونەرییەوەیە. هێشتا لە بوارى پەخش و بەرنامە و چۆنیەتى پیشاندانى هەواڵ و ڕوودا و ئامادەیى کارمەند و پەیامنێر و پێشکەشکار تۆزێک کەمووکوڕى هەیە و جێگایى تێبیینیە. لە باشورى کوردستان کەناڵى تەلەفزیۆنى (ئەهلى- حیزبى) بوونیان زیاترە، بووجەیەکى باش پاڵپشتیانە و خزمەتیان کردووە و جێگایى دەستخۆشیە. لە کوردستان (میدیا) بە (بیستن و بینین)، (لۆکاڵى و ئاسمانى) تاک و تەرا کارمەند و پەیامنێر و پێشکەشکار دەبیرێت کە خاوەن بڕوانامە و رابردووی ئەکادێمی لە پێشکەشکردنى بابەت و بەرنامەکاندا بێت. بەتایبەتى ئەگەر بەراوردى بکەین بە کەناڵەکانى جیهانى. جا لێرەدا چەند تێبینى و دیاردەیەک هەیە بەتایبەتى لە کەناڵى تەلەڤزیۆنى لەچەند خاڵێک بە دوایى یەکترم ڕیزکردووە بە پوختى وەک:

 

*زۆربەى بەرنامەکان تێرو تەسەل نین و پەلە پەلى پێوە دیارە، بیینەر و بیستەر حەزى زیاترى بە بەردەوامى هەیە، بەڵام  زوو کۆتایى پێ دەهێنرێت.

 

*میوانى زۆر ئامادە دەبێت بوار نامێنێتَ گفتوگۆى زیاتر بکرێت و پەیامەکە سەد لەسەد ناگەینێت.

 

*ناوبڕو  ڕیکلام لەناو بەرنامەکان زۆر دەبینرێت، جار هەیە بێزارکەرە. بەتایبەتى بەرنامەى سیاسى.

 

*قسەبڕین و گفتوگۆ بڕین ،لەلایەن پێشکەشکارى بەرنامە.

 

*جولە و جولانەوەى پەیامنێر و پێشکەشکار لە کاتى گفتوگۆ، وەک جولەى لەش و دەست و قاچ، نمونە: دەست بردن بۆ گوێچکە و دەست بردن بۆ لووت.

*کاتێک بەرنامەکان کۆتایى دێت پێشکەشکار و بەشى کۆنتڕۆل و مۆنتاژ ماوە نادات میوانى بەرنامەخواحافیزى بکات.

 

*کاتێک گفتوگۆ بەشێوەى تەلەفۆن و سکایب، نابێت ئەوەندە پرسیاربکرێت دەبێتە هۆى کات کوشتن و بەفیڕۆدانى کات و بێزارى میوانەکە.

 

*زۆر جار پەیامنێر و پێشکەشکار جل و بەرگ وپۆشاکى وا دەپۆشن ناگونجێت لەگەل جۆرى بەرنامەکە.

 

*کەس هەیە لە ڕۆژیکدا سێ چوار جار دەبێتە میوانى کەناڵەکانى ڕاگەیاندن.

 

*زۆربەى ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەکان بەرنامەى وەک یەکیان هەیە، تەنیا ناونیشانى بەرنامەکان جیاوازیان هەیە، یان هەر لە یەک تەلەڤزیۆن بەرنامەک دوو بەرنامە وەک یەکە وناوەڕۆکى بەرنامەکە یەکە، وەک ( گفتوگۆ- دیدار- دیالۆگ) .

 

*خستنەڕوو و بەرچاوخستنى ژمارە و داتاکان، تەلەڤزیۆنێک دەڵێ (٣٢) شەهید، تەلەڤزیۆنیکى تر دەڵێ

(٢٩) شەهید، یان نرخى نەوت (٤٧) دۆلار ئەو دەڵێ (٥١) دۆلار.

 

*پەیامنێر و پێشکەشکار دەبێت ڕۆشبیریەکى زۆرو دەوڵەمەند بە زانیارى لە کاتى پرسیارو ئادەکردنى بەرنامە، نەک تەنها ئەوەى بۆى ئامادەکراوە.

 

*دیاردەى (بەپەلە) لەسەر شاشەکانى تەلەڤزیۆن زۆر بووە پێوست ناکات، لەهەموو تەلەڤزیۆنەکان لەیەک کات.

 

*دیاردەى ئامادەنەبوونى میوان، پێویست ناکات لە تەلەڤزیۆن پیشانى بدەى کورسیەکەى بەتاڵە، چۆن (میدیا) ئازادە ئاواش میوان ئازادە.

 

*تا بکرێت دیاردەى پیشاندانى (بۆینباغ) چاکردن وئاوخواردنەوە و کۆخەکردن وێنەنەگیرێ.

 

*وا هەست پێ دەکرێ تەلەڤزیۆن لەگەل تەلەفزیۆن ڕکابەرایەتى یەکتر دەکەن نَەک پێشبڕکێ (مونافەسە)

*تەلەڤزیۆن هەیە زوو بەهارى دەهێنێتە چۆکان، بۆئەوەى سەرنجى تەماشاکاران ڕاکێشێ.

 

*تا بکرێت کەناڵى ئاسمانى (٢٤) کات ژمێر پەخشى هەبێت.

*لەڕووى زمانەوانى و ڕێزمان، هەندێ وشەوزاراوەى هەڵە دەبینرێت، نموونە: (کەسێکیان فڕاند) هەڵەیە، بەڵکو (کەسێکیان ڕفاند).

*بەرنامەى (زانستى) زۆرکەم دەبینرێت.

 

*گرینگیدان و هاندانى گەنجان لەبوارى (میدیا) باشە، بەڵام هەندێک بەرنامە نابێت کەسانى زۆر لەتەمەن بچووک یان لەدوا قۆناغەکانى خوێندنن هەندێ بەرنامە پێشکەش بکەن بەتایبەت میوانێک لە ئاستێکى خوێندنى باڵا یان سیاسیەکى شارەزا.

 

*دیاردەى پۆشینى جلوبەرگى کوردى لە تەلەفزیۆنەکانى کوردستان زۆر کەمە تەنها لە بۆنەکان.

 

*(میدیا) لەکوردستان جۆرێکە لە(میدیاى تێکەڵاو) واتە کەناڵێکى تەلەفزیۆن هەم بازرگانیە هەم سیاسیە هەم ڕۆشنبیریە هەم کۆمەڵایەتیە هەم حیزبیە.

*کەناڵى تەلەفزیۆنى (ئەهلى) سەد لەسەد لە کوردستان نییە.

*کەناڵى تەلەفزیۆنى هەیە تەنها تایبەتە بەشارێک و هەواڵ و رووداوى ئەو شارە بڵاودەکاتەوە.

*میدیا، یان کەناڵى تەلەفزیۆنى( حکومى، نیشتمانى) نییە.

*میدیاوراگەیاندن وتەلەفزیۆنى (حیزبى و سیاسى) زاڵ و بەرچاوە لە کوردستان.