ما 9045 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کەریمی

کاتێ ئەم کارانە کران، گۆدەرزشا یەکەم ئارتەشی جیهانی کۆنی ڕازاندەوە و ڕووی کردە نەینەوا پایتەختی ئاشوور.

لە تۆمارە پیرۆزەکانی جوولەکەدا باسی هێرشی ئەم شاهەنشا کراوە و بە کڵاوسوورەکانی کوێستان وا گوێ بە زێڕ نادەن و تەنیا بیر لە پاکتاوکردنی ئاشوور دەکەنەوە ناو دەبرێن.

 

شارستانیەتی مۆنا- ماد

 بەشی چوارەم، وەرزی دووهەم

ئازاد کەریمی

 

چواردەروو

باسی هێمای چوارخاڵ یان خاچ کرا... خاچ یان سەلیب ...

جامێک لە وڵاتی ئەرمەنیە لە قەفقاز دۆزراوەتەوە و هەمان هێمای خاچ ی جامی سامەرای ئێراقی پێوەیە.

سامەرا لە هەرێمی باشووری مەزۆپۆتامیا لە کوێ و هەرێمی ئاراز لە کوێ؟ بەڵام با لە بیری نەکەین سەرچاوەی ڕووبارەکانی ئاراز و فرات و دیجلە لە کوردستان و لە یەک ناوچەدایە... هەرێمی حات. لانکی پەروەردە بوونی شارستانیەتەکانی میتانی و هیتی...

 

ئەم شارستانیەتانە بە شارستانیەتی ماننا یان شوکامۆنایشەوە کە بە خۆیان دەگوت چاردنیا یان چاردۆری دوای ڕووخاندنی شاهەنشایی کاشی یان شوکاشو(شوکازو) هەوڵیان بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمی پێرۆز دەدا.

ئەم هۆز و شارستانیەتانە  هەموویان سەر بە ئەندێشەی خدرانی بوون واتە گاورایەتی مارتاوس یان بەوەی بە لاتین پێیدەڵێن میترائیسم یان ئایینی مەلەک تاوس ی ئێزیدی لەم سەردەمەدا.

هەروەک کوترا هەرێمی ئۆستورەیی شوروپاک یان ئارینیموا- جە کە قەڵای ئارونا یان خارونای لێیە مەڵبەندی فەرمانڕەوایی گۆمەرد- خدرشا بوو ،جەنابیشیان یەکەم دەروێش - سۆفی مێژوو بووە و یەکەم شاگرد و مرید و سوێندخواردووی کەمەربەستەی ئیزەد مارتاوس بووە.

ئاگرگەی ناو قەڵای ئارونا یان خارونا یان ئیزەد بارام پێرۆزترین هێمای ئایینی ڕووناکی واتە ئایینی مارتاوس ە.

ئەم هەرێمە قیبلەی دڵی کوردانی دێرین بوو.

کۆچکردنی هۆزەکانی حات یان خات بەرەو خوار لە زۆر کۆنەوە دەستی پێکردبوو، بەڵام دوای ئەوەی دەسەڵاتی شاهەنشایی شوکاشو یان شوکازو کە خۆیان بە شای چاردنیا دەناساند و شانازییان پیوە دەکرد ڕووخا ،ئەوان ئازادانەتر بەرەو هەرێمی پیرۆز هاتن... لەوانە کلدی یان کالدی.

شوکازو کە دواتربە شکوز دەناسرا لە لایەن ئیزەدی پاڵەوان ئیزەد شوکامۆناوە دەپارێزرا. شوکامۆنا ئیزەدی پارێزەری جیهانی ژێرەوە بوو.

شوکامۆنا برای جەمشیدشا بوو. جەمشیدشا لە نەبەتەری گۆمەرد-خدرشا شای هەرێمی پێرۆز بوو، شارێکی لە ژێر شوروپاکەوە درووست کردبوو بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی تر لافاو هەستا،خەڵک بباتە ژێر زەوی و بوونەوەران لە لافاو بپارێزێ ،هەروەها شوکامۆنای برای کرد بە پارێزەری ئەم ژێرخانەشارەوە.

شوکامۆنا ئیزەدی شەراب و شەڕوانی بوو. حاتی یەکان کە وەچەیەک لە کوردی کۆنن وەک شوکاشوەکان، بە ئیزەدی  شەڕوانی یان دەکوت کلد . توری یەکان پێیان دەکوت ئارتەشێر و میتانیەکان پێیان دەکوت شاوەزکە یان هەمان شائوشکە کە هەمان شوکاشو یان شوکازو یە. لە ٧٢٢ی پێش زاییندا کاتێ ئاشوور ،جووەکانی لە سامەریای ئیسراییلەوە کۆچبەری خاتبەر یان خابوور یان خاوەر کرد ، جووەکان هۆگران و لایەنگرانی شوکامۆنایان بە ئەشکەناز تۆمار کرد ،ئەوە لە کاتێکدایە ئاشورخەڵکی شاری شوکازۆی بە شکید یان شکیت دەناساند و شارەکەشیانی بە شکوز تۆمار کردووە.

 

بە هەموو ئەم ناوانەوە وا بۆ یەک چەمک تۆمارکراون شەڕوانانی ئەو سەردەمە هەموویان شانازییان بە ئەم ئیزەدەوە دەکرد واتە شاسوار یان شێرسوار کە هەمان ئیزەد شوکازو یە و بە جەستەی کەڵەشێر دەردەکەوێ و سواری شێر دەبێ و لێی ناترسێ. ئەوان هێزی شەڕوانی خۆیان دەبەستەوە بە فەڕی یەزدانی و پشتیوانی ئیزەد شێرسوار یان ئەردەشێر. ئەردە یان گەردە برێتییە لە پشت مل هەتا دەفەی شان. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کلدی یان دیکل کە دەکاتە جەستەی ئیزەدی شەڕوانی بە چەشنی کەڵەشێر سواری شانی شێر بووە .شێرهێمای نەبەزی یە و کاتێ ئەم ئیزەدە وەک کەڵەشێری سەرشانی شێر نیشان دراوە واتە هەرکەس بڕوای بەم ئیزەدە بێ ، شێر بە نەترسی و بەجەرگی خۆی ، پێی دەدۆڕێ .

 

بەڵام بۆ کەڵەشێر؟ لەبەرئەوەی کەڵەشێر لەکاتی سواربوون بە سەر گەمیەکەی گۆمەرد- خدرشادا، سەرنجی جەنابیانی بۆلای خۆی ڕاکێشا و لەبەر ئەوەی زۆر بە جووتەکەی واتە مریشکەکەی هاوسەرییەوە شەتڵ بوو ،ئاگای لێی بوو.

هەروەها شوکامۆنا یان کلدی یان ئەردەشێر کە لە جەستەی کەڵەشێردا نموویان هەیە هەموو ڕۆژێک پێش ئەوەی جیهان لە خەو هەستێ، ئەو بەخەبەر دێت و پێش هەڵاتنی خۆر، دەقوقێنێ و مژدەی هاتنی تیشکی خۆر دەدات. ئەو یەکەم تیشکەی خۆریش لە لایەن ئیزەد مارتاوسەوە پارێزگاری لێدەکرێ.

شوکامۆنا بانگەوازبۆ سەرکەوتنی ڕووناکی بە سەر تاریکایی دا دەکات و کاتێ ئەوە ڕوو دەدات لە دایکبوونی ئیزەد مارتاوس دێتەوە یاد و هەروەها چۆن سپیایی  بە سەر نغرۆییدا سەر دەکەوێ.

لە ئایینی زەردەشت دا ئەم ئیزەدە بە سورئوش یان الهامی غیبی پێناسە کرا و نازناوی پەڕۆزەڕ واتە کەڵەشێڕی پۆپ زێڕینی پێدرا لە بەر ئەوەی مژدەی هەڵاتنی یەکەم تیشکی زێڕێنی خۆر لە بەرەبەیان دەدات.

نوێژگە ی شوکامۆنا یان کلد یان ئەردەشێرلە شوروپاک یان "ئایەران - جە" ولە ڕۆژاوای قەڵای خارونادا بوو. پێیان دەکوت شوکازو، ئار- شاشکو، موشاشیر، موزازیر، ئیزئیرتا، ئیشیرتا، ئارتاشێس و ئاردەشێر و ئەرزە شکون.

  ئورارتوییەکان کە لە شانامەدا بە توری یەکان دەناسرێن و پاشکۆی میتانیەکان بوون هەوڵی داگیرکردنی هەرێمی پێرۆزیان دا و ئەو کارەشیان کرد بەڵام شکوزەکان بەرەنگاریان دەبوونەوە. دواتر پێی ئاشوریەکان گەییشتە گۆڕەپانەکەوە ،ئەوان ژێردەستەی میتانی بوون بەڵام دوای ڕووخانی میتانی و شوکاشی یەوە هێزیان گرتبوو خەریکی پەرەپێدانی خۆیان بوون.

شکوزی یەکان کە پاشەبەرەی شاهەنشایی زۆر گەورەی هەزارەی دووهەمی پێش زایین لە ئاسیای ڕۆژاوا و مەزۆپۆتامیادا واتە کاشی،کاسی یان شوکاشو- چاردنیا بوون

وای لێهات لە سەدەی نۆهەمی پێش زایین دا، کەوتنە گۆرەپانی ململانیی نێوان ئاشوریەکان و ئورارتوییەکانەوە. هەتا هێزیان تێدا بووایە شەڕیان دەکرد و سەربەخۆ بون کە نسکۆیان دەهێنا دەبوون بە هاوپەیمان لەگەڵ یەکێ لەم دوو زلهێزەوە.

لە سەدەی نۆهەم دا شای ئاشور ئەم شارەی داگیرکرد و پەرستگەکەی شوکازۆی بە نێوی ئارتینی یان ئارزینی یان شەرزین ی نۆژەن کردەوە و مۆغێکی بە نازناوی وەرزانە واتە خاوەن زانایی کرد بە بەرپرسی پەرستگەکەوە.

وەرزانە یان فەرزانە سۆفی یەکی گاور بووە سەر بە ڕێچکەی گۆمەرد خدرشا.

وەرزانە یان فەرزانە یان بارزان لە مۆغانی هۆزی گۆمەرد یان خۆمەرد بوو کە نەبەتەری خۆیان بە شوکامۆنای برای جەمشیدشا دەگەیاندەوە و پشتاوپشت خزمەتکاری پەرستگەی شوکازو بوون کە تێیدا نزا و پاڕانەوە و ئافەرینیان بۆ ئیزەد شوکامۆنا ئیزەدی پارێزەری شاری وەر جەمکەرد دەکرد.

هەروەک کوترا جەمشیدشا کە بە یام، گام، زۆ، زاب، جەم و ژاو ناوی تۆمار کراوە ئەم شارەی لە ژێر هەرێمی شوروپاکەوە درووست کردبوو.

ئاشوریەکان بە بنەماڵەی پاشایەتی هەرێمی شوروپاک یان دەکوت مات ماننایی . مات واتە ماد یان مای کە دەکاتە چینی نەجیب زادە و شاهەنشایی کە پاشەبەرەی میتانیەکان بوون و ماننایی واتە شوکامۆناییەکان کە پاشەبەرەی کاشی یەکان بوون.

 کەواتە مات ماننایی هەمان ماد- مۆنایە کە هەزارساڵ پێش لەو مێژووە  شاهەنشاییەکی زۆر گەورەیان بۆ ماوەی ٧٠٠ ساڵ لە کوردستان و مەزۆپۆتامیا بەڕێوە دەبرد و هەر لە قەفقازەوە هەتا کەنداو پانتایی هەبوو. کاتێ هیتی هەردوو پاشایەتیەکەی ڕووخاند ،شازادە میتانی یەکان و شوکاشوەکان لە دژی هیتی هاوپەیمانییان درووست کرد و

دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتەکەشیان لە بابل وسوریا دیسانەوە لە کوردستان و لە زاگرۆس دەسەڵاتدار بوون هەرچەندە هەژمونی ی هیتییەکانیان قەبووڵ کردبوو. ئەوەش ناکۆکی ناوخۆیی لە شوروپاک درووست دەکرد.

 

ئەو ناکۆکییە لە مێژووی کورد دا بە شەڕێ ئێران و توران دەناسرێ. ئێران واتە شکوزییەکانی پارێزەری ئاگرگەی ئارونا یان خارونا کە شازادەکانی میتانی و شوکاشو نوێنەرایەتییان دەکردو توران واتە ئورارتوییەکان کە بە ئەرمەن یان ئەرتوش دەناسرانەوە وپاشەبەرەی هیتی یەکان بوون.

ئورارتو شانازی بەوەوە دەکرد شای شوروپاکیشە. شاری قیبلەی هەموو ئەو خەڵکەی وا ئێستا بە کورد و ئەرمەنی دەناسرێن. تەنانەت ناوی چەند شای ئورارتویی چواردوری بوو واتە چواردەروو یان چواردنیا کە ئاماژەن بە هەرێمی شوروپاک و هێمای چواردووری یان چوار دنیا هەمان خاچ یان سەلیبە وا لە جامی سامەرا و لە جامی قەفقازدا نەخشێنراون. چواردنیا هەروەها نازناوی شاهەنشاهانی شوکاشو بوو.

 

لووتکەی دوژمنایەتی ئەم دوو بەرە کە ڕەگەزی خۆیان دەگەیاندەوە بە ئیرەج و تورەج کوڕانی فەرەیدون شا لە ساڵی ٧٧٤ ی پێش زاییندا بوو کە توری یەکان یان ئورارتوییەکان هێرشیان کردە سەر باشووری شوروپاک و مۆغ زەردەشتیان کوشت.

زەردەشت خەڵکی شوروپاک بوو هەروەها خزمەتکاری ئاگرگەی ئارونابوو بەڵام دوای ئەوەی کەوتە ڕەخنەگرتن لە کۆمەڵگەی مۆغان ،دەرکرا و دوور خرایەوە .ئەویش ڕووی کردە باشوور و لەوێ گرسایەوە. لەو سەردەمەدا ئورارتو زاڵ بوو بە سەر هەرێمەکەدا.

ئارگیشتی یەکەم  یان ئەرجاسپ ی خەوینی شای ئورارتو پەلاماری باشووری دا و لە یەکێ لەم شەڕانەدا زەردەشت کوژرا.

بەڵام دواتر و لە کاتێکدا شاهەنشایی ماد سەری هەڵدا دەستەیەک لە گۆمەردیەکانی هەرێمی ئەرمەن واتە ئەو شوێنەی ڕووبارەکانی فرات و ئاراز و دجلە لیی هەڵدەقوڵێن، سەریان هەڵدا و هەتا سنووری مسر ڕۆییشتن و تاڵان وکوشتاری زۆریان کرد.ئەوان هیتییەکانیان پاکتاو کرد و خۆشیان کەوتنە بەر پەلاماری گۆدەرزشای ماد و لە کاتی نان خواردن دا و لە کاتێکدا میوانی شابوون لە نێوچوون . ساڵی ٦٢٨ی پێش زایین ئەم ڕووداوە هاتووەتە ئاراوە.

کاتێ ئەم کارانە کران، گۆدەرزشا یەکەم ئارتەشی جیهانی کۆنی ڕازاندەوە و ڕووی کردە نەینەوا پایتەختی ئاشوور.

لە تۆمارە پیرۆزەکانی جوولەکەدا باسی هێرشی ئەم شاهەنشا کراوە و بە کڵاوسوورەکانی کوێستان وا گوێ بە زێڕ نادەن و تەنیا بیر لە پاکتاوکردنی ئاشوور دەکەنەوە ناو دەبرێن. لەو دەقانەدا باسی شەڕوانانی ماتئینی واتە هۆزەکانی ماد لە زاگرۆس و مینییەکان واتە شوکامۆناییەکانی هەرێمی شوروپاک و ئەشکەنازیەکان واتە پاڵەوانانی پەرستگەی ئیزەد شوکامۆنا دەکرێن وا دێن و ئاشوور قەلاچۆ دەکەن.

ئەم ڕووداوە لە مانگی ئاداری ٦١٢ی پێش زاییندا هاتە ئاراوە و مێژووی گۆڕی.

 

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت