فەڕۆخ نێعمەتپوور

رەنگە زۆر جار ئەمەمان وەک خیانەت لە خۆمان و لە بیروباوەڕمان بێتەبەرچاو، بەڵام لە راستیدا وەها نیە. لەبەر ئەوەی ئەمە لۆژیکی نووسینی دەقە. دەق گەر دەیەوێ دەربڕی حەقیقەت لە بەربڵاوترین مانای خۆیدا بێت، دەبێ نووسەر ئەوە بزانێ کە مامەڵەیەکی پلۆرالیستیانە لەگەڵ حەقیقەت بکا.

 

بۆچی دەنووسین (٣٩)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئازادی و جورئەت پێکەوە گرێدراون. دەکرێ ئازادی هەبێت، بەڵام مرۆڤ نەتوانێ کەڵکی لێوەربگرێ. ئەم کەڵک لێوەرنەگرتنەیش پێوەندی بە هەبوونی کلتور و جورئەتەوە هەیە. ئازادی تەنیا رەهابوون لە بەربەستە دەرەکییەکان نیە، بەڵکو رەهابوونیشە لە بەربەستە دەروونییەکان. لێرەوە تەنانەت لە نەبوونی ئازادیی دەرەکیشدا مرۆڤ دەتوانێ ئازاد بێت بەمەرجێک بیەوێ مومارسەی ئازادیی خۆی بکا و ئامادەیش بێت باجەکەی بدات. یەکێک لەو کارە گرینگانەی بکوژانی ئازادی دەیکەن بەدەروونیکردنی ترس واتە رەواندنەوەی جورئەتە لە رێگای زەبروزەنگ و هەست بە مەترسی کردنەوە.

ئەمە لە بواری کلتور و نووسینیشدا دەخوا. بیری باو هەوڵدەدا لە رێگای بەموقەدەسکردنی خۆی و بە موتڵەقکردنی بەهاکانی خۆی وەک تاکە حەقیقەتی مەوجود بەر بە جورئەتی بیرکردنەوە بگرێ و بە مرۆڤەکانی بسەلمێنێ کە گەر دەیانەوێ پەسندبکرێن و تەنانەت خوڵقێنەریش بن ئەوا دەبێ وەک ئەوان بن. بەئۆلگوکردنی بۆ وێنە یەک شێوازی نووسین و بەموقەدەسکردنی یەک قوتابخانەی ئەدەبی لە هەوڵەکانی ئەوانە.

دیارە جورئەت بە تەنیا ناخوا. بۆ ئەوەی جورئەت بتوانێ بکەوێتەگەڕ، پێویستی بە چلۆنایەتی و رەچاوکردنی کڤاڵیتی هەیە. جورئەت دەبێ وەک ناوەڕۆک شتی پێ بێ، دەبێ بتوانێ کاتێک دێتەمەیدان دیاردەیەکی نوێ پێشکەش بکا کە لەسەر خوێندنەوەی نوێ و روانگەی نوێ راوەستابێ. جورئەت بە بێ ئەم شتە تەنیا دەبێ بە هاوارێکی بەتاڵ کە تەنیا لە کۆتاییدا بە بێ ئەوەی تەنانەت لە پلانیشیدا هەبووبێ، خزمەت بەوەی پێشووی خۆی دەکا. دیارە جورئەت دەتوانێ تەنیا رەخنەگربێت و نەفی ئەوەی پێشوو بکات بە بێ پێشکەشکردنی دیاردەی نوێ، بەڵام لەم کاتەیشدا دەبێ دیسان لە پرۆسەی نەفیدا خاوەن ناوەڕۆک و خاوەن قسە بێت. دیدی رەخنەیی دەکرێ بە بێ ئەوە شت وەک ئەڵتەرناتیڤ پێشکەش بکا، رەخنە لە دۆخ و لە بیری باو بگرێ. ئەمە یارمەتی لەدایکبوونی رەوتی نوێ دەدا و هەموو کۆمەڵگایەک پێویستی پێی هەیە. رەخنەی نگەتیڤ دەتوانێ یارمەتی رەخنەی پوزەتیڤ (واتە داهێنەرانە و پێشکەشکەری ئەڵتەرناتیڤ) بدات. بۆیە هەمیشە گرینگە ئاوەڵا بین بە رووی هەبوونی رەخنەدا لە هەموو دەرکەوتەکانی خۆیدا.

کاتێک جورئەت و ئازادی یەکدەگرنەوە، توانای شکاندنی بەربەستە دەروونییەکان دەڕەخسێ و مرۆڤ دەتوانێ بە پرسیارەوە بەرەوڕووی حەقیقەتە باوەکان بێتەوە. تەنانەت ئەو حەقیقەتانەیش وا خۆی باوەڕی پێیان هەیە. دیارە مەرج نیە وەها گومانێک ببێتە هۆی سڕینەوەی ئەم حەقیقەتانە، بەڵکو دەتوانێ ببێتە هۆی دەوڵەمەندکردنی بنەماکانی باوەڕی ئێمە پێیان. لە راستیدا ئەو بڕوایەی خاوەن بنەمای پتەوە کە لە رەخنەیەکی دەرەکی و دەروونییەوە لای کەسەکە گوزەری کردبێ. باشترین باوەڕەکان پشت ئەستوور بە بەڵگەکانی ناو ئارگیومێنتێکی باشن.

لە راستیدا هیچ شتێک بەقەدەر پرسیارخستنە سەر حەقیقەتە باوەکان رێگا بۆ رەوتی خوڵقاندن ناکاتەوە. گەر باوەڕمان وایە ژیان رەوتێکی فرەچەشنە و هەمیشە دیاردەی نوێ لەگەڵ خۆی دێنێ، ئەوا دەبێ ملکەجی ئەم یاسا گشتییە بین. ژیان دەوڵەمەندترێکە لە نووسین و لە بیرە باوەکان و بۆیە دەبێ هەمیشە کراوە بین بەڕووی ئەم دەوڵەمەندییەدا. دەتوانین بڵێین یەکەمین شوێن کە هەست بەم گۆڕانانە دەکا، نووسەرانن. لای ئەوانە بۆ یەکەم جار دیاردە نوێیەکان هەستیان پێدەکرێ و لە نووسیندا دەنوێنرێنەوە. بەڵام زۆر جار بە هۆی نەبوونی جورئەت ئەم رەوتە قۆرتی تێدەکەوێ و لە کات و شوێنی خۆیدا باسی لێناکرێ. لێرەوە جۆرێک لە گەنیوی و لە راوەستان روودەدات کە بەربەرە خۆی لە زۆربەی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەنوێنێتەوە.

نووسەری دەق بۆ ئەوەی بە وەها ئاستێک بگات کە بتوانێ رەوتە نوێیەکان لە دەقی خۆیدا بنوێنێتەوە، دەبێ هەمیشە جۆرێک لە مەودا لە نێوان خۆی و حەقیقەتەکان تەنانەت ئەوانەیشی وا خۆ باوەڕی پێیان هەیە دروستبکا. جورئەت لێرەدا دەبێتە مەودا چێکردن. ئەمە دەبێتە هۆی بەرجەستەبوونی زیاتری جورئەت و لێرەوە بینینی ئەو شتانەی وا باوەڕ ناهێڵێ بیانبینین. بۆیە جورئەت کردەی خۆراپسکاندنە لە دۆخی باو و لێرەوە خۆتەریکخستنەوەیە بەمەبەستی گەڕانەوەیەکی تر و لە چەشنێکی تر. لە راستیدا رەوتی بەکۆمەڵایەتی بوونی نووسەر بەردەوام دووچاری خەلەلێکی خۆازراو دەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ داهێنەری ئاستێکی تر لە رەوتی بەکۆمەڵایەتی بوون بێت.

ئەو نووسەرانەی زیا لە پێویست لە باوەڕەکانی خۆیاندا نوقم دەبن، بێگومان ئەگەری پێشکەشکردنی دەقی باشیش تیایانا لاوازتر دەبێ. چەسپینی لە رادەبەدەر بە باوەڕەکان کوشتنی جورئەت و ئازادییە، تەنانەت گەر ئەو باوەڕە نەفیکەرەوەی دۆخی باو و بیری باویش بێت. لێرەوە دەبینین جۆرێک لە دینامیزمی بەردەوام واتە جووڵەی بەردەوام لە نووسەردا سەرهەڵدەدا. هەستدەکەین ئەو نابێ و ناتوانێ لە شوێنێکی تایبەت بۆ کاتێکی زۆر راوەستێ. لۆژیکی جووڵە بەسەریدا زاڵە و لە راستیدا ئەمەیە دەیجووڵێنێ،... بەردەوام! جووڵە دەرفەت دەدا پانتایەیکانی جورئەت پان و بەرینتر بکاتەوە و لەگەڵ زۆر شوێنی قەدەغە پێوەندێکی دەق ئامێز بگرێ.

داخۆ ئەمە بەجۆرێک ئێمە لە بیر و هەڵوێستی نیچە نزیک ناخاتەوە کە هەڵگری نیهیلیزمە؟ بێگومان. نیهیلیزم بەڕێژەییکردنی بەهاکانە و نەفی موتڵەق بوونیانە. بەڵام لەهەمان کاتدا نیچە باوەڕی بە پیاوە گەورەکان (با بڵێین مرۆڤە گەورەکان) هەیە کە دەتوانن خوڵقێنەری بەهای نوێ بن. واتە کەسانێک هەن دەتوانن نیهیلیزمی سەردەم بشکێنن و بەهای تازە چێبکەن ئەگەرچی ئەو بەهایەیش دەتوانێ کاتی بێت.

دیارە دەق (واتە چیرۆک و رۆمان) داڕێژەری تیۆرە فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان نین، بەڵام دەربڕی ئەو رەوتانەن وا دەگەنە ئەمە. نووسەر لە رێگای دەقەوە رەوتە نوێیەکان دەنوێنێتەوە و لێرەوە دەبنە یەکێک لەو شتانەی وا تێمان دەگەیەنن کە ژیان گۆڕاوە یان دەبێ بگۆڕدرێ. نووسەر دەکرێ نهیلیست نەبێ، بەڵام رەوتە نیهیلیستیەکان دەنوێنێتەوە. کۆمەڵگا هەمیشە پانتایی ململانێی نێوان بیرە جۆراوجۆرەکان بووە و دەق لە ناخی خۆیدا هەڵگری ئەم ململانێیە. ئەو نووسەرەیش لە نوواندنەوەی ئەم ململانێیەدا سەرکەوتووە کە زیاتر لەوەی وەک لایەنگر دەرکەوێ وەک پیشاندەر دەردەکەوێ.

بێلایەن وەستان لە ناو دەقدا جورئەتی دەوێ. پێش لەهەر شتێک جورئەتی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خۆ وەک هەڵگری بیروباوەڕێکی تایبەت. رەنگە زۆر جار ئەمەمان وەک خیانەت لە خۆمان و لە بیروباوەڕمان بێتەبەرچاو، بەڵام لە راستیدا وەها نیە. لەبەر ئەوەی ئەمە لۆژیکی نووسینی دەقە. دەق گەر دەیەوێ دەربڕی حەقیقەت لە بەربڵاوترین مانای خۆیدا بێت، دەبێ نووسەر ئەوە بزانێ کە مامەڵەیەکی پلۆرالیستیانە لەگەڵ حەقیقەت بکا.

هەر ئەم حاڵەتەیە کە خەسڵەتی مرۆڤگەرایانەی دەق دەباتە سەرەوە و سەرەڕای ئەوەی رەنگە نووسەر لە ناو دەقی خۆیدا هەڵگری رەوتێکی دژی ئەم خەسڵەتەیش بێت.

زۆر جار هەبوونی ئازادی دەتوانێ بکوژی خودی ئازادی بێت. لێرەدا ئازادی خۆی لە خۆیدا دەبێ بە ئامانج. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئازادی خۆبەخۆ ئامانج نیە. ئازادی بەردەوام لە پێناوی شتی تردایە و بۆیە لە پێوەندێکی دیالکتیکیدایە لەگەڵ زۆر بواری تر. بۆ ئەوەی ئازادی نەبێ بە بکوژی ئازادی، دەبێ مرۆڤەکان وەک بەستێنێک بۆ کارەکانی تریان لێی بڕوانن. بەستێنیک کە هەمیشە پێویستە. ئازادی بەستێنە بۆ پڕۆژە بەردەوامەکان لە رێگای جورئەتەوە. ئازادی نابێ ببێ بە هۆکاری خاوبوونەوەمان. ئازادی تازە بە مانای سەرەتای رێگایە، سەرەتای دەستپێکەکانمانە.

ئێمە دەنووسین لەبەر ئەوەی نووسین پراکتیزەکردنی جورئەتە. نووسین پانتاییەکە تێیدا جورئەت هەوڵدەدا سنووری بیرەکانی تر و روانگەکانی تر بشکێنێ و بەم شێوەیە رێگا بۆ رووانینی تر بکاتەوە. دەق گەر هەڵگری جورئەت نەبێ بریتییە لە دووپاتکردنەوەی جاران و تەسلیم بوون بە دۆخی باو.

درێژەی هەیە...