غەفوور ساڵحی

 لە درزی نێوان دوو لۆنەی پەردەی سوورئاڵی بەر پەنجەرەکەوە، تیشکێکی شکاو وەک هەڵمێکی پەشمینەی نوورانی دەپژایە ژوور و  خەتێکی ڕوونکاڵی لەسەر تەختی فەڕشەکە نەخشاندبوو. چووە بەر پەنجەرە. بۆ لادانی پەردەکە، لە دوولاوە دوو دەستی هەڵێنا. بازن و خرخاڵ، لە مەچەکەوە داخزان و بە شوێنێکی ساقۆڵی، سفت و سپی و سۆڵەوە گیرسانەوە.

 

گومان

غەفوور ساڵحی

      ئەم لە خەو ڕاچەنی، وەک خەونێکی ناخۆشی دیبێ. ئەملاولا، تماشایەکی جێگەکەی کرد. پێی سەیر بوو ئەوی لێ نەبوو. خۆی بە تەنها بوو و بەخۆی گوت: «ئێستا زۆر زووە بۆ سەرکار، بڵێی بۆ کوێ چووبێ؟ شەو گوتی سبەی کارێکم هەیە، بەڵام نەیگوت چ کارێک. منیش لێم نەپرسی. حەیف لێم نەپرسی. کار!؟ بەم بەیانییە زووە و کار؟!... نازانم!» هەر بیریشی بۆ ئەوە نەدەچوو کە بە مۆبایلەکەی زەنگێکی بۆ بدات. بە هێواشی، لەسەر پەنجەی قاچەکانی چوو بۆ ئەو دیو. منداڵەکەیان نووستبوو. گەڕایەوە ژوورەکەی خۆی. بۆخۆیشی هەستی بە خەواڵوویی دەکرد. گەڕایەوە سەر قەرەوێڵەکە. زۆر تلایەوە و ئەمدیواودیوی کرد، بەڵام بێسوود بوو. خەوی لێنەدوکەوتەوەو، ئەویش دیار نەبوو بێتەوە. دوو لەپی دەستی نایە سەر تەختی قەڕەوێڵە دووکەسییەکەو زەختی لە خۆی کرد، ڕاست بووەوەو پشتی دا بە باڵشتەکەوە. کەوتە دونیای وەهم و خەیاڵەوە. پێیچوو و ئەو هەر نەهاتەوە. تەنهایی، بردی بەرەو خەیاڵات و خەیاڵاتیش بردیانەوە سەر خەونە پچڕاوەکەی: «حەیف خەوم لێنەکەوتەوە، بەڵکوو بچوومایەوە سەر ئەو خەونە. ئەو خەونە چۆن بوو؟ ئاهااا!! دەی خۆ خەونێکی ناخۆش نەبوو، ئەی بۆ ڕاچەنیم؟!» شتێک لە شوێنێکی زەین و دەروونییەوە دنەی دەدا بەرەو مۆبایلەکەی. هەستا و لە چارپاکە هاتەخوار.

    مۆبایلی ھەڵگرت و چووە بەر ئاوێنەکەو تماشایەکی خۆی کردو کەوتەوە گرتنی ئەو ژمارەی کە چەند ڕۆژ بوو پێوەی سەرقاڵ بوو. دەیگرت و دەیگرتەوە، بەڵام جواب نەبوو. ئێستا، وەک هەلێکی باشی بۆ ڕەخسا بێت، دەستی پێکردەوە. زۆری هەوڵدا، بەڵام،... هیچ. بۆخۆشی پێی سەیر بوو بۆ لێی ماندوو نابێت! لەوە سەیرتر بەلایەوە ئەوە بوو کە زۆربەی جار ژمارەکەی بە دروستی بۆ نەدەگیرا. ئەمجاریش گرتییەوە و گرتییەوە و گریتیەوە و هەر نەیتوانی: «ئەوە بۆ وام؟! چم بەسەر هاتووە؟! جا توخوا وەرە ژمارەیەکت بۆ نەگیرێ! وەک ئەم ژمارە لەگەڵ ژمارەکانی دی فەرقی هەبێ! بۆ ئەبێ فەرقی هەبێ؟! ژمارە هەر ژمارەیە و تەواو، ئەی بۆ؟! بڵێی هی ترس بێ؟! ئەی ئەگەر هی ترس نییە، هی چییە؟!...»

    بە ھاسانی نەیدەتوانی ھەمووجارێک ڕەقەمەکانی سەر تەختە کلیلی مۆبایلەکەی، دووابەدووای یەک و وەک خۆی بپێکێت. شک و گومان وایلێکردبوو، زەین و چاو و قامکەکان، خەتی یەکتریان نەدەخوێندەوە. پەنجەکان وەک گومانیان بێت لە جێبەجێکردنی خواستی خاوەنەکەیان، ھەر پتەیان بوو. کە ڕەقەمێکی دەپێکا، ڕەقەمی دووایی بە هاسانی بۆ نەدەدۆزرایەوە. نێوانی زەمەنیی قرتاندنی دوو ژمارە، زۆری دەخایاند، وەها کە ئێستا گشت ژمارەکانی نەپساندبوو، زرینگەی موبایل پێیدەگوت کە دەبێ سەرلەنوێ لە یەکەم ژمارەوە دەسپێبکاتەوە. ئەویش بێ ئەوەی هەست بە ماندوویی و بێزاری بکات، دەگەڕایەوە سەرەتا. ڕێدەکەوت جارجارێک، ژمارەکەی بە تەواوی بۆدەگیرا، بەڵام لەوسەرەوە دەنگێک نەبوو. زۆربەی جار، هەر لەمسەرەوە دەنگ دەهات. موبایلەکەی خۆی بوو پێیدەگوت: «مۆشتەرێکێ گرامی، مۆشتەرێکێ مەوردێ نەزەرێ شۆما دەر دەسرەس نیست، لۆتفەن...» لەدەستی دەرچووبوو چەن جاری گرتبوو. قەت وا نەبوو. پەستا پەستا دەیگرتەوە دیسانەوە دەیگرتەوە. ئەوەی کە بە بیریدا نەدەهات، ماندوویی بوو. بەردەوام بوو بەڵام هەرچی کرد سەرکەوتوو نەبوو.

    دوڕدوونگ بوو. نەک لە مۆبایلەکەی... لە خۆی! بەسەرسووڕمانەوە تماشایەکی موبایلەکەی کرد و بە خۆی گوت: «ئەوە بۆ؟! وەڵڵا ئەڵێی تاقە کەلاسێکم دەرس نەخوێندووە؟! کێشە لە موبایلەکە نییە، لە خۆمە. من خۆم باش دەناسم. لەم جۆرە کاتانەدا تووش وەهم و خۆفێکی سەیر دەبم. نازانم بۆ. دەبێ بترسم؟! نابێ بترسم؟! نازانم...» نیگای تووڕەی داکەوت و زەق بۆوە سەر موبایلەکەی. ئەمجار ئیتر لێی بێزار بوو. لەخۆشی عاسی بوو. لە ناکاو بە قینەوە گوشیەکەی فڕێدایە سەر کورسی بەر پەنجەرەکە.

     لە درزی نێوان دوو لۆنەی پەردەی سوورئاڵی بەر پەنجەرەکەوە، تیشکێکی شکاو وەک هەڵمێکی پەشمینەی نوورانی دەپژایە ژوور و  خەتێکی ڕوونکاڵی لەسەر تەختی فەڕشەکە نەخشاندبوو. چووە بەر پەنجەرە. بۆ لادانی پەردەکە، لە دوولاوە دوو دەستی هەڵێنا. بازن و خرخاڵ، لە مەچەکەوە داخزان و بە شوێنێکی ساقۆڵی، سفت و سپی و سۆڵەوە گیرسانەوە. تیشکی تیژی خۆری بەرەبەیان، لە نێوان دوو ساقۆڵی گۆزەڵەیی شلک و ناسکەوە، بەگوژم خۆی بە ژووری چاوەکانیدا کرد. دەسبەجێ جفتێک برژانگ کەوتنە کار. بەشێوەی ئۆتۆماتیک جووتێک مژۆڵ وەک دوو سەدەف، بۆ پاراستنی دوو مرواری چاوەکانی یەکھاتنەوە. قژە خاوەکانی کۆ کردەوە و بە ڕووبانێک لە پشتە ملییەوە دایمەزراندن. هەدای هەر نەبوو و سوکنایی هەر نەهات. هاتووچۆ و جمووجووڵی ئازای جەستەی، نیشانی نەسرەوت و شپرزەیی و نائارامیی دەروونی بوون.

     بیری شێواو و شپرزە، وە هەڵپەی خستبوو و نەیدەزانی چ بکات. پەنجەرەی کردەوە. داهاتەوە و ھەنیشکەکانی نایەسەر لێواری پەنجەرەکە. دوو لەپی دەست، وەک جووتێک کۆڵەکە لەژێر چەناگەیەکی هێلکەیی جێیان خۆشکرد. سەری وەک مەندۆڵی نائارامی كاژمێر، هەر لە هاتوچۆدا بوو. دوور و نزیک، لە ئەملاولای ڕوانیی. ڕوانیە ئەو دەرەوەی، کە پڕ بوو لە دەیان پەنجەری ھاوشێوەی ماڵەکەی خۆی. دەیان پەنجەرەی پەردەپۆشی نەهێنی پارێز، کە هیچ باس و خواس و نەهێنییەکیان بۆ نەدەدرکاند. بیری لە شتێک دەکردەوە: «بڵێی لە پشت ئەو پەنجەرانەوە چ باس بێ؟! تۆ بڵێی لەو ماڵانەش لەم خەبەرانە ھەبێ؟! هەی لە من! بەخوا پێموانیە کەس وەک من...»

     ئەو هەر نەهاتەوە و ئەمیش خولیا و خەیاڵ بەربینگیان پێگرتبوو و، گینگڵیان دەدا. حەجمینی نەبوو. هەر دەهات و دەچوو، لەم سووچ بۆ ئەو سووچ، لەمسەر بۆ ئەو سەر؛ هێندە خولایەوە، هەستی بە گێژی و ماندوویی دەکرد. هەستی دەکرد، گشت جومگەکانی جەستەی داوەشاون. ملی بادەدا و شانەکانی هەڵدەتەکاند. ئەستوونی جەستەی ڕاستکردەوە و دەستەکانی لە پشتەملییەوە قوڵف کرد. بە زەختێکی زۆر، هەنیشکەکانی لە پاڵ شەویلکەکانیەوە پێک نزیک کردەوە. گوێی لە قرپەی کۆڵنجەکانی بوو. سوکناییەک بە ئازای جەستەی گەیشت و مەیل بە حەسانەوە بۆ سەر مۆبلە پەمەییەکان ڕاکێشیان کرد. درێژ بوو. جەستە بە شوێن هەدا و حەسانەوەدا بوو، کەچی زەین و دڵ و دەروون،  بیری لە تۆزکاڵێک سرەوت و ئاسوودەیی نەدەکردەوە. خانەی دەروونی بە دڵەڕاوکێ میچ بڕ ببوو. دڵ دەیگوت، دەی دەی، مێشک دەیگوت نەکەی. مەودای نێوان بیرگەو دل، ببووە مەیدانی کێبەرکێ و زۆرەوانی دوو ''من''. دوو من، کە لەگەڵ یەک ناتەبا بوون و لێک ڕاسابوون و کەوتبوونە باری ململانێ: «زەنگ بەو بیریشی لێمەکەرەوە»، «نا،نا نەکەی. بە قسەی مەکە»، «منم دەڵێم زەنگ بە، دە زووکە دەی! لەچی دەترسی؟!»، «منم پێت دەڵێم، نەکەی زەنگ بەی. نەکەی نا.»

     چەن ڕۆژێک بوو وای بەسەر هاتبوو. لە پەراوێزی بەشداریی لە ئاھەنگێکی شاییدا، بابەتێک خزابووە خانەی زەینیەوە. لە گەڵ بڕانەوەی ئاهەنگی شایی، سەرهەڵدانی ئارەزوو و کەڵکەڵەیەکی زەینی، تووش کێشەیەکی سەختی دەروونی کردبوو. پاش گەڕانەوە لەو ئاهەنگە، تەنانەت بۆ کورتە دەمێکیش نەگەیشتبوە سوکناییەکی دەروونی. نەیتوانیبوو بگات بەو ئارام و قەرارەی کە بیبات بەرەو ئەندێشە و بیرکردنەوەیەکی ڕوو لە چارەسەر. وەهم دایگرتبوو و بە دەم خەیاڵەوە چاوەکانی ڕەشکەوپەشکەیان دەکرد. لە نێو شەپۆلی گومان و ڕاڕاییدا، نەیدەزانی خۆی باتە دەست کام یەک لە دوو ھەستی ناتەبا و، مل کەچی کامیان بێت. گەیشتبوە دوڕیانیێک، نەیدەزانی کامە ڕێگا هەڵبژێرێت. بڕیاری بۆ نەدەدرا: «ئەیەڕۆ بۆ وام بەسەر هاتووە؟! زەنگ بەم یان نا؟! تۆبڵێی عاقیبەتی ئەم کارە چۆن بێ؟! باش یان خراپ؟ باش کە نابێت. بڵێی ئەمجارە، جوابم بداتەوە؟ جا باشە وا جوابیشی دایەوە و''ئەرێ'' بوو، من دەبێ بڵێم چی؟ منیش ئەرێ بم؟! نا، نا! هەرچەن پێمخۆشە جوابم بداتەوە، بەڵام بریا جوابی نەدابایەوە. یان ئەگەریش جوابی ھەبوو، ''ئەرێ'' نەبوایە...»

     دیسانەوە ھەستا، چۆوە بەر ئاوێنە تەواوقەدەکە و ڕوووەو خۆی وەستا. نوقمی چاوەکانی بوو کە پڕبوون لە جوانییەکی ئاوێتەی شک و گومان. ئەمجاریش لە خۆی وردبۆوە و ورد خۆی ھەڵسەنگاند. سەیرێک بە چاوی مشتەری. سەرسام بوو لە جوانی لەشولار و سێحری چاوەکانی. دیسانەوە مەیلەکانی ورووژان. خۆی بۆ نەگیرا. وەک بڕیاری کۆتایی دابێت، بێ ئیرادە پەلکێشبۆوە بەرەو مۆبایلەکەی. ئەمجار بە سرنجێکی زۆرترەوە و بە شێنەیی، بە قامکە ئیشارەی، کە بەھۆی نینۆکە درێژە ڕەنگاڵەکەیەوە، درێژتری دەنواند، یەکەم ڕەقەمی پساند. زۆر بە وردی، (0)، دوابەدوا ڕەقەمەکانیدی، (.... ٩١)، بۆ دوایین ڕەقەم سووکە وەستانێکی کرد؛ ئەویشی پساند. تەزووێکی گەرم و تیژ دایگرت. ئاخر ئەمجارە لەو جارانە بەدەگمەنانە نەبوو کە ئەولا لەدەسڕسیشدا بوو، بەڵام جواب نەبوو. نا، نا، ئەمجار دوای چەن زەنگی ئازاد، بۆ یەکەمجار لەولاوە دەنگھات«ئەلۆ فەرموون؛ ئێوە؟ فەرموون؛ بۆ قسە ناکەن؟ ئێوە کێن؟! کارێکتان بوو؟!...ئەلۆ، ئەلۆ...» بەجارێک پەشۆکا و تەشقی دڵەڕاوکێ گشت ئازای تەنی. خافڵگیر بوو:«تۆ بڵێی ئەو بێ؟! جا با ئەویش بێ!» لەگەڵ ئەوی نەبوو. لەگەڵ خۆی بوو. لە وڵامدا منەمنێکی دەکرد و چدی بۆ نەدەگوترا. کەوتە لێوگەستن و بە خۆی گوتەوە: «بڵێی ئەو بێ؟ ئەیەڕۆ جا با ئەویش بێ! ئەوە من خەریکی چیم؟!» هەستی بە هەڵەیەکی کۆشندە دەکرد. وەک بە هەورازێکی چەتووندا هەڵگەڕابێت، پشووی سوار بوو و لە گەڵ دەنگی هەر هەناسە و دانەوەیەک سەر سنگی بەرز و نزم دەبۆوە. ناوچاوانە سفت و سافەکەی دێراودێراو ببوو. نەیدەوێرا جواب باتەوە. لێوی خوارووی پاڵی بە لێوی سەروویەوە ناو، بەرەو نووکی لووتی خونچە بوون؛ وەها کە بەحاڵ کونەلووتەکانی دیار بوون. کەوتەوە ھەناسە بڕکێیەک، وەک مار دەیفیشکاند. گووشییەکەی هێنابووە خوارەوە، نەبەشکم ئەولا بە هەناسکەهەناسکی بزانێت. پەنجەی قاچەکانی بێئارام، لێکدەخشان و بەرز و نزم دەبووونەوە. بەرە پێکانی مێروولەیان دەکردو، لەوێوە وەک مووچڕکێک هەڵدەگەڕا و، ئازای ڕۆح و جەستەی دەلەراندەوە.

     لە ناکاو گوێی لە دەنگێک بوو. دەنگەکە جیاواز بوو. داکەوت. موبایلەکەی دانەکەوت، نا،نا، دڵی داکەوت. تاسا! ئێستا گووشی هەر بەدەستەوە بوو و ئەولاش لە ئەلۆئەلۆ نەکەوتبوو،  کە بەو دەنگە ڕاچەنی. دەنگی کرانەوەی دەرگای حەوشە، بە جارێک تاساندی. بە هەشتاو بەخۆی گوت: «ئۆۆۆی! خۆ لەبەر ئەم نەحلەتییە ئەوم بەجارێک لەبیر چووبۆوە. بەزاتی خوا خۆیەتی، چون هەر ئەو کلیلی پێیە!!» هێندەیکەش تاسا! کەوتە هەڵپەهەڵپ. فریانەکەوت پێوەندیەکە بسڕێتەوە، یاکوو ئەقەلی کەم، موبایلەکەی خامۆش کات. ئەوەندە فریا کەوت، پەلەپەل، پێوەندیی پچڕی و، گووشی فڕێدایە ژێر قەڕەوێڵە دووکەسیەکە. گورجێک پەڕیە بەر ئاوێنەو دەستێکی بە سەروڕوویدا ھێنا. لە گەڵ وەتاغی خەوی جێهێشت و خۆی گەیاندە هاڵەکە، هاوکات دەرگا کرایەوە و ئەو هاتە ژوور. بۆنی خوشی سەنگەکیی گەرم بە ژوورەکەدا پژا.

     ئەم مووچڕکەکانی کەوتنەوە کار و سەرلەنوێ لەرییەوە. ئەو پێی سەی بوو. ئەم بێ ئەقرە بوو و، ئەو هەر پێی سەیر بوو. ئەم دڵی پڕ و ڕوو لە هەنیسکە بوو، ئەو بە چاو پێیگوت، ئەوە بۆ وای؟! ئەم نەیهێشت سەنگەکییەکان دانێ، خۆی هاویشتە باوەشی و ئەو زۆر ئاسایی لە ئامێزی گرت. لە باوەشیدا ئاوێتەیەک لە بۆنی ئاشنای ئەو و عەتری سەنگەکی گەرم، پەردەی نەرم و ناسکی بۆنایی دەلاواندەوە. شانۆکە خەریک بوو دەگەیشتە پاژێکی تەواو ڕومانسی عاشقانە. ئەم و ئەو خەریکبوون دەبوون بە یەک، کە بە دوو دەنگی تیژی هاوکات، لە ناکاو گوێکان قوت بوون و سرنجەکان گوێزرانەوە. دەنگیی تیژیی گریانیی منداڵێک لە ژووری ئەملا و، زرینگەی تیژی پەستا پەستای مۆبایلێک لە شوێنێکی نادیاری ژووری ئەولا... ئەو بەلایەوە ئاسایی بوو، بەڵام ئەم بە خۆی گوت:« ئەی خوایە! ئەیەڕۆ لەبیرم نەبوو، ئەقەلی کەم، بیخەمە سەر سایلێنت؟!