ما 8024 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دڵشاد خدر

لە دوای ١٩٨٦ وە کار و چالاکیەکانی حزب بە شێوەیەکی بەرچاو هەلکشابوو و رۆژانە پێشمەرگەکانی حزب لە چواردەوەری هەولێر کارو چالاکیان هەبوو و، لە نیو شاریشدا رێکخستنەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرفرەوان ببوون و ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنگرانی لایەنەکانی تر پەیوەندیان بە رێکخستنەکانی حزبمانەوە دەکرد.

 

 سەربووردەیەک لە تێکۆشانی رۆژانی نهێنی (٢)

گیرانی هاورێ ئارام و دەرهاویشتەکانی

دڵشاد خدر

هاورێ ئارام یان موحسین عوسمان یەکێ لەو ناوانەیە کە مشتومرێکی زۆری لەسەرە لە نیو شیوعییەکانی هەولێر بەگشتی و ئەوانەی لە سەردەمی تێکوشانی نهێنی پەیوەندیان بە حزبەوە هەبووە لە شاری هەولێر بە تایبەتی. بەداخەوە زۆرێک لەوانەی لە دوورەوە دەیناسن یان ئاگاداری شێواز و بەدواهاتنەکانی گیرانی نەبوونە و لە خەلکی ترەوە ناوی هاورێ ئارام و شێوازی گیرانەکەیان بیستوە بە بێ بوونی زانیاری دروست، چییان گوێ لێبووە بەبێ بیرکردنەوە لە ناوەروکی چیرۆکەکە ئەوە دەگێرنەوە کە گۆێبیست بوونە. هۆکاری سەرەکی ئالوز کردنی رووداوەکانیش ئەو تۆیژەن.  رێژەیەکی زۆریش لە گەلی کورد وان ئەوەی گوێ لێبووە زۆر کوێرانە بەبێ بیرکردنەوە، بەرگری لێدەکات.  

مشتومرەکەی سەر هاورێ ئارام زیاتر لەسەر ئەوەیە ئایا لە کاتی گیرانی لەلایەن دائیرەی ئەمن ئیعترافی لەسەر هاورێیان کردوە یان نا! ئەو پرسیارە تا ئێستاش وەلامێکی وای نەدرایەوە کە هاورێیان و گیراوەکانی ئەوکات، رازی بکات و حزبیش وەک هەموو رووداوەکانی تر هیچ رونکردنەوەیەکی ناوەندی بۆ گیران و لێکەوتەکانی گیرانی هاورێ ئارامی نەبووە! ئەوە یەکێ لە کێشە کوشندەکانی لە مێژینەی نیو حزب بووە، چەندین رووداوی گرنگ لە نیو حزب روویانداوە، سەرکردایەتی حزب نەهاتووە دەرهاوێشتەکانی ئەو رووداوە بە شێوەیەکی روون بۆ هاورێیان و لایەنگرانی روونکاتەوە، بەلکو خۆی لێنەکردونەتە خاوەن و هەر ئاوا بەجێی هێشتووە و کێشەکان هەر وا ماونەتەوە. لەو نێوەندەشدا راستیەکان وونبوونە و دەیان کێشەی تری بەدوای خۆیدا هێناوە! گیران و هەلویستی هاورێ ئارامیش هەروا مایەوە.  هەندیک لەو هاورێیانەی کە ئەو کاتی گیراون، دەلێن ئێمە بە ئیعترافی هاورێ ئارام گیراوین و لەولاشەوە هاورێ ئارام لەو شارەدا پەیوەندی حزبی لەگەل دەیان لە هاورێیان هەبووە و دەیان مالیشی وەک شوێنی حەوانەوەی خۆی بەکار هێناوە و ئەوانەش کەسیان نەگیران و کەسیشیان نەکەوتنە بەر چاودێری دائیرەی ئەمن ئەوەش ئەو مانایە دەدات کە هاورێ ئارام ئیعترافی لەسەر ئەوانە نەکردووە. وەک لۆژیکیش، ئیعتراف لە ئەنجامی روخانی کەسەکەوە دەبێت و کەسێکیش کە روخا ناتوانی کونترولی خۆی بکات و ئیعتراف لەسەر کەمینەک بکات و زۆرینەش بپاریزێ.

 ئارام کەسێکی سادە بوو، کەمێکی لە هونەری رێکخستن دەزانی و زۆریش لە جموجۆلەکانی نیمچە ئاشکرابوون و زۆریشی حەز لە قسان بوو. هەر بۆیەش کەم دەیتوانی کار و چالاکیەکان و نهێنیەکان بە شاراوەی بهێلێتەوە، کەمیش شارەزایی لە روشنبیری مارکسیەت و فکر هەبوو، بەڵام کەسێکی پاک و بەدەست بوو لەوەش زیاتر دلسوزی بۆ حزب لە ئاستێکی بەرزدا بوو و لەنیو مالانیش خاوەن ئەخلاقێکی بەرز بوو. ئەو هەر لە مناڵیەوە لە رێگای خێزانەکەیەوە ئاشنای حزب دەبێت و بە خێزانەوە تێکەلاوی ژیانی تێکوشانی ئەو حزبە بوونە. باوکی (مام عوسمان) شیوعییەکی ناسراوی گوندی گردە رەشە بووە. لە پرۆسەی خیانەتەکەی مەمۆشدا برایەکی لە خۆێ بچوکتری  بە ناوی داود کە پێشمەرگەیەکی ئازای حزب بوو گیراوەو ئیعدام کراوە

ئەو کاتەی ئێمە لە قوناغی دواناوەندی بووین و لە رێکخستنە نهێنیەکانی نیو حزبی شیوعی کارمان دەکرد، هەموو کاتەکان لە هەوڵی ئەوەدا بووین کە گوێبیستی هەوالەکانی حزب بین، ئینجا هەوالەکان هەرچی بوایە، گرنگ ئەوەبوو شتێک دەربارەی حزب و دەنگ و باسەکانی ئەوکاتی حزب و هێزی پێشمەرگەی حزب بزانین. هەر ئەوکات بوو ناوەکانی م رەوەند و گوران و ئارام و کۆچکردوو ئەحمەد عەوینە و شەهیدان کوچەر و سەفەرمان دەبیست. ئێمەی هەرزەکار وامان دەزانی هەر چەند لەوانە نزیک تر بیت زیاتر شیوعییت و زیاتر خزمەت دەکەیت. بێئاگا لەوەی  ئەوانە هەموویان بۆ دەزگا ئەمنیەکانی بەعس ناسراو بوون، هەندیک لەمانە بە شێوەیەکی زۆر باش لەلایەن دەزگا ئەمنیەکان ناسراوبوون. بۆ نمونە کۆچکردوو ئەحمەد عەوینە چەندین سال نوینەری حزب بووە لە بەرەی بەعس لە شاری هەولیر و شەهیدی هەمیشە زیندوو شەهید سەفەر لە کاتی بەرەدا نوێنەری حزب بووە لە بەرە لە شاری مەخمورداو زۆرینەی ئەمنەکانی هەولێرش خەلکی ئەو ناوچەیە بوونە، ماموستا رەوەند لەگەل لێدانی حزب یەکسەر لەلایەن دائیرەی ئەمنی هەولێر دەگیرێ و پاش وەرگرتنی ئەو زانییاریانە پیویستیان پێبووە لییان وەرگرتووە و پاشان پاکانەیان پێ پرکردۆتەوەو و ئازادییان کردوە. هەر ئەوانەش بە نهێنی ماوە ماوە دەهاتنەوە نیو شارو لە مالاندا خۆیان حەشاردەدا. بوونی ئەوانە لە هەر مالیک مەترسیەکی زۆر بوو بۆ خانەخوییەکە. زۆرێکیش لە مالەکان پێیان خوش نەبوو کە ئەوانە سەردانیان دەکەن یان شەوانە خویان لە نیو مالەکانیاندا حەشاردەدەن، بەراستیش ترسەکە رەوا بوو، بەعس ئەوکاتی لە لوتکەی درندایەتی خۆیدا بوو. بەپێی یاساکانی بەعس، کۆمەک و یارمەتی ئەو کادیرانە دەچووە خانەی هەولدان بۆ رووخانی دەسەلات! بە هەموو پێوەرێک بوونی ئەوانە لەو مالانە زۆر ترسناک بوو بە تایبەتی بۆ ئەو مالانەی منالیان هەبوو، چونکە منال زۆر کەم دەتوانێ نهێنی بشارێتەوە!

ئێستاش من تێنەگەیشتم بۆ حزب بەو شێوە تەقلیدیە رێکخستنی لە نێو شارەکاندا بەرێوە دەبرد. بینە پێش چاوانت کەسانیک کە پێشمەرگەن و ناسنامەی ساختەو قولابیان (تەزویر) پێیەو و چەکدارن و لە شارەکان دەسورێنەوە گوایە رێکخستنی نهێنی بەرێوەدەبەن. بە تایبەتی ئەو کات کە شەری ئیران و عیراق لە ئارادابوو و شارەکان یەک پارچە بە دەزگا ئەمنیەکانی بەعس تەنرابوون! بێجگە لە دەزگا ئەمنیەکان ئەوانە بۆ زۆرینەی کۆنە شیوعیەکان و هەندیک لە دێهاتیەکانیش کە دانیشتووی نیو شار بوون ناسراوبوون و ئەوانش هەموویان بە پاکی نەمابوونەوە. لەوانەش ترسناکتر، ئەو کادیرانە ئەوکاتانەی دەگەرانەوە نیو ناوچە رزگار کراوەکان یان نیو مەفرەزەکانی پێشمەرگە هەموو پێشمەرگەکان دەیانزانی ئەوانە کادیری حزبین و لە نیو شارەکان کاری حزبی دەکەن. پرۆسەی تەسلیم بوونەوەی پێشمەرگەش هەموو کاتەکان هەر بەردەوام بووە، هەر پێشمەرگەیەکیش تەسلیم ببوایەوە ئەوە دەبوایە لە دائیرەی ئەمن لێکولینەوەیان لەگەل بکردبایە و ئەوانیش کۆمەلیک زانیاریان لە کەسی تەسلیم بۆوە وەردەگرت! لەسەرەوەی ئەوانەشەوە دەزگا ئەمنیەکان کۆمەلیک کەسی خویان هەبوو لە نیو رێکخستنەکانی حزبدا کە پێیان دەوترا موئتەمین (واتە باوەرپێکراوە) ئەوانە هەندیکیان موچەیان هەبوو و هەندیکیان سوودی مادییان لەو پەیوەندیە وەردەگرت. ئەوانە بە شێوەیەکی هونەری رێنمایی دەکران و بە چری موتابەعە دەکران و لە کاتی پێویستدا دەدیتران بۆ ئەوەی زانیاریان لێوەرگیری و لە هەمانکاتدا رێنمایی دەکران کە چون هەلسو کەوت، هەم لە نیو رێکخستنەکان هەم لە نیو خەلکی بکەن. لەکاتیکدا حزب دەیتوانی کاری رێکخستنی ناو شارەکان بە کەسانێک بسپاردرابوایە کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە شارەکان دەژیان و بۆ دەزگا ئەمنیەکان نەناسراوبوون، چونکە رێژەی ترسناکی لەسەر ئەو کادیرانە کەمتر دەبوو و رێکخستنەکانیش پاریزراوتر دەبوون.

هەر چەند من لە رێگایەکی ترەوە پەیوەندی حزبیم هەبوو، بەلام چونکە بێ ئەزموون بووین لە زۆر شوێن کە پێویست نەبوو هەر  قسان بکەین، ئێمە بە توندی بەرگریمان لە حزب دەکرد بە تایبەتی بەرامبەر ئەوانەی ئەوکات خۆیان بە یەکێتی دەزانی وایان دەزانی گورەپانەکە هەمووی هەر ئەوانن، ئێمەش دەمانویست بوونی خۆمان بسەلمێنن و هێرشمان دەکردە سەر سیاسەتی ئەو کاتی یەکێتی کە خۆی لە پاوانخوازی گورەپانەکە دەدیتەوە. من ئەوکات پەیوەندیم بە هاورێ دلشاد سدیقەوە هەبوو کە لەگەل خۆم لە قوتابخانەی رزگاری بوو و کارەکانیشمان زۆر بە باشی دەرویشت. لە هەمان کاتدا من یەکێ لە یاریزانەکانی تۆپی بالەی هەولێر بووم و زۆریش بە ئاشکرا لە نیو یاریزانەکان بەرگریم لە حزب و رێبازەکەی دەکرد. دەتوانم بلیم زۆرینەی یاریزانەکان دەیانزانی من شیوعیم. ئەو سەردەمیش هاورێی کوچکردوو عەزەدین (پاشان نازناوی هاورێ هاوکاری هەلبژارد لە ژیانی پێشمەرگایەتی) لەگەل ئێمەدا یاریزانی بالە بوو و ئەویش ئەندامی رێکخستنەکانی حزب بوو. رۆژێکیان لە نیو سیارەکەی خویدا کە بیجویەکی پیکاب بوو، باسی حزبایەتی و پەیوەندی حزبی لەگەل کردمەوە. ئەو وایدەزانی من پەیوەندی حزبیم نیە و هەولی دەدا پەیوەندیم بۆ دروستبکات. منیش هەر دەم ویست بابەتەکە بگۆرم و خۆم وانیشاندەم کە پەیوەندی حزبی بەلای منەوە گرنگ نیە بەقەد ئەوەی مروڤ بەرگری لە راستیەکان بکات. ئەویش هەر دەهاتەوە سەر بابەتەکەو باسی ئەوەی بۆ دەکرم بەم رێگایە ئەدەبیاتی حزبم بەدەست دەگات و حزب لە نزیکەوە ئاگاداری چالاکیەکانم دەبێت. منیش ووتم ئەگەر مەبەست ئەدەبیات بێت ئەوە بەدەستم دەگات و نامەوێت ئێستا پەیوەندی رێکخستنم هەبێت، لە داهاتووش بیرێکی لێدەکەمەوە. کوچکردوو عەزەدین ئەو رۆژە وازی لێهێنام بەلام پاشانیش جار بە جار ئەو بابەتەی هەر دەکردەوە تا رۆژێکی پاش کاتی راهێنانمان لە بالە، منی بردەوە مالی خویان. مالەکەیان  نزیک  تەکیەی شێخ عبدولکریم بوو. پاش چوونە ژوورەوە و دانیشتن لە ژووری مێوانان کەسێکی لاوازی بەژن نە کورت و نە درێژی سمێل رەشی زەق لە ژوورەکەی ئەو دیووە هاتە لامان و بە خێرهاتنی کردم و لەگەلمدا بە دەنگێکی نەرم کەوتە قسان. بەبێ پێشەکی راستەوخۆ کەوتە باسی حزب و کۆمەلیک پرسیاری دەربارەی من و خێزانەکەمان و شوێنی مالمانی کرد. منیش وەلامم دەدایەوە، دیار بوو زانیاری لەسەر من هەبوو لە رێگای کوچکردوو عەزەدینەوە ئەو بانگهێشتەش بۆ مالەوە بە پیلان بووە بۆ ئەوەی من ببێنێت و بمناسێت. پاش دانیشتنێکی کورت من گۆمانم کرد کە ئەوە کادیری حزبە بەلام نەم دەزانی کێیە. هەر خۆی پاشان خۆی ئاشکرا کرد کە هاورێ ئارامە و لەو نزیکانە لە مالەوە سەردانم دەکات. ئێوارە پێش نان خواردن من خواحافیزیم لە هاورێ ئارام و مالی کوچکردوو عەزەدین کردو هەر بە پێیان گەرامەوە مالەوە. لە رێگادا زۆر بیرم لەو دیدارە کردەوە و  چەندین پرسیاریشم لەلا دروست بوو، پێش هەموویان. بۆ بەو خێراییە خۆی بەمن ناساند و چون بە دانیشتنیک ئەو متمانەی بە من و خێزانەکەمان کرد کە بێت و لە مالەوە سەردانمان بکات و لامان بمێنێتەوە؟ ماوەیەک ئەو پرسیارە و چەندین پرسیاری تر لە مێشکم دەسورایەوە! زۆر جارانیش هەر خۆم دەم ووت باشە خو مالەوەمان کەسیان شیوعی نیە و تەنیا من ئەندامی حزبم و چون بە مالەوە بلیم کە ئەو برادەرە بۆ خۆ شاردنەوە دێتە مالی ئێمە و پێویستە ئێمەش بیپاریزن بە تایبەتی ئەو کات فەرهادی برام تەمەنی هەر دە سالیک دەبوو و دوو خوشکیشم هەر تۆزیک لەو گەورەتر بوون. هەر چەند مالەوە دەیانزانی من پەیوەندیم بە حزبەوە  هەیە و ئەدەبیاتی حزبم دەهێناوە مالەوە و ئێوارانیش ئەگەر لەمال بومایە ئیزگەی دەنگی گەلی عیراقم دەکردەوە. کێشەیەکی تری هاورێ ئارام ئەوەبوو ئەو رۆژەی دەهاتە مالەکان، ئێواران دەهات تا ئیوارەی روژی دوایی دەمایەوە و منیش قوتابی بووم دەبوایە مالەوە جێ بێلیم ئەو بە تەنیا لەگەل دایکم و خوشک و براکەم لەمالەوە بێت. بۆ نیگەبەتی ئێمەش مالی دایکی ماموستا موحسینی ئیستەخبارات بەرامبەر مالی ئێمە بوو و دایکی ماموستا موحسینیش ژنێکی ووریا بوو و  هەموو کاتەکان یان لە پێش دەرگای خۆیان  دادەنیشت یان دەهاتە پێش دەرگەی ئێمە لەگەل دایکم دادەنیشتن. هەر هەفتەیەک بەسەر دیدارەکەی من لەگەل هاورێ ئارام تێپەربەبوو و ئێوارەیەکی پاش نان خواردنی ئێوارە لە دەرگا دراو منیش دەرگام کردوە سەیرم کرد هاورێ ئارامە و یەکسەر هاتە ژوورەوە و پێکەوە چووین لە دیوەخانەکە دانیشتین و تا کاتی خەوتن هەموومان پێکەوە دانیشتین و پاشان من و هاورێ  ئارام لە ژوورەکەی پشتەوە جێگامان بۆ راخراو پێکەوە کەوتینە قسان و تا نزیک بەیانی نەنووستین و هەر قسەمان دەکرد.

بەیانیەکەی کە من لە خەو هەستام ئەو بە ئاگابوو لەسەر جێگایەکەی خۆی دانیشتبوو. دایکم نانی بەیانی بۆ ئامادەکردبووین و نانمان پێکەوە خوارد و من رۆیشتم بۆ قوتابخانە.

ئەو رۆژە دەوامەکە زۆر بە زەحمەت رویشت و هەر تەواو نەدەبوو خەیالیشم زۆر لە لای مالەوە بوو، هەر چەند دەم زانی دایکم ئەو توانایەی هەیە کە بتوانی هاوکاری هاورێ ئارام بکات ئەگەر هەر شتێک بێتە پێشەوە. ئەو کاتە من گەیشتمەوە مالەوە هاورێ ئارام هەر لە ژوورەکەی پشتەوە لەگەل دایکم دانیشتبوو و قسەیان پێکەوە دەکرد. زۆری پێنچوو من و هاورێ ئارام پێکەوە نانمان خواردوو دیسان تا ئێوارە هەر پێکەوە لە هەمان ژوور قسەمان کرد و دیسان نانی ئێوارەمان خواردوو هاورێ ئارام خۆی ئامادەکرد کە بروات. پێش ئەوەی بچینە دەرێ من چومە پێش دەرگاو سەیرێکی کۆرانم کرد و هیچ شتێکی نامۆ نەبوو بۆیە ئەویشم بانگ کردوو پێکەوە روویشتن و تا نزیک حمامی ئیسکان بەرێم کرد و گەرامەوە مالەوە. دیار بوو دایکم هەر لە پێش دەرگا راوەستابوو، کە گەیشتمەوە مالەوە ووتی ئەوە بۆ دواکەوتیت. منیش بەبی دەنگی چوومەوە ژوورەوە. پاشان ئەو هاتنانەی هاورێ ئارام هەر بەردەوام بوو  بۆ مالی ئێمە و لە مالی ئێمەش هاتنەکانی بوونە شتێکی رۆتین و زۆر ئاسایی بوون. بێجگە لە مالی خۆمان من زۆر جاران هاورێ ئارامم لە مالەکانی هاورێ سلاح مەزن هەر لەگەرەکی سیداوە  و مالی کاک عبدلقادری لە گەرەکی مفتی و و مالی ئەحمەد رازی لە گەرەکی ٩٢ دەدیت و زۆر جارانیش بە رۆژ ئەگەر بۆ شوێنیک بچوبوایە لەگەلی دەچووم  بۆ ئەوەی لە دەرەوە چاودێری وەزعەکە بکەم و ئەو نەکەوێتە تەڵەوە. هەر لە رێگای منەوە کۆمەلیک دۆستی منی ناسی کە شیوعی نەبوون و سەر بە لایەنەکانی تر بوون ، هاورێ ئارام بۆ خۆ حەشاردان سەردانی ئەوانیشی دەکرد بە تایبەتی کاک ئازاد ئارمان لە گەرەکی مەنتکاوە دادەنیشتن. ئەو وەزعە هەر بەردەوام بوو تا مانگی دوازدەی سالی ١٩٨٦ و هەموو کارەکان بەبێ کێشە دەرویشت.

لە دوای ١٩٨٦ وە کار و چالاکیەکانی حزب بە شێوەیەکی بەرچاو هەلکشابوو و رۆژانە پێشمەرگەکانی حزب لە چواردەوەری هەولێر کارو چالاکیان هەبوو و لە نیو شاریشدا رێکخستنەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرفرەوان ببون و ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنگرانی لایەنەکانی تر پەیوەندیان بە رێکخستنەکانی حزبمان دەکرد. هەر ئەو پێشکەوتنە بووە هۆکاری ئەوەی دەزگا ئەمنیەکانی بەعس زیاتر چاودیری رێکخستن و لایەنگرانی حزب بکەن. دەزگا ئەمنیەکانی بەعس ئاگادار بوون کە ژمارەیەک لە کادیرانی حزب هاتوو چۆی شاری هەولێر دەکەن و تێیدا دەمێننەوە. بۆیە بە بروای وان گرتنی ئەو کادیرانە زەربەیەکی کوشندە لە حزب دەدەن لە نیو شاری هەولێر. بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو کارەشیان پشتیان بەو ژمارە باوەرپێکراوی خویان بەستبوو کە هەندێکیان لە نیو رێکخستنەکانی حزب بوون و هەندێکیشیان نزیک بوون لەو کادیرانە بە تایبەتی لە رێگای خزمایەتیەوە. دەزگا ئەمنیەکان کارەکانیان بە پیلانی پێشوەختە ئەنجامدەدا و پەلەیان لە کارەکانی خۆیان نەدەکرد. هەر ئەو ماوەیەش بوو دەزگا ئەمنیەکان لە رێگای پێاوانی خۆیان توانیان هاورێی شەهید هاورێ کوچەر بخەنە داوەوە و بە نیازی گیرانی، بەلام شەهید کوچەر لێیان هاتە دەست و لە ئەنجامی مقاوەمەتێکی ئازایانەدا شەهید بوو. هەر دوایی ئەو دیسان دەزگا ئەمنیەکان لە رێگای چەند جاسوسێک توانیان هاورێ سەفەر بخەنە داوەوە و دەستگیری بکەن، بەلام هاورێی شەهید زۆر خوراگرانە نهێنیەکانی پاراست و هیچی نەدرکانت تا لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهید بوو. هەر لەو سەروبەندەدا هاورێیان ئەبو عەلی شەقلاوەو جیهانگیر شەقلاوەیی کە دووکادیری حزب بوون لە ناوچەی خوشناوەتی لە نیو شەقلاوە دەستگیرکران. هاورێ ئارامیش هەست دەکات موتابەعە دەکرێت، بۆیە داوا لە هاورێیانی سەرەوە دەکات کە ئەو ئەرکەی ئێستای لێبستیننەوە رێگای پێبدەن بگەرێتەوە سەرەوە.

لە کوتاییەکانی مانگی ١٢ی سالی ١٩٩٦ هاورێ ئارام بۆ حەشاردانی خۆێ ئێوارەیەک دەچیتە مالی ئاموزایەکی باوکی کە ناوی کاکل رەزا بوو لە گەرەکی ئیسکان مالی کاکلی رێک کەوتبووە گەرەکەکانی پشت مالی عبدالخالق کە ئامر مەفرەزی مەفرەزە خاسە بوو. کاکل کۆمەلیک برای هەبوون، هەر چەند ئەوانە پێشتر هەر هەموویان شیوعی بوونە بەلام پاش چوونە دەرەوەی حزب لە بەرەدا زۆرینەی براکانی کاکل پەیوەندی بە دەزگا ئەمنیەکانەوە دەکەن و کاریان بۆ دەکەن بە تایبەتی شاکریان کە زۆر چالاک بوو لە یارمەتی دانی دەزگا ئەمنیەکان و جەندین تاوانی بۆ بەرژەوەندی ئەمن ئەنجامداوە. ئەو بنەمالە پەیوەندیشیان لە رێگای خزمایەتی لەگەل عومەر حەسەنی سەروک جاش هەبوو. ئەوان وا خۆیان نیشان دەدەن کە دەیانەوێت مەمۆی خائین بکوژن و تۆلەی شەهید داود بکەنەوە کە ئاموزایانە. هەر ئەو ئێوارەیەی هاورێ ئارام لە مالیان دەبێت هەموو براکان دەچنە مالی کاکل و داوە لە ئارام دەکەن کە ئەو شەویش لە مالی کاکل بمێنێتەوە. بەلام ئارام هەست بە شێوازیک لە نارێکی لە جموجۆلەکانیان دەکات بۆیە هەندیک دەترسێ و دەلێت من ئەو ئێوارەیە دەرۆم بەلام رۆژێکی تر دێمەوە لاتان. پاش تاریک بوون، هاورێ ئارام مالی کاکل جێدێلێت و دەچیتە دەرەوە، هەر ئەو ئێوارە هاورێ ئارام بریار بووە لە بەرامبەر مزگەوتی گەرەکی کۆماری چاوی بە هاورێیان هوگر و هندرین بکەوێت و هاورێ ئارام هەندیک لە هێلە رێکخستنەکانی حزبی بداتە هاورێ هندرین و بەرە بەرە هاورێ هندرین شوێنی هاورێ ئارام لە شاری هەولێر بگرێتەوە. هەر بۆ ئەو مەبەستە هاورێ ئارام لیستێکی بەو ناوانە، موحسین عەزیز، ئەسکەندەر عوسمان، شوکر هەینی، تاهیر عەلی و ئارام ناویک بوو ئامادە دەکات تا لە دیدارەکە بیداتە هاورێ هندرێن و ئەویش پەیوەندیان پێوە بکات. شوێنی دیدار زۆر دوور نەبووە لە مالی کاکل بۆیە بە خێرایی بە ناو کۆلانەکانی ئیسکان رەت دەبوو و دەیەوێت بگاتە شوێنی دیدار. ئەو کاتەی دەگاتە کۆلانە تەسکەکی بەرامبەر مزگەوتی کوماری لە دوورەوە هاورێیان هوگر و هندرێن دەبێنێت کە چاوەروانی دەکەن. پێش ئەوەی لەو کۆلانە تەسکە دەرچێت چاوی بەدوو کەس دەکەوێت کە یەکێکیان لەسەر چیچکان دانیشتوە و ئەوی تر بەرامبەری لە پێش دەرگایەک راوەستاوە و قسانە پێکەوە دەکەن. هەر دووکیان وا خۆیان نیشان دەدەن کە خەلکی ئەو گەرەکەن و هاتونەتە دەرەوە و پێکەوە قسان دەکەن. ئەوان زۆر بە هێمنی بەردەوام دەبن لە قسەکانی خۆیان تا هاورێ ئارام دەگاتە نێوانیان. هەر لەگەل رەت بوونی هاورێ ئارام بە بەردەمیان هەردووکیان بە خێرایەکی زۆر پەلاماری دەدەن و هەر یەکەیان دەستێکی دەگرن و لێناگەرێن دەست بۆ هیچ ببات، هەر چەند هاورێ ئارام لەسەرەتا هەولدەدات خۆی لە دەستیان رزگاربکات بەلام ئەوان زۆر لە هاورێ ئارام بەهێز تر و بە هەیکەلتر بوون بۆیە هەموو هەولەکانی هاورێ ئارام بێ ئەنجام دەبێت. هەر لە هەولەکانی هاورێ ئارام بۆ رزگار بوونی خۆی خوار دەکاتەوە و  قەپ لە دەستەکانی یەکێکیان دەگرێت و پاشان هاوار دەکات کە ئەو هاورێ ئارامە و گیراوە، هەر لەگەل گیرانی ئارام کۆمەلیک ئەمن دەگەنە شوێنەکە و یەکێ لە ئەمنەکان شاکر رەزای برای ئەو کاکلە بوو کە شەو لە مالیان مابۆوە و هەر خۆشی ئێوارەکەی سەردانی مالی کاکلی کردبوو و لەگەل ئارامدا قسەی کردبوو. قەپە گرتنەکانی هاورێ ئارام  بۆ ئەوە بوو کە بتوانی دەستی ئازاد بێت و دەست بۆ دەمانجەکەی ببات و هاوارەکانیشی بۆ ئەوەبوو کە هاورێیان هۆگر و هندرێن شوێنەکە بەجێبێلن و ژیانیان نەکەوێتە مەترسیەوە و هەروەها خەلک ئاگاداربێت لە دەستگیرکردنەکەی و ئەو زانیاریە بلاو ببێتەوە کە کادیرێکی حزبی شیوعی بە ناوی ئارام گیراوە. پاش گواستنەوەی ئەوان یەکسەر هاورێ ئارام دەبەنە پێش کەسێک گوایە مەحمەد هەمزە زوبیدی بووە کە ناوبراو  بەرپرسی رێکخستنەکانی باکوری حزبی بەعس بووە. ئەو کاتەی ناوبرا چاوی بە ئارام دەکەوێت کە هەموو گیانی بە خۆێنە یەکسەر دەلێت بۆ واتان لەو پێاوە کردوە. وادی شەهاب ئەو کەسەی لە پرۆسەی  گرتنەکەدا پەلاماری دەستی چەپی ئارامی دابوو وەلامی مەحمەد هەمزە دەداتەوە و دەلیت سەیدی بەس ببینە چی لە دەستی نەقیب عەزەدین کردوە! نەقیب عەزەدین ئەو کەسەبوو کە لە گرتنی ئارامدا پەلاماری دەستە راستی ئارامی دابوو و ئارامیش قەپی لە دەستی گرتبوو. هەر ئەو شەوی پرۆسەی ئەشکەنجەی ئارام دەست پێدەکات و ئەویش هەر دەلیت شاکر رەزا خزممەو ئەو بەلێنی پێداوەم کە تەسلیمم دەکاتەوە ئەو دەمانجەو نارنچوکەش هی شاکرە. ئەوان باش ئارامیان دەناسی و زانیاریان زۆر بوو لەسەر ئارام بۆیە گالتەیان بە قسەکانی دەهات و درێژەیان بە پرۆسەی ئەشکەنجەی ئارام دەدا و  و دەیانوێست بگەنە زانیارییە شاراوەکان کە لەلای ئارام بوون و ئەوان نەیاندەزانی.

مانەوەی ئارام لە ئەمنی هەولێر زیاتر لە چوار دە مانگی خایاند و چەندین شاهیدیشی لەسەر بوو کە هەندیکیان گوایە لە رێکخستنە نهێنیەکانی حزبیش بوونە و لە ژێرەوە لەگەل ئەمن کاریان کردوە، لەوانە یونس عبدالرحمان کە مالیان لە گەرەکی مەنتکاوە بوو و فتاح توفیق ناوێک کە خەلکی شاری کۆیە بووە. هەروەها هەریەک لە مەمۆ و شاکر رەزاش شاهید بوونە لەسەری کە ئارام بەرپرسی رێکخستنەکانی حزب بووە لە هەولێر. بێجگە لەمانە زۆرینەی بەریدەکانی حزب لە رێگای پێاوانی خۆیان پێش ئەوەی بگاتە شوێنی مەبەست دەبرایە دائیرەی ئەمن دەتوانین بلێت زۆرینەی ئەوانەی بریدیان دەگواستەوە، ئەمن بۆ خۆی کەسبی کردبوون. بە تایبەتی کەسێک کە ماوەیەکی زۆر بەریدی حزبی پێرەوانەی هەولێر کراوە و کەسەکە شوڤێر بووە لە نیوان حەریر و هەولێر بە ناوی عەلی، ئەو عەلیە بە بێ ئەوەی کەس هەست بە کارەکانی بکات بێجگە لەوەی هەموو بەریدەکانی پێش ئەوەی بگەینێتە شوێنی مەبەست تەسلیمی دائیرەی ئەمنی کردوە، زیرەکانەش کاری کردوە بۆ بەگرتدانی چەندین هاورێی بە تایبەتی ئەوانەی بەریدی بۆ بردوون و یان گواستینەتەوە

.لەسەرەتای مانگی سێ ی ١٩٨٨ ئارام دەگوازنەوە بۆ بەغداو لە ٨ی ئازاردا لە دادگای شورش بە دوو مادە حوکم درا یەکێکیان بە ئیعدام و ئەوی تر بە زیندانی هەتا هەتایێ. لەو چواردە مانگەی ئارام لە زیندانی ئەمنی هەولێر دەبێت چەندین لە ئەندام و لایەنگرانی حزب دەگیرین، هەر زوو هاورێیان موحسین و ئەسکەندەر و شوکر و ماموستا تاهیر دەگیرین ئەو چوار هاورێیە ناوییان لەو لیستە بوو کە لە ئارام گیرابوو. هاورێ ئەسکەندەریش ئیعتراف لە سەر کەسیک دەکات و  ئەویش دەگیرێ. بەلام هەر زوو ئەو بە هۆی خۆ گونجاندنی لەگەل داواکانی دائیرەی ئەمن ئازاد دەکرێت. هەر پاش ئەوانیش کومەڵیک هاورێی تر لێرەو لەوێ دەگیرین. لەوانە لوقمان شێخە و دلشاد مامە و ئەحمد رازی لە نیو هەولێر، بیلال عوسمان و عبدولفەتاحی برای موحسین یاسین لە نیوان گوندی گەرەشێخان و دۆڵەبەکرە دەگیرین.بە داخەوە مام ئەحمەد لە ژێر ئەشکەنجەدا شەهید دەبێت. ئارام هەموو کاتەکان دەلێت من ئیعترفم لەسەر کەسیان نەکردوە ئەوانە بە هۆکاری جیا جیا گیراون و لە زیندانی ئەمنیش من نکۆلیم لە پەیوەندی ئەوانەوە بە منەوە کردوە. هەر واشە ناکرێت تۆ ئیعتراف لەسەر کەسێک بکەیت و پاشان لە لێکولینەوە نکۆلی بکەیت کە پەیوەندی بە تۆوە نیە! لە نێو گیراوەکاندا هاورێ ئەسکندەر و ماموستا تاهیر و کوچکردوو لوقمان شێخە دەدرێنە دادگا و هەردوو هاورێ ماموستا تاهیر و ئەسکندەر بە ٢٤ سال زیندانی حوکم دەکرێن و کوچکردوو لوقمان شێخە ئازاد دەکرێت. بیلال عوسمان و عبدولفەتاح یاسین لە ئەمن ئازاد دەکرێن، بەلام دەگوازرێنەوە بەشی هێشتنەوە بە هۆکاری ئەوەی برایان پێشمەرگە دەبێت و دلشاد سامان هەر زوو ئازاد دەکرێت، پاش ئازاد بوونی من سەردانم کردو زۆرم زانیاری لیوەرگرت، ئەو ووتی ئارام هیچ ئیعترافیکی لەسەر من نەبووە. لە کاتیکدا ئارام دەیزانی کاکە دلشاد ئەندامی حزب بووە و لە ریگای سلاح مەزنەوە پەیوەندی بە حزبەوە هەبووە. کاکە دلشاد ترسی هەبوو پاش ئازاد بوونەکەی جاریکی تر بگیریتەوە بۆیە داوای کرد یارمەتی بدەین بۆ ئەوەی پەیوەندی بە هیزی پئشمەرگەی حزبەوە بکات. پاش چەند رۆژیک ریگامان بۆ خۆش کرد و گەیاندمانە شوینی مەبەست.

هاورێ ئارام پاش دادگایی دەیگوازنەوە زیندانی حکومدراوەکان بە ئیعدام. لەسەرەتا گەنجێکی خەلکی بەغداد بە ناوی مەحەمەد علگاوی کە ئەویش لەسەر حزبی شیوعی گیرابوو پێشوازی دەکات و پێدەلێت هەولدە ئیفادەی خۆت نەگوری و پێویستیش ناکات جنێو بدەیت چونکە ئەوانە هیچ لە کێشەکانی تۆ کەم ناکەنەوە. ئارام سێ مانگ لەوێ دەمێنێتەوە رۆژگیان ئەو لێژنەی بۆ بەدواداچوونی حکومکراوانی بە سێدارە دروستکرابوو بانگی دەکەن و کۆمەلێک پرسیاری لەسەر ئیفادەکانی لێدەکەن و ئەویش هەر وەک چون لەسەرەتادا ئیفادەی داوە هەمان قسە دەکات. پاش یەک هەفتە لێبوردن بۆ 12 زیندانی دەردەچێت کە یەکێکیان هاورێ ئارام دەبێت، زیندانیەکانی تر کە دەزانن هاوری ئارام ئازاد دەبیت. هەولدەدەن هەوالی خۆیان بە ئارام رەوانەی مالەوە بکەن. جەمال شینە کراسەکەی خۆی کە شتی لەسەر نوسیبوو بە هاوری ئارام بۆ دایکی رەوانەدەکاتەوە و ئەویش دەیگەینیتە دایکی ناوبراو. پاش دوو روژان لە برایاری ئازاد بوونی  دەیهێننەوە دائیرەی ئەمن و لەوپێش چاوی بە هاورێ سوران دەکەوێت کە بە تومەتی تەزویر گیرابوو، هاورێ سوران لە رێکخستنەکانی حزب بوو لە هەولێر هەر ناوبراو زانیاریەکی گرنگ دەداتە ئارام لەسەر کەسێک کە رژیم ناردویەتیە دەرەوە بۆ ئەوەی زیان بە حزب بگەینێت. ئەمنی هەولێر پاش وەرگرتنی کەفیل ئارام ئازاد دەکات و ئەوەیش دەگەرێتەوە مالەوەیان کە ئەو کات مالیان لە دارەتوو بووە، شەوێک مەفرەزیەکی حزب سەردانی دەکات و ئەویش هەموو ئەو زانیاریانەی لەلا بووە داویەتیە حزب بەو زانیارەی کە هاورێ سورانیش بۆ حزبی ناردبوو کە زانیاریەکە رێگری کرد لە گەیاندنی زیان بە حزب و هاورێیان. من یەکەم جار پاش بەربوونی لە مانگی ١١ی ١٩٨٩ لە سەرەتای شێخەلا بە رێکەوت چاوم پێکەوت و زۆریش پێکەوە راوەستاین و قسەمان زۆر پێکەوە کرد. من ئەوکاتیش ترسێکی وام لە هاورێ ئارام نەبوو کە ناپاک بێت.

درێژەی هەیە...

 

 

                                                                                                                         

گەڕان بۆ بابەت