فەڕۆخ نێعمەتپوور

 بارزان چاوەکانی هەتا دێن زیاتر شڵ دەبن. بەزەحمەت چاوهەڵدێنێ و سەیری دەرگاکە دەکاتەوە. ئا، پێوەدراوە، بەڵام دانەخراوە. بارزانی قابلەمە لەبەر خۆیەوە دەڵێ چاوی دەرێ! ئەوسا بیری چین دەکەوێتەوە. ئای یادی بەخێر ئەو ساڵانە! چەند خۆش بوون.

 

دەچمەوە بۆ چین

فەڕۆخ نێعمەتپوور

نیوەڕۆیەکی گەرمی هاوینە. یەکجار گەرمە. هەتاو تەواو بێ بەزییە. دەڵێی دابەزیوەتە سەر زەوی. رێک لەسەر جادەکە لە تەنیشت دووکانەکە چوارمیلکە لێی دانیشتووە و بە بێ ئەوەی لەگەڵ کەس بدوێ، تەنیا خۆی زیاتر فش دەکاتەوە. ناتوانی سەیری دەرەوە بکەی. تیشک ئەوەندە بەهێزە کە هەموو شتێک لە بەستێنی سپیی خۆی دەکاڵێنێتەوە و لە خۆیدا نوقمی دەکا. دونیا بووە بە گڕ.

'بارزانی قابلەمە' لە دووکانەکەی خۆی دانیشتووە. وەڕەز بەسەر کورسییە رەشە رەنگ هەڵبزرکاوەکەیدا شۆر بووەتەوە. تاقەتی هیچ شتێکی نیە. هەناسەی بە زەحمەت هەڵدێ. بە دەستماڵێکی تەڕ زوو زوو ناوچاوان و پشت مل و ژێر ملی دەسڕێتەوە و جارجارەیش بە لێوانێک لە فلاسکەکە ئاودەخواتەوە. وەک بۆ خۆی دەڵێ خوای نەماوە. دەڵێ ترامپ هیچ و کڕۆنا هیچ و ئەمەیش بە سەریا، بەزیانەبێ لەم گەرمایە!... ئاخر خواگیان تۆ بۆ؟

بەڵام بارزانی قابلەمە کافر نیە تا ناشوکرییەکانی بخایەنن، بۆیە دەستبەجێ دەڵێ ئەستەغفوروڵڵا، ئەوسا فوویەک بە دەوری خۆیدا دەکا و زمانی بەئاستەم دەگەزێ. بەڵام ترامپ و کڕۆنا و گەرما بەردەوام هەر لەوێن. بارزان هەروا ناوچاوی تاڵە.

لە رادیۆکەوە بەحاڵ نووزەیەک دەگاتە گوێ. هەمیشە وەهایە. رادیۆکە گەر گوێیشی لێنەگرێ، بەڵام رۆشنە. دەنگەکەی لەو نیوەڕۆیە چۆڵ و بێدەنگەدا و لەم بێ بازاڕییەدا کە سەری بارزانی قابلەمەیشی وەک هەموو خەڵکی ئەم راستەبازارە خواردووە، وزەبەخشە. ناهێڵێ زۆر هەست بە تەنیایی بکا. لە رۆچنەیەک دەکا کە لێیەوە تیشکێکی نوورانی دەڕژێتە تەویلەیەکەوە. بارزان ئەوەندەی تر خۆی بە لادا دەخا. هەست دەکا بەجوانی گوێی لە دەنگی هەتاوە. لە خەیاڵیا سەرێک بادەدا. گوێی لێیە رادیۆکە بەپەلە هەواڵێکی تایبەت دەخوێنێتەوە و باس لە نزیکبوونەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئەمریکایی لە فڕۆکەیەکی ئێرانی دەکا کە بەرەو لوبنان بەڕێوە بووە. ئا، جوان گوێی لێیە. بگرە کەمێکیش دەبزوێ، بەڵام هەر وا شلە. جەستەی زۆر ناجووڵێ.

لە دوێ شەوەوە هەواڵێکی خۆش بڵاوبووەتەوە. حکومەت لەگەڵ چین سازاوە و قەرادادێکی بیست و پێنج ساڵەی لەگەڵ بەستووە. بارزانی قابلەمە هەواڵەکەی پێخۆش بوو، هەرچەند زۆری نەبزوواندبوو. بەڵکو دەروویەک لەم خەڵکە بکرێتەوە و رزق و رۆزی روو لە وڵات بکاتەوە، بەڵام هەرچی دەیهێنێ و دەیبا زۆریش پێی دڵخۆش نیە. ئەی ئەوە نیە ترامپ هەڕەشە دەکا و قەڵەوکەی وەزیریشی بەگژ وڵاتی چیندا دەچێتەوە! بارزانی قابلەمە دەست دەبا کەمێک دەنگی رادیۆکە زیاد دەکا. لەسیاسەت زۆر ناگا، بەڵام لای سەیرە کە حکومەت لەگەڵ حکومەتێکی کافر و خوانەناس لەم ئاستەدا سازاوە. لەبیریەتی کاتی خۆی کە قاچاخچی بوو و ئەمدیواودیوی سنووری دەکرد، باس باسی تووتە و چریک بوو. ئەو تووتانەی هێنایاننە سەر تەلەفزیۆن و قسەیان پێکردن. دەیانگوت خوانەناسن و بۆیە وایان لێدەکەن. بارزان لە تەلەفزیۆنەکە رامابوو، لێی وردببوەوە، ئەوانەی وا دانیشتبوون و روو بە کامێراکە دەدوان سەرەڕای هەموو شتێک چەند زیرەک دەهاتنە بەرچاوی، باشە ئەو هەموو قسە لە کوێوە دێنن،... تەح! جا لێیان گەڕێن داخۆ چی دەکەن! ئەمەی دەگوت و پاش ماوەیەک زۆر خێرا هەڵدەستا و چیتر تاقەتی گوێگرتنی نەدەما. بۆچی سەری خۆی بە شتێک بێشێنێ کە تێی نەدەگەیشت. دیسان بیری چین کەوتەوە. بە خۆی گوت بەخوا سیاسەت سەیرە، کافرەکان یەک رۆژ دۆستن و یەک رۆژ دوژمن،... دە تێی هەڵڵە!

کتوپڕ ویزەی مێشێک هاتە گوێی. مێشکوژەکە لەسەر مێزەکەی بەردەمی هەڵدەگرێ و بە بێ وازی چاوی بۆ دەگێڕێ. لای سەیرە ئەمەیان بزواوە. چەند رۆژێکە مێشکەکانیش حاڵی فڕینیان نیە. لە کاتێکدا دەستی ئامادەیە و چاوی لە گەڕدایە، مێشەکە دەبینێتەوە کە لەسەر کورسییەکی بەرامبەری نیشتووەتەوە. بارزانیی قابلەمە هەرچی حسێبی دەکا دەبێنێ دەستی تەنانەت بە مێشکوژەکەیشەوە ناگاتە ئەوێ. بۆیە وازی لێ دێنێ. لە ژێر لێویەوە دەڵێ بەخوا شانست هێنا. ئەوسا سەیری ریزی قابلەمەکان دەکاتەوە کە لە جۆرەها شێواز و ستایل لەم سەرەوە تا ئەو سەر لە ناو رەفەکاندا چاوەڕوانی مشتەرین. ئەو مشتەرییانەی لەمێژە لە دووکانەکەی و بەگشتی لە بازاڕ تۆراون. لەحنەت لە وڵاتی بێ پارە!

پەرداخێکی تر ئاو دەخواتەوە. لاملێکی تری لێ دەسڕێ و زیاتر خۆی لەناو کورسییەکەدا نوقم دەکا. لەژێر چاوەوە سەیری ئەیرکۆندیشنەکەیش دەکا. بڕیاردەدا بۆ ساڵێکی تر حەتمەن بیگۆڕێ. لە دەرەوە دەنگی چۆلەکەکان دێنە گوێ. تاق و لۆق جارەوبارە ماشینێک تێدەپەڕێ. بارزان چاوەکانی هەتا دێن زیاتر شڵ دەبن. بەزەحمەت چاوهەڵدێنێ و سەیری دەرگاکە دەکاتەوە. ئا، پێوەدراوە، بەڵام دانەخراوە. بارزانی قابلەمە لەبەر خۆیەوە دەڵێ چاوی دەرێ! ئەوسا بیری چین دەکەوێتەوە. ئای یادی بەخێر ئەو ساڵانە! چەند خۆش بوون. بەخوا وڵاتێکی بەپیت و بەرکەت بوو، لە زۆر و بۆریی خەڵکەکەی، لە شارە گەورەکانی، لە چراخانی بوونیان، لە کچۆڵە ناسکەکانیان، ئای یادی بەخێر،... چۆن قوڕمان بۆ گیراوەتەوە!... نا نا، دەبێتەوە،.... دەچمەوە، ژیان هەروا نابێ. بارزان بەرەبەرە چاوەکانی تەواو دەنیشنە سەر یەک. مێشەکەی بەرامبەری هەڵدەفڕێتەوە و ئەمجارە لەسەر شانی چەپی دەنیشێتەوە. بارزان ئاگای لێ نیە. مێشکوژەکە لە دەستییەوە بەردەبێتەوە و، دەکەوێتە خوارەوە.

بارزانی قابلەمە لە ناو فڕۆکەیەکدایە و لە قووڵایی ئاسمان بەرەو چین بەڕێوەیە. وەک هەمیشە لە پەنجەرە گچکەکەوە سەیری ئاسمانی روون و بەرز دەکا. سەیری هەورەکان کە لەو خوار خوارانەوە سپی دەکەنەوە. گمەگمی تەیارەکە کە دەبێتە هۆی کپ بوونی گوێ،... لەرەی بەئاستەمی. بارزان باوەڕناکا دیسان بەرەو چین بەڕێوەیە. لە دوواسەفەر چەند ساڵێک دەگوزەرێ. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوی و لە موسافیرکەی تەنیشتی دەڕوانێ. دەبینێ کابرایەکی چینییە. بە بزەوە پێی دەڵێ "هەوریو؟" کابرای چینیش بە رووخۆشی وەڵامی دەداتەوە. بارزانی قابلەمە لەوپەڕی ناباوەڕیدا دەبینێ بە کوردی دەدوێ! دیسان سەیری دەرەوە دەکاتەوە و لەبەر خۆیەوە دەڵێ وادیارە دونیا زۆر گۆڕاوە!

لەم کاتەدا کتوپڕ فڕۆکەیەکی شەڕکەر خۆی دەگەیەنێتە تەنیشت تەیارەکەی ئەوان. جوان چاوی لە فڕۆکەوانەکەیە. فڕۆکەوانەکە کە لە ئاست کورسییەکەی بارزاندا راوەستاوە، ماسکەکەی لەسەر دەموچاوی لادەبا و بە ئاماژەی لێو و دەست بە بارزان دەڵێ بۆ کوێ؟ ئەمیش دەڵێ بۆ چین،... بۆ شانگهای. فڕۆکەوانەکە ناوچاوی لێ تاڵ دەکا و دیسان ئاماژەی پێدەکاتەوە کە دەبێ بگەڕێتەوە. بارزان دەڵێ بۆ، بەڵام کابرای فڕۆکەوان تەنیا درێژە بە ئیشاراتەکانی دەداتەوە. زۆریش تووڕەیە. بارزانی قابلەمە لە ئیشارەکانی کابرا واتێدەگا ئەگەر نەگەڕێتەوە ئەوا بە مووشەک جنسەکانی دەتەقێنێتەوە و لەناویان دەبا. کە فڕۆکەکە دووردەکەوێتەوە بارزان وێنەی ئاڵایەکی ئامریکا بە کلکییەوە دەبینێ.

بارزان کە زۆر ترساوە، بەڵام هەر کە دەگاتە چین ئەمە نابێتە هۆکارێک بۆ پەشیمانبوونەوەی و جنسەکانی هەر دەکڕێ. بۆ دڵنیایی زیاتریش دەچێ بۆ وەزارەتی دەرەوەی چین و باسی هەڕەشەی فڕۆکە ئامریکاییەکەیان بۆ دەکا. چینییەکان پێدەکەنن و دەڵێن پێویست ناکا نیگەران بێت. دەڵێن ئەوان لەگەڵ بارەکەی، مووشەکی دژەئاسمانی بەڕێدەکەن و ئیتر هیچ فڕۆکەیەکی ئەمریکایی ناوێرێ توخنیان کەوێ. بارزانی قابلەمە کە زۆر خۆشحاڵە، دوواشەو یەک قاپ ویسکیی چاک دەخواتەوە و لە جیاتی ژنێک، دووان دەباتەوە بۆ هوتێلەکەی. خوایە ژیان چەند خۆشە کە وەک جارانی لێهاتووەتەوە!

بۆ بەیانی پێش ئەوەی بچێ بۆ فڕۆکەخانە، دیسان بۆ دڵنیایی زیاتر دەچێ بۆ شوێنی بارکردنی جنسەکانی و بۆ دوواجار سەیری بارەکەی دەکاتەوە کە خەریکە سواری کەشتی دەکەن. کەشتییەکە چەند گەورەیە. ئەوسا سارۆخە دژە ئاسمانییەکانیش دەبینێ کە لە بەشی دوواوەی پاپۆڕەکە دامەزراون و لە سەریان بەکوردی نووسراوە "بارزانی قابلەمە پارەکەی داوە." بارزان کە لە هەموو شتێک دڵنیایە، لەدووای ئەوەی تێروپڕ سەیری دوورکەوتنەوەی کەشتییەکە دەکا، تاکسییەک دەگرێ و بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێدەکەوێ. هێشتا چەند سەد میترێک دوور نەکەوتوونەتەوە کە دەنگی هاژی تەیارە و تەقینەوە دێت. تاکسییەکە رایدەگرێ و بارزان بەپەلە دادەبەزێ، لە دوورەوە کەشتییەک دەبینێ کە دەتەقێتەوە و گڕ و دووکەڵێکی چڕ نوقمی خۆیان کردووە، لە ئاسمانیش فڕۆکەیەک دەبینێ کە بە مووشەک پێکراوە و خەریکە بەرەو ناو دەریاکە بەپەلە دەکەوێتەوە خوارەوە. رۆحی بارزان دەبێ بە ئاوێنەیەکی هەزار لەت.

بارزانی قابلەمە هەست بە چزەیەکی یەکجار ناخۆش لە لووتیا دەکا. بەپەلە دەست بۆ لووتی دەبا و لە خەو رادەچڵەکێ. مێشەکە لەو خێراتر بوو، خۆی دەربازکرد و بەرنەکەوت. بارزان کە یەکجار تووڕە بوو، چاوی بۆ مێشکوژەکە گێڕا. هەر بینییەوە هەڵیگرت و شوێن مێشەکە کەوت.

ئەگەرچی لەدەرەوە دونیا هەر وا دەکوڵا و چین چین ئارەقە بەسەروگوێلاکی بارزانی قابلەمەدا دەهاتە خوارەوە، بەڵام هەتا مێشەکەی نەکوشت وازی نەهێنا.

جەستەی رەشی مێشەکە بەسەر جامخانەکەدا پان و پڵیش ببووەوە. دەنگی هەنسکە هەنسکی بارزانی قابلەمە هەتاویشی وەڕزکردبوو. بارزان پڕ بە خۆی قیڕاندی "هەر دەچمەوە بۆ چین!"