عەزیز مەحموودپوور

ئەو زمانەی بۆ گێڕانەوە كەڵكی لێوەرگیرابوو زمانێكی بە تەواوەت شاعیرانە بەڵام لە هەمان كاتدا ناشاعیرانە بوو. زمان بە تەواوەت فەلسەفی بوو بەڵام بە هۆی ناشەفاف بوون و شاعیرانە بوونی بە تەواوەت نافەلسەفی بوو. ئەم پارادۆكسە زمانییە لە سەرەتاوە هەتا ئاخر دێڕی نووسراوەكە بەردەوامە. نەك لە زۆر جێگا بەڵكوو لە سەرەتاوە هەتا دوایین لاپەڕە هەست دەكەی شێعر دەخوێنییەوە نەك چیرۆك. 

 

 


بە خوێندنەوەی بەشێكی زۆری گێڕانەوەی كوردی لە دوو دەهەی ڕابردوودا بەم ئاكامە دەگەین كە زۆربەی دەقە ڕیواییەكانی ئەم حەوزەیە بە شێوەیەكی تۆخ لە بنەما سەرەكییەكانی گێڕانەوە دوور كەوتوونەوە و قاڵب و فۆرمی چیرۆك و ڕۆمان بۆتە كەرەستەیەك بۆ دەربڕینی بیر و ئەندێشەی تاكەكەسی نووسەر. نووسەر وەك بەرهەمهێنەری دەق كە دەبێ كەسێكی بێلایەن بێت نەك ئیمپراتوورێكی دەسەڵاتدار، دەبێتە هۆكارێك بۆ بەلاڕێدا بردنی سازمانی گێڕانەوە. هۆكار زۆرن كە بۆچ تاقمێك لە ڕۆمان‌نووسانی كورد وەها شێوازێكیان ڕەچاو كردووە. بەڵام وێدەچێ سەرەكی‌ترین هۆكار بگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵگای ئێمە كە كۆمەڵگایەكی داخراو و هەتا ئێسقان دیكتاتۆر زەدەیە. دەرهاویشتەی وەها كۆمەڵگایەك ناتوانێ ئینسانێكی لیبرال و نۆرماڵ بێت. نووسەرێك كە ئەم كۆمەڵگایە بەرهەمی دێنێ نووسەرێكی بێلایەن نییە و قەتعەن پێی خۆشە دەسەڵاتی خۆی لە بەرهەم هێنانی دەقدا نیشان بدا و لێرەدا لە جیات ئەوەی ئەم دەسەڵاتە لە قازانجی دەق و بەرهەمدا بشكێتەوە دەبێتە هۆكارێك بۆ لاواز بوونی دەق. نموونەی بەرچاو و ڕچە شكێنی ئەم جۆرە بەهەمهێنەرانە بەختیار عەلییە و وا دیارە كەم نیین ئەو كەسانەی وەها شێوازێكیان بۆ گێڕانەوەی چیرۆك و ڕۆمان ڕەچاو كردووە. ڕۆمان و چیرۆك قاڵب و فۆرمێكن بۆ گێڕانەوە نەك كەرەستەیەك بۆ بیر و ئەندێشەی تاكەكەسی نووسەر. هەركاتێكی ئەم فۆرمانە چوونە خزمەت بەرژەوەندی بیر و ئایدیای نووسەر و بوونە كۆیلەی بۆچوونەكانی ئەو لە كەسایەتی ڕاستەقینەی خۆیان دادەماڵدرێن و لە كاركردی سەرەكییان دوور دەكەونەوە. هەر بۆیەش هەتا ئێستا نموونەیەكی بەرچاو و ئیستانداردمان لە ڕۆمانی كوردیدا نییە. نموونەیەك كە باڵای بە قەد باڵای ڕۆمانێكی ئستانداری جیهانی بێت. هەڵبەت هەنگاوی باشیش نراوە و ناكرێ تەواوی دەسكەوتەكانی گێڕانەوەی كوردی بخرێتە ژێر پرسیار بەڵام وێژمانی زاڵ بەسەر گێڕانەوەی كوردی لە حاڵی حازردا ئەو وێژمانە سەقەتەیە كە برەوی هەیە و زۆری مانۆڕ لەسەر دەدرێ. ئەگینا دەسكەوتی گێڕانەوەی كوردی كەم نین و حەوزەیەكی یەگجار یەگجار پڕ پتانسیلە و داهاتوویەكی گەشی هەیە. ئێستاش دێینە سەر كتێبی "باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام"
یەكەم شتێك كە لە خوێندنەوەی ڕۆمان یان چیرۆك بە خوێنەر دەبڕێ ئەو لەززەتەیە كە گێڕانەوەی ئەو دەقە پێی دەبەخشێ و دەبێ بڵێم وەبیرم نایە قەت ئەوەندەم جەزرەبە دیبێ بە دەست خوێندنەوەوە، بەڕاستی هەست دەكەم كڵاوێكی گەورەم چۆتە سەر. كتێب وەك چیرۆك یان نۆوێل یان كورتە ڕۆمانێك بە خوێنەر ناسێندراوە و ئەوەی نەیبێ تایبەتمەندی ئەو شتانەیە. یانی نە چیرۆكە، نە نۆوێلە و نە ڕۆمان. دەتوانین بڵێین مۆنۆلۆگێكی نووسەرە لەگەڵ خۆی و هیچی دیكە. تەنانەت ناكرێ بڵێی وتارێكی فەلسەفیشە چونكوو زمانەكەی لە نێوان زمانی شێعر و چیرۆك و وتاردا قەتیس ماوە و مەعلووم نییە و مەعلووم نەكراوە كە خوێنەر لەگەڵ چ دەقێك ڕووبەڕووە. بە ڕواڵەت چەندین كەسایەتی تێدایە كە دەبێ ئەو كەسایەتیانە كەسایەتییەكی داستانی بن كە وا نییە و تەنیا ڕووكەشێكن و نێوێك و هیچی دی. گشتییەتی پێكهاتە و ساختاری گێڕانەوە، شتێكی لەرزۆك و بێ‌پاڵپشتە و هیچ مەنتق و پاساوێكی ڕیوایەتی لە پشت نییە. سەلەبەری كەسایەتییەكان حزوورێكی وەهمییان هەیە و نەیان‌توانیوە وەك كەسایەتییەكی داستانی تایبەتمەندی ڕیوایی بەخۆوە بگرن و تەنانەت ناكرێ بڵێی دەڵەمەن و بە باشی نەگووراون، بەڵكوو چەندین بارەبەرن كە شانیان داوەتە بەر زەینییەتی فەلسەفی نووسەر و خەریكی بێگاری كردنن بۆ ئەو. فەزای نووسراوەكە فەزایەكی داستانی نییە و ئەو فەزا سازییەی بۆ گێڕانەوەی داستانێكی درێژ پێویستە ڕەچاو نەكراوە. شوێن شتێكی لێڵ و ناڕوونە و بەو شێوەیە تەوسیف نەكراوە كە خوێنەر تێكەڵ بەو مەكانە داستانییە بێت. زەمانێك لە نێو دەقەكەدا ناكرێ دەست نیشان بكەی كە بڵێی زەمانێكی داستانییە، لە حاڵێكدا زەمان لە وەها چیرۆكێكدا وەك بەنی تەسبێحێك وایە كە هاوسەنگی نێوان ڕوداوی داستانی و كەسایەتی و فەزا و مەكانی چیرۆك ڕادەگرێ و ناهێڵێ شیرازە و ساختاری گێڕانەوە لەبەر یەك بترازێ. بەڕاستی من تەنانەت لە یەك لاپەڕەشدا هەستم بەوە نەكرد كە چیرۆك دەخوێنمەوە و لە دێڕ بە دێڕیدا هەر پێموابوو دەغدەغە فكری و فەلسەفییەكانی نووسەر دەخوێنمەوە و نووسەر خەریكە بیر و بۆچوونی فەلسەفی خۆی سەبارەت بە ژیان و بوون و كاینات بە گوێی مندا دەچپێنێ و بە شێوەیەكی شوعاری و زەق خەریكە ئەو بیر و بۆچوونەی خۆی بەسەرمدا دەسەپێنێ. چیرۆكنووس و ڕۆمان‌نووس مافی ئەوەی نییە بیر و بۆچوونە فەلسەفییەكانی خۆی بەسەر دەقێكدا بسەپێنێ و بە نێوی چیرۆك یان ڕۆمان پێی بناسێنێ. چیرۆك چیرۆكە و ڕۆمانیش ڕۆمان و ئەم بەستێنە شوێنی مانۆڕی فەلسەفی و قسەی فەلسەفی نییە. وەختایەك دەقێك وەك چیرۆك و ڕۆمان بە خوێنەر دەناسێندرێت دەبێ ئەو پێوانانەی بۆ ئەم ژانرانە دانراون ڕەچاو بكردرێ، دەنا باشتر وایە لەسەر ڕووجڵدەكەی نێوی ڕۆمان و چیرۆكی لەسەر نەنووسرێ. بەڵام ئایا چیرۆك و ڕۆمان ناتوانن دەربڕی فكر و ئەندێشەیەكی فەلسەفی بن؟ ناتوانن فەلسەفەی نووسەریان لە خۆدا حەشاردابێ و دەربڕی فەلسەفەی تایبەتی ئەو بن؟ با دەكرێ بەڵام لە چوارچێوەی دیاریكراوی گێڕانەوەدا نەك بە شێوەی شوعاری زەق و ڕستەی ناقۆڵای فەلسەفی. بە زمانی داستان نەك بە زمانی فەلسەفە.
زمان خاڵی هاوبەشی فیلسووف و شاعیر و نووسەری ڕۆمان و چیرۆكە. بەڵام زمان لە لای هەر یەك لەم كەسانە كاركرد و مانای تایبەت بەخۆی هەیە. ئەو زمانەی كە بۆ ڕەعەمەل هێنانی دەقێكی فەلسەفی یان شێعری كەڵكی لێ‌وەردەگیرێ جیاوازە لەو زمانەی بۆ گێڕانەوەی چیرۆك و ڕۆمان لەكار دەكرێ. تەنانەت ئەو هەستەی ئەو زمانانە لە بەردەنگدا دەیخوڵقێنن هەستی جیاوازن. نالوێ و بۆی نییە بە زمانی فەلسەفە شێعر یان چیرۆك بنووسین یان بە پێچەوانە. هەڵبەت دەكرێ تێكەڵاوی لە نێوان ئەم زمانانەدا هەبێ بەڵام وا نییە كە كەسایەتی واقعی ئەم هەرێمە زمانیانە بكەوێتە ژێر پرسیارەوە. كارێك كە لە دەقی«باڵندەی بریندار و ماسی سەرسام» كرابوو. ئەو زمانەی بۆ گێڕانەوە كەڵكی لێوەرگیرابوو زمانێكی بە تەواوەت شاعیرانە بەڵام لە هەمان كاتدا ناشاعیرانە بوو. زمان بە تەواوەت فەلسەفی بوو بەڵام بە هۆی ناشەفاف بوون و شاعیرانە بوونی بە تەواوەت نافەلسەفی بوو. ئەم پارادۆكسە زمانییە لە سەرەتاوە هەتا ئاخر دێڕی نووسراوەكە بەردەوامە. نەك لە زۆر جێگا بەڵكوو لە سەرەتاوە هەتا دوایین لاپەڕە هەست دەكەی شێعر دەخوێنییەوە نەك چیرۆك. ساختاری ڕستەكان بە جۆرێكن كە پتر ساختارێكی شێعرین هەتا ساختارێكی داستانی. تولی مەوج و فرێكانسی ڕستەی داستانی و ڕستەی شێعری لێك جیاوازن و هەر كام لە دەقدا كاركردی تایبەت بەخۆی هەیە.
ئەم پارادۆكسە زمانییە، وای كردووە زمان لە هەڵسوكەوتی سروشتی خۆی بكەوێ و حاڵەتێكی مكانیكی بە خۆوە بگرێ. ڕستەكان شاعیرانەن بەڵام لە عەینی حاڵدا مكانیكی و بە دوور لە هەرچەشنە هەستێكی شاعیرانەن. بە هۆی ئەوەی زمان بۆ مەبەستی تایبەتی نووسەر لە كار كراوە ڕستەكان تەنانەت لە كاسایەتی خۆیان بێبەری كراون و بوونە ئاوردووی نووسەر بۆ ئەو ئاورە فەلسەفییەی لە زەینی دایە. زمان بۆتە كۆیلە و بەردەی بیر و بۆچوونی فەلسەفی نووسەر سەبارەت بە ژیان و بە بوون. بوون و كەسایەتی لە وشە سەندراوە لە پێناو بەرژەوەندی نووسەردا. تەنانەت لە دیالۆگەكانیشدا زمان بە قازانجی بیر و ئەندێشەی نووسەر لەكار كراوە و دیالۆگەكان هاوار و قسەی زەقی نووسەرە كە ئاخنراونەتە زاری كەسایەتییەكانی نێو دەقەكە. ڕستە بە ڕستەی دەق دەستێوەردانی نووسەری پێوە دیارە و لە هەموو ڕستەیەكدا حزووری نووسەر وەك فەیلەسووفێك بەدی دەكەین. چیرۆك و گێڕانەوە فۆنداسیۆن و ساختاری تایبەت بە خۆی هەیە و ناكرێ و نالوێ بە كەیفی خۆمان دەسكاری سازمانی گێڕانەوە بكەین و بەو جۆرەی كە دڵمان دەیخوازێ سلسلە و پلپلەی پێوە هەڵ‌واسین. وەختایەك نێوی چیرۆك دێت دەبێ چیرۆك بگێڕیەوە و ئەگەریش پێتخۆشە باسی فەلسەفی بكەی كاناڵ دیكە هەیە بۆ دەربڕینی. بە داخەوە لەوانەیە هێندێك پێیان وابێ هەتا لە چیرۆكدا قسەی نەستەق و زل زل بكەی باشتر دەیسەلمێنی كە چیرۆكی چاكت نوسیوە لە حاڵێكدا زۆر بە سانایی دەكرێ چیرۆكێكی باش بگێڕیەوە كە بەردەنگ چێژی لێ ببا، كاریگەری دەقێكی ڕیوایی بەوەوە بەند نییە كە چەندت قسەی گەورە گەورە كردووە لەوێدا، بەڵكوو پەیوەستە بەوەوە كە چلۆن توانیوتە واقعێكی داستانی بخوڵقێنی و بیگێڕیەوە كە مەنتقی خوێنەرانەی خوێنەر تووشی شڵەژانی نامەنتقی نەبێ. زۆربەی دەقە كلاسیكەكان لە بەستێنی گێڕانەوەدا هەموو دەربڕی فەلسەفەی خۆیان بوون و توانیویانە فەلسەفە و مەسەلەی بوونی ئینسان بێننە بەر باس و لێی بدوێن، بەڵام ئەم باسە وەها لە نێو دەقەكەیاندا دەروونی كراوە و بۆتە بەشێك لە ساختاری گێڕانەوە كە كەس هەستی پێناكا؛ تەواوی دەقە ڕەسەن و سەركەوتووەكانی دنیای گێڕانەوە كەسایەتییەك یان چەندین كەسایەتییان نواندووە كە ئەم كەسایەتییانە دەربڕ و نیشاندەری فەلسەفەی خۆیان بوون لە ژیاندا. فەلسەفە و تێڕوانینی خۆیان بووە بۆ مەسەلەی ژیان و بوون. هەر ئەوەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە ئەم دەقانە سنووری زەمان ببڕن و بەردەوام بن لە زەینی خوێنەرانی هەموو چاخەكاندا. كەسایەتی چیرۆكەكانی گۆگۆل و تۆرگنێف و چخۆف و لارێنس ئێستێڕن و ... هەموو نموونەی زەقن و دەكرێ دەرسیان لێوەرگرین.
پێمخۆش نییە لەوە زیاتری لەسەر بڕۆم و دەتوانم زۆری دیكەشی بە بەرەوە بڵێم. بەڵام هەر ئەوەندە عەرزی نووسەری بەڕێزی ئەم كتێبە دەكەم كە بۆ نووسینی ڕۆمان و چیرۆك تەنیا زانینی فەلسەفە بەس نییە؛ گێڕانەوە مەیدانی تاقیكردنەوەی بیرە فەلسەفیەكانی نووسەر نییە؛ گێڕانەوە ئەو هەرێمە ئینسانییە كە دەبێ هەموو ئینسانێك بەشێك لە وجوود و رووحی خۆی لە وێدا ببینێتەوە...

گەڕان بۆ بابەت