سروشت نەوزاد

بە گشتى شیعرەکانى ناو ئەم دیوانەت شیعرى داخراو و دەستەمۆ نەکراون. شیعرگەلێکن دیسان دەرفەتى ئەوەش بە خوێنەر نادەن بەبێ تێڕامانى قووڵ و تێهزرین و خۆماندووکردن، کۆنتاکت لەگەڵ ژینگە و جیهانبینى دەقەکان دروست بکات.

 

نامه‌ی ئه‌ده‌بی

سروشت نه‌وزاد

سڵاو کاک سەباحى زێدە ئەزیز:

کتێبە شیعرییە تازەکەتم (سەرەتا وشە بوو) خوێندەوە. پیرۆزبایی زۆر گەرمم بۆ ئەم بەرهەمە ناوازەیە هەیە. وەک هەمیشە بە خوێندنەوەى شیعرەکان گەشامەوە. جیاوازیکردن لەنێوان ئەم بەرهەمەت و ئەوانى پێشووت، چى لە ئاستى تێماکان و چى لە ئاستى لایەنى هونەرکارى و فۆرم و زمانەوە، خوێنەرى ورد و بە دیقەت و سەباحناسى جدی گەرەکە، بێگومان ئەمەش ناکاتە ئەوەى، کە سەرجەمى خاڵە جیاوازەکان نابینراو بن، تەنیا وا هەست دەکەم جیاوازییەکان لە ئاستى زۆر ورد دان و ئیمکانى ئەوەیان نییە خوێنەر بە سانایی و ڕاگوزەرانە لە پێکهاتەى شیعرەکانى ئەم بەرهەمەدا جیاوازییەکان کەشف بکات.

بە گشتى شیعرەکانى ناو ئەم دیوانەت شیعرى داخراو و دەستەمۆ نەکراون. شیعرگەلێکن دیسان دەرفەتى ئەوەش بە خوێنەر نادەن بەبێ تێڕامانى قووڵ و تێهزرین و خۆماندووکردن، کۆنتاکت لەگەڵ ژینگە و جیهانبینى دەقەکان دروست بکات. ئەوەش پەیوەندى بەو پێکهاتە زمانییەوە هەیە، کە خەسڵەتێکى قورس و گران، لە هەمان کات فرە مانا و فرە دەلالەت بە پێکهاتەى شیعرى تۆ دەدەن، واتە ئەو پێکهاتە فۆرمى و زمانییەى، کە نزیکەى هەمیشە، لە شیعرى تۆدا لەسەر شێوازى تایبەت لە هەڵبژاردن و بەکارهێنانى وشە و هەڵبژاردنى شێواز و جۆرى ڕستە و دەربڕینەکان و شیعرییەت و فەزاسازیدا ڕادەوەستێ. زمان لە شیعرى تۆدا لە واتاى فەرهەنگى خۆى دادەماڵرێت و لەوە دەکەوێت ئەرکى گەیاندنى ڕووت و کۆنکرێتى بەرجەستە بکات.

لێرەشەوە کۆشش بۆ دۆزینەوەى واتاى چاوەڕوانکراو لە ڕێگەى تێڕوانین لە زمانى شیعرەکانتەوە، خوێنەر بە لاڕێدا دەبات. هەر ئەم خەسڵەتەشە کەم تا زۆر وێناسازییە شیعرییەکانى تۆ دەکەنە وێناى خەیاڵى و زەینى. هەر بۆیە ئەو تایپەى شیعرسازى و زمان و گەمە زمانییە سرکەکانى شیعرى تۆى لەسەرە، بەنیسبەت شیعرى کوردییەوە تایپێکى تایبەت و جیاوازە.

خاڵێکى گرینگتر، لەم شیعرانەدا و لە شیعرەکانى پێشوشتدا، شیتەڵکردن و هەڵوەشاندنەوەى چەمکەکان و شت و دیاردەکانە، دووبارە داڕشتنەوە و شوناسپێدان و پێناسەکردنەوەیانە بە ڕێگەى تایبەتى شیعرى خۆت و بە زمان و شێوازى تایبەتى شیعراندن. تۆ باوەڕێکى گەورە و ئومێدێکى گەورەت بە هێزی شیعر و بە جیهانى زیندووى شتەکان و دیاردەکان و جیهانى زیندەوەران هەیە.

باوەڕم وایە تۆ یەکەم شاعیرى کوردیت لە ئاستێکى زۆر بەرزدا لەگەڵ زماندا ئەدوێیت. ئەو شاعیرە کوردانەى بە شاعیرانى قۆناغەکانى پێشوو و ئێستاشەوە، کە من بەرهەم و شیعرەکانیانم خوێندوونەتەوە، کەسیان هاوشێوەى تۆ ڕێزیان لە زمان نەگرتووە، کەسیان وەک تۆ لەو ئاستە چڕ و فرە مەودایەدا زمانیان بەگەڕ نەخستووە. تۆ دیاردەی ناو شیعرى کوردیت، بە شێوازێکى زۆر قووڵ و بێهاوتا لەناو ڕستە شیعریيەکانتدا، زۆر زیاتر لەوەش لەناو وشەکانتدا بیردەکەیتەوە. هیچ ڕستەیەک و تەنانەت هیچ وشەیەکیش لەناو شیعرى تۆدا بێ ئەرک و وەزیفە نییە. هەموو وشەکانت ئاستدار و فرە دەلالەت و فرە مەودان. هەر وشەیەک لە شیعرى تۆدا بە ڕووى چەندین جیهان و ڕوانیندا کراوەیە. وشەم لە شیعرى تۆدا وەک ماڵێک دێتە بەرچاو دەیان پەنجەرەى هەبن. ئەو شێوازە چڕ و ئاستدارە لە بەکارهێنانى زماندا خاڵى جیاکەرەوە و جیاوازى شیعرى تۆیە لەبەرامبەر سەرجەم شیعرى شاعیرانى کورددا.

                                                                                            

                                                                              ٢٣/ ٧/٢٠٢٠ سه‌ید سادق

دسته: هەواڵی هونەری