ما 6108 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

دڵشاد خدر

لەو سەردەمدا رێگای کوردستان روژنامەیەکی بەربلاو بوو لە هەولێر و خەلکێکی زۆر موتابەعی دەکرد و دەیخوێندەوە. بابەتەکانیشی تا ئاستێکی زۆر بە نەفەسێکی ئوپوزیسیونی دەنووسرا. سەرنووسەری رێگاش رێگای خۆش کردبوو بۆ ئەوەی رێگا نەفەسێکی ئۆپوزیسیونی پێوە دیاربێت.

 

سەربووردەی هەولێر لە دوایی ٣١ی ئابدا

دڵشاد خدر

دوای هێنانی لەشکری بەعس بۆ هەولێر لە لایەن پارتیەوە لە ٣١ی ئابدا، نائومێدیەکی زۆر لە نیو خەلکی کوردستان بەگشتی و خەلکی هەولێر بە تایبەتی سەری هەلدابوو. نائومیدیەکە بە شێوەیەک بوو کە کەم کەس تروسکایەکی لە هیوا بۆ دوارۆژێکی باش بۆ ناوچەکانی ژیر دەسەلاتی هێزە کوردییەکان دەدیت. خەلک دووچاری رەشبینیەکی قوڵ ببوو و  چاوەروانی کارەساتی گەورە تریان دەکرد. چونکە پارتی و یەکێتی هەر لە ناوەراستی ١٩٩٤وە ناوچەکەیان کردبووە مەیدانی شەری ناوەخۆ و زۆرجاران شەرییان دەبردە نیو گەڕەک و ماڵانیش. پاش هاتنەوەی هێزەکانی پارتی بە کۆمەکی بەعس بۆ هەولێر، چەکدارەکانی پارتی زۆر بە شێوەیەکی تۆقێنەرانە کەوتووبونە گیانی خەلکانی ناپارتی بە گشتی و لایەنگرانی یەکێتی بە تایبەتی لە هەولێردا، پاشان ئەو  شێوازە لە تۆقاندنە ناوچەکانی تریشی گرتەوە بە تایبەتی ئەو ناوچانەی پێشتر لە ژیر دەسەلاتی یەکێتیدا بوون. لەگەل هاتنەوەی پارتی و رژێم بۆ هەولێر، تا رادەیەکی زۆر کۆنە پیاوانی بەعسیش سەری خۆیان قیت کردبووە و چاویان لە خەلکی هەولێر بەگشتی و ئەوانەی رۆلیان هەبوو لە راپەرین سووردەکردەوە و دەیانویست تۆلەی ئەو زیانانەی لە راپەریندا لێیان کەوتووە لە خەلکی هەولێر بکەنەوە. لە زۆر شوێندا بە ئاشکرا هەرەشەیان دەکرد! بێجگە لەوەی کۆمەلیک لە تاوانبارانەی کە لە رۆژانی راپەرینەوە هەولێریان جێهێشتبوو لە ترسی تۆلەی خەلکی راپەریوو و بۆ خۆ شاردنەوە چوبونە ئەو شارانەی ژیر دەسەلاتی رژێم، ئەوانیش بە نەشئەی سەرکەوتن گەرابونەوە هەولێر.

ئەگەر پێشتر بە هۆی خراپی باری ئابووری کە دەرئەنجامی ئەو ئابلوقە ئابوریە بوو کە خرابووە سەر عیراق لە لایەک و لە لایەکی تریش شەری پارتی و یەکێتی رەوشەکە ئالوز و ژیان زەحمەت ببوو، دیاردەی جێهێشتنی کوردستان بۆ هەندەران زۆر بە باشی هەستی پێدەکرا، بەلام پاش هێنانی لەشکری ئەنفال بۆ نیو شارەکە رەوشەکە زۆر زیاتر ئالوز و ترسناک ببوو. بۆیە پرۆسەی جێهێشتنی کوردستان بەرەو هەندەران زۆر بەرفراوان ببوو و هەر ئەوکاتیش بوو روژانە گوێبیستی ئەوە دەبووین کە گەنجانی کورد بە گشتی و گەنجانی ئەو ناوچانەی لە پروسەی ٣١ی ئابدا کەوتوبونە ژیر دەسەلاتی پارتی بە تایبەتی لە پرۆسەی پەرینەوەی سنوردا دەکەوتنە نێو کەمینەکانی جەندرمەی تورک لە سەر سنورەکانی نیوان هەرێم و تورکیادا. هەر لەو کەمینانەدا سەدان گەنجی خێر لە خۆ نەدیوو بە گولەی جەندرمە داخ لە دلەکانی تورک گیانیان سارد کرایەوە و تەرمەکانیشیان پاش چەندین رۆژ و بە هەولێکی زۆری کەس و کاریان دەگەیشتەوە لای خانەوادەکانیان. پرۆسەی جێهێشتنی کوردستان ژمارەیەک لە هاورێیانی ئێمەشی لە حزبی شیوعی کوردستان گرتبۆوە بە تایبەتی ژمارەیەک لە کادیرانی پێشکەوتی حزب بەهۆی بەشداری حزب لە کابینەکەی ٣١ی ئابدا، متمانەیان بە حزبیش نەمابوو، بۆیە رێگای هەندەرانیان هەلبژارد. لە نێو ئەو کۆمەلە هاورێییانە هاورێ رزگاری شوانی و هاورێ عەلی خانەقینی بوون کە هەردووکیان ئەوکات ئەندامی دەستەی نوسەرانی رێگای کوردستان بوون.

یەکەم کۆبونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان پاش ٣١ ئاب کە تایبەت بوو بە بەشداری کردنی حزب لە کابینەی سێیەم، ئەو کابینەی کە رێک پاش ٣١ ئاب پارتی لە هەولێر پێکیهینا لە شاروچەی شەقلاو لە بارەگای کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عیراق ئەنجامدرا! هەرچەند هاورییانی مەکتەبی سیاسی دەیان ویست بریاری بەشداربوونی حزب لەو کابینەیەدا لە مەکتەبی سیاسی وەرگرن. چونکە پێشوەختە دەیانزانی لە کۆمیتەی ناوەندی نارەزایی هەیە. بەلام هاوری حەمید مەجید سکرتیری حشع ئاگاداری هاورییانی مەکتەبی سیاسی کردبووە کە باشترە ئەو بریارە لە کۆمیتەی ناوەندی وەرگیریت! بویە پرسەکەیان هینا کۆمیتەی ناوەندی و لە هەمان کاتدا هەندیک هاوریی دەرەوەی کۆمیتەی ناوەندیان هینابووە کۆبونەوەکە کە پیشوەختە دەیانزانی لەگەل بەشدارین و دەبنە پالپشت بۆ ویستەکەی وان کە بەشدار بوونە! ئەوەی جیگای نارەزیی زۆریک لە هاورێیان بوو ئەوە بوو کە پارتی ماوەی سێ رۆژی دابووە هاورییان بۆ وەلامدانەوەی بەشدار دەبن یان نا! بۆیە ئەوانەی دەیانویست حزب راکیشی ئەو بەشداریە بکەن زۆر پەلەیان بوو لە ئەنجامدانی کۆبونەوەکە نەوەک ئەو هەلە زیرینەیان لەدەست بچێت. بەلام بزوتنەوەی ئاشووری لە ئیمە بە هەلویست تر بوون و وتبوویان ئەوە پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە کەی وەلامتان دەدینەوە! بەداخەوە لەو کۆبونەوەیەدا زۆرینەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی دەنگیان بۆ بەشداری کردنی حزب لە کابینەکەدا و تەنیا ٧ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی چاودیری ناوەندی حزب، دژی بەشداری حزب بوون لەو کابینەیەدا. کۆبونەوەکەش بویە لە شاروچەی شەقلاوە ئەنجامدرا، چونکە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزب لە چوارریانی عێنکاوە لە لایەن هێزەکانی رژێم  و موخابەراتی بەعس تالان کرابوون، دەزگای موخابەراتی بەعس ئەو شتانەی پێیان گرنگ بوو بە تایبەتی دیکومێنتەکان، بۆ خۆیان بردوبوویان و، بۆ شتەکانی تریش رێگایان خۆش کردبوو خەلکی ناوچەکە تالانیان بکات و هەر ئەواش بوو بارەگای مەکتەبی سیاسی ئێوارەی ٣١ی ئاب بە تەواوی تالان کرا.

کۆبونەوەی دووەم پاش گەرانەوەی یەکێتی بوو بۆ ناوچەکانی سلیمانی، بەلام دیسان لە بێ شوێنی و نائارامی هەولێر کۆبونەوەکە لە هەمان شوێنی کۆبونەوەی یەکەم ئەنجامدرا کە شاروچەی شەقلاوە بوو. کۆبونەوەکە بۆ رێکخستنەوەی کارەکان و  لێپرسینەی لە چەند هاورێیەک بوو کە یەکێکیان من بووم.

لێپرسینەوەی من هۆکارەکەی ئەوە بوو کە گوایە من لە هەموو شوێنیک رەخنە لە بەشداری حزب لەو کابینەیە دەگرم و هانی هاورێیان دەدەم ئەوانیش دژایەتی ئەو بریارەی حزب بکەن! کە پێش وەختە ئەوەیان هەلویستی من بووە لە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کە دژی بەشداری حزب بوومە لە کابینەی ٣١ی ئابدا! عەرابەکانی بەشداری حزبیش لە کابینەکەی ٣١ی ئابدا کە زۆرینە بوون لە مەکتەبی سیاسی لە هەلوێستەکانی من زۆر نیگەران بوون و دەیانوویست منیش لە دەرەوە بەرگری لە بۆ چونکەکانی ئەوان بکەم بە بیانۆی زۆرینە و کەمینە. گوایە ئەوان زۆرینەن و دەبێت ئێمە کەمینە بەرگری لەو سیاسەتە بکەین کە ئەوان بەسەر حزبیان فەرز کردوە. ئەوەی جێگای داخ بوو  کە خۆشیان بروایان پێنەبووە تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان حزبیان راکێشی نیو ئەو کابینەیە کردبوو. یەکێ لە عەرابەکانی ٣١ ئاب وتی من لە کۆچکردوو عادل مرادم بیستوە کە دلشاد دژی بەشداری حزبە، لە کاتیکدا من تەنیا رۆژانی سەرەتای  ٣١ی ئاب کوچکردووم لە شوینیک دەدیت کە خۆی تیدا شاردبووە، پاش بریای بەشداریمان لەو کابینەیە من کوچکردوو کاک عادیلم نەدیتەو! منیش بەرگریم لە خۆم کردوو لەسەرەتادا  پێم ووتن من کاک عادیلم پاش بریاری بەشداریمان لەو کابینەیە نەدیتووە، لەوانەیە لەکاتانەی پیکەوە بوینە لە ئەنجامی گفتوگوماندا زانیبیت کە من ئەو هەنگاوەی پارتیم کە هینانەوەی سوپای ئەنفال بوو بۆ هەولیر بە خیانەتم دەزانی. پاشان ووتم ناتوانم بەرگری لە سیاسەتێکی هەلە بکەم و بەردەوام دەبم لە بەرگری کردن لە بوچونەکانی خۆم و هاورێی کوچکردوو مەلا حەسەنیش بەرگریەکی زۆری لێکردم. پاش قسەکانی هاورێ مەلا بابەتەکەیان داخست و نەیانتوانی لێپرسینەوەم لەگەل بکەن. هەر لەو کۆبونەوەیدا کەسێکی تر لە هاورێیانی کومیتەی ناوەندی لێپرسینەوەی لەگەل کرا چونکە پارەی پرۆژەکی حزبی بەبێ پرسی حزب وەرگرتبۆوەو لە پرۆژەیەکی شەخسی خۆیدا خەرجی کردبوو. ئەو نەی توانی بەرگری لە خۆی بکات چونکە کارەکەی کردبوو و کارەکەش دیاربوو، لەسەرەتادا ئەوەیان خستە دەنگدانەوە کە ئەندامیەتی کۆمیتەی ناوەندی لە ناوبراو بسینرێتەوە بەلام لێستاندنەوەی ئەندامیەتی کۆمیتەی ناوەندی پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بوو ئەو دەنگەش نەدرا  بۆیە بە سزای ئینزار سزا در.!

خالێکی تری کۆبونەوەکە رێکخستنەوەی کارەکان بوو، لەسەروە باسم کرد کە کاکە رزگار شوانی و کاکە عەلی خانەقینی وەک ئەندامانی دەستەی نووسەرانی رێگای کوردستان شوێنەکەی خۆی بەحێهێشت بوو. دەبوایە کۆمیتەی ناوەندی ئەو شوێنە پرکاتەوە. هەر لە کۆبونەوەیەدا دوو هاورێ دەست نیشان کران بۆ پرکردنەوەی ئەو شوێنە کە یەکێکیان من بووم ئەوەی تریان هاورێ نەوزادی مەهندس بوو، هەرچەند من ووتم من هیچ ئەزمونیکم لە روژنامەوانی نیە، بەلام ئەوان ووتیان زۆرینەی هاورێیان کاتی چونەتە نیو کارەکە ئەزمونێکی وایان نەبووە لە نیو کارەکاندا شارەزاییان پەیداکردوە. پاشان هاورێیان دەنگیان بە من دا و لەو روژەوە بەبێ بوونی ئەزمونێکی وا لە کاری روژنامەوانی بوومە ئەندامی دەستەی نووسەرانی رێگای کوردستان.

ئەو دەم هاورێی کوچکردوو هاورێ مەلا حەسەن سکرتێری دەستەی نوسەرانی رێگا کوردستان بوو، هەر یەک لە هاورێیان هادی مەحمود و هاورێ بروای حەسیب قەرەداغش ئەندامی دەستەی نووسەران بوون و منیش بە بریاری کومیتەی ناوەندی هاتمە نیو ئەو دەستەیە. بارەگای رێگاش پاش نەمانی بارەگای مەکتەبی سیاسی حزب لە چوارریانی عێنکاوە، هاتبووە نهۆمی دووەمی بارەگای مەحەلی هەولێر کە لە نیقابەی کرێکاران بوو. شوێنەکە هەندیک ناگونجاو بوو، هەم لە رووی خاوێنی هەم بچوکیش بوو بەلام ئەوەی باش بوو کە هاورێیانی مەحەلی لە نهۆمی ناوەندی بوون و پێشمەرگەکانی مەحەلیش پاریزگاریان لە بارەگایەکە دەکرد و بارەگایەکەش کارەبای دائیمی هەبوو و شوێنەکەش بۆ زۆرینەی خەلکی هەولێر ناسراو بوو.

لەو سەردەمدا رێگای کوردستان روژنامەیەکی بەربلاو بوو لە هەولێر و خەلکێکی زۆر موتابەعی دەکرد و دەیخوێندەوە. بابەتەکانیشی تا ئاستێکی زۆر بە نەفەسێکی ئوپوزیسیونی دەنووسرا. سەرنووسەری رێگاش رێگای خۆش کردبوو بۆ ئەوەی رێگا نەفەسێکی ئۆپوزیسیونی پێوە دیاربێت. هەر چەند هاورێیانی مەکتەبی سیاسی زۆر جاران نارەزایەتی خۆیان دەردەبری لەسەر بابەتەکانی رێگای کوردستان بەگشتی و ئەو بابەتانەی پارتی پێی ناخۆش بوو بە تایبەتی (هەر ئەوەش بوو مەکتەبی سیاسی بە پیلانیکی دوور لە گیانی هاوریەتی هاورێی کوچکردوو هاوری مەلا حەسەنیان لە سەرنووسەری لاداو بروایان لە شوینی دانا). هەر ئەو نەفەسە ئۆپوزیسیونەش وای کردبوو کە خەلکێکی زۆر موتابەعەی رێگای کوردستان بکات بە تایبەتی لە شاری هەولێر کە ئەوکات هەموو دەنگە جیاوازەکان کپ کرابوون و هەموو ئەو ئازادیانەی کە خەلکی لە راپەرینی بەهاری ١٩٩١ بە دەست وبازوور خۆی بەدەستی هێنابوو لێیان ستاندرابۆوە. پارتی هەولێری  کردبووە  شاریکی داخراو بۆ خۆیی و هەر دەنگێکی جیا لە دەنگی خویان هەبوایە بە درندەترین شێوە سەرکوتیان دەکرد.

ئەوکات هەولێر لە بارێکی خراپدا بوو لە رووی خزمەت گوزەرانی و پارتیش کە دەستی بەسەر شارەکەدا گرتبوو بە هیچ شێوەیەک قبولی رەخنەی نەدەکرد و هەر رەخنەیەک لە ئیدارەی شارەکە بگیرابایە دەیخستە خانەی دژایەتی کردنی پارتی و تاوانباریان دەکرد بە دەستی نەیارەکانی خۆیان.

ئەو کاتە بوو من بابەتێکی کورتم لەسەر کەمی کارەبا و دابەش کردنی بە شێوەیەکی نا عادیلانە  لە دوا لاپەرەی رێگای کوردستان لە ژیر ناوی کارەبا نووسی، بابەتەکەشم بە ناوی بلە بلاوکردەوە. بەراستی بۆ من جێگای قبول نەبوو شاروچەکەی سەری رەش و موسیف هەموو کات کارەبای هەبێت و شارێکی وەک هەولیریش روژانە چەند سەعاتیک کارەبای هەبێت! بابەتەکە بابەتێکی رەخنە ئامیز بوو لەسەر وەزعی کارەبا لەو شارەدا. بابەتەکە روژی چوارشەممە رێکەوتی 29ی مانگی یەنیوەری 1997 بلاو بۆوە. ئەوکاتی بارەگای رادیوی ئازادی کە زمانحالی مەحەلی هەولیر بوو لە هەمان ساختومانی بارەگای مەحەلی بوو. رادیوی ئازادیش رادیویەکی جەماوەری بوو لە شاری هەولیر. زۆربەی کاتەکان رادێوی ئازادی ئەو بابەتانەی بلاودەکردەوە کە لە روژنامەی رێگای کوردستان بلاو دەبوونەوە بۆیە ئەو بابەتەی کارەبای چەندین جار لە رادیویەکەدا خۆێندبۆوە!! زۆری نەبرد دەزگای راگەیاندنی پارتی زۆر بە توندی وەلامی ئەو نووسینەوەی دایەوە، لەسەرەتا کەسێک بە ناوی زاهیر روژبەیانی لە رۆژنامەی برایەتی بە نەفسەێکی دوژمنکاری وەلامی نووسینەکەی دایەوە  بە ناوی فیتەی حەرام زادە لە و رێگایەش کومەلیک هێرشی کردبووە سەر حزب و روژنامەکە و نووسەرەکەی. پاشان هێرشەکە لە هەموو دەزگا راگەیاندنەکانی پارتی دەستێ پێکرد بە تایبەتی گولان. ئەوەی جێگای تێرامانین بوو نووسەرە تازە پارتیەکان لەوانی تر توندتر بوون، دەیانوویست بەم رێگایە دلسوزی خۆیان بۆ پارتی بسەلمێنن. هاورێیانی مەکتەبی سیاسی حزبیش  هاتنە سەر خەت و ئەوانیش کەوتنە سەرکۆنەی هاورێی کوچکردوو مەلا حەسن  و من. ئەو ئێوارەیە من سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبم کرد کە لە خانوێکی گەرەکی ئازادی بوو، من یەکسەر چوومە ژوورەکەی هاورێ کەریم کە لە نهۆمی دووەم بوو، ئەو زۆر توورە بوو و منی بە هوکاری ئەو هێرشانەی پارتی دەزانی و ووتی نەدەبوایە سەرنووسەر، رێگای دابوایە ئەو نووسینە بلاو ببێتەوە مەبەستی هاورێ مەلا حەسەن بوو. پاشان دوو ئەندامی مەکتەبی سیاس حزب هاتنە ژوورەکەی هاورێ کەرێم و ئەوانیش هەمان هەلویستیان هەبوو و پێیان وابوو ئێمە لە رێگای کوردستان رێگامان خۆش کردوە کە پارتی هێرش بکاتە سەر حزب، لەکاتیکدا حزب بە وەزیرێک بەشداری کابینەکەی پارتی کردبوو لە هەولێر. راگەیاندنی پارتی بە نەفسی دوژمنکاری هێرشی دەکردە سەر حزب و راگەیاندنەکەی بەبێ لەبەر چاوگرتنی ئەوەی کە حزبی شیوعی لە پێکهێنانی کابینەی سێ یەم هاوپەیمانیەتی!  بۆ بەیانی من چوومە وە بارەگای رێگای کورستان و چومە ژوورەکەی هاورێ مەلا حەسەن وادیار بوو هاورێ ئاکۆش لە وێ بوو کە ئەو کات بەرێوەبەری رادیۆی ئازادی هەولێر بوو. ئەویش هەر بەرگری لە خۆی دەکرد کە گوایە بۆیە ئەوان لە رادیوی خوێندویانەتەوە  چونکە نووسینەکە لە رێگای کوردستان کە زمانحالی حزبە بلاوکراوەتەوە. هێرشەکانی پارتی زیاتر لە سێ روژی خەیاند و  هێرشەکان زیاتر بۆ سەر رێگای کوردستان و رادیوی ئازادی بوون چونکە روژی یەکەم چەند جارێک ئەو بابەتەی لە رادیوی ئازادی خوێندرابۆوە. بەلام بەگشتی هێرشەکە بۆ سەر حزب بوو. وادیار بوو هاورێیانی مەکتەبی سیاسی وابریاریان وەرگرتبوو کە بە هیچ شێوەیەک وەلامی هێرشەکانی پارتی نەدرێتەوە. بەلام پارتی جەوێکی دووژمنکارانەی بەرامبەر حزب لە هەولێر دروست کردبوو بۆیە هەر زوو وەفدێکی مەکتەبی سیاسی حزب سەردانی شاروچکەی سلاحەدینی کرد و چاویان بە کۆمەلیک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی کەوتبوو بۆ هێور کردنەوەی وەزعەکە. پاشان لە یەکەم سەردانی کاک مەسعود پاش 31ی ئاب  بۆ هەولێر کە لە رێکەوەتی 11ی شوبات بوو، لەگەل شاندیێک کە پێکهاتبوون لە بەرێزان کوچکردوو سامی عبدالرحمان و کوچکردوو فەرنسۆ حەریری و کاک سوداد و کوچکردوو سەعد عەبدولا و  سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبمانی کرد. شاندەکەی پارتیش لەلایەن هاورێێان کریم ئەحمەد و کوچکردوو مەلا حەسەن و کەمال زەهاوی و من و کوچکردوو ئەحمەد عەوێنە پێشوازیان لێکرا. هەر لەو دانیشتنەدا کاک مەسعود ووتی برادەرانی ئێمە زیاد لە پێویست کێشەکەیان گەورەکردووە و نەدەبوایە وابکەن.

گەڕان بۆ بابەت