My Words are Spirit and Life (John 6:63) – John The Baptist Artworks
فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

جا مرۆڤەکان بەجۆرێک تیایا ماونەتەوە. کاتێک رزگاریدەر خۆی دەبێت بە کۆیلە، کاتێک سەرچاوە خۆی دەبێتەوە بە پەراوێز ئیتر رەوتەکان یەکجار دژواردەبنەوە.

چیرۆکی ساڵان

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

ئایین بە عەقڵی زانستی شی ناکرێتەوە. لەبەر ئەوەی زانست لەسەر شتە بەرهەستەکان کاردەکا یاخود بەشوێن بەڵگە عەقڵییەکانەوەیە، بەڵام ئایین دیاردەیەکی بان سروشتییە و نە دەتوانین لە رێگای زانستییەوە تاقی بکەینەوە و نە دەتوانین بەڵگەی عەقڵانیی بەشێوەی زانستی بۆ بهێنینەوە.

بەڵام ئایین هەیە و بەردەوام لە ژیانی کۆمەڵگا و مرۆڤەکاندا دەوردەگێڕێ. تەنانەت ئەوانەیشی وا بە زانستەوە سەرقاڵن، هەندێکێان باوەڕیان بە خوا و بە دیاردە بانسروشتییەکان هەیە. کەواتە ئەمە چییە دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدان و مانەوەی ئایین؟

داخۆ هۆکاری ئەمە بێ پەنایی ئێمەیە لە ژیاندا، ترسە لە داهاتوو، لە مەرگ و لە دووای مەرگ، یاخود ئایین لە خەیاڵەوە سەرچاوە دەگرێ؟ یان وەک مرۆڤە ئایینییەکان دەڵێن ئیلهامێکە لەخودی خوداوە دێت؟

جگە لەم هۆکارەی ئاخر، هەموو ئەو هۆکارانەی تر باسمان لێکردن هۆکاری زەمینین و دەتوانین بە شێوەی کۆنکرێت و بە گوێرەی بەڵگەی ئەقڵانی لەسەر بنەمای زانستی باسیان لێبکەین، بەڵام بەشی ئیلهام دیسان وەک خودی ئایین وخودا دەچێتەوە ناو باسی خەیاڵی و بۆیە سەلماندنی زەحمەتە و رەنگە قەتیش نەکرێ. ئێمە دەتوانین بە شێوەی کۆنکرێت و بەرهەست باس لە ترس و لە نەبوونی متمانە بکەین، بەڵام ئەوەی چلۆن ئیلهام لەلایەن خوداوە لە دەروونی ئێمەدا چێ کراوە بەڕاستی زەحمەتە و زیاتر دەچێتە خانەی بیروباوەڕ و بڕواوە.

بۆیە دەتوانین بڵێین ئایین زیاتر لەگەڵ بڕوا سەروکاری هەیە تا بەڵگەی ئەقڵانی. جا داخۆ ئەمە نامانگەیەنێتە ئەو ئاکامە کە بەشێکی گرینگی سروشتی بەشەر پێداگری لەسەر بڕوایە ئەگەرچی ئەو بڕوایەیش نائەقڵانیش بێت؟

راستییەکەی ئەوەیە مرۆڤەکان ئەوەندەی بەگوێرەی عادەت و نەریت و شوێنکەوتنی دیاردە باوەکان دەژین، بە گوێرەی ئەقڵ لەسەر بنەمای خۆیان وەک تاک ناژین. مرۆڤ زۆرتر بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و بۆیە لە لای گرینگە کە چ شتێک لە کۆمەڵگادا باوە و زۆرینەی خەڵک بە شوێنیا دەڕۆن. ئێمە ئەوەندەی سەرقاڵی دابینکردنی ژیانی رۆژانەی خۆمانین سەرقاڵی ئەوە نین کە بۆ ئەو بیروباوەڕانەی بە گوێرەی عادەت و سەلماندنی کۆمەڵگا بەسەرماندا وەرمانگرتوون بنەمای ئەقڵانی پەیدابکەین و کەمێک بیریان لێ بکەینەوە. وادیارە مرۆڤ زیاتر بە شوێن دابینکردنی دڵنیایی بۆ خۆی لە ناو گشتدایە تا ئەوەی بە شوێن حەقیقەتەوە بێت.

دیارە ئەمە خودی مرۆڤە ئەقلانییەکانیش دەگرێتەوە هەرچەند لە ئاستێکی یەکجار کەمتردا. راستییەکەی ئەوەیە مرۆڤ فریای هەموو لایەنێکی ژیانی خۆی بە شێوەی ریشەییانە ناکەوێ و بۆیە بەشێکی گرینگی ژیانی بەگوێرەی عادەتە، عادەتی گشتی.

دەبێ بڵێین لەو کۆمەڵگایانەی ئاستی زانستی دەچێتە سەرەوە و مرۆڤەکان لە ژیانێکی باشتر بەهرەمەندن، ئایین لاوازدەبێ. هەروەها جۆری روانگە سەبارەت بە خودی جۆری خودایش لەلای باوەڕدارانی گۆڕانی بەسەردادێت. سەیر ئەوەیە بە پێچەوانەی باوەڕمەندانی سەرسەختی راست و دروستیی یەک ئایین، هەمیشە بە درێژایی مێژوو هەم ئایینی جۆراوجۆر هەبووە و هەم هەنووکە هەیە و هەم دەیشبێ. خودا خۆی هەمیشە لە بەرگی جۆراوجۆر و لە پەیامی جۆراوجۆردا نیشانداوە و ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە زەوی ئەوەندە بەهێزە کە خواوەندیش ناتوانێ یەک یاسای بەسەردا بسەپێنێ. زەوی مقاومت دەکا و داوای بەشی خۆی دەکا و ئەمە دەبێتە هۆی فرەچەشنییەکی سەیر لە ئایینەکاندا. سەیرتریش ئەوەیە کە باوەڕمەندانی سەرسەختی ئایینەکان دەرس لەمە وەرناگرن و، لایان وایە کە رۆژێک سەرئەنجام هەموو دونیا دەچێتە سەر دینی ئەوان!

بێگومان ئایین پەنایەکی رۆحی گرینگە. هیچ شتێک بەقەدەر ئایین ناتوانێ هێزەکانی مرۆڤ لە مرۆڤ بسێنێتەوە و بیداتە بوونەوەرێکی خەیاڵی لە دەرەوەی خۆدی مرۆڤ. هیچ شتێک بە قەدەر ئایین توانای کۆیلەکردنی مرۆڤی لە ئاست هێزە بانسروشتییەکان نیە. بەڵام لەهەمان کاتدا هیچ شتێک بە قەدەر ئایین ناتوانێ کاتێک دەبێ بە پرۆژی سیاسی، یەکگرتووی لەناو لایەنگرانیدا پێک بێنێ کە ئەمەیش بۆ هەمان هۆکاری باوەڕیان دەگەڕێتەوە کە لایان وایە بەهۆی خوداوە هەمیشە حەق بەوانە. بە واتایەکی تر هێزە نائەقڵانییەکان دەتوانن ترسناکترین و بەهێزترین تواناکان لە مرۆڤەکاندا بژییەننەوە و بیگەیەننە ترۆپک.

جا رەنگە یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی ئایین هەر ئەمە بێت کە خەسڵەتی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، وەک خەسڵەتێکی سەرەکی مرۆڤ، لە کردارێکی رۆحێدا دەگەیەنێتە ترۆپک و بۆیە وەک میکانیزمێکی بەرگری بەتایبەت لەکاتی قەیرانەکاندا عەمەلدەکا.

زۆر کەس دەڵێن وێناکردنی جیهانێکی بێ ئایین مەحاڵە. رەنگە ئەمە راست بێت و رەنگە نا، بەڵام نابێ لەوەدا شکمان هەبێ کە ئایینەکان قەت ناتوانن ببنە یەک ئایین و جیهان بۆ هەمیشە داگیربکەن. سەیر ئەوەیە ئایین کە بۆ رزگاری هاتووە خۆی بووەتە بەشێک لە کێشمەکێشەکان و سەرچاوەی نەهامەتییەکان و بەم شێوەیە کارکردی سەرەتایی خۆیان لەدەستداوە.

جا مرۆڤەکان بەجۆرێک تیایا ماونەتەوە. کاتێک رزگاریدەر خۆی دەبێت بە کۆیلە، کاتێک سەرچاوە خۆی دەبێتەوە بە پەراوێز ئیتر رەوتەکان یەکجار دژواردەبنەوە.

حەقیقەت ئەوەیە ئایینیش قەت نەیتوانی پرۆژەی رزگاری کە بەڵێنی دابوو بەدی بێنێ و، لێرەوە بوو بە بەشێک لە هەموو ئەو ئایدیایانەی وا لە سەر رووی زەوی هەیە و هەموویان پێکەوە لەدژی یەکتر لە ململانێدان.

رەنگە بتوانین بڵێین کە باشترین یاخود سەرکەوتووترین لایەنی ئایین (لانیکەم هەتا ئیستاکە) عیرفان یاخود گەڕانەوە بۆ دەروونی خودی کەسی ئایینی بووە. واتە کاتێک رزگاری بووتەوە پرۆژەیەکەی تاکیانە. بەڵام کێشە لەوەدایە کە لەدەرەوەی تاک کێشەکان بەردەوامن و چیرۆک لە پانتایی کۆمەڵگادا هەمان چیرۆکی ساڵانە. هیچ پرۆژەیەکی تاکگەرایانە قەت جێگرەوەی پرۆژە گشتییەکان نەبووە.