فەڕۆخ نێعمەتپوور

 دەق ئەوەندەی پابەندە بە نواندنەوەی ئەو شتانەی وا نووسەر هەستیان پیدەکا و بیریان لێدەکاتەوە، پابەند نیە بە رێکلامەی راستەوخۆ بۆ ئایدیایەکی ئەخلاقی. ئەرکی دەق نواندنەوەیە بۆ ئەوەی خوێنەر لە سۆنگەی جۆراوجۆرەوە لەگەڵ دیاردەکانی ناو دونیا رووبەروو بێتەوە. یەک لەوان کاتێک خودی ئەخلاقیش دەکەوێتە بەر گومانەوە.

 

چیرۆک و ئەخلاق

فەڕۆخ نێعمەتپوور

چیرۆکەکان هەمیشە هەڵگری پەیامێکی ئەخلاقی بوونە. هەر لە رەگەزە سەرەتاییەکانیانەوە بگرە تا هەنووکە زۆربەیان هەوڵدەدەن تەنانەت گەر هەڵگری راستەوخۆی پەیامێکی ئەخلاقیش نەبن ئەوا ناڕاستەوخۆ دەربڕی بن. حەقایەتەکانی گوێی ئاگردان، چیرۆکە ئایینیەکان و بگرە چیرۆک و رۆمانی سەردەمی مودێڕنیش لەم یاسایە بەدەرنین. بۆ وێنە بڕوانە رۆمان و چیرۆکەکانی تۆلستۆی، یان نووسەری فەڕەنسی ڤیکتۆر هۆگۆ. چیرۆک و رۆمانە سیاسییەکانیش لەمە خۆیان دوورناخەنەوە. بۆ وێنە رۆمانی دایکی ماکسیم گورگی و رۆمانی ژانی گەلی ئیبراهیم ئەحمەد. هەر دووکیان پێمان دەڵێن مرۆڤی چاک ئەو مرۆڤەیە وا بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و نیشتمانی هەیە، جا یەکیان لە فۆڕمی مرۆڤێکی باوەڕمەند بە سۆسیالیزم و ئەوی تریان لە قاڵبی مرۆڤێکی باوەڕمەند بە پرسی نەتەوەیی.

بەڵام داخۆ ئەمە ئەرکی سەرەکی چیرۆک و رۆمانە؟ داخۆ ناکرێ دەقێکی ئەدەبی وێنابکەین کە نەک تەنیا هەڵگری پەیامی ئەخلاقی نیە، بەڵکو دەتوانێ پەیامە ئەخلاقییە باوەکانیش وێران بکا و گومان بخاتە سەریان؟ یان باشتر بڵێین بەلایاندا تێپەڕێ و زیاتر لە ئەخلاق بیر لە نواندنەوەی دۆخێکی تر بکات؟

'ئیتالو کالوینیو' لە کورتەچیرۆکی 'فلاش' دا خوێنەر تەواو لەگەڵ دونیایەک رووبەڕوودەکا کە هەڵگری هیچ پەیامێکی ئەخلاقی نیە. کاراکتێری چیرۆکەکە رۆژێک کتوپڕ کاتێک لەدەرەوەیە هەست دەکا خاوەن هیچ ئیحساسێک نیە بەرامبەر بە هیچ شتێک لە دونیادا، جا چ مرۆڤەکان و  چ شتەکان. پاڵەوانی چیرۆکەکە لەناوەڕاستی شەقامدا هاوار لە خەڵکی دەکا و دەڵێ هەموو شتێک هەڵەیە و دەبێ لە شوێنێ راگیرێ. هەرچەند زۆر خێرا دیسان هەم هەستە تیایا ون دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر حاڵەتە سەرەتاییەکەی خۆی، وەک هەموو خەڵکی تر. بە واتایەکی تر ئەوەی لەم چیرۆکەدا خۆی نیشاندەدا گومانێکی فراوانە رەنگە لە قاڵبی فەلسەفیدا لەسەر هەموو شتێک. یەک لەوان ئەخلاقیش. لەم دەقەدا کاتێک پاڵەوانەکە هاواردەکا هەموو شتێک هەڵەیە دەکرێ بڵێین مەبەستی ئەخلاقیشە.

بەم پێیە دوورکەوتنەوە لە خوڵقاندنی فەزای ئەخلاقی (دیارە ئەمە بە مانای دوورکەوتنەوەی خودی نووسەر لە ژیانی رۆژانە لە فۆڕمی نۆڕمە ئەخلاقییەکان نایەت)، دەکرێ شێوازێکی نووسینی چیرۆک بێت. لەم حاڵەتەدا نووسەر قاڵبە کۆنەکان دەشکێنێ و لە گۆشەنیگای تازەوە لەدونیا دەڕوانێ. چیرۆک دەتوانێ بەسەرهاتی هەموو حاڵەتە نامۆ، کتوپڕی و شازە دەروونی و فکرییەکانیش بێت.

کەواتە دەوانین بڵێین پەیامی ئەخلاقی بەشی جیانەکراوەی لۆژیکی چیرۆک و رۆمان نیە. رەنگە چیرۆک بیەوێ تەنیا حالەتێکی دەروونی لە پێوەندی لەگەڵ جیهانبینیی کەسێک بەرجەستەبکاتەوە کە بوارەکانی تر بگرێتەوە. بەتایبەت لەسەردەمێکدا کە بە ناوی ئەخلاقەوە گەورەترین درۆکان لەگەڵ مرۆڤ کراوە، لە دونیایەکدا کە مرۆڤ بە ناوی ئەخلاق زیاتر لە هەر بوونەوەرێکی تر کەرامەتی یەکتری پێشێل کردووە. لەوەها دونیایەکدا دەکرێ چیرۆکنووس تەنیا گومان نەخاتە سەر درۆزنەکان، بەڵکو سەر خودی پرنسیپە ئەخلاقییەکانیش کە ئەوانیش بەجۆرێک لە جۆرەکان بەرپرسیاری دۆخی نالەباری ئینسانەکانن. رەنگە نووسەر بیەوێ ئەوە نیشان بدا کە پرینسیپە ئەخلاقییەکانیش جاری وایە ئەوەندە زێدەڕۆیی دەکەن کە بە نهێنی و بە ئاشکرا جۆرێک لە دژبەری لە نێو مرۆڤەکاندا دروستدەکەن و بەم شێوەیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە رەچاوکردنیان لەو ئاستەیدا وا داوایدەکەن لە قەوارەی توانای راستەقینەی مرۆڤەکاندا نین، دەبن بە بەشێک لە هۆکاری کارەساتەکان. بەم شێوەیە دووڕوویی و فێڵبازی لە کرداردا سەرهەڵدەدا.

دوواوتە ئەوەی کە دەق ئەوەندەی پابەندە بە نواندنەوەی ئەو شتانەی وا نووسەر هەستیان پیدەکا و بیریان لێدەکاتەوە، پابەند نیە بە رێکلامەی راستەوخۆ بۆ ئایدیایەکی ئەخلاقی. ئەرکی دەق نواندنەوەیە بۆ ئەوەی خوێنەر لە سۆنگەی جۆراوجۆرەوە لەگەڵ دیاردەکانی ناو دونیا رووبەروو بێتەوە. یەک لەوان کاتێک خودی ئەخلاقیش دەکەوێتە بەر گومانەوە. واتە ناسینیان بۆ ئەوەی بزانین ئێمە چین و کێین و لە کوێ خەریکین دەژین