ئەحمەد رەسوڵ

فرەڕەهەندیی توێژینەوە و نوسین و کتێبەکانی ئارکۆن، وایکردووە ببێتە یەکێک لە زانا و توێژەرە "یەکەمەکان" گەورەکان لە خوێندنەوەی مێژووی فیکری ئیسلامی، ڕەخنەی گوتاری دینیی، شیکردنەوە و ڕەخنەکردنی بونیادە عەقڵییەکانی دنیای سیاسی عەرەبیی و بە تایبەتی ڕەخنەی شیکارییانەی بۆ توێژینەوە و خوێندن لە ئاستی زانکۆیی و ئەکادیمی لە دنیای عەرەبییدا.

 

ئارکۆن و ڕەخنەی عەقڵی دینی

ئەحمەد ڕەسوڵ

کۆمەڵگای کوردستان وەکو بەشێک لە کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییە "کە ناودەبرێن بە" ئیسلامییەکان، دەرگیرە لەگەڵ کێشەگەلی بونیادیی پەیوەندیدار بە عەقڵ و ڕۆشنبیریی دینییەوە. بەشێکی زۆر لە کێشەکانی ئێمەش هەمان شێوەی بەشێکی زۆر لە کێشەکانی کۆمەڵگا ئیسلامییەکانە لەسەر ئاستگەلی جودا، لەوانە: کێشەی نوێکردنەوەی بەها و نۆڕم، ڕۆڵی عەقڵ بە مانا ڕەخنەییە زانستییەکەی لە بەرهەمهێناندا لە نێو تەواوی لقە جیاواز و سەربەخۆکانی زانستدا، بە تایبەتی کایەی زانستە مرۆییەکاندا، کێشەی مێنتاڵێتیی کۆنزەرڤاتیڤانەی نێو کایەی سیاسی، کارگێڕیی، دەزگایی و دەوڵەتداریی بە گشتی. واتا زۆرینەی بوار و کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمە کێشەی چەقبەستوویی و دواکەوتوویی لە پەیوەند بە عەقڵیەتێکەوەیە کە ڕەگەکانی بە قووڵی لە سەرزەمینی عەقڵیی دینیی چەقیون.

تێگەیشتنی لاهووتی

لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقەکانی هەر کتێبێکی "کە ناودەبرێن بە" ئاسمانی بە توندی پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتدارێتیی سیاسیی هەر دەوڵەت، هەرێم یان ناوچەیەکەوە. لەو چێوەیەشدا لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقەکانی قورئان بە توندی پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتدارانی ووڵاتانی دنیای عەرەبی و "ئەوەی ناودەبرێ بە" دنیای ئیسلامیی. واتا دەسەڵات لێکدانەوە و ڕاڤەی دەقە دینییەکان قۆرخدەکات بۆ خۆی و بەگوێرەی جۆری تێگەیشتنی دەسەڵات کە هەڵبەت لە خزمەت بەرژەوەندیەکانیدا، جۆرێکی دین دەکاتە تاکە تێگەیشتنی سەرەکیی و زاڵ هەم لە پەیوەند بە نێوخۆی ئەو کۆمەڵگایەوە کە ئەو دەسەڵاتە دەسەڵاتدارە بەسەریدا هەم لە پەیوەند بە دەرەوەی ئەو کۆمەڵگا و دەوڵەتەوە. واتا ئێمە لەبەردەم جۆرێک لە دینداین کە جۆری تێگەیشتن، لێکدانەوە و ڕاڤەی دەسەڵاتدارانە بۆ دین زیاتر لەوەی مانا و کڕۆکی خودی دین بێت کە هەڵبەت بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە هەر جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن بۆ دین کڕۆکی ڕاستەقینە و بێچەندوچوونی مانای تاک و تەنهای دین بێت ئەوە هیچ نیە جگە لە لێدان لە فرەمانایی تێکستە دینیەکان و دابڕینیی دین لە قووڵاییە فرە ڕەهەندییەکەی لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی دین و لە قاڵبدان و بەرتەسکردنەوەی جیهانیی ناوەکیی و دەرەکیی دین و ماناکانی . ئەوەش ئاشکرایە کە لێکدانەوە، ڕاڤە و تێگەیشتنێک بۆ دین سەروەر کراوە کە هیچ نییە جگە لە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنێکی لاهووتیی بۆ دین و لەمەشەوە بەرهەمهێنانی تێگەیشتنێکی دەزگایی کۆمەڵایەتیی لاهووتیی لە ئاستێکی هەم جەماوەریی بەرفراوان و هەم چاندنی لەنێو وە هەم بونیادنانی تەواوی دەزگا و ئامرازەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی لەسەر ئەو تێگەیشتن، ڕاڤە و لێکدانەوە لاهووتییە بۆ دین و دواتریش ناردنە دەرەوە و بڵاوەپێکردنی ئەم جۆرە لە دینو ئەم جۆرە لە تێگەیشتن بۆ دین بە تەواوی دنیادا. تێگەیشتنی لاهووتی بۆ دین ڕێگە بە ئازادییی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی دین و تێکستە دینییەکان نادات و هەر جۆرە تێگەیشتنێکی دیکە بۆ دین دەخاتە خانەی کوفر و بە تەکفیرکردن وەڵام بە هەر جۆرە خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ دین دەداتەوە. واتا تێگەیشتنی لاهووتی بۆ دین، لێکدانەوە و ڕاڤە بۆ دین قۆرخدەکات و ڕێگە بە ئازادیی تێگەیشتن لە دین نادات و ئەمەش لە دۆخی دنیای عەرەبی و ئیسلامییدا دەسەڵات ئەنجامی ئەدات، لە نموونەی وەهابیزم و سەلەفیزم وەکو تێگەیشتنێکی لاهووتی بۆ دین و بەرهەمهێنانەوەی لە ئاستێکی بەرفراوانی جیهانییدا.

زۆرینەی زۆری توێژەرانی فیکری دینی، مانا پێکدژەکانی دەق، مێژووی ئیسلامی، ئاماژە زمانەوانییەکانی نێو دەق، خوێندنەوەی دەق لەنێو کۆنتێکستە کۆمەڵایەتیی مێژووییەکەیدا و لێکۆڵەرانی دەقە مێژووییەکان لە تەواوی جیهانی عەرەبی و ئیسلامییدا، لە خالێکدا یەکدەگرنەوە و لە چەقێکدا هەمان ئامانج دیاریدەکەن، ئەویش گەڕانە بە دوای ڕەسەنێتییدا "اصالە". ڕەسەنێتی چییە؟ واتا گەڕانەوە بۆ ئەو دەقە مێژووییانەی جیهانی عەرەبیی ئیسلامیی کە شوناسی ئینسانی عەرەبیی ئیسلامییان لەسەر بونیادنراوە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەم گەڕانەوەیە بۆ ئەو دەقە مێژوویانە "دەقە فەلسەفی، سۆسیۆلۆژی، ئاکاریی، سیاسیی، ئەدەبی و زانستییەکان" بە کام ئامراز و کام کەرەستانە؟ بە کام مێتۆد؟ ئایا مێتۆدە فیلۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی، ئەنثرۆپۆلۆژییەکان ڕەچاودەکەن؟ هەڵبەت نەخێر. ئایا توێژینەوە لە دەقگەلێکی مێژوویی پاڵپشت بە مێتۆدە فیلۆلۆژی، سۆسیۆلۆژی و ئەنثرۆپۆلۆژییەکان نەبێت دەرئەنجام دەبێتە چی؟ ئایا هەوڵدان بۆ خوێندنەوەی دەقگەلیی مێژوویی بە مێتۆد، کەرەستە و ئامرازە زانستییە مرۆییە هاوچەرخەکانی دنیای مۆدێرن نەبێت دەرئەنجام بە چی دەگات؟

داستانئامێزیی یان چیرۆکئامێزیی

تەواوی دینەکان پێکهاتەیەکی چیرۆکئامێز "قصصی" یان هەیە. ئەوەی بە زمانی ئینگلیزی "myth" و بە زمانی فەرەنسی " le mythe" ی پێدەگوترێ "کە دەتوانین لە زمانی کوردیدا بە داستان وەریبگرین نەوەک ئەفسانە" کاتێک بۆ زمانی عەرەبی وەردەگێڕدرێت دەبێت بگوترێ "قصص نەوەک اسطورە" چونکە ووشەی اسطورە کە لە قورئاندا هاتووە بەمانای درۆ و ناڕاستیی دێت و مانایەکی نێگەتیڤی هەیە "{إنْ هَذَا إلاَّ أَسَاطِيرُ الأَوَّلِينَ} ". هەروەها لە قورئاندا هاتووە "{نَحْنُ نَقُصُّ عَلَيْكَ أَحْسَنَ القَصَصِ} " بۆیە ئەوە ڕاستە کە گوتاری دینی لەسەر چیرۆکگەل بینا کراوە. هەر لە سەرەتاکانەوە فەلسەفە  "فەلسەفەی کلاسیک لە یۆنان" لە خوێندنەوەی میتۆلۆژیای یۆنانییەوە پەنا دەباتە بەر سەرجەم ئامرازەکانی کە عەقڵ دەستەبەریان دەکات لە بیرکردنەوە و شیکردنەوە و بەڵگاندن و سەلماندن لە پێناو ئەنجامگیری و تێگەیشتندا لە کاتێکدا و لە بەرامبەردا مێتافۆڕ، هێما و ئاماژەکان کە لە نێو ئەدەبدا هەیە و هەروەها لە نێو پانتایی گوتاری دینییشدا بە شێوەیەکی گشتی.

ئەو سێ پەرەگرافەی سەرەوە، سێ لە چەندین تەوەری نێو ئەو گفتوگۆیەی محمد ئارکۆنن لە بەرنامەی مەسارات لە کەناڵی ئەلجەزیرە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەبارەی ئەو جۆرەی توێژینەوەی ئەکادیمی و لێکۆڵەرانی دنیای عەرەبیی ئیسلامییەوە بۆ مێژووی عەرەبیی ئیسلامیی و هەروەها سەروەر و باڵادەستکردنی جۆرێک لە تێگەیشتنی وەهابییانەی سەلەفیی سعودیی بۆ دین و هەژمونکردنی لە ئاستێکی جیهانییدا.

زمان، یادگە و خەیاڵگەی کۆیی

فێربوونی هەر زمانێک سەرباری جۆراوجۆرێتی لە زماندا لەلای هەر کەسێک، کرانەوەی کلتوری و فەرهەنگی لەگەڵ فەزیلەتی شارستانیی و ئاشنابوون بە یەکێک لە ڕێگەکانی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی مرۆیی و یەکێک لە ڕێگەکانی داهێنان و بەشێک لە کەلەپوری مرۆییە. ئارکون سەبارەت بە کەمینەکان دەڵێت "هەر تاکێک لە کەمینەیەکی زمانیی لە هەر ووڵاتێکدا ناچارە سەرباری زمانی باوانیی وەکو کەمینەیەک، زمانی فەرمی ووڵاتەکەش بزانێت کە زمانی خوێندن و زمانی دەوڵەتە. زمان بە توندی پەیوەندیدارە بە دەوڵەتەوە. فێربوونی زمانێک جگە لە زمانی باوان، بەدەستهێنانی سامانێکی کلتوری و شارستانییە بۆ هەر کەسێک. زمان یادگەی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵە مرۆڤێکە. فێربوونی هەر زمانێک، ئاشنابوونە بە جۆرێکی دیاریکراوی تێگەیشتن و بیرکردنەوە، ڕێگەیەکی دیاریکراوی داهێنان لەلای کۆمەڵێکی مرۆیی، هەر بۆیە یونسکۆ داکۆکی لە مانەوەی زمانەکان و ڕێگریکردن لە لەناوچوونیان دەکات وەک بەشێک لە توراسی مرۆیی"

چواردەی ئەم مانگە "سێپتەمبەر" دەیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی بیرمەندی گەورەی "جەزائیری-ئەمازیغی" دنیای عەرەبی و ئەوەی ناودەبرێت بە جیهانی ئیسلامیی، محمد ئارکۆنە، توێژەرێک بە پاشخانێکی توێژینەوەی فیکریی ڕەخنەیی ئەکادیمیی زیاتر لە چل ساڵییەوە لە مێژوو، گوتار و بونیادە فیکرییەکانی دنیای عەرەبی و مێژووی ئیسلامیی بە خوێندنەوەیەک و تێگەیشتنێکی جیاوازەوە لە خودی دەقی قورئانیش. ئارکون، سەرەڕای زمانی ئەمازیغی کە زمانی باوانی بووە وەکو کەمینەیەک، زمانی عەرەبی، زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزیشی زانیوە. زۆرینەی کتێبەکانی بە زمانی فەڕەنسی نوسیوە و هەندێکی کەمیانی بە زمانی ئینگلیزی نوسیوە.

ئارکۆن خوێندنەوەیەکی فرەڕەهەندی ئەنترۆپۆلۆژیی بۆ بەشێکی گەورە لە مێژووی فیکری ئیسلامیی و بۆ هەندێک لە تێکستەکانی وەکو"الحکمە الخالدە بە فارسی جاودان خرد"ی ئبن میسکەوەی "ئیبن میسکەوەی، زانایەکی گەورەی ئیسلامیی- ئێرانیی سەدەی دەیەمی زایینییە" دەکات. فرەڕەهەندیی توێژینەوە و نوسین و کتێبەکانی ئارکۆن، وایکردووە ببێتە یەکێک لە زانا و توێژەرە "یەکەمەکان" گەورەکان لە خوێندنەوەی مێژووی فیکری ئیسلامی، ڕەخنەی گوتاری دینیی، شیکردنەوە و ڕەخنەکردنی بونیادە عەقڵییەکانی دنیای سیاسی عەرەبیی و بە تایبەتی ڕەخنەی شیکارییانەی بۆ توێژینەوە و خوێندن لە ئاستی زانکۆیی و ئەکادیمی لە دنیای عەرەبییدا. ئەم نوسینە وەکو یادخستنەوەیەکە لە توێژەرێکی گەورەی مێژووی ئیسلامی و دنیای عەرەبی کە نزیکایەتیەکی ئێجگار زۆری بە دنیای ئێمەشەوە هەیە. قسەکردن لە مێژووی زیاتر لە چل ساڵیی توێژەرێکی وەها گەورە کات و ڕووبەری نوسینی فراوانتری گەرەکە. تەنها ئاماژەکردن بە کتێبەکانی و ڕانانییان، بۆ خۆی لە نوسینی کتێب نزیکدەبێتەوە. گرنگە جەدەل و مشتومڕێک کە نوسینەکانی ئارکون لە نێوەندی ڕۆشنبیری و ئەکادیمی عەرەبییدا دروستیدەکات، لە دنیای ڕۆشنبیری و فیکریی ئێمەشدا دەنگدانەوە و گفتوگۆی لەبارەوە هەبێت.

خوێندنەوەی ئارکون یەکێک لە پێویستیەکانی دنیای ڕۆشنبیریی ئێمە و دنیای ئەکادیمی و کایەکانی بەرهەمهێنانی زانستیی ئێمەیە. تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئارکون، هیچی کەمتر نییە "ئەگەر زیاتریش نەبێت" لە خوێندنەوە و تێگەیشتنی فەیلەسوفان، کۆمەڵناسان و نوسەرانی خۆراوایی.