فەڕۆخ نێعمەتپوور

چەکدارەکانیش بە رۆژ لە سەر چیمەنتۆی مەنبەعەکە کۆدەبنەوە و خەون بە زێدی خۆیانەوە دەبینن. ئەوان کە قەت بیریان لەوە نەدەکردەوە رۆژێک لە رۆژان ببن بە میوان و دراوسێی مردووەکان و لەوێوە لە سەر قەبرستان ـ گردێکەوە بەرگری لە نیشتمان بکەن، کە شەویان لێدێت لە ترسی مردوو دەچنە سەنگەرەکانیانەوە و بەزەییان بەو هاوڕێیانەیاندا دێتەوە کە ناچارن تا سبەی بە چەکێکەوە نیگابانی بدەن. ئەو چەکانەی قەت ناتوانن هیچ مردوویەک دیسان بمرێننەوە، یان بکوژنەوە. 

 

گردێکی خڕ لە ناوەندی شارێکدا. بە سەدان ساڵ لەوە پێش کرا بە گۆڕستان و بە سەدان ساڵ دووای ئەوەیش مەنبەعی ئاوی تیا دروستکرا و، تەنیا بە چەند دەیە لەوە پێشیش بنکەیەکی سەربازی تیا چێکرا. ئیتر مردووەکان و ئاوی شار و سەربازەکان لەو کاتەوە پێکەوە لەو سەرە دەژین.

مردووەکان کە بە سەدان ساڵ ئازادانە لەو سەرە دەژیان و کەس نەبوو موزاحمیان بێت، ئەوان کە هەر کاتێک تینوویان دەبوو ئازادانە لە سەرچاوەی ئاوەکەیان دەخواردەوە، ئیستا دەبێ بە دزییەوە و بە نیوەشەوان کاتێک نیگابانەکان خەونووچکە دەیانباتەوە، بێن و بە دڵەڕواکێ ئاو بخۆنەوە. ئەوان لە کاتی ئاوخواردنەوەدا کێشکی یەکتر دەبینن. مردووەکان ساڵانی شەڕیش کاتێک فڕۆکەکان دەهاتن و لە گەڵ دەنگە سامناکەکەیان شار و گردەکەیان بوردومان دەکرد، لە قەبرەکانیان دەردەپەڕینە دەرەوە و هەراسان و لە ترسی گیانی مردوویان بە ناو کێلەکاندا رایاندەکرد، رێک وەک هەموو خەڵکی شار کە بە کۆڵانەکاندا وەیلان دەبوون. مردووەکان، لەو ساڵەوە خەون بە سەدان ساڵ لەوە پێش و بەو کاتەوە دەبینن هیچ پایگایەکی سەربازی لێ نەبوو.

چەکدارەکانیش بە رۆژ لە سەر چیمەنتۆی مەنبەعەکە کۆدەبنەوە و خەون بە زێدی خۆیانەوە دەبینن. ئەوان کە قەت بیریان لەوە نەدەکردەوە رۆژێک لە رۆژان ببن بە میوان و دراوسێی مردووەکان و لەوێوە لە سەر قەبرستان ـ گردێکەوە بەرگری لە نیشتمان بکەن، کە شەویان لێدێت لە ترسی مردوو دەچنە سەنگەرەکانیانەوە و بەزەییان بەو هاوڕێیانەیاندا دێتەوە کە ناچارن تا سبەی بە چەکێکەوە نیگابانی بدەن. ئەو چەکانەی قەت ناتوانن هیچ مردوویەک دیسان بمرێننەوە، یان بکوژنەوە. ئەوان جاری وایە لە ترسی مردووەکان حەز دەکەن هەرچی زووتر بەر بۆمبی فڕۆکەکان بکەون، لەت و پەت ببن و بمرن.

بەڵام لە گەڵ تێپەڕینی رۆژ، مانگ و ساڵەکان، سەرئەنجام جۆرێک لە هاوڕێیەتی و دۆستایەتی لە نێوان ئەوان و مردووەکاندا دروست دەبێ. کەس لە بیری نایێ چلۆن، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە دروست بوو. ئیتر لەو رۆژەوە مردووەکان بە دزییەوە لە ئاوەکەیان نەدەخواردەوە و سەربازەکانیش لە کاتی بوردومان لە جیاتی سەنگەر خۆیان لە ناو گۆڕەکاندا دەشاردەوە. لەو رۆژەوە نە مردوویەک بە تینوویەتی سەر نایەوە و، نە سەربازێکیش پریشکی بۆمبە سامناکەکانی بەرکەوت.

لە یەکێک لەو ساڵانەدا گردەکە وەها لە مردوو پڕبوو کە ئیتر جێگا بۆ مردووی تازە نەما. خەڵکی بە ناچار روویان کردە شوێنێکی تر. لەو ساڵەوە بە نەهاتنی کەسی تازە، مردووەکانیش وەک عەشیرەتیان لێهات. سەرۆکێکیان هەڵبژارد و کوێخایەکیان دانا و ناوی خۆیان نا "خێڵی گردەکە". خێڵی گردەکە کە بە نەریت رقیان لە ئەمنیە و لە جەندەرمە بوو، نەیاندەزانی کە چی لە گەڵ ئەو هاوڕێیەتیە بکەن وا لە گەڵ سەربازەکان هەیانبوو. هەندێکیان وتیان دەبێ وەدەریان بنێین، هەندێکی تریان وتیان چار نیە دەبێ لە گەڵیان بژین، هەندێکی تریشیان پێیان وابوو کە بە بێ بیرکردنەوە لەم جۆرە وشانە دەکرێ هەر وەک جاران ژیان ـ مەرگ لە سەر و ژێرەوەی گردەکە بەردەوام بێت. کە لە دووای چەند کۆبوونەوە بە ئاکامێک نەگەیشتن، هەر گروپە و بە شوێن خەونی خۆیدا رۆیشت. پێڕی یەکەم، ناڕازی، بە شەوانە بە دزییەوە کەوتنە بەردەباران کردنی سەربازەکان، پێڕی دووهەم بۆ سبەی دەچوونە لای سەربازەکان و داوای لێبوردنیان لێدەکردن و، پێڕی سێهەمیش وەک بڵێی هیچ رووی نەدابێ، وەک جاران درێژەیان بە ژیانی خۆیان دەدا.

سەربازەکان کە مابوونەوە چلۆن لە گەڵ ئەم دۆخە نوێیە هەڵس و کەوت بکەن، ئەوانیش بوون بە سێ دەستە: دەستەی یەکەم کەوتنە تەقەکردن، دەستەی دووهەم رووخۆشتربوون و دەستەی سێهەمیان تەنیا بیریان لە فڕۆکەکان و لە بۆمبەکان دەکردەوە. لای ئەوان گەر شەڕ تەواو بایە، بە رۆیشتن و گەڕانەوەیان بۆ ناو بنەماڵەکانیان خۆبەخۆ هەموو شتێک کۆتایی پێدەهات.

بەڵام کێشە ئەوە بوو کە شەڕ قەت تەواو نەبوو. لەو دیو گۆڕستانەکەوە کەسانێ هەبوون کە بەردەوام چەک و تەقەمەنیان بۆ دەناردن و داوایان لێدەکردن کە لە پاراستنی نیشتمان بەردەوام بن.

بەربەرە وەهای لێهات کە ژمارەی ئەو سەربازانەی وا سەریان دەشکا و جەستەیان خوێناوی دەبوو رووی لە زیادبوون کرد. فەرماندە سەرئەنجام دووای ئەوەی بە وتووێژ لە گەڵ مردووەکان هیچی پێنەکراو نەیتوانی بەر بە بەردهاوێژەکان بگرێ، بڕیاری دا کە نەهێڵێ هیچ مردوویەک لە ئاوەکە بخواتەوە. بۆ ئەم مەبەستە ژمارەی نیگابانەکانی بە شەودا زیاد کرد و، جگە لەمە تێڵدڕووکانیان فرەتر کرد. مردووەکان بەمە تەنگەتاو بوون، بەڵام ئەمە بەری بە رۆحە بەردهاوێژەکان نەگرت. بە ناچار بەرە بەرە روویانکردە خانووەکانی دەورووبەری قەبرستانەکە. بە نیوەشەوان پێڕێکیان دەڕۆیشتن و لەوێ بە گۆزە لەت و بە پووتە شکاوەکانیان ئاویان دەهێنا. خەڵکی گەڕەک کە تا ئەو کات بەم شێوەیە و بەم بەربڵاوییە مردووەکانیان لە ناو حەوشە و کۆڵان و بەردەگاکانی خۆیاندا نەبینیبوو، ترسێکی وەهایان لێ نیشت کە بە ناچار دەبا فکرێکی لێبکەنەوە. چی بکەن چی نەکەن؟ بڕیاریان دا بچن و لە گەڵ شارەوانی شار قسە بکەن. شارەوانی گوێی لە قسەکانی ئەوا گرت و گوتیان کە دوواتر وەڵامیان دەدەنەوە. سەرئەنجام رۆژی بڕیار هات. شارەدار گوتی کە دەیەوێ بە بۆڵدزێڕ گۆڕەکان تەخت بکا و شوێنەکە بکا بە شوێنێکی وەک پارک. هەڵبەت گوتیان کە لە گەڵ بەشی سەربازیش قسەیان کردووە و ئەوانیش دەتوانن بەردەوام بنکەکەیان لەوێ وەک جاران بپارێزن. مقۆ مقۆ کەوتە ناو خەڵک. هەندێکیان گوتیان ئەمە رەنجاندنی باو و باپیرانمانە، هەندێکی تر گوتیان گوناحمان دەگا، هەندێکی تر گوتیان ئەمە ناکرێ چونکە مردووەکان تۆڵەمان لێدەکەنەوە،... هەندێکی تریش گوتیان فکری چاکە. شارەوانی کە دەیبینی بە هیچ ئاکامێک ناگەن پێشنیاری دا کە لانیکەم دەست بکەن بە تەختکردنی بەشێکی گۆڕستانەکە، بۆ ئەوەی بزانن کە کاردانەوەی مردووەکان چۆن دەبێ. خەڵک ئەمەیان قبوڵکرد.

رۆژێک بۆڵدزێرێکی زەردی گەورە بە تڕە تڕە و هاڕە هاڕ بە گردەکەدا سەرکەوت و رێک لەو تەنیشتەوە دەستی کرد بە تەختکردنی گۆڕەکان وا بەشی رۆژهەڵاتی بوو، شوێنێکی کوڕ وا دەیڕوانی بە سەر ئەو دۆڵەدا کاتی خۆی باوباپیران بۆ یەکەم جار لەوێدا یەکەم خانووەکانی شاریان چێکردبوو. رۆژی یەکەم کارەکە بە خۆشی چووە پێشەوە، بەڵام بۆ رۆژی دووهەم رێک لە کاتی نیوەڕۆدا بۆڵدزێرەکە بە دیوی دۆڵەکەدا وەرگەڕا و کەوتە سەر سەر و، شۆفیرەکەیشی دەست بەجێ گیانی لە دەست دا.

خەڵکی بەمە زۆر ترسان. وتیان مردووەکان کوشتیان! لەو رۆژەوە ئیتر خەڵکی شار ئەوەندەی لە مردووەکان دەترسان لە شەڕ نەدەترسان. وای لێهات هەندێ لە خانووەکانی دەورووبەری گۆڕستانەکە خانووەکانیان بە جێ هێشت و، رۆیشتن. ئەوانەیشی مانەوە بە شەودا دووای ئەوەی بە تەنەکە و بە گۆزە ئاویان لە حەوشە و دەرکە و بانەکانیان دادەنا، دەرگا و پەنجەرەکانیان لە سەر خۆیان دادەخست و خۆیان دەشاردەوە.

قەبرستانیش کە بەشیكی کاول ببوو و جەستەی بە قوڵی بریندار هەڵگەڕابوو، مردووەکانی بۆ بەشەکانی تر رایانگواست. بەڵام شوێنیان بۆ نەمابوو. چ بکەن چ نەکەن،... دووای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر میوانی ئەوانی تر بوون، بڕیاریان دا بچن و لە گەڵ سەربازەکان قسە بکەنەوە. فەرماندەکە بە جوانی گوێی لە قسەکانیان گرت. دووای ئەوەی کەمێک هات و رۆیشت، لایکردەوە و گوتی:

ـ "زۆر باشە، ئێوە دەتوانن بۆ ناو ئێمە راگوێزن، بەڵام بە یەک شەرت. ئەویش ئەوەی کە بەردەباران کردن دەبێ کۆتایی بێت! ئیدی چۆنیش ئەوانی تر بەمە رازی دەکەن کێشەی خۆتانە و بەس."

مردووە ئاوارەکان سەیرێکی یەکتریان کرد و پاش کەمێک مقۆ مقۆ لە ناو خۆیاندا بەڵێنیان دا جێ بە جێی بکەن.

کە گەڕانەوە تا چەند رۆژ لە نێوان مردووە ئاوارەکان و مردووە بێزار لە سەربازەکان شەڕ بوو. ئەوانەی وا کوژرانەوە، لە ژێر گۆڕەکاندا دیسان گۆڕی تریان بۆ هەڵکەندرا و ناشتنیاننەوە، ئەوانەیشی وا گیانیان بەدەر برد بەڵێنیان دا واز لە هاویشتنی بەرد بهێنن، هەڵبەت بەو مەرجەی تا دۆخەکە گۆڕانی بە سەردا دێتەوە. ئیتر مردووەکان بۆ ناو پایگاکە رایانگواست.

لەو رۆژەوە بە کۆتایی هاتنی ململانێی نێوان چەکدارەکان و مردووەکان، هەم مردووەکان دەستیان بە ئاوەکە راگەیشتەوە و، هەم سەربازەکانیش لە بەردەباران رزگاریان بوو. ئەو خەڵکەیشی وا کۆچی کردبوو، بەرە بەرە بەرەو ماڵ و حاڵیان گەڕانەوە.

تەنیا کەسێک لەو نێوەدا سەرگەردان مایەوە رۆحی ئەو شۆفیرە بوو وا بۆڵدزێرەکەی هەڵدێرابوو و، مردبوو. ئەو، نە لێرە لەم گردە و نە لە قەبرستانە نوێیەکەی ئەو پەڕی شاریش جێی نەدەبووەوە. مردووەکان یەکتریان ئاگادارکردبووەوە و هەر بۆیە لە هەموو شوێنێک دەریان دەکرد. تاقە رۆحی ئاوارەی شار.

رۆحی سەرگەردانی شۆفیرەکە، کە نازانێ بۆچی هاوڕێ نوێیەکانی رێی ناکەن و بۆچی رقیان لێیەتی، بی ئاگا لە چیرۆکی قەبرستانەکە، پەشیمان لەوەی کە رۆژی وەرگەڕانەکە، لە ترسی فڕۆکەکان لە جیاتی پێکێک، حەوت پێکی خەستی خواردبووەوە، سەرخۆش سەرخۆش بە دەشتە خەڵوەتەکاندا دێت و دەچێ و، خەریکی پیاسەیەکی ئەبەدیی بێ ئەنجامە.

  

 

 

بازدید: 1468