هاوڕێ نەهرۆ

دژی ئەندامبوونی نەرویج بوون لە یەکیتی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆ، ئێستاش ئایدولوژیەتی حزبەکە لە بازنەی سوسیال دیموکرات دەسورێتەوە هەروا لایەنگری سەرسەختی ژینگەو کێشەی ئافرەتن بیجگە لەوە داوای پتەوکردنی کەرتی گشتی ین بەشێوەیەک حکومەت زیاتر بەشدار بێ لە بواری ئابوری دا ویرای ئەوەش پاڵپشتی پتەو کردنی تۆڕی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتین.

 

 

پارتە چەپەکانی نەرویج      

هاوڕێ نەهرۆ

لێرەدا باسێ سێ پارتی چەپی نەرویج دەکەم زیاتر جەخت لەسەر پارتی کریکارانی نەرویج دەکەم کە پارتێکی سوشیال دیموکراتە، بەڵام وەک چەپێکی ناوەڕاست سەیر دەکرێ لەگەڵ پارتی سوسیالیستی چەپ و سوورەکان! بێگومان هەندێ خەڵک پێ وایە سۆشیال دیموکراتەکان چەپ و مارکسین، بەڵام لە هەقیقەت دا وا نییە. بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٤ کاک عیماد ئەحمەد سەردانی نەرویجی کرد لە هوڵی پەرلەمان سمیناریکی گێڕا. لە میانەی قسەکانی گوتی ئێمەش وەکو ئێوە، سەردەمی مارکسی لینینی بووین، یان چەند ساڵی دواتر مەلا بەختیار سەردانی نەرویجی کردووە. کاتێ لەگەڵ نوێنەری پارتی کریکارانی نەرویج دانیشتووە گوتوویەتی ئەمان سەبارەت بە مارکسیەت لە بەفر ساردترن. هەروا کاک سەلام عبداللە چەند ساڵیک پێش ئێستا نامەیەکی رەخنە ئامێزی بۆ ناردم سەبارەت بە یەنس ستولتینبیرک کە سەرۆکی پێشووی پارتی کریکارانی نەرویج بوو، ئیستا جەنەراڵ سکرتیری ناتۆ وە لە میانەی نامەکەی دا کاک سەلام دەڵی ئیوە وەک سوشیال دیموکرات چون رازی دەبن سەرپەرەشتی ناتۆ بکەن لە کاتێکدا ناتۆ دەزگایەکی ئیمپریالی یەو لە جیهان دا خەریکی ناهەقی یە، منیش نامەکەم تەرجەمەی نەرویجی کرد و ناردم بۆ بیرۆی پارتی کریکاران. ئیستاشی لەگەڵ بێ وەڵامیان نەدایەوە. سەرەتا من دەمزانی پارتی کریکاران چۆنە، رۆژانە لە ریگای تیڤی و روژنامەی ئاگاداری سیاسەتیانم بۆیە وەکو نامەیەکی بێهودە هاتە پێش چاوم بەڵام لەبەر دڵی کاک سەلام تەرجەمەم کردوو ناردم، ئەم برادەرانە لە دەرەوەی نەرویج دەژین ئاگاداری وردەکارییەکانی سیاسەتی پارتی کریکاران نین کە هەندێ جار دایدەشکێنێ بەلای ڕاسترەوەکان دا هەر بۆیە پارتی کریکارانی نەرویج جگە لە هەڵویستی پۆزەتیڤی بەرانبەر پەناهەندە لە رووەکانی ترەوە هەر وەک حزبە راستڕەو و بورژواکانە، هەنگاوەکانی  لەمانەوە نزیکە.

بۆ نموونە چەند ساڵی پێش ئێستا سەرۆکی پێشووی سوسیال دیموکراتەکانی نەرویج یەنس ستولتینبیرگ گوتێ نە بۆ فاشیزم نە بۆ کومونیزم، فاشیزم و کومونیزم لە یەک تای تەرازوو دانا بوو!

 

پارتی کریکارانی نەرویج / پارتیکی سیاسی یە سەر بە تەوژمی سوسیال دیموکراتە لە کاتێکدا وەک چەپی ناوەڕاست ناوزەد دەکرێ، گەرەتری حزب بوو لە هاوپەیمانیەتی سەوزو سوور لەساڵی ٢٠٠٥ وە بۆ ٢٠١٣ بە پێ ئاماری ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی ئەندامانیان لە نەرویج ٥٦ هەزار ئەندامە، هەنووکە یوناس گارستورە سەرۆکیەتی، پارتی کریکاران بە فەرمی پەیگیری تیئوری دیموکراتیەتی کۆمەڵایەتی یە، هەر لەسەرەتای سی یەکانی سەدەی رابوردووەوە دروشمی (لێگەرێ باهەمووان بەشدار بن لە بیناسازی ) هەڵگرتووە، لەم میانە دەیەوێ دەوڵەتی خزمەتگوزاری بەهێز بەدی بێنێ، هەر لە هەشتاکانەوە حزب رێگای داوە بە پرینسیپەکانی ئابوری و بازاری کۆمەڵایەتی لە سیاسەت دا هەروا رێگای خوشکرد بۆ تایبەتمەندی کردنی بنەما خزمەتگوزاریەکان کە پێشتر حکومەت بەسەری دا زاڵ بوو هەروا بە شیوەیەکی رێژەیی باجیان لەسەر داهات کەم کردەوە، لەسەردەمی یەنس ستولتینبیرگ سیاسەتی حزب ئیلهامی وەردەگرت لە سیاسەتی پارتی کریکارانی تازەی بریتانیا بە رابەری تون بیلر لەو کاتە نەرویج هەنگاوی نا بەرەو تایبەتیکردنی بەربڵاو زیاتر لە حکومەتەکانی پێشووتری، هەر لە هەشتاکانەوە بە شیوەیەکی بەرچاو حزبی کریکاران بە نێولیبراڵی وەسف دەکرێ لە لایەن پسپورانی زانستی سیاسی و بەرهەڵسکارانی چەپ، بەڵام پارتی کریکاران خۆی بە پارتێکی پێشکەوتنخواز لە قەڵەم ئەدا پەیگری هاوکارییە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، ئەندامی تەواوی پارتی سوسیالیستە ئەوروپیەکان و هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز هەروا ئەندامی چاودێری رێکخراوی سوشیالیستی نێو دەوڵەتی یە، پارتی کریکاران هەمیشە پاڵپشتی ئەندام بوونی نەرویج بووە لە ناتۆ هەروا لە دوو پروسەی دەنگ دان دا پاڵپشتی ئەندامبوونی نەرویج بوو لە یەکیتی ئەوروپا، روڵیکی بەرچاوی گێڕاوە لە گفتۆگۆی نیوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان کە لە ساڵی ١٩٩٣ بە رێکەوتنی ئۆسلۆ ناوی دەرکرد، لە میانەی شەری ساردا زۆربەی کاتەکان پارتی کریکاران لەسەر دەسەڵات بووە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەرویج هاوپەیمانێکی نزیک بوو لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەروا سیاسەتی دژایەتی کردنی شیوعیەتی پەیرەو کرد لەسەر ئاستی ناوخۆ دا ئەم دژایەتی یە گەیشتە تروپکی کاتێ کە نەرویج بوو بە ئەندامی دامەزرینەری رێکخراوی پەیمانی باکوری ئەتلەسی لەساڵی ١٩٤٩ دا،

دامەزراندنی پارتی کریکاران دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٨٨٧ پەیوەست بوو لە گەڵ بزوتنەوەی کریکارانی جیهان لەو سەردەمە، هەر لە ساڵی ١٩٢٧ بوەتە گەورەترین  حزبی نەرویجی، لەساڵی ١٩٠٣ بۆ یەکەم جار توانی بچیتە بەرلەمان، یەکەم حکومەتی لە ساڵی ١٩٢٨ پێک هینا، لە ساڵی ١٩٣٥ تا وەکو ساڵی ٢٠١٣ رابەرایەتی هەموو حکومەتەکانی نەرویجی کردووە ئەگەر تەنیا ئەو ماوەی لێ دەرکەین کە نەرویج لەلایەن ئەلمانیای نازییەوە داگیر کرابوو.

لە ساڵی ١٩٤٥ تا ساڵی ١٩٦١ پارتی کریکاران زۆربەی رەها بوو لە پەرلەمانی نەرویج بەڵام لەشەستەکان وسەرەتای حەفتاکان هەیبەتی پارتی کریکاران شکا بەهۆی کێبەرکێ لەلایەن پارتە چەپە سوسیالیستەکان ئیدی لە هەفتاکانەوە پارتی کریکاران دەنگ دەرانی دۆڕان بۆ پارتە ڕاسترەوەکان، ئەمەش بووە هۆی وەرچەرخانی بەرەو بەرەی ڕاستڕەوی بەتایبەتی لە ژێر ریبەرایەتی غروهارلم برونتلاند.

 

لەساڵی ٢٠٠١ لە هەڵبژاردن دا پارتی کریکاران خرابترین ئەنجامی بەدەست هینا بەڵام لە ٢٠٠٥ تا ٢٠١٣ گەڕایەوە بۆ دەسەڵات بە هاوپەمانیەتی لەگەڵ پارتی سەنتەر وپارتی چەپی سوسیالیستی وسەوزەکان بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣ نۆ کورسیی لە دەست دا هەر بۆیە سەنگەری ئۆپۆزسیونی هەڵبژارد شایانی باسە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٧ شەش کورسی تری لە دەست دا.

پارتی سوسیالیستی چەپ / لەساڵی ١٩٧٣ دامەزرا وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەتی هەڵبژاردن لەگەڵ حزبی شیوعی و پارتی گەلی سوسیالیستی و سوسیال دیموکراتەکان و سوسیال سەربەخۆوەکان، لەساڵی ١٩٧٥ هاوپەیمانیەتیەکە بووە پارتێکی سیاسی یەکگرتوو و حزبی سوسیالیستی چەپ دامەزرا لە ئەنجامی سیاسەتی دەرەوەی ئەو کاتەی نەرویج، ئەمان دژی ئەندامبوونی نەرویج بوون لە یەکیتی ئەوروپا و پەیمانی ناتۆ، ئێستاش ئایدولوژیەتی حزبەکە لە بازنەی سوسیال دیموکرات دەسورێتەوە هەروا لایەنگری سەرسەختی ژینگەو کێشەی ئافرەتن بیجگە لەوە داوای پتەوکردنی کەرتی گشتی ین بەشێوەیەک حکومەت زیاتر بەشدار بێ لە بواری ئابوری دا ویرای ئەوەش پاڵپشتی پتەو کردنی تۆڕی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتین.

پارتی سوسیالیستی چەپ پارتێکی دیموکراتی یە لە تەوژمی چەپ لەسەر بنەمای پرینسپەکانی سوسیالیستی دامەزراوە پاڵپشتی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی دەکا لەگەڵ سەپاندنی باجی زۆر لەسەر دەوڵەمەندەکان، رێژەی لە ٪٨٢ ئەندامانی ئەم پارتە لەگەڵ هاتنی پەناهەندەن بۆ نەرویج، پێ یان وایە هاتنی زۆری پەناهەندە دەبێتە هۆی ئەوەی نەرویج ببێتە کۆمەڵگایەکی فرە کەلتووری پێ یان وایە یەکسانی کۆمەڵایەتی لە نەرویج بریتی یە لە بەدی هینانی یەکسانی رەگەزی.

لەگەل مافی فەلەستینیەکان دان لەهەمان کاتدا لەگەڵ دابرانن لەگەڵ ئیسرائیل هەروا دژی پروسەی سەربازین لە سیاسەتی دەرەوەدا وەک جەنگ لە ئیراق و ئەفغانستان و کۆسوفو.

بەپێ ئاماری ساڵی ٢٠١٦ نۆ هەزار ئەندامیان هەیە لە نەرویج، لە هەڵبژاردنی ٢٠٠١ بوو بە چوارەمین گەورەترین حزب لە نەرویج بەڵام لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣ گەڕایەوە بۆ پلەی حەوتەم جاریکی تر لە هەڵبژاردنی ٢٠١٧ بوو بە پلەی پێنجەم، سەرۆکی پارتەکە نێوی (ئەدون لیسباکین کە لەساڵی ٢٠١٢ هەڵبژیردرا).

 

پارتی سوور / پارتی سووری نەرویجی سەر بە ئەوپەری چەپە لەپارتی سوسیالیستی چەپ چەپترە، لەساڵی ٢٠٠٧ دامەزراوە لە ئەنجامی یەکگرتنەوەی پارتی کریکارانی شیوعی لەگەڵ هاوپەیمانیەتی هەڵبژیردراوی سوور، رابەری ئێستای حزب بیورنار موکسنس ە. پارتی سوور شیوعیەت وەک دوا ئامانج سەیر دەکا ئەمەش لە پروگرامی فەرمی حزب دا دانی پیانراوە، ناوی پارتەکە لەوەوە سەرچاوە دەگری کە زۆربە ئەندامانی هەڵکەوتوویان دەیانەوی بەها شیوعیەکان پتەو بکەن، لە رابردوو ئێستا دا پرنسیپە سەرەکیەکانی حزب بریتی یە لە گۆڕینی سەرمایەداری بۆ کۆمەڵگایەکی سوسیالیستی هەروا خوازیاری کەرتێکی گشتی بەهێزە لەگەڵ خۆماڵی کردنی کومپانیا زەبەلاحەکان لە کاتێکدا ئایدولوژیەتی سەرەکیان پشت بە ئامانجی سوسیالیستی شوڕشگیر دەبەستی بەشێوەیەک کە کریکاران دەسەڵات وەرگرن و ئەنجومەنی یاسادانانی نۆی هەڵبژیرن لەکاتیکدا پارتی سوور روونی کردەوە کە لایەنگری خەباتی چەکداری نین کە پێشر ئەم خەتە لایەنگری هەبوو. پارتی سوور لایەنگری مافی گەرانەوەی فەلەستینیەکانە لەگەڵ هەموو جۆرە دابڕانێک لەگەڵ ئیسرائیل، بەناوبانگترین پزیشکیان کە ئەندامە بە نێوی مادس جیلریت ناسراوە بەهاوکاری کردنی فەلەستینیەکان هەروا پاڵپشتی کاری خیرخوازی و پزیشکی دەکا لە غەزە.

پارتی سوور ١٠ نوینەری هەیە لە ئەنجونی ناوچەکان هەروا هەشت نوینەری هەیە لە ئەنجومەنی شارەوانیەکان، لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣ گەورەترین پارت بوو کە کورسی پەرلەمان بەدەست نەهینا بەڵام بۆ یەکەم جار لەساڵی ٢٠١٧ گەیشتە پەرلەمان رێژەی لە ٪ ٢،٤ دەنگەکان بەدەست هیناو یەک کورسی پەلەمانی بەرکەوت.