ما 6048 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئیزرائیل ئیستاکەیش هەر لەسەر ئەستێرەکە دادەنیشت و لەوێوە سەیری زەوی و ماڵی گوڵێی دەکرد. گوڵێ ئەگەرچی لە کۆمەڵێک ئێسک و پروسک، جووتێ مەمکی سیس و دەم و چاوێکی گنج گنجاوی هیچی تری وای پێوە نەمابوو، کەچی ئیزرائیل هەر چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد لە لایەن خودا ئەمری بۆ دەرچێ و بچێ گیانی بکێشێ و بیکا بە هاوسەری خۆی.

 

ئیزرائیل ئاشقی گوڵێ دەبێ

فەڕۆخ نێعمەپتوور

 

خوا ژن و پیاوێکی بەیەکتر گەیاند و لە دووای نۆ مانگ و نۆ رۆژ و نۆ سەعات کچێکی جوانیان بوو. ناویان نا گوڵێ. گوڵێ هەر لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە ئەوەندە جوان بوو کە ئیزرائیل ئاشقی دەبێ. بۆیە داوای لە خوا کرد زەمەن بۆ دوواوە بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی گوڵێ لەدایک نەبێ، وەها کە ئیزرائیل بتوانێ لەگەڵی ببێ بە هاوسەر.

بەڵام خودا گوتی کە تازە لەدایک بووە و بە هۆی ئەو رێزەی بۆ ژیان هەیەتی ناتوانێ کات بگێڕێتەوە، چونکە ئەمە بە مانای کووشتن یاخود مراندنی گوڵێ یە، شتێک کە ئەو لە دژیەتی. جگە لەمە گوتی کە دەبێ ئیتر لەوە گەیشتبێ زەمەنی پێش و پاشی لە دایکبوون جیاوازن.

ئیزرائیل کە زۆر لەم رستەیەی دووایی نەدەگەیشت، هەرچی پاڕایەوە و گریا و گڕووی گرت بێسوود بوو. بگرە خودا تووڕە بوو و، گوتی تازە مەگەر لەبیرت چووەتەوە مەلایکەکان نە ژن دێنن و نە شوودەکەن؟ بەڵام ئیزرائیل ئەوەندە ئاشق بوو ئەم قسانە بە گوێیدا نەدەچوون. ئەو هەر لە بیری گوڵێ دا بوو. شەوانە کاتێک دونیا خامۆش هەڵدەگەڕا لە ناو کاکەشان لەسەر ئەستێرەیەک دادەنیشت و، لەوێوە سەیری ماڵی گوڵێی دەکرد و بە کوڵ فرمێسکی دەڕژاند.

شەوێک شەیتان کە خەریکی گەڕان لە بێکەراندا بوو و بیری لە پلانێکی تر بۆ بەلاڕێدابردنی مرۆڤەکان دەکردەوە، چاوی بە ئیزرائیل کەوت و چوو بۆ لای. شەیتانیش وەک هەموو بوونەوەرەکانی تر لە ئیزرائیل دەترسا، لە چاوەکانی، لە دەمامکەکەی، لەو مەڵەغانەی بەدەستییەوە بوو و هەروەها لە شنێلە درێژ و رەشەکەی کە کاتێک دەفڕی شەپۆلانی دەدا و بە شوێن خۆیدا گڕی جێدەهێشت.

ـ سڵاو پار دۆست و ئەمساڵ ئاشنا!

ئیزرائیل کە ئاگای لە هاتنی نەبوو، لایکردەوە. بە بۆڵە وەڵامێک لە دەمی هاتەدەر. شەیتان گوتی:

ـ خێربێ، چییە وا بە خەمباری دانیشتووی؟.... کەس دەستناکەوێ بۆ مردن؟

ـ لێمگەڕێ بەر غەزەبی خواکەتوو، رێگای خۆت بگرە و بڕۆ... وازم لێ بێنە کە دەردم گرانە!

ـ گرانە؟! جا دەردی کێ گران نیە... ها! بۆ خۆیشی نازانێ ئەم دونیای بۆ لەسەر ئەم هەوایە خوڵقاندووە... هەڵبەت من دەزانم، گەر یەکەم رۆژ وەک من سوجدەتان بۆ ئادەم نەبردایە ئیستاکە ژیان بە لایەکی تردا دەگەڕا، لایەکی یەکجار باشتر. ئاخر پیاوی ئاقڵ چارەنووس دەداتە دەست بوونەوەرێک کە سەرئەنجام رۆژێک دەمرێ!

ئیزرائیل هەروا بێ دەنگ بوو. بە قووڵی لە بیردابوو. شەیتان راوەستا، ئەوسا کتوپڕ گوتی:

ـ چییە ئاشق بووی؟... ئەویش ئاشقی مرۆڤ؟

ئیزرائیل لە ژێر چاوەوە سەیری کرد. هەمیشە بە زیرەکیی شەیتان سەری سووڕمابوو. زیرەکییەک کە هەموویان دەیانزانی و کەچی بە ئاشکرا دیانیان پیانەدەهێنا. بگرە بە جۆرێکیش حەقیان دەدایە. بەتایبەت ئیزرائیل کە لەو ئەرکەی خودا پێی دابوو تەواو وەڕەز و ماندوو ببوو. ئاخر ئەمە کارە هەر ساتە و گیانێک بکێشێ و ببیە هۆی گریە و شین و شەپۆڕی ئەو بوونەوەرە نەگبەتە دوو پێیانە! نە بەخوا،... ئەمە کار نەبوو. گەر مرۆڤ نەبووایە ئەویش وەک جاری جاران ئاسوودە دەبوو. بێ خەیاڵ لە مەلەکوتدا دەسووڕایەوە.

ـ بە چییا ئەزانی... بە چییا ئەزانی ئاشق بووم؟

ـ ههههه،... بە شێوەی دانیشتنت، بە شێوەی رووانینت،... بەوەی لە مۆمێکی لە دەرەوە کوژاوە و لە ناوەوە هەڵکراو دەچی.

ئیزرائیل ئاهێکی قووڵی هەڵکێشا و، هەستایە سەرپێ. بە سەر ئەستێرەکەدا کەوتە قەدەم لێدان. گوتی:

ـ هەرچی لێی پاڕامەوە بەقسەی نەکردم، وتم تکایە مەیخە ژیانەوە، تکایە با نەڕوا، وتم خۆشم دەوێ، بە قەدەر چاوەکانم، بەقەدەر مەڵەغانەکەم،... وتم و وتم، کەچی گوێی لێنەگرتم.

ـ مەگەر ئەو هەمیشە وانەبووە؟ مەگەر هەبووە گوێ بگرێ! پێم سەیرە وا بیردەکەیتەوە.

ـ ئاخر چارم چییە، دەرمانی دەردی من بە دەست ئەوە، گەر بیەوێ چارەسەری دەکا و گەر نەیەوێ هەروا دەسخەڕۆ دەمێنمەوە،... رووبکەمە کوێ... ئەی هاوار! ئەوسا پڕ بە گەردوون نەڕاندی.

شەیتان کەمێک راما. بە دەستی راستی ریشە ماش و برینجییەکەی خوراند. چەند تاڵی رەش و سپی بەربوونەوە و لەناو کاکەشان لەگەڵ ئەستێرە و بەردە سەرگەردانەکانی تر کەوتنە خولانەوە. لە کاتێکدا شەیتان چاوی لەسەر تاڵە ریشە هەڵڕژاوەکانی خۆی بوو کە خەریکبوو دووردەکەوتنەوە، گوتی من رێگاچارەیەکم بۆت هەیە! ئیزرائیل لە قەدەم لێدان کەوت، لایکردەوە و لە شەیتانی رووانی، چاوەکانی گڕیان هاویشتەوە، گڕێک لە چەشنی ئەشق نەک لە چەشنی حەزی گیان ئەستاندن. بەپەلە هات و لە تەنیشت شەیتان دانیشتەوە. ئەوسا شەیتان دەمی بە گوێ بە پرچ داپۆشراوەکانی ئیزرائیلەوە گرت و ماویەکی چاک چرپاندی. روخساری ئیزرائیل لە ژێر دەمامکەکەیەوە دەکرایەوە و دەکرایەوە. لە دووای ئەمە هەستایە سەرپێ و لەپاش ماچکردنی روخساری شەیتان کە تامی بیابان و تەنیایی دەدا، بەرەو بارەگای خودا فڕی.

کاتێک گەیشت، ئەگەرچی خودا خەریکی خوڵقاندنی جیهانێکی تر لە شوێنێکی تر بوو، بەڵام بە حوکمی ئەوەی گرینگترین مەلایکەی خۆی واتە ئیزرائیل، کە ژیانی لە قەوارەی مردندا بۆ لای خۆی دەگێڕایەوە هاتبوو، کارەکەی راوەستان و گوێی لە مەلایکە چنگ بەگڕەکەی گرت. ئیزرائیل داواکەی خۆی پێشکەش کرد.

ساڵانی ساڵ دوواتر، لەپاش ئەوەی گوڵی گەورە بوو، دایان بە شوو. هێشتا دە ساڵێک لە ژیانی هاوبەشی گوڵێ و هاوسەرەکەی تێنەپەڕیبوو کە مێردەکەی لە پێکدادانی ترۆمبیلدا کوژرا. گوڵێ ئەوەندە گریا کە منداڵی پێنجەمی لەبارچوو. یەک دوو ساڵێک دووای ئەوە بوو بە راپەڕین و حکومەت وەرگەڕا. برایەکی گوڵێ لە راپەڕینەکەدا کوژرا و برایەکی تریشی دوو ساڵ دوواتر لەسەر سنوری تورکیا ئاوبردی و خنکا. ئامۆزایەکی لەسەر نامووس بە دەمانچە کوژرا و پوورزایەکی تریشی بێ سەرەوشوێن بوو. گوڵێ باوکی جەڵدە لێیدا، لە جێگایا کەوت و دایکیشی بە سەرەتانی سی زۆر خێرا مرد. گوڵێ کە خاوەن سێ کوڕ وکچێک بوو، هەر لەدووای بەشوودانی کچەکەی تەڵاقیان دا و رووی لە ماڵی دایکی کردەوە کە ئیستاکە بە نانکردن بۆ خەڵکی و بە خێری ئەم و ئەو دەژیا.

ئیزرائیل ئیستاکەیش هەر لەسەر ئەستێرەکە دادەنیشت و لەوێوە سەیری زەوی و ماڵی گوڵێی دەکرد. گوڵێ ئەگەرچی لە کۆمەڵێک ئێسک و پروسک، جووتێ مەمکی سیس و دەم و چاوێکی گنج گنجاوی هیچی تری وای پێوە نەمابوو، کەچی ئیزرائیل هەر چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد لە لایەن خودا ئەمری بۆ دەرچێ و بچێ گیانی بکێشێ و بیکا بە هاوسەری خۆی. ئەمرێک کە سەرەڕای تێپەڕینی ساڵانی ساڵ هەر دەرنەدەچوو و لەوەیش نەدەچوو بەم زووییە دەربچێ!

ئیزرائیل کە سەری لە گیان سەختیی گوڵێ سووڕمابوو، دیسان رووی کردەوە خودا و گلەیی کرد. گوتی قەراربوو زووتر بمرێ، گوتی بەڵێنت پێمدابوو! بەڵام لەوە دەچوو خودایش بە خوایەتی خۆی وەڵامی ئەم پرسیارەی پێ نەبێ. چونکە ئەویش هەروا بە بێدەنگی لە ئیزرائیلی دەڕوانییەوە.

ئێوارەکەیان کاتێک دیسان ئیزرائیل لە شوێنەکەی خۆی دانیشتبوو و بێ گڕ و بێ تیشک و کزو کزۆڵە لە گەردوون و لە زەوی دەڕوانی، دیسان رێگای شەیتان کەوتەوە ئەوێ. شەیتان شاد و دەم بە پێکەنین بە رۆحێکی پڕ لە پرسیارەوە رووی تێکردەوە:

ـ سڵاو پار دۆست و ئەمساڵ ئاشنا!

وەڵامێک نەبوو. ئیزرائیل هەروا لە دووری دەڕوانی.

ـ چیت کرد بە چی،... پلانەکە گرتی؟

ئەوسا ئیزرائیل هەموو شتێکی بۆ گێڕایەوە. شەیتان کەوتە بیرەوە. لای سەیربوو. ئەمە یەکەم جار بوو لە ژیانی بێ مەرگی دا پلانێکی سەرنەگرێ. لە پاش کەمێک بیرکردنەوەی تر هەستایە سەرپێ. گوتی:

ـ پێـم وابێ کەمێک زۆر رۆیشتین. کەمێک زیادەڕەویمان کرد. ئاخر دەرد کە لە سنوورێک لادەدا ئیتر دەبێ بە عادەت. گوڵی راهاتووە و ئەمجارە گەر ئەو عادەتەی لێ بستێنی، دەمرێ! سەیر نیە؟!

ئیزرائیل بە تووڕەییەوە لایکردەوە و لە شەیتانی رووانی. شەیتان کە دەیزانی دۆخەکە باش نیە، چیتر رانەوەستا و فڕی و رۆیشت. لە دوورەوە هاواری کرد:

ـ تازە لێی گەڕێ!... نیو ئەوەندەت نەماوە، تا گیانی میلیۆنانی تر دەستێنی، نۆرەی ئەویش دێ.

ئیزرائیل بزەیەک دەیگرێ. "وایە!... باشترین کار خۆ خافڵاندنە بە مەرگەوەیە. هیچ شتێک بە قەدەر مەرگ ئەشق لەبیری بگرە مەلایکەکانیش ناباتەوە." ئەوسا هەڵدەستێ و بەرەو زەوی بەڕێدەکەوێ کە ماوەیەکە لە دوورەوە دیسان شۆقی گڕی تۆپە دوورهاوێژەکان و تفەنگە شێتەکان دەدا.

مرۆڤەکان دیسان بە دەمی خۆیان هاواری لێدەکەنەوە.

گەڕان بۆ بابەت