فەڕۆخ نێعمەتپوور

کاتێک باس لە مەرگ و لە ژیانە، چەمکی ئازادیش خۆی دەهاوێتە ناو ئەم پانتاییەوە و دەبێ لەم بەستێنەدا شی بکرێتەوە. لە راستیدا پاراستنی ژیان دەبێ بە سەرەکیترین پێوانەی ئازادی. ژیان و ئازادی دەبن بە دوو جەمسەری پێوەندییەکی دیالکتیکی کە تێیدا لە رێگای پاراستنی ژیانەوە، ئازادی پراکتیزەدەکرێ. ئازادییەک کە پێی دەڵێن ئازادی بۆ ژیانکردن.

 

کڕۆنا و سنوری ئازادی

فەرۆخ نێعمەتپوور

 

لە بریتانیا هەندێ لە شارۆمەندانی ئەم وڵاتە لە دژی ئەو سنوورانەی وا دەوڵەت بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کڕۆنا دایناون، خۆپیشاندانیان کرد. ئەوان داوایان کرد ئازادییەکانیان سەرلەنوێ بۆ بگەڕێننەوە. لای ئەوان بەربەستکردنی ئازادانەی هاتووچۆ، ئیجباریکردنی دەمامک، داخستنی هەندێ لە شوێنە گشتییەکان ئاوێنەی باڵانمای دەست تێوەردانی دەوڵەت لە ئازادییەکانە و دەبێ کۆتایی پێ بێت. لای ئەوان کڕۆنایش ناتوانێ وەها دۆخێک بەسەر ئەواندا بسەپێنێ.

بەڵام داخۆ ئەم شارۆمەندانە لەسەر حەقن؟ داخۆ سنوری نێوان ئازادی و بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی لە کوێدا راوەستاوە و، ئێمە تا چەندە دەتوانین کاتێک باس لە مەترسییەکی گشتییە کە گیان و سەلامەتیی هەموو مرۆڤەکان و بەگشتی کۆمەڵگایان خستووەتە مەترسییەوە، باسی ئازادی بێنینە گۆڕێ؟

هەر لە دێرزەمانەوە پرسی ئازادی و جۆری پێوەندیی ئەم پرسە لەگەڵ کۆمەڵگا جێگای سەرنجی بیرمەندان بووە، هەرچەند بەردەوام ئەم چەمکە تەمومژاوییە و بابەتێکی کراوەیە بۆ گفتوگۆی زیاتر. بە گشتی هەندێ بیر، زیاتر بەلای ئازادیی تاکەکەسیدا دایانشکاندووە و هەندێ بەلای ئازادی گشتیدا. بۆ وێنە لای لیبڕاڵەکان ئازادی تاکەکەسی کاکڵی چەمکی ئازادییە و دیارە وتووشیانە کە ئازادیی تاک لەو شوێنەیدا تەواودەبێ وا ئازادی کەسێکی تر دەست پێدەکا. لای ئێنگڵس کە لەسەر نەریتی هیگڵی راوەستاوە ئازادی بریتییە لە ناسینی یاساکانی ژیان، چونکە بە بێ ناسینی ئەم یاسایانە مرۆڤ ناتوانێ رێگای خۆی بۆ رزگاری بدۆزێتەوە و لێرەوە زانست گرینگییەکی زۆر پەیدا دەکا. لای هیگڵ ئەنجامی مێژوو شتێک نیە جگە لە گەشەی وشیاری لە تێگەیشتن لە چەمکی ئازادی. کەسێکی وەک سارتێریش مرۆڤ مەحکوم بە ئازادی دەبینێ.

لایەنگرانی تێزی پەیمانی کۆمەڵایەتی (بیرمەندانی وەک هۆبز، لاک، رۆسۆ و مۆنتسکیو) لایان وایە مرۆڤ بە مەبەستی دەرچوون لە دۆخی سروشتی، کە تێیدا جۆرێک لە ترس لەبەرامبەر یەکتردا هەیە، واز لە ئازادییەکانی دێنێ و بە چێکردنی پەیمانی کۆمەڵایەتی بە مەبەستی دابینکردنی ئەمنییەتی یەکتر دەستدەداتە ژیانکردن بە گوێرەی یاسا کۆمەڵایەتییەکان. هەرچەند هەندێ بیرمەند رەخنە لەم بۆچوونە دەگرن و دەڵێن یەکەم ئەوەیکە مێژوو قەت نەیسەلماندووە مرۆڤ لەدەرەوەی جۆرێک لە پەیمانی کۆمەڵایەتی ژیابێ و، دووهەم ئەوەیکە ئازادی لە ناو پیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندایە مانا پەیدادەکا نەک لە دەرەوەی. واتە ئازادی هەمیشە لە بەستێنی کۆمەڵایەتیدا مانا وەردەگرێ.

دیارە بە هۆی کڕۆناوە هەیمەنەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە هەموو جیهاندا زیادیکردووە. هەمیشەیش ئازادیی تاکەکەس لەبەر هەڕەشەی گەورەبوونەوەی دەسەڵاتە گشتییەکاندا بووە. بەڵام داخۆ کاتێک نەخۆشیی کەسێک دەتوانێ ببێ بە هۆی نەخۆشیی کەسێکی تر و ژیانی بخاتە مەترسییەوە دەتوانین باس لەوە بکەین کە ئەو کەسە مافی ئەوەی هەیە هەرچۆنێک پێی خۆش بێت هەڵسوکەوت بکا؟ تیۆری لیبڕاڵیی کە دەڵێ ئازادی من لەو شوێنەی تەواو دەبێ وا ئازادی تۆ دەستپێدەکا، ئەم جۆر تەعبیرە لە ئازادی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. چونکە کەسی نەخۆش دەتوانێ بوونی ئەوی تر کە بنەمایە بۆ پراکتیزەکردنی ئازادی بخاتە ژێر مەترسییەوە. کەسێک کە هەڵگری ڤایرۆسێکی ترسناک و کوشندەیە ناتوانێ بە دڵی خۆی بکا. هەمیشە مرۆڤەکان لە رێگای سیستمی تەندروستییەوە، تەنانەت لە دوواکەوتووترین کۆمەڵگاکانیشدا، هەوڵیان داوە بە پەراوێزخستنی نەخۆشەکان، ساخەکان و لەم رێگایەوە خودی چەمکی ژیان بپارێزن. بۆ وێنە لە کاتی سەدەکانی ناوەڕاست کاتێک گوولەکانیان پەراوێز دەخستەوە، یان لە کاتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تاعوون کە بەدەیان میلیۆنی دەکوشت. بگرە نەخۆشخانە خۆی سیستمێکە بۆ پەراوێزخستنی نەخۆش نەک تەنیا بۆ چاککردنەوەی بەڵکو بۆ دوورخستنەوەی لە کەسانی تر بۆ ئەوەی ئەوانیش تووش نەبن.

پێدەچێ لە سەردەمی مەترسییە گشتییەکاندا هەیمەنەی گشت زیاتر بە سەر تاکدا زاڵدەبێ و چەمکی گشتییەت گرینگیی زیاتر وەردەگرێ. لە راستیدا تاک کاتێک دەتوانێ تاک بێت کە سنوری ئەوی تر بەتایبەت سنوری کۆمەڵگا لە رێگای بەخشینی مەرگ و نەخۆشییەوە نەخاتە مەترسییەوە.

هەڵبەت دەبێ بڵێین لە کۆمەڵگای رۆژئاوا بەهۆی ئەو نەریتە لیبڕالییەوەی کە هەیە کەسەکان دەتوانن تەنانەت لە کاتی کڕۆنایشدا لە دژی بەربەستە گشتییەکان ناڕەزایەتی دەربڕن، بەڵام لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان کە زۆرتر کۆمەڵگای داخراون چونکە وەها عەقڵییەت و وەها دەرفەتێک بوونی نیە، ئەوا زۆرینەی خەڵک لە رێگای گوێنەدان بە یاساورێساکانی دەوڵەت لە دژی زاڵبوونی پتری دەوڵەت هەڵوێست دەنوێنن. واتە جۆرێک لە نافەرمانی کە ناتوانین ناوی لێ بنیێن نافەرمانی مەدەنی، چونکە ئەم نافەرمانییە پێش لە هەر شتێک بە دژی خودی خەڵکەکە دەگەڕێتەوە.

بە گشتی دەتوانین بڵێین راستە لە سەردەمی کڕۆنا ئازادییە تاکەکەسییەکان پاشەکشەدەکەن و هەیمەنەی دەوڵەت زیاتر دەبێ، بەڵام لە کاتی مەترسییە گشتییەکاندا سروشتی کۆمەڵگا و مرۆڤ وەهایە کە زیاتر پەنادەبەنەوە بۆ یەکتر بۆ ئەوەی بتوانن ئەو مەترسییە بڕەوێننەوە وا هەمووانی خستووەتە ناو مەترسییەوە.

لە راستیدا لە سەردەمی کڕۆنا بە هۆی ئەگەری سەپاندنی نەخۆشی و سەپاندنی مەرگ لە لایەن منەوە بەسەر ئەوی تردا، من سنووردارتر دەبم و دەوڵەت وەک دەسەڵاتی گشتی دەتوانێ بەشداری لە دیاریکردنی ئەم سنورەدا بکا. لەوەها حاڵەتێکدا گرینگ نیە ئەو دەوڵەتە چەندە دیموکراتیک و چەندە دژە دیمۆکراتییە. بگرە تاک دەبێ فشار بخاتە سەر دەوڵەت بۆ ئەوەی بەرپرسایەتی زیاتر وەربگرێ و لە بواری تەندرووستیی هاوڵاتیاندا مەسئولیەتی زیاتر پیشانبدا.

کاتێک باس لە مەرگ و لە ژیانە، چەمکی ئازادیش خۆی دەهاوێتە ناو ئەم پانتاییەوە و دەبێ لەم بەستێنەدا شی بکرێتەوە. لە راستیدا پاراستنی ژیان دەبێ بە سەرەکیترین پێوانەی ئازادی. ژیان و ئازادی دەبن بە دوو جەمسەری پێوەندییەکی دیالکتیکی کە تێیدا لە رێگای پاراستنی ژیانەوە، ئازادی پراکتیزەدەکرێ. ئازادییەک کە پێی دەڵێن ئازادی بۆ ژیانکردن.