ما 6299 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

 فریانەکەوتم رستەکەم تەواوبکەم کە لە پڕ ھەستمکرد کەسێک بێ چرپە لە تەنیشتمەوە پەیدابوو. لامکردوەوە کابرایێکی زل و زەبەن و سێبەر قورس، بە سەرێکی زل و دەموچاوێکی پان و جوتێ چاوی قووڵ وەک دوو لایت کە لە بن دوو چاڵەوە تیشک بھاوێژێت، قونیدایە سەر ئەو نیمکەتەی من لەسەری دانیشتبووم.

 

پیاگ و کڕۆنا

رەسوڵ سەفەریانی

 

هەوای پاییز و نیوەڕۆییکی هەتاوی، هەتاو تا دوای هێزی پاییزی سەرکەوتووە و دارە بەرگ رەنگاڵەکان کە دەزانن ئەم تینە دواگوڕەکانی هەتاوە زۆر بە جدی نایگرن و خەریکی سیرمۆنی ماڵئاوایی گەڵاکانیانن. گەڵاکان یەکە یەکە بە راشەکاندنی پەنجە زەردهەڵگەڕاوەکانیان وێڕای ماڵئاوایی لە دایکیان رێگای دووری نادیاری چارەنوسیان دەگرنە بەر. ئەم وێنانە منی دانیشتووی سەر نیمکەتەکەی نێو پارکە پاییزگەستەکە دەخاتە بیر و دەمباتەوە بۆ چارەنووسی ئینسانەکان. بیرم دەباتە سەر دابەزاندنی چیرۆک و سەربوردەی  منداڵێک کە زۆر دەمێکە بوو مێشکمی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. بیرم لە پێوەندی نێوان ژینگە، راھێنان و داھاتوو و سروشتی مرۆڤ دەکردەوە کە چۆن ئەم سێ کوچکەی بناخەی شکلگیری کەسایەتی ئینسان دەوریان لە دروست بوونی کەسایەتییەکاندا، ھەروەھا کوڕەکەی چیرۆکی ئێمەش ھەیە.  خەریک بوو دامدەڕشت کە چۆن چیرۆکەکە دەست پێ بکەم بۆ ئەوەی سەرنج راکێشتر بێت و توانیبێتم زەینی خوێنەر زۆرتر بخەمە گەڕ و ھاوکاتیش چیرۆکەکەم گەیشتبێتە ئەنجامی خۆی و کوڕە بچوکەکە و پیاوەکەی داھاتووم ناساندبێت. پیاو ئەو وشەبوو کە لەم چیرۆکەدا زۆرتر لە ھەموو وشەیێک قورسایی و سێبەری هەبوو. قورسایێکی بە ھەیبەت. یانی سنەیی وتەنی، وتت پیاگ ئیتر ھەمووکەسێک ھەستی بە بایەخ و مانا و قورساییەکەی بکات و قووڵ رۆبێتە ناو ماناکەی و بزانێت چ ئەرک و ماڤێکی ھەیە. پیاگەکەی داھاتوو ھەر لە ئێستاوە  لە ژێر سێبەری پێاگبووندا خەریکی راھاتنە. پیاگەکەی داھاتووی ئێمە جار جار لە دڵی خۆیەوە بیر دەکاتەوە لەوەی کە بەس نەبوو کوڕ بووم و بە کچ لە دایک نەبووم. ئەو بە خۆی دەڵێت ئەوسا دەبووا وەک دایکم شوم بکردایێت. لەوکاتانەدا دەچێتە بەر ئاوێنەکە و ژستێکی پیاوانە دەگرێت و بە خۆی دەڵێت چ پیاگێکم! ئەو تەنانەت جارێکیان کە قەراربوو لەگەڵ بابی بچێتە دەرەوە، لە کاتی خۆ حازرکردندا کە خەریکی جل لەبەرکردن بوو چووبووە بەرئاوێنەکە و دەستێکی بە قژەکەیدا ھێنابوو و بە گۆشەی چاو لە ئاوێنەکەوە بابی بینی بوو کە لەبەر درگاکەدا راوەستابوو و سەیری ئەمی دەکرد. ئەمیش خێرا ژستێکی گرتبوو و وتبووی چۆن پیاگێکم؟ باوکیشی وتبووی پیاگێکی تواوی لە خۆم ئەچیت. ئەم وەڵامە کوڕە بچکۆلەی ئێمەی والێکرد کە لەو رۆژەوە زۆرتر بیر لە پیاوبوون و پیاوەتی بکاتەوە. بە تایبەت کە گوێی لە بابی دەبوو کە جار و بار باسی کەسێکی دەکرد و بە حاڵەتێکی سەیرەوە دەیگوت ئەوە پیاگ نییە، پیاگ بووایێت ژنەکەی وا نەدەبوو. کوڕە بچکۆلە دەیزانی کە کوڕ گەورە بوو دەبێتە پیاو، بەڵام نەیدەزانی بابی بۆچی بەو کابرانە دەڵێت پیاگ نین. لە خۆی دەپرسی باشە ئەو کابراش گەورەیە و ژنی ھەیە و مناڵیشی ھەیە ئەی بۆ بابەم دەڵێت پیاگ نییە. ئەو تەنانەت ئەم پرسیارەی لە بابیشی پرسی بوو، بەڵام باوکی وتبووی با گەورە بیت خۆت دەزانیت.

کوڕەکەمان ئەوەندە قووڵ لە پیاگ بووندا رۆچووبوو تەنانەت لە یاری لەگەڵ ھاوتەمەنەکانی لە کۆڵان و یان لە ماڵەوە لەگەڵ خزمەکانیشی زۆر جار رەنگی دەدایەوە و بە شێوەیێک خۆی دەپاراست کە لەگەڵ کچەکان یاری بکات یان زۆر جار ھەوڵیدەدا قسەکانی باوکی کە لە کاتی توڕەییدا بە دایکی دەگوت بەڕێوە بەرێت. باوکی ھەمیشە دەڵێت فەرمانی ژن بە دەس پیاوە، پیاو دەبێت بڕیاربدات. ژنان دەبێت گوێڕایەڵی پیاوەکانیان بن. ئەو دەڵێت پێغەمبەر فەرموویەتی ئەگەر ژن گوێ نەگرت پیاو دەتوانێت تەمبێی بکات. باوکی دەڵێت پیاگ مەسئولی ژن و مناڵەکەیەتی. زۆر جار کە کوڕەکە گریابوو بابی پێی وتبوو مەگری عەیبە تۆ پیاوی. ئەم دەیبینی کە بابی لە دایکی تووڕە دەبێت تەنانەت بە شەپڵاخە و بە مستەکۆڵەش لە دایکی دەدات و دایکیشی دەگری.

کوڕەکە لەم کاتانەدا زۆر خەمبار دەبێت و لە بابی تووڕەیە بەڵام ناوێرێت ھیچ بڵێت، تەنیا باوش بە دایکیدا دەکات و بە دزی باوکییەوە دەگری. دواتر ئەو کاتەی بابی لە ماڵ نییە لە دایکی دەپرسێ دایە مەسئول یانی چیی؟ باوکم ئەڵێ پیاگ مەسئول ژن و ماڵەکەیەتی یانی ئەوەی کە ئەتوانێ ...

دایکی لە وەڵامدا دەڵێ خوا ھەرچی مەسئولی وایە بیکوژێت. کوڕە دەڵێت: ئەگەر خوا باوکم بکوژێ من و تۆ مەسئولمان نابێت. ئیتر منیش باوکم نابێت. دایکی دەڵێ مەترسە خوا خێرا بە قسەی منی نەکردوە و نایکات. خوا خۆی...

 

 فریانەکەوتم رستەکەم تەواوبکەم کە لە پڕ ھەستمکرد کەسێک بێ چرپە لە تەنیشتمەوە پەیدابوو. لامکردوەوە کابرایێکی زل و زەبەن و سێبەر قورس، بە سەرێکی زل و دەموچاوێکی پان و جوتێ چاوی قووڵ وەک دوو لایت کە لە بن دوو چاڵەوە تیشک بھاوێژێت، قونیدایە سەر ئەو نیمکەتەی من لەسەری دانیشتبووم. ھەرچەند رواڵەتی وەک مرۆڤێکی ئاسایی، لە جۆری خوێن تاڵەکانی ئەچوو، بەڵام جۆرێک لە ترسی لە لام دروستکرد و دڵەتەپێیێک دەستی پێدام. ھەوڵمدا خۆم بپارێزم لە سەیرکردنی و بە جێگەی ئەوە نووسینەکەم راگرم و کەل و پەلەکەم بپێچمەوە و بڕۆم.

 

بەڵام ئەو بە بێ ئەوەی بزانێت من گوێی لێدەگرم یان نا، کەوتە قسەکردن. سەرەتا وامدەزانی بە تەلەفون و ھەندفری و ئەم شتانە لەگەڵ کەسێک قسەدەکات. بەڵام بە دەنگەکەیدا و شێوازی ئاخاوتنەکەی ھەستمکرد لەگەڵ منیەتی. بۆیە لامکردەوە، بینیم کە رووی دەمی لە منە و بۆ من قسە دەکات. ترسەکەم قورستر بوو. جۆرێک لە ترس کە تەنیا لە کاتێکدا روو لە مرۆڤ دەکات کە ھەست بە مەترسی مردن بکات، کەوتە لەشم. دونیام لا تەنگ و تاریک دەبوو. نەمدەزانی بۆ بینینی کابرایێک ھەرچەند خوێن تاڵ، بەڵام عادی وەھام لێدەکات. شڵەژابووم، بەڵام ھەوڵمدا ترسەکەم بشارمەوە و خۆم عادی بنوێنم.  

ـ  بۆ کوێ دانیشە من بۆ لای تۆ ھاتووم!

ـ بۆ لای من؟... بۆ تۆ من ئەناسی؟

ـ چۆنت ناناسم، تۆ فڵانی کوڕی فڵانی.

بەم وەڵامە کە بە ناوی دایکمەوە دەمناسێت زۆرتر لەشم تەزوی ترس دایگرت و تاڵەکانی موی سەر و لەشم ھەمووی سیخ بوونەوە. ھەناسەم قورس بوو، ھەستم کرد خوینی لەشم ناسوڕێت، جەستەم ساردسارد بووەتەوە. ھەستێکی زۆر زۆر ناخۆش دایگرتم. ھەستم بە بێدەسەڵاتی دەکرد، لاقەکانم نەدەجوڵان. تف لە زارمدا وشک ببوو. بە خۆمم وت کە لە خۆوە نەبوو ھەر لەسەرەتاوە ترس دایگرتم. دڵم ھەڵەناکات. ئەمە شتێکی پێوەیە. ئەم زەبەلاحە لە کوێوە من دەناسێت. ھەرچۆنێک بوو خۆم بۆ رستەیێک تەیارکرد و وتم تۆ چۆن من ئەناسیت؟

ـ من ھەموو کەسێک ئەناسم. من ئیزراییلم.

ئەم وەڵامە ھەموو ژیانمی وەک فیلمێکی کورتکراوە بە سەریعی ھێنایە بەرچاوم. ھەستم کرد کە ئەمە خاڵی کۆتاییە ئیتر تەواو بوو. بیرم کردەوە کە ژیان چەندە کورت بوو. قەت بیرم نەدەکردەوە کە ئیزراییل لە وەھا رۆژێکی گەرم و خۆشدا لە پارکێکی وەھادا بێت و ئێخەم بگرێت و خاڵی کۆتایی لە دووارستەی چیرۆکی ژیانم دابنێت.

بەھەموو ھەوڵێکم دوواوزەم خستە گەڕ و ھەرچی ھێزم بوو کۆمکردەوە بۆ ئەوەی شتێک بڵێم. تەنیا توانیم بڵێم یانی ناتوانم ئەم چیرۆکە تەواو بکەم پێش ئەوەی چیرۆکی خۆم کۆتایی بێت؟

بە بێ دەرکەوتنی  ھیچ ھەستێک بەروخسارییەوە، وەک روبۆتێکی سارد و سڕ وتی:

ـ با. بۆچی نا ، خەمت نەبێت. نەھاتووم بۆ گیانکێشانت. تەنیا ھاتووم بڵێم لەگەڵت ھاوڕام بۆ ئەو رستەی وا دەتەوێ بینوسی.

وتم کام رستە... خۆ من زۆرم نووسیوە؟ وتی ترس وڕی کردووی، من پێم وتی ئەو رستە وا دەتەوێت بینووسی. وتم من لەبیرم نەماوە کە دەمویست چی بنووسم. تۆ لە بیرت بردمەوە. وتی ویستت بنووسی خوا خۆی زاڵمە و ھیچ مافێکی بە ژن نەداوە. منیش ھاتم پێت بڵێم راستە خوا زاڵمە.

جا تۆ بۆ دەبێ وا بڵێیت؟ خۆ تۆ ھەموو قودرەت و ئێختیارێکت ھەیە و بۆ تۆ ئێتر ئەبی چی واتای زوڵمی ببێت؟

ـ تۆ ئاگات لە ھیچ نییە. من ئێستا ئیتر لە ئیشەکەی خۆما نەماوم.

ـ یانی تۆ ئیتر گیان ناکێشی؟

ـ نا من ئێستا بێکارم و کارم ھەر بووە بە خولانەوە. بڕوابکە ژیانی ئێوە ئێستا لە ھی من خۆشترە. بەس نییە ژیانی ئێوە دەسپێک و کۆتایێکی ھەیە و لەو نێوەشدا ئەوەندە سەرقاڵن ھەر نازانن چۆن دەڕوات و دەگاتە کۆتایی. من ئێستا بێ کۆتایی و بە بێ ئیش ھەر دەبێ بێم و بچم و ھیچ شتێکیش نییە چێژم پێ ببەخشێت. پێشتر ئەوەندە سەرم قاڵ بوو کە جاروبار روویدەدا گیانی کەسم بە ھەڵە کێشاوە بە بێ ئەوەی کاتی بێت، یان بە عەکسەوە زۆر کەسم لە بیر چووە گیانیان بکێشم سەرەرای ئەوەی لە کاتەکەیان لایداوە.

ـ  وتم جلەکانت لەوەی لەسەر ئیزراییل بیستبووم ناچێت. راستی بۆ بێکار بوویت؟ خۆا کەسی تری داناوە لە جێگەت؟

ـ خۆزگە کەسیتری دادەنا.

ئێستا کە ئیتر وردە وردە خەریک بوو ترسەکەم دەڕەوییەوە و لەگەڵ ھەر رستەیێک جۆرێک لە جورئەت و متمانەبەخۆ رووی تێدەکردم و کەمکەم لە گەڵی خۆیی دەبووم و خۆماڵیتر قسەکانم دەکرد، کردمە گاڵتە و وتم نەکا بڵێی خواش کردوویەتی بە ئاوتوگیرۆ؟

ێیزرائیل زەردەیێکی بێڕەنگی گرت و وتی ھەر رێک وایە. پاشان بەردەوام بوو و وتی:

سەرەتاکەی خەتای خۆم بوو. رۆژێک خوا ئەمری پێکردم وتی بڕۆ ئەم شەخسەم بۆ بێنە. من ئەو کاتە نەمزانی ئەم کابرا کێیە و خوا بۆچییەتی. بۆیە وەک ئەو عالەمەی تر، بە بێ ئەوەی ئیزنی بدەم ژیانەکە تا کۆتایی بنووسێت ھەڵمگرت و بردم. لە کۆتاییدا ئەمەی لێدەرھات کە ئێستا تووشی بووم.

ـ باشە ئەو شەخسە کێ بوو وا ژیانی تۆیشی گۆڕی.

ـ ئەوە جەنابی ستیڤێن جابز بوو.

ـ یانی ئەو وەک ئەم دونیا لەوێیش خەریکی ئەو ئیشەیە.

ـ بەڵێ. خودا بردیە لای خۆی و داوای لێکرد دام و دەزگاکەی بۆ بکات بە دیجیتاڵ و ئێلیکترونیکی. خودا ویستی بەم شێوە کاری خۆی ئاسان بکاتەوە. ئێستا پاش ساڵانێک سیستەمە نوێکەی خستوەتە کار. لەم سیستەمەدا ئیتر زۆرێک لە فریشتە و مەلائێکە و تەنانەت پێغەمبەرەکانی لابردووە و ئیتر ھیچیانی پێویست نییە. بەم سیستەمە ھەموو تاکێکی مرۆڤ وەک دەسگایێکی موبایل یان کامپیوترێکە کە خوا لە رێگەی نەرم ئەفزارێکی نوێوە، کە مرۆڤەکان نێویان ناوە کرۆنا، کونترۆڵ دەکرێت و ئاپدەیت ئەبێتەوە. ئەم کرۆنا ھەموو مرۆڤێکی ھەڵکراوی وەسڵ بە ژیانەوە دەدۆزێتەوە و دەچێتە ناوی. ئەگەر شەخسەکە پڕۆگرامەکانی لەگەڵ سیستەمی نوێ بێتەوە ئەوە ئاپدەیت دەبێت و بەردەوام دەبێت لە بووندا تا ماوەی تەواو دەبێت. ئەگەریش نەگونجێت بۆ ئەم سیستەمە ئەوە بوونی دەوەستێنێت و کۆتایی بە چالاکییەکانی دێنێت. بەم شێوە ئیتر خوا بۆ پێوەندی بە تاکەکانی مرۆڤەوە پێویستی بە پێغەمبەر و ئەسحابە و مەلا و شێخ و کەشیش و کەنیسە و مزگەوت نییە. ئێستا تەنانەت ئەنکیل و مەنکیلیش بێکارن.

ـ ئەی ئەوانەی وا لە قەرەنتینەدان و خۆیان شاردوەتەوە چۆنی لێدێت.

ـ خوا بە تاقەتە و پەلەی نییە. ھەر کە ھەڵبکرێن و بێنە گۆڕەپانی ئینتەرنێتی ژیان و بوونەوە، ئەوا خێرا کرۆنا دەچێتە جەستەیان و یەکێک لە بەسەرھاتەکانیان توش دەبێت.

ـ ئەی ئەوانەی وا بە کرۆنا نامرن کێ گیانیان دەکێشێت؟

ـ  ئێستا وەک دەیبینیت ھەموو رووداوەکان و تەنانەت شەڕەکانیش کەم بووەتەوە. بەڵام بەشێ زۆر لەوانە ھەر لە رێگای ئێلێکترۆنیکییەوە دەیانکوژێننەوە و بەشێکیشیان فێعلەن ھەر منم. بەڵام لەوانەیە ئەوانەش لە داھاتوودا بچنە سیستەمێکی نوێتر و ئیتر ئەو تاقولۆقە ئەرکانەی منیش نامێنێت.

 

ـ ئەی جل و بەرگەکەی پێشوت و ئەو شمشێرەی باسیان لێدەکرد چی لێھاتوە، نەکا بڵێی ئەوانەش لەم سیستەمەدا بەکار ناھێندرێت؟

 

ـ نا ئەوانە لە راستیدا خەیاڵاتی مرۆڤن، ئێمە و ھەموو بوونەوەران جلمان نییە و خواش ھیچ ئەمرێکی بۆ ئەم بابەتە دەرنەکردووە. مرۆڤ سەرەتا بۆ پاراستنی خۆی لە سەرما شتی لە خۆیەوە پێچا و پاشان وردە وردە کردیە جل. ئێستاش وا ئەزانێت ئێمەش جلمان ھەیە، جا  لەبەر ترس لە مردن ھەوڵ ئەدەن جلی ترسناک لە خەیاڵی خۆیاندا بۆ منیش دابنێن.   ئێستاش لەبەر تۆ بەم جلانەوە دەرکەوتووم.

لە پردا دەنگی زرنگەیێکی کورت لە باخلیەوە ھات، شتێکی لە شکڵی موبایل لە گیرفانی دەرھێنا و سەیریکرد و وتی من دەبێ بڕۆم، بەڵام من ھاتم بڵێم راستە خوا زوڵمی لە ژنان کردووە و لە خلقەتیدا ھەڵەی کردووە و ئەم ھەڵەشی پێغەمبەرەکان گەورەتریان کردووەتەوە، بەڵام بەم سیستەمە نوێیە ئیتر ھەموو تاکێکی مرۆڤ چ ژن و چ پیاو وەک یەک حسابیان بۆ دەکرێت و کەس مافی دەستێوەردانی لە ژیانی کەسی تردا پێ نادرێت.

ـ مەبەستت ئەوەیە ئیتر پیاو ئەو پیاگەی جاران نابێت. ئیتر کوڕی چیرۆکەکەی منیش پێویست ناکات چیتر رێگای باوکی بگرێت؟

 

ـ نا لەمە بەولا کوڕەکانی چیرۆکەکەی تۆ کە دەبنە ھاوسەران و باوکانی داھاتوو ئیتر ژن ناھێنن، بەڵکو لە نێوان تاکە ئازادەکاندا ھاوسەرگیری دەکەن.  

ـ یانی چیتر خوا پێویستی بە نوێنەر و سەرباز و دەمراست نییە؟

ـ  بە دڵنیاییەوە بەم سیستەمە تازەوە مرۆڤەکان خۆیان راستەوخۆ وەسلن بە دەسەڵاتی خوداوە و کەس پێویستی بە رێنوێنیی ئاینی و زانای شەرعی و لەم بابەتانە نییە. تۆش بڕۆ چیرۆکەکەی خۆتت چۆن پێخۆشە تەواوی بکە. من دەڕۆم.

 

ئیزراێیل رۆیشت و من بیرم لە کۆتایی چیرۆکەکە دەکردەوە کە لە پڕ موبایلەکەم مچورکێکی پێداھات. سەیرم کرد پەیامێکم بۆ ھاتووە و تێدا نوسرابوو کە بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە کاک "پیاگ" بە ھۆی تووشبوون بە کرۆناوە  چرای ژیانی کوژایەوە و چیتر دەستی بە دەسەڵات نییە و ھەموو موڵک و ماڵەکەی ئازاد کراون. دەڵێن لە پرسەکەیدا ژنان ھەڵپەڕیوون.

 

بەم پەیامە من ھەستم کرد کە ئیتر شتێک بۆ نووسین نامێنێت. کوڕەکەی چیرۆکەکەمان وەک تاکێک و جندەرێک لە دوو جندەری مرۆڤ درێژە بە ژیانی دەدات و ھاوسەرگیری دەکات. ئیتر پیاگ نییە، ھاوسەرە و ھاوبەش مناڵەکانیان بەخێو دەکەن و ....

ژیان لەسەر ھێڵ دەڕوات،  ئەرکەکان رەگەزی نین و رەگەزەکان موبایلەکانن و وەک یەک ئیش دەکەن.

 

 

گەڕان بۆ بابەت