ما 4105 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

رێبەران و پەڕگیرانی ئاینی بیانەوێت یان نەیانەوێت ئەم دەورانە دەورانی کۆتایی دەسەڵاتی ئاینە. تەنانەت ئەگەر رێبەرانی ئاینی  بە هەزاران پەڕگیر و مەسخ کراوی خۆیان بکەنە قوربانی و سەدان هەزاریش لە خەڵکی پێشکەوتوو بکوژن هەر تەرازوەکە بە قازانجی هزر دەگەرێت و جێگە بە هەست تەنگ دەکات.

 

پێویستیی گۆڕانی ئایین

رەسوڵ سەفەریانی

دکارت فیلسوفی فەرانسەوی دەڵێت: "گومان بناخەی زانستە." ئەم رستە وا دەکات مرۆڤ بۆ گەیشتن بە راستییەکان و زانیاری دەبێت بە گومانەوە بڕوانێتە ئەوەی دەیبینێت، دەیبیسێت و دەیخوێنێتەوە. واتە تا نەگەیشتوەتە دڵنیایی نابێت قبوڵی بکات. ئەمە جیا لە باری فەلسەفییەکەی تەنانەت بۆ ژیانی رۆژانە و ئەوەی بەردەوام لە ژیاندا لەگەڵیا رووبەڕو دەبینەوە یارمەتیمان دەدات. بە تایبەت ئەوەی لە دونیا و جیهان و میدیا ئینتێرنێتییەکاندا بەر چاومان دەکەوێت و دەیخوێنینەوە و دەیبیستین بە گومانەوە لێی بڕوانین بۆ ئەوەی نەکەوینە داو و، فریویان نەخۆین و توشی هەڵە نەبین.

بەڵام ئێمەی مرۆڤ تاک لایەنە نین، واتە تەنیا لە عەقڵ یان هزر پێک نەهاتووین. ئێمە لە دوو بەش پێک هاتووین، هەست و هزر. وەک رۆسۆ دەڵێت ئەگەر مرۆڤ هزر شکڵی پێدابێت ئەوا هەست رێبەری دەکات. ئەم قسەیەی رۆسۆ زۆر جوان دەتوانێت ئەم بابەتەی ئەمڕۆی ئێمە شەرح بکات و مەبەستەکە بپێکێت. واتە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە قسەکەی دکارت گومان وەک کەرەسەی هۆشدار بۆ گەیشتن بە راستییەکان بەکار بێنین، دەبێت بەشی هزریمان لە گەڕدا بێت و چالاکانە ئیش بکات. بەڵام هەر وەک رۆسۆش وتویەتی هەست بەڕێوەبەری مرۆڤە. کەوابوو بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە هزری کەڵک وەربگرێت دەبێت وشیارانە و بە ئیختیاری خۆی بەشی هزری چالاک بکات. ئەم مەبەستەش پێویستی بە راهێنان و پەروەردە و کاری زۆر هەیە.

راهێنان و پەروەردە ئەمڕۆ بە عام لەدەست سیستەمە دەسەڵاتدارەکاندایە. جا ئەگەر سیستەمێکی پێشکەوتوو بێت ئەوە راهێنان بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەگینا دەتوانێت چەقبەستوو یان بەرەودواچوون بێت. راوەستاو یان بەرەودوامبوون وا دەکات کۆمەڵگای ژێردەسەڵات هەمیشە لە پاش کۆمەڵگاکانی هاوچەرخیدا بێت و لە دونیایێکی بە تەواوی جیاواز و لە یەک تێنەگەییندا بژین. ئەم کارەش تەنیا بە خەواندنی بەشی هزری و چالاکترکردنی بەشی "هەست"ی جێبەجێ دەبێت. بەم شێوە دەسەڵاتداران کۆمەڵگایەکی ئێحساسی و بە دوور لە هزر دروست دەکەن کە دەتوانن هەر کات ویستیان بە پەنجەخستنە سەر هەستیان، بە قازانجی خۆیان  کەڵکیان لێوەربگرن. بەڵام زۆرجار دەسەڵاتەکان بۆ پاساوی پاشکەوتووییەکانیان، مەودای نێوان دوو کۆمەڵگاکە بە جیاوازی کلتوری و ئاینی ناوزەددەکەن و بەم شێوە هەوڵدەدەن کە کۆمەڵگاکەی خۆیان بۆ پاراستنی ئەو دوواکەوتووییە هان بدەن و بیانکەنە دوژمنی کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان. بەم پاساوەی کە ئەوان دەیانەوێت دەستێوەردان لە فەرهەنگ و ئاینی گەلەکەیاندا بکەن. مرۆڤی وەها کۆمەڵگایێک دەوری خۆی بە موقەدەسات و پیرۆزەوشە تەنیوە و تابوو هەموو رێگاکانی لێبەستووە. بۆیە زۆر بەسەختی دەتوانێت بگاتە راستی و خۆی بە زەحمەت دەویرێت "پیرۆزە"کان ببزوێنێت.

ئەوەی ئێستا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گڕتێبەرداوە هەر ئەم بابەتەیە. کۆمەڵگا و تاک بە "پیرۆز" و تابۆ داپۆشراوە و ئاین بووتە هەموو ژیانیان و هەموو بەهاکانی تری ژیان بوونەتە قوربانی ئاین و پشت گوێ خراون. واتە تاک و کۆمەڵ ئامادەن گیان و ژیانیان بدەن بۆ ئەوەی کە وێنەیێکی پێغەمبەرەکەیان نەکێشرێت یا وشەییکی جیا لە ئارەزووی ئەوانی نەدرێتە پاڵ، بەڵام هیچیان دەنگیان لێوە نایەت کاتێک کە دەبینن ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بە بەرچاویانەوە پێشێل دەکرێت و هەموو دار و نەداریان دەسەڵاتداران هەڵێان لوشیووە و دەمیان لە خوێنیاندایە.

ئەم دواکەوتووییە دەسکردەی دەسەڵات لە کۆمەڵگادا ئەو پێگە و جێگەی بە دەسەڵات داوە کە کۆمەڵگا ناوشیارانە بۆ ئامانجەکانی ئەوان هەنگاو هەڵبگرێت و، خۆیانی بۆ بە کوشت بدەن. دەسەڵاتدارانی ئاینی کە نایانەوێت یەک پلەش لە ئاستی پیرۆزایەتی خۆیان کەم بکەنەوە، دەیانەوێت وای بنوێنن ئیسلام دینێکی کامیل و سالمە و پێویستی بە هیچ چەشنە رێفورم و گونجاندنێک و بەڕۆژبوونەوە نییە. ئەوان دەزانن گونجاندن و ریفورم ئەوان لەدەسەلات دەخات و رێگا بۆ بەشی هزر خۆش دەکەن کە ئایین تەنیا لەدڵی کەسەکاندا بمێنێتەوە و وەک دونیا پێشکەوتووەکان هزر رێبەری کۆمەڵگاکان بگرێتە دەست، ئەوسا ئیتر پیرۆز نامێنێت و هەموو شتێک جیگەی گومان دەبێت و پرسیار هەموو شتێک، تەنانەت ئاین و خوداش دەگرێتەوە.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم چ رێبەران و پەڕگیرانی ئاینی بیانەوێت یان نەیانەوێت ئەم دەورانە دەورانی کۆتایی دەسەڵاتی ئاینە. تەنانەت ئەگەر رێبەرانی ئاینی  بە هەزاران پەڕگیر و مەسخ کراوی خۆیان بکەنە قوربانی و سەدان هەزاریش لە خەڵکی پێشکەوتوو بکوژن هەر تەرازوەکە بە قازانجی هزر دەگەرێت و جێگە بە هەست تەنگ دەکات و ئایین هیچ رێگایێکی جگە  لە پاشەکشێ لەبەردەمیدا نییە. ئەمە خاڵی کۆتایی دەسەڵاتی ئایینە و دونیا بۆ گۆرانیکی گەورە دەچێت. دیندارە ئیسلامیەکان دەبێ تێبگەن بەردەوامیی دین تەنیا کاتێک مەیسەردەبێ بتوانێ خۆی لەگەڵ سەردەمەکان بگونجێنێ و بەگوێرەی دەستکەوتە زانستی و هزرییەکان خۆی نۆژەن بکاتەوە. ئەگەر وانەکا رۆژبەڕۆژ زیاتر دەکەوێتە داوی توندوتیژی و توندڕەوەکان زیاتر و زیاتر جڵەوی رەوتەکە بەدەستەوەدەگرن.

گەڕان بۆ بابەت