ما 5246 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو جۆرەی ئەو، ئەو رۆژە حیماسییە بە کەرەشینەوە خۆی بە مەیدانەکەدا کردبوو و ببووە هۆی داڕمانی دوواپێگەی دیکتاتۆر بەدەیان ساڵی تر دەبووە هۆی شەرمەساریی خەڵکی بۆ ئەوەی لە دژی بگەڕێنەوە و خوانەخواستە نیەتێکی خراپیان لەسەری هەبێ.

 

چیرۆکی فەرماندە (٢)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

فەرماندە کە سەرخۆش دەبێ، یاخود کاتێک لە مەجلیس دادەنیشێ و جەو دەیگرێ دەستدەکا بە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی. ئەو بیرەوەریی زۆرە، یەکجار زۆر. فەرماندە دەتوانێ بە رۆژ و بە هەفتە و بە مانگ دابنیشێ و باسی شەڕەکانت بۆ بگێڕێتەوە. باسی ئەوەی چلۆن بە دەیان و بە سەدان کەسی لە دوژمن کوشتووە، برینداری کردوون و یاخود بە دیلی گرتوون. بگرە بە هەزاران کەسیان. ئەو شەڕانەی وا جاری وایە تەنیا چەند خولەکی خایاندووە و ئەو شەڕانەیش وا چەندین رۆژ. دەنگی فەرماندە لە کاتی گێڕانەوەدا ئاساییە. جا یان هی ئەوەیە ئەوەندەی ئەم شەڕانە گێڕاوەتەوە کە چیتر نایبزوێنن، یاخود بە ئەنقەست وادەکا بۆ ئەوەی نیشانی بدا پیاوێکی لەسەرەخۆ و خۆڕاگرە کە تەنانەت سەرەڕای ئەوەی ئەو هەمووە گیان و ژیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵام لەلای وەک یەک وایە وەک بڵێی هەر هیچ رووینەدابێ. ئەو دەیەوێ پیشانی بدات وەک خودی رۆژگار سارد و سڕە. دەیەوێ بیسەلمێنێ گەر وات لێهات ئیتر بردنەوە بە تۆیە. دەیەوێ بینوێنێ گەر لە هەموو شتێ بێ منەت بووی ئەوا دونیا رووت تێدەکا و بەخت بەر ماڵت دەگرێ. گوێگرەکانی، ئەوانەی دەورووبەری وەها چاویان زیت دەبێتەوە نەبێتەوە. ئەم چیرۆکانە ئەوەندە ئەفسانەیین کە بۆ باوەڕپێکردن نابن. داخۆ دەکرێ کەسێک ئەو هەمووە شەڕەی بە درێژایی ساڵان بینیبێ و، کەچی یەک برینی بچوک چییە نەکەوتبێتە جەستەیەوە! بەڵام چیرۆکەکان راستن. بەڵگە ئەوەیە کاتی خۆی رادیۆیش خوێندوونیەوە. جگە لەمە هەموو هەڤاڵان و خەڵکی ناوچە ئەمە دەزانن. شاخەکانیش لە دڵی خۆیاندا چیرۆکەکانیان راگرتووە. تەنیا ئەوەندە بەس بچیت و گوێ بە دڵیانەوە بنێی بۆ ئەوەی سەرلەنوێ بۆت بگێڕنەوە. کەواتە فەرماندە لە زەوییەوە نەهاتووە. ئەو هی شوێنێکی ترە. تەنیا ئەوەیکە ئەم نیشتمانە بەختی هەبووە و فەرماندە رێک لێرە لە شوێنێک لە ئاسمانەوە دابەزیوەتە سەری. بێنە بەرچاو خۆت ئەو هەموو جوندی و تانگ و تۆپ و تەیارە بە درێژایی ساڵانی ساڵ نەتوانێ ورەت دابەزێنێ و هەر بەردەوام بیت. بەڕاستی سەیرە! ژیان چۆن چۆنی ئەم مرۆڤە مەزنانە دەخوڵقێنێ؟ بەڵام فەرماندە حەزناکا هەموو شتێک بگێڕێتەوە. ئەو یان زۆر شتی لەبیرنەماوە، یاخود نایەوێ لەبیری بمێنێ. بیرەوەرییەکانیش وەک کاری حیزبین، هەیانە ئاشکران و بۆ باسکردن دەبن و هەشیانە دەبێ بۆ هەمیشە بیانشارنەوە. هەشیانە دەبێ بەجۆرێکی تر بیانگێڕیتەوە. فەرماندە بیرەوەرییەکانی دەقرتێنێ. کە رادەوەستێ یاخود چاوەکانی کۆدەکاتەوە رێک ئەو کاتانەن کە دەستدەباتە ناویانەوە. جەماعەت لایان وایە فەرماندە لەم کاتانەدا یەکجار کەوتووەتە بەر سریمەی رووداوەکان وەها کە نازانێ دەست بۆ کامیان ببات. ژوورەکە ئەوەندە گەورەیە و حەسارەکانی دەوری خانووی فەرماندە ئەوەندە دوورن کە تەنانەت دەنگی وەڕینی سەگەکانی شەویش نایگەنێ. بێدەنگییەکی سەیر زاڵە. فەرماندە باسی شەڕی ناوخۆ ناکا، گەر دەیشیکا هەوڵدەدا زوو بەسەریا تێپەڕێ. یان دەڵێ ئەوان بە دوژمن خەڵەتان و پلانی ئەوانیان جێبەجێ کرد. هەڵبەت ئەمەیش بە کاتە، جاری وایە وەک شەڕەکانی تر دەیانگێڕێتەوە و جاری وایشە نا. ئەو باسی کوشتنی دیلەکان ناکا، باسی ترساندن و تۆقاندن ناکا، باسی چۆنیەتی پێوەندی لەگەڵ ئەو دیو سنور ناکا، باسی ئەوە ناکا چلۆن لەگەڵ دوژمن جاری وایە سازاون بۆ ئەوەی لە دژی ئەوانی تر جووڵانەوەی چەکداری بکەن. فەرماندە دەستدەباتە ناو مێژوو. لای وایە ئازایەتی و حیماسەی هاوڕێیان دەتوانێ هەموو لایەنە ناشیرینەکان بشارێتەوە. هەڵبەت جاری وایشە تیایا دەمێنێتەوە کە بەڕاستی ئەو و هەڤاڵان کێ بوون. بەڵام بە خۆشییەوە زۆر خێرا دێتەوە سەر بڕوا هەمیشەییەکەی کە هەتا هەبووە سیاسەت وەها بووە. پێکەنین و گریان پێکەوە،... دۆستایەتی و خیانەت پێکەوە. تازە گەر بتوانی بڵێی خیانەت. لای ئەو گەر خەیانەت بیگەیەنێتە سەرکەوتن ئەوا خەیانەت نیە و سیاسەتە. ئەسڵەن وشەکان چین کە مرۆڤ دەبێ ئەوەندە شوێنیان بکەوێ و ئەوەندە خۆی پێیانەوە سەرقاڵ بکا. مەگەر ژیان خۆی لە خۆیدا شەڕێکی ئەزەلی و ئەبەدی نیە. تۆ دەست پێش نەخەی ئەوی تر دەیخا. فەرماندە لەمێژە گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی دونیا سەرەڕای تێپەڕینی هەزاران ساڵ بە سەر شارستانیەتدا هێشتا هەر جەنگەڵستانە. جاری وایە وەک کابرای ئیتاڵی گوتی دەبێ گورگ بی و جاری وایە مەڕ. ئەو لای وایە گەر تەنیا چەند ساڵ پێش مەکیاڤیلی ژیابا ئەوە نووسینی کتێبی 'شاریار' بە نسیبی ئەو دەبوو. ئەمە یەکێک لە غەدرەکانی مێژوو بوو لە ئەو. بە داخەوە هیچیشی بە دژی کات پێنەدەکرا.

بەرەبەرە بەشێکی بەرچاوی رۆژنامەکان بوون بەو چاوپێکەوتنانەی وا فەرماندە بیرەوەرییەکانی خۆی تیا دەگێڕانەوە. پێشنیاری نووسینی یادەوەرییەکانیش لە دوو توێی کتێبێکیشدا پێی کرا. کتێبێکی دوو هەزار لاپەڕەیی لە سێ بەرگدا کە ئەوەندەی تر نیشتمانی هەژان و مەزنیی فەرماندەی سەلماندەوە. هەرچەند لە هیچ کام لە بەرگەکاندا باسی کەرەشین نەکرابوو. هەرچەند لە دووابەرگدا تەنیا باس لە مایینە سپییەکە کرابوو. فەرماندە کاتێک ئەو بەشەی نووسیبوو تەواو مێشک و هەست و نەستی ئاڵۆزکابوو. لە پەنجەرەکەوە لە تاریکایی شەوی روانیبوو و بیری لەوە کردبووەوە کە داخۆ بڵێی کەرەشین چی لێ بەسەرهاتبێ. نازانێ بۆ، بەڵام کتوپڕ هەستی کرد کەرەشین نەکوژرابوو و ئەوەی ئەو رۆژە لە سەنتەری شار روویدابوو تەنیا سیناریۆیەکی بێڕەحمانە ببوو وا ئەمی تیا خەڵەتێندرابوو. کەرەشین هەر ئەو رۆژە دڵی ئێشابوو و هەر لەو ساتەوەختەوە وا لاسایی مەرگی کردبووەوە بیری تۆڵە لە سەری زلیدا گەڕابوو. بەڵام جا توخوا ئیستا مابێتیش چیدەکا،... چی پێدەکرێ! ئیستا بەتووش دێهاتییەکی بەدبەختەوە بووە کە خەریکە باری قورسی لێدەنێ و نەقیزەی تێوە دەوەشێنێ!... بخۆ ئەمە بەشت بێت! ئەم رستانەی بە مێشکدا دەهات و ئەوسا هەوڵیدەدا بۆ جارێکی تر هەموو رووداوەکە لە زەینی خۆیدا بسڕێتەوە. بەڵام تازە با وای دابنێین ئەوەی ناو شار ئێمە نەمانکرد و بەسەرا کەوتین، ئەی خەباتی شاخمان چی،... ها؟ بۆ پیاو هەیە بڵێ ئێمەیش نەمانکرد؟ تازە ئەی ئەگەر وانەبێ چۆن چۆنی من و هەڤاڵان ئەوەندە خێرا بووینە خاوەنی ئەم نیشتمانە؟ بۆ مەگەر پیاوی تری تیا نەبوو؟ فەرماندە بەم بیرانە کەمێک سوکنایی دەهات، هەرچەند لە قووڵایی دڵییەوە لەوە دەگەیشت ئەمەی ئێرە و ئەوەی ئەوێ زەوی تا ئاسمان فەرقیان هەبوو. "لەحنەت لەم ژیانە کە هەمیشە شتێکی پێیە بۆ ئەوەی خەونت بشێوێنێ... بۆ ئەوەی پێت بڵێ هەر تۆ نیت!"

یەکێک لەو شەڕانەی وا فەرماندە هەمیشە حەزی دەکرد بیگێڕێتەوە شەڕێک بوو تێیدا کاتێک فەرماندەیی شەڕێکی کردبوو و لە پشتی قەدی راکشاوی نیوە رزیوی دارێکی زەلامدا خۆی حەشاردابوو، لە مەیدانی شەڕی روانیبوو و بە بێتەل فرمانی دەردەکرد، بەڕێکەوت هەڵۆیەک هاتبوو و لە پشت سەری لە سەر درەختێک نیشتبوو. دەیگوت هەتا شەڕ تەواوببوو هەڵۆکە لەوێ مابووەوە بە بێ ئەوەی دەنگی فیشەک و تۆپ و هاوەن هەراسانی بکەن و بیجوڵێنن! هەڵۆکە لە فەرماندە و لە دیمەنەکەی بەردەمی رووانیبوو. ئەوسا لە شەقەی باڵی دابوو و بەرزبەرز لە قووڵایی ئاسمان لە چاوان ونببوو. فەرماندە دەیگوت ئەو هەڵۆیەی چەند جاری تر بینیبووەوە و بە شێوەی نیگاکانی زانیبووی خۆیەتی. دەیگوت هەڤاڵانی لایان وابووە هەڵۆکە جاروبارە دەردەکەوتەوە لەبەر ئەوەی بیری فەرماندە بێنێتەوە لە رەگەزی ئەوانە نەک مرۆڤ. مەلای مزگەوتێکیش لە یەکێک لە خوتبەکانی نوێژی هەینی باسی ئەمەی کردبوو و گوتبووی بێگومان خودا لە رێگای ئەم هەڵۆیەوە چاوەدێریی فەرماندەی کردووە بۆ ئەوەی رۆژە سەختەکان تێپەڕێنێ و بەسەلامەتی بگەڕێتەوە و، بگاتەوە ئەم رۆژانەی وا نیشتمان سەربەستانە تیایا دەژیا. لە دووای ئەمە مەلا دوو هەزار دیناری سویسڕی لە پاکەتی نامەیەک کە تێیدا بەباڵای مەلای شۆڕشگێڕدا هەڵدرابوو، بۆ چووبووە ماڵەوە.

کاتێک بەڵێن بوو یەکەم مووچەی فەرمانبەران بدەن، هەڤاڵان خەبەریان بۆ فەرماندە برد کە لەبەر ئەوەی ئیستاکە ئەمان بەرپرسی نیشتمانن مەسئولی ئەمەن و دەبێ هەموو مانگێک وەک جاران کە دیکتاتۆر لێرە خاوەن دەسەڵات بووە مانگانە بە کارمەندان بدەن. فەرماندە بە بیستنی ئەم هەواڵە پەشۆکا و کەوتە بیرەوە. ئەو کە لەوێ پێش قەت بەسەر وەها دۆخێکدا نەکەوتبوو و جگە لە دابینکردنی مانگانەی هەڤاڵانی خۆی پارەی بەسەر هیچ شوێنێکی تردا دابەش نەکردبوو، زەینی چووە سەر شتێک بەناوی خەزێنە... خەزێنەی حکومی. بەڵام کوا ئەمان خاوەن خەزێنە بوون، مەگەر ئەمان خاوەنی چ داهاتێک بوون تا خەزێنەیشی  بۆ لێبدەن؟ یەکێک لە هەڤاڵان گوتی قوربان خۆت دەزانی دیکتاتۆر لە دووای ئەوەی پاشەکشەی کردووە یەک تاقە فلس چییە ناینێرێ. هەڤاڵێکی تر گوتی بانقەکانیشیان ماشیوەتەوە و چییان تیا نەهێشتووەتەوە. ئەوسا فەرماندە بیری سەرسنوور و قاچاخچییەکان کەوتەوە. لەم کاتەدا یەکێکی تر لە هەڤاڵان گوتی هەڵبەتە لە چەند شوێنێکەوە بە رەسمی لەگەڵ دراوسێکانمان شمەک ئاڵوگۆڕدەکەین. ئەوسا فەرماندە دەستبەجی ئەمری دەرکرد خۆیان ببن بە بازرگانی سەرەکی و جگە لەمە لەوانەی وا شتومەکیان دەهێنا و دەبری وەک جاری جاران باج وەربگرن. هەموو بەم قسەیەی گەلێک بووژانەوە و جەوی مات و مەنگی ناو ژوورەکە کتوپڕ جێگای خۆیدا بە شادییەکی ئاشکرا. دیسان ئەقڵی گەشاوەی فەرماندە هێلکەی دوو زەردێنەی کردبوو. تەنانەت یەکێک لە هاوڕێیان کە دەڵێی لەوە پێش دەستێکی لە بازرگانیدا هەبووبوو، گوتی شتی حکومیش زۆر بەجێ ماون، دەتوانین ئاودیویان کەین.

بەم شێوەیە توانیان دووای ماوەیەک بەشێک لە مووچەکان دابین بکەن. بۆ بەشەکەی تر هەموو تاوانیان خستە سەر ئەوەی کە گوناح گوناحی دیکتاتۆرە و گەر دیکتاتۆر بیناردایە ئەوا ئەم کێشەیەیش نەدەما.

رۆژە خۆشەکانی سەرکەوتن بەم شێوەیە زۆر خێرا کۆتاییان هات و رۆژە دژوارەکان دەستیان پێکرد. دەورتادەوری نیشتمان حەساری سەرخرابوو و ژیانی رۆژانەی خەڵک و کاری و کاسبیان بە زەحمەت دەگەڕا. فەرماندە و هەڤاڵانی کە لە ئیدارەکردنی دۆخەکە مابوونەوە و قەت باوەڕیان نەدەکرد بەسەر وەها وەزعێکدا بکەون، لە دووای کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان و قسەوباسێکی زۆر بەو ئەنجامە گەیشتن بە تۆخی بگەڕێنەوە سەر هەمان دۆخی جاران واتە هێشتنەوەی نیشتمان لە دۆخی شۆڕشگێڕیی بەردەوام، بۆ ئەوەی بڵێن کە تەنیا رێگاچارە وەک سەردەمی شاخ بەرگری و خۆڕاگرییە و گەر جاران ئەوا چەند گوند و چەند ناوچەیەکی شاخاوی لە وەها دۆخێکدا بوون ئیستاکە گشتی نیشتمان وەهای لێهاتووە و جا چاریان ناچارە،... جا یان مردن یان سەرکەوتن.

بەشی رێکلامە و راگەیاندن کەوتەخۆ و لە هەموو شوێنێکەوە سروود و نشیدی شۆڕشگێڕانە بڵاودەکرایەوە، هەڤاڵان تەبلییغ کران تا دەکرا باسی شەڕە حیماسییەکانی جاران بۆ جەماوەر بەتایبەت گەنجان بگیڕنەوە. رۆژنامەکان بەناو مێژوودا شۆڕبوونەوە بۆ ئەوەی هەموو بیرەوەرییە لەبیرکراوەکانی زەمانی هەر زوویش بدۆزنەوە و بە تێروتەسەلی قسەیان لەسەربکەن. وەک بڵێی مشورێکی باشیان لێخواردبوو. لەبەر ئەوەی لە هیچ شوێنێک بەتووش گلەیی و گازندەی جەماوەر نەبوونەوە و خەڵکی وەک جاران بە بێدەنگی درێژەیان بە ژیانی خۆیان دەدا.

ئەو پارە و پولەی لە سەر سنور خڕدەکرایەوە دەهاتە ماڵی فەرماندە و لەوێوە لەدووای ئەوەی حیزب و هەڤاڵان و بەشی چەکداری تێروپڕ دەکران، ئەوەکەی تری بۆ خوارەوەی کۆمەڵگا سەرەوخوار دەکرایەوە، بەڵام راستییەکەی ئەوە بوو ئەم بڕە پارەیە زۆر نەبوو و بۆیە فەرمانبەران یان بەناچار بۆ دابینکردنی بژیوی کەوتنە بازاڕەوە یاخود بەرەبەرە شمەکی ناوماڵیان دەفرۆشت. نەبوونی پارەیش بووە هۆی داڕمانی بازاڕ و کەسب و کاری ئەوێیش رووی لە کزی کرد. رۆژگارێکی سەخت بوو. تامی شیرینی رۆژانی راپەڕین و شاخ بەربەرە لە دەمدا تاڵدەبوون. بەڵام فەرماندە هەرچۆنێک بوو بە گوێرەی راهێنانی حیزبیی خۆی و ئەزمونەکانی لە خوێندنەوەی دۆخی وڵاتانی تر حسێبی دەکرد دەیانتوانی بە کەیفی خۆیان تا دەیان ساڵی تریش بمێننەوە. لە هیچ شوێنێک بە خێرایی دوو شۆڕش لە دژی دوو دەسەڵاتی جیاواز نەکرابوو. هیچ شتێک وەک شۆڕش نیە، لە دوواچۆڕی وزەت دادەماڵێ و بە دەیان ساڵی تری دەوێ تا هەمان وزەی بێتەوە بەر. فەرماندە شۆڕشێ بە گانکردن دەشوبهاند. کە کردت ئیتر زەحمەتە هەمان شەو دیسان لێت راست بێتەوە، بەتایبەت بۆ میللەتێکیش کە کۆن و مێژینەیە و چیتر گەنج نەماوە! تازە مەگەر ئەمان خۆیان رۆڵەی هەمان میللەت نەبوون؟ جا چۆن دەکرا خەڵکی لێیان وەخۆکەون و دەریانپەڕێنن.

راستییەکەی ئەوە بوو فەرماندە دەیزانی قورسایی سێبەری شاخ هەتا ساڵانی ساڵ بە سەر شاردا دەمێنێتەوە و دەربازبوون لێی ئاسان نابێ. ئەو جۆرەی ئەو، ئەو رۆژە حیماسییە بە کەرەشینەوە خۆی بە مەیدانەکەدا کردبوو و ببووە هۆی داڕمانی دوواپێگەی دیکتاتۆر بەدەیان ساڵی تر دەبووە هۆی شەرمەساریی خەڵکی بۆ ئەوەی لە دژی بگەڕێنەوە و خوانەخواستە نیەتێکی خراپیان لەسەری هەبێ. بۆیە رۆژێک کە تازە لە خەو هەستابوو و بەهۆیەکی نادیارەوە بسکەی سمێڵی دەهات، داوای لە هەڤاڵان کرد بچن بۆ راو. هەڤاڵان دەستبەجێ چەندین سەیارەی گەورە و بچووکیان کە هەندێکیان 'بی کەی سی'ان لەسەر دامەزراندبوو ریزکرد و بە لانیکەم دووسەد سێ سەد کەسەوە بەرەو  گەرمێن بەڕێ کەوتن. کارمامزەکانی گەرمێن بەناوبانگ بوون. فەرماندە کاتی خۆیشی لە شاخەوە زۆر تاسەی کردبوون. تامی گۆشتیان لە چەشنێکی تر بوو. بیابان، گەرما، کەم ئاوی و ئاسمانی بەرز و پڕ ئەستێرە تورتی کردبوون. تورتێکی شیرین! یان رەنگە هی ئەوە با کارمامزەکان لە پێدەشتەکانی نزیک دیکتاتۆر دەژیان و بۆیە بوونیان لە چەشنێکی تر بوو. فەرماندە دڵنیابوو کە هیچ شتێک وەک سیاسەت نیە و چ بتەوێ و چ نەتەوێ لە هەموو شتێکدا جێ پەنجەی خۆی جێدێڵێ، تەنانەت لە کارمامزەکانی گەرمیانیشدا.

ئەو رۆژە چەند دانەیان راوکرد. راوکردنیان دژوارنەبوو. لاندکڕۆزێرەکان وەک شێر و پڵینگ دەیانرکاند و لە دووای راوەدوونانێکی کورت و درێژ لە کاتێکدا فیشەکێکیان بەقوربان دەکردن، دەیانگرتن. ئەو شەوێ لەوێ لە دەشتەکەدا مانەوە. لە کاتێکدا هەڤاڵان خەریکی برژاندنی کارمامزەکان لەسەر ئاورێکی یەکجار گەورە بوون و وەک هەمیشە باسی شەڕ و حیماسەکانی سەردەمی شاخ بوو، فەرماندە حەزی نوتقێکی حیماسی گرتی. لە کاتێکدا پێکەکەی بەدەستەوە بوو و بە خۆشیی شەهیدان و نیشتمان هەڵیدەدا، باسی لەوە کرد کە ئەوان ئیستاکە لە قۆناغی خەباتی شاخ گواستوویانەتەوە بۆ قۆناغێکی تر بە پانتایی هەموو نیشتمان، لە وەها قۆناغێکیشدا بەپێچەوانەی جاران هەموو میللەت دەرگیرە و بۆیە ئیستا هەمووان باجی خۆڕاگری دەدەن. باجێک کە دەبێ بیدەن، وەک چۆن ئەمان کاتی خۆی دایان. پاشان دڵنیا لەوەی کە ئەم قۆناغەیش وەک قۆناغی شاخ بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێدێ، دووا پێکی ئەو شەوەی هەڵدابوو.

دووایین بەشی سیناریۆی ئەو شەوە، تەقەی هاوڕێیان بوو. کڵاشینکۆف، بی کی سی، ئارپیجی و تەنانەت قەناسەیش. ئەستێرەکانی ئاسمانی گەرمیان ئەو شەوە بۆ ماوەیەکی باش لە چاو ونبوون.

یەکێک لەو شتانەی فەرماندە لە شاخ یەکجار رقی لێی بوو، چاویلکە رەشەکانی دیکتاتۆر بوو. بەتایبەت کاتێک پێیانەوە جگەرەیەکی بە لالێوەوە دەگرت، دەستی دەخستە ناو دەستی چەند سەرۆکێکی عەشیرەیەکی ناوەراستی وڵات و بێ منەتانە و شەقاوەئاسا سەرچۆپی هەڵدەسووڕاند. دیکتاتۆر چەند سەمایەکی قێزەونی دەکرد! باشە کەس نەبوو ئامۆژگاری بکا و پێی بڵێ ئەمە چییە دەکەی؟ فەرماندە ئەمەی لە تەلەفزیۆن بە چەندین جار بینیبوو. ئەم دیمەنە وەهای تێکدابوو کە پڕ بە دەمی هاواری کردبوو "ئەو گەوادە بە سەماکەیشی دەیەوێ بڵێ هەمووتان هیچ و پووچن،... ئەرێ هیچ و پووچ، ئەوەندە هیچ و پووچ کە لەمەیشدا ناچارن بە شوێن منا راکەن!" گەر بە وردی سەیری سەماکەت بکردایە دەتبینی ئەوانەی لەگەڵی هەڵدەپەڕن، ئەوەندەی چاویان لە دیکتاتۆرە ئاگایان لە سەماکە نیە.

فەرماندە تەنانەت رقی تایبەتیشی لەو خۆفرۆشانەیش بوو وا وەک سەرۆکە خوێڕییەکەیان چاویلکەی رەشیان لەچاو دەکرد. بۆیە بەتایبەت رێکخراوەکانی ناو شاری رادەسپارد ئەوانەی بکوژن وا بە چاویلکەی رەشەوە تفەنگ لە شان خۆیان رادەوەشاند و بەناو شەقامدا سەرەوخوار و سەرەوژووریان دەکرد. بگرە کاتێک یەکیانیشی لە شەڕێکدا گرت خۆی گوتەنی بە دەستەکانی خۆی بە چواردەخۆرێکی رەشی قەترانی تۆپاندنی. چەند فیشەکی یەک بەدووای یەکی بە کەلەسەر و بەناو دەمییەوە نابوو و هاوکات نەڕاندبووشی کە "با ئیتر فێرنەبی لاسایی ئەو فاشییە بکاتەوە!"

دیارە تەنیا دیکتاتۆر نەبوو چاویلکەی رەشی لەچاو دەکرد. ئەو ئەم عەینەکەی لە چاوی کوڕ و کچی سوور و سپیی ئۆرووپایشدا بینیبوو، دیارە لە تەلەفزیۆن یاخود لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا. بەڵام لای ئەو ئەمە جیاواز بوو. ئەوان لێیان دەهات، لەبەر ئەوەی نیشتمانێکی جوانیان بۆ خۆیان سازکردبوو و ئیتر هیچی تریان بۆ نەمابوو جگە لە رابواردن و خۆشگوزەرانی نەبێ. بەڵام ئەم سەگبابە چی!... حەی حەی! ئەم لە کوێ و ئەوان لە کوێ! نا شتی وانابێ. ئەم بێ شەرەفە تەنیا دەیەوێ بەم چاویلکانەوە ئەوەندەی تر بەو خەڵکە رابوێرێ کە یەخسیری کردبوون و بە کەیفی خۆی دەیچەوساندنەوە.

هەڵبەت جارێکیان بە رێکەوت چاوی بە وێنەی دیکتاتۆرە فاشییەکەی سپانیایش کەوتبوو کە ئەویش هەر هەمان چاویلکەی رەشی لە چاودا ببوو. لەبە ئەوەی فرانچسکۆ فرانکۆ زۆر لە پێش دیکتاتۆردا ژیابوو، فەرماندە زۆر خێرا بەو ئەنجامە گەیشت ئەم لەوەوە فێری ئەم نەریتە بووەوە و بەمە دەیەوێ بڵێ سەیرکەن منیش وەک ئەو هەرچی نەیار و ئازادیخوازە سەرئەنجام سەریان پاندەکەمەوە و ئێوەیش هیچتان پێ ناکرێ. بە بینینی وێنەی فرانکۆ، فەرماندە ئەوەندەی تر مکوڕتر بوو لەسەر ئەوەی دەبێ خەباتێکی بێ وچان و خوێناوی لە دژی دیکتاتۆر بەڕێوەببات بۆ ئەوەی عەینەکی رەش نەبێ بە رەمزی سەرکەوتنی فاشییەکان لە جیهاندا. توخمی ئەوان دەبا لە شوێنێکدا کۆتایی پێبێ.

هەڵبەت فەرماندە بەختی هەبوو کە سەرئەنجام بە چاوەکانی خۆی کەوتنی دیکتاتۆری بینیبوو، هەرچەند ئەم کەوتنەی قەت بەو شێوازە پێشبینی نەکردبوو. ژیان دیسان سەلماندبوویەوە چەندە سەیروسەمەرەیە. فەرماندە سەرەتا پاشەکەشەی هێزەکانی دیکتاتۆری لە ناوچەی باکوور بینی و، پاشان لە چەند جەنگی یەک بە دووای یەکدا هەموو سوپاکەی لە بەرامبەر هێزێکی دەرەکیی غەدداردا شکابوو و بۆخۆیشی هەڵاتبوو و خۆی شاردبووەوە. هەرچەند لە دووای ماوەیەک دەرکەوتبووەوە و بە تفەنگێکی بڕنۆ بە دەستییەوە لە کاتێکدا دیسان چاویلکە رەشەکانی لە چاواندا ببوو لە باڵکۆنی یەکێک لە کۆشکەکانییەوە فیشەکی بە ئاسماندا کردبوو و بە بێ شەرمییەوە باسی لە شکانی دوژمن و سەرکەوتنی خۆی کردبووەوە.

بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو فەرماندە بۆخۆیشی چاویلکەی رەشی لە چاوکرد! بۆخۆیشی نازانێ بۆ. راستییەکەی ئەوە بوو ماوەیەک بوو سەرنج و حەزی چووبووە سەری. کاتێک دەیبینی خەڵکێکی زۆرتر لە چاوی دەکەن و بگرە سەرۆکی وڵاتانی تریش بۆ وێنە جۆرج بووشیش بەکاری دەهێنا، بەو ئاکامە گەیشت دونیا گۆڕاوە و چیدی نابێ تەنیا لە گۆشەنیگای رابردووەوە کە تەژی بوو لە سێبەری قورسی دیکتاتۆر، بڕوانێتە ژیان. مانای هەموو شتێک بە هۆی سەردەمی نوێوە گۆڕانی بەسەردا هاتبوو. ژیانی رۆژانە پێێ دەگوت چاویلکەی رەش هەتا دەهات زیاتر و زیاتر لە ناو سیاسییە شۆڕشگێڕەکانیشدا باودەبوو. راستییەکەی ئەوە بوو ئەم جۆرە چاویلکەیە هەیبەتی دەبەخشی و بەتایبەت لە وێنەکاندا دەیکردی بە کەسێکی بە تەواوی جیاواز. بۆیە فەرماندە ئەمری دەرکرد بچن و لە بازاڕ چەندین جۆری گرانبایی بۆ بێنن تا یەک یان چەند دانەیەکیان لە نێواندا بە گوێرەی حەزی خۆی تاقی بکاتەوە. ئیتر لەو رۆژەوە فەرماندە بوو بە خاوەنی عەینەکی رەش و بەتایبەت هەر کاتێک دەچووە دەرەوە حەتمەن لە چاوی دەکرد. بە بەسەرکردنەوەی وێنەکانی و بەتایبەت بینینی خۆی لەو بەرنامانەدا وا شەوانە لە تەلەفزیۆنەوە بڵاودەکرانەوە تەواو لەوە دڵنیاببوو باشترین بڕیاری لە ژیانیدا دابوو. بە خۆشییەوە ئەو هاوڕێیانەیش وا کاتی خۆی لە رقی ئەو بەرامبەر بە عەینەکی رەش ئاگادار بوون، یان شەهیدکرابوون، یان ئەوەندە بە پارە و ژیان و ئەرکی حیزبی و سیاسییەوە سەرقاڵ بوون کە باوەڕی نەدەکرد هەر هیچیان لەسەر رابردووی ئەو لەبیرمابێت. بەتایبەت کە دەیبینی ئەوانیش لێرە و لەوێ لەم جۆرە چاویلکەیە کەڵکیان وەردەگرت و بە ئاشکرا پیشانیان دەدا حەزیان لێیەتی.

بەڵام بەڕاستی ئەوە چی بوو وا هەیبەتی دەدا بە چاویلکەی رەش. فەرماندە زۆر بیری لەمە دەکردەوە. سەرئەنجام بەو ئەنجامە گەیشت هۆکار لە شاردنەوەی چاوەکاندایە. رەنگی رەش دیوی پشتەوەی خۆی پڕ دەکرد لە راز و رەمز. ئەوەی لێی دەڕوانی دەستبەجێ خەیاڵی بۆ ئەوە دەچوو داخۆ چاوەکان لە کوێ دەڕوانن،... لە تۆ یان لە شوێنی تر. ئەمە دەبووە هۆی ئەوەی هەمیشە لە خەیاڵی کەسی بەرامبەردا بیت، بەردەوام بیرت لێبکاتەوە. لای فەرماندە ئەمە دەبووە هۆی ئەوەی وەک سەرۆکی نیشتمان باشتر لە بیری خەڵکیدا بمێنێ و لە یادی نەکەن. ئەوەی کە ئەو هەیە و بەڵێنیشە هەمیشە هەبێ. جگە لەمە ئەو بەمە دەیسەلماند شتەکان خۆی لە خۆیاندا بێ بایەخن و ئەوە کەسەکەیە نرخی دەداتێ. بۆیە ئەگەرچی چاویلکەکەی ئەو وەک هینەکەی دیکتاتۆر رەش بوو، بەڵام ئەم لە کوێ و ئەو لە کوێ. فەرماندە لە دڵەوە خۆشحاڵ بوو شۆڕش توانیبووی مانای نوێ بە شتێکی ناحەز ببەخشێ و سەرئەنجام لەبەر چاوی خەڵکیدا ئاسایی بکاتەوە.

وای لێهات  تەنانەت لە ژوورەوەیش لە چاوی نەدەکردەوە. هەر بەو چاویلکانەوە دەچوو بۆ راو، سیرەی تفەنگی پێدەگرت و تەنانەت رۆژنامە و راپۆرتەکانیشی پێ دەخوێندەوە. تەنیا شتێک وەک هەمیشە بەردەوام خۆی لێ دەپاراست، هەڵپەڕین بوو. ئەو کە لە شاخیش قەت هەڵنەدەپەڕی، لە لای ناشیرینترین شت هەڵپەڕین بە عەینەکی رەشەوە بوو. ئەسڵەن کوا رێبەر و هەڵپەڕینیان گوتبوو. هەڵپەڕین هی ئەقڵ سووکەکان بوو، هی ئەوانەی دڵیان بە سەر میشکیاندا سوارە. بۆیە بە هیچ جۆرێک شیاوی فەرماندە نەبوو. بە خۆی دەگوت لێگەڕێ با ئەوانی تر هەڵپەڕن، هەتا بڕستیان لێدەبڕێ و هێزی ئەژنۆیان شلدەبێ،... با هەڵپەڕن! راستییەکەی ئەوە بوو لە دووای راپەڕین نیشتمان یەکجار هەڵدەپەڕی. تەنانەت ئەو فەقیری و هەژارییەیش وا رووی تێکردبوو بەری بەمە نەدەگرت. بۆیە لای خۆی بەو ئەنجامە گەیشت شایی و خۆشی جاری وایە پێوەندی بە خۆشییەوە نیە. خەڵکی هەڵدەپەڕین بۆ ئەوەی هەڵپەڕین شتێک بوو وەک درێژەی رابردوو بۆ ئیستا. شتێک بوو وەک بەسەرکردنی رق و تووڕەی و بێتاقەتی. لای فەرماندە ئەوانەی زۆرتر هەڵدەپەڕین، باشتر خۆیان بەدەستەوە دەدا و خێراتر بە وتەکانی کەوی دەکران.

فەرماندە ئەمەی لە پشت چاویلکەکانەوە دەخوێندەوە و لایشی وابوو گەر چاویلکانە نەبوونایە، کە دەرفەتی لێڕوانینیان دەدایە بێ ئەوەی خەڵکی چاوەکانی ببینن، ئەوا قەت نەیدەتوانی بەم شێوەیە خەڵک و نیشتمان بخوێنێتەوە. خەڵک و نیشتمانێک سەرەڕای ئاشنابوونیان، هێشتا لەبەر چاوانیدا غەریب دەیاننواند.

درێژەی هەیە...

 

گەڕان بۆ بابەت