ما 6298 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەحمەدی مەلا

من ناوم دارا دارەمانە

ھەموو خەڵکی ئاوایی

بە سەرسەری ناوم دەبەن

تەنھا گوناحم

عاشقی رەعنام

 

حەسرەتەکانی دارا دارەمان

ئەحمەدی مەلا

 

 

١

من ناوم دارا دارەمانە

جوانترین ناوم لەلا رەعنایە

پێش ئەوەی گوڵی ھەنار شکۆفە بکا

دڵم خەتەرە دەکا

ئاسمان بە سایەقەی ساماڵیش

ھەر سپی دەچێتەوە

لەمێژایە

مەتارەیەکم بە پژدێنەکەمەوە بەستووە

لە سوێسکە و ھێلکەی کوڕکوڕ دەگەڕێم

من ناوم دارا دارەمانە

ئەگەر بۆ شێوانیش نەگەڕامەوە

ئەوە لەگەڵ مەڕ و بزنەکان دەنووم

ئەم عەردە ڕەقوتەقە

لە دڵی کیژان زۆر نەرمترە

لەم جیھانە دوو شت فێر بوومە

ناوی رەعنا و ژماردنی ئەستێرەکان

ئەگەریش بۆ شێوان نەھاتمەوە

ئەوە لەناو مێگەل بۆم بگەڕێن

ناونیشانم لەسەر خۆڵەتەپانی

لەگەڵ خۆرئاوابوون دەسڕێتەوە

 

٢

من ناوم دارا دارەمانە

ھەموو خەڵکی ئاوایی

بە سەرسەری ناوم دەبەن

تەنھا گوناحم

عاشقی رەعنام

لە باو و باپیرانەوە

ئەم شمشاڵەم بۆ ماوەتەوە

ئەویش وەکوو دڵم کونکونە

شەوانی ئەنگوستەچاو

خۆم بە ورچە گەورەکەوە ھەڵدەواسم

رێگای کاکێشان وەک ناولەپم

شارەزام

من ناوم دارا دارەمانە

گۆرانی بۆ خەڵکی ئاوایی دەچڕم

بە ڕۆژ وەک خۆڵەمێش سارد و

شەوان وەکوو ئەستێرە

دادەگیرسێم

دڵ و ھەناویشم سەرچاوەی زام

تەنھا گوناحم

عاشقی کەزی رەعنام

با ھەموو خەڵکی

ئاوایی

بە سەرسەرییم

بزانن      

من ھەمیشە شێت و شەیدام

 

٣

ھەندێ جار

چاو بە گریان

سەیری حەوت تەبەقەی ئاسمان دەکەم

ئاسمان لێڵە و شێدار

وەک ئەوەی لە جامی

قەمەرەیەکەوە

سەیری بارانی دەرەوە بکەم

منی دارا دارەمانەکەی جاران

گوندبەدەر کرام

تەنھا لەبەر ئەوەی

تۆم لە خودا زیاتر

خۆشویست

لەناو حەوشەی مزگەوت

رەجمیان کردم بەردەباران

 

٤

رەعنا گیان

من لە قەبرەوە قسەت لەگەڵ دەکەم

ئازاری رەجم و بەردەباران

لەناو مۆخی ئێسقانەکانم دان

پڕ دەمم خۆڵە

وەک کەستەکم لێ ھاتووە

بەڵام بە قورئانەکەی مزگەوت

لە دڵی خەڵکی ئاوایی زۆر نەرمترە

من لە قووڵایی گۆڕەوە لەگەڵت دەدوێم

نە گوندبەدەرکردن

نە رەجم و بەردەباران

نەیانتوانی عەشقی تۆ

بخوسێنن

زۆر جار

حەزێک ھەر چەشنی ئاگر

دەمھەژێنێ

رۆژێ دێ دێمەوە لاتان

وەک کڵۆ پەنگر

گەڕان بۆ بابەت