ما 7282 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

واوەتر لە نیهیلیزم

کە مردنەکان زۆر دەبن دەڵێی دیاردەیەک بە ناوی "گرنگیی ژیان" بە گشتی دادەبەزێ. لە دۆخێکی وەهادا ئەوە نهیلیزمە گشتگیر دەبێ و بە ئاگا یان ناخودئاگا زەین و دەروونی زۆربەی مرۆڤەکان دادەگرێ. تەنانەت ئەوانەی بە ناوی ژیانیشەوە بەرنگاری مردن دەبنەوە، لە ناخی خۆیاندا بە هۆی ئەوەی دەبێ بە مردنی خۆیان بەرەنگاری مردن ببنەوە، جۆرێک لە نیهیلیزم تێیاندا سەرهەڵدەدا. لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەو نهیلیزمەی تەسلیمی مردن دەبێ، نهیلیزمێکی مردن گەرایە و ئەو نیهیلیزمەیشەی وا بەرەنگاری مردن دەبێتەوە و رەگی لە ژیاندا هەیە، نیهیلیزمێکی ژیانگەرایە.

 

 

 

بەڵام نیهیلیزم لە هەر دووکی ئەم شێوازانەدا بە گشتی سیمایەکی لێڵ و ناشاداب بە ژیان دەبەخشن. ئەگەر نیهیلیزمی جۆری یەکەم تەواو لە بەرانبەر ژیاندا پاشەکشە دەکا، ئەوا نیهیلیزمی جۆری دووهەمیش جاری وایە دەڵێی سەرەڕای ماندووبوونەکانی لە پێناوی ژیان، زۆریش بۆی گرینگ نیە کە ژیان سەردەکەوێ یان نا. ئەمە بە داخەوە تایبەتمەندیی ئەو سەردەمانەیە وا شەڕ لایەنی غاڵب و سەرەکیی ژیانە و ناهومێدی بووەتە پێناسەیەکی نەک زاڵ بەڵکوو بەربڵاو.

مردن، رووداوێکی سروشتیی ژیانە. ئەوەی رێزی بۆ ژیان هەبێ دەبێ رێزیشی بۆ مردن هەبێ. بە بێ مردن چەرخی ژیان بەردەوام نابێ. وەک چۆن بە بێ ژیان چەرخی مردن، بەڵام کاتێک مردن لە دیاردەیەکی سروشتی دەردەچێ و دەبێ بە کار و بەرهەمێکی پیشەیی و سەنعەتی، ئەوا نیهیلیزم لە بەرزترین شێواز و فۆڕمی خۆی دا خۆی دەردەخا. ترسناکترین بیر ئەوەیە کە مرۆڤەکان لە یەکتر وەک خەتەرناکترین جەللادی داهاتووی خۆیان بڕوانن. ئەو جەللادەی گەر دەستی بە دەسەڵات و تەکنۆلۆژیا بگا ئەوا مردنی لە لا دەکا بە تاقە مانای ژیان.

رەنگە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە دەبێ هێشتا نیهیلیزمی ژیانگەرا سەرەکیترین فەلسەفەی ژیانمان بێت، بەڵام ئەمە بەس نیە بۆ گەڕانەوەی ژیانێک کە تێیدا مردن دیاردەیەکی سروشتییە نەک دەستکرد. مرۆڤ دەبێ زۆر واوەتر لەمە بیربکاتەوە.

سایتی قەڵەم   

 

٣ ی فێبرواری ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت