ما 3350 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ یوسفی

ئاست و بڕی ئاوی دەریاچەی "وان" لە تورکیا کە دەوری ١٦٧ کیلۆمەتر لە دەریاچەی ورمێ‌وە دوورە، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو نەگۆڕاوە، بەڵام لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئاست و بڕی ئاوی دەریاچەی ورمێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە کە لە ڕاستی‌دا ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ جۆری پلان.

 

دەریاچەی ورمێ؛ هەڕەشەیەک بۆسەر ئێکۆسیستمی ناوچەکە

هاوڕێ یوسفی

 

کەم‌کردن و بەهەڵم‌بوونی دووبارەی ئاوی دەریاچەی ورمێ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا جارێکی دیکە پرسی وشک‌بوونی دەریاچەکە، لەناوچوونی ژیانی بوونەوەرەکانی دەوروپشتی و لێکەوتە ئێکۆلۆژیک و ژینگەییەکانی زیندوو کردۆتەوە و کۆمەڵێک نیگەرانیی لێ‌کەوتۆتەوە سەبارەت بە داهاتووی دەریاچەکە، خەڵکەکە و دانیشوانی ناوچەکەیش.

بەپێی ئەمارێک کە "لێژنەی بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ" لە ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٩دا ئاستی هاوسەنگی ئاو، ڕووبەری دەریاچەکە و بارستایی ئاوێک کە لە دەریاچەکەدا هەیە لەچاو ساڵی ١٣٩٨ و مامناوەندە درێژماوەکەی، بە تووندی بەرەو دابەزین دەچێت.

"ئێران‌وایەر" لە وتووێژ لەگەڵ "مەنسوور سۆهرابی"، دوکتۆرای ئاگرۆئێکۆلۆژی و توێژەری ئێکۆلۆژی کە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانە، پەرژاوەتە سەر دۆخی هەنووکەیی و هۆکارە بنەڕەتییەکانی وشک‌بوونی دەریاچەکە، شکست‌هێنانی گەڵاڵەکان، پلانەکان و ڕێکارەکانی دەوڵەت و هەروەها دەوری هەرە خراپی بەڕێوەبەرایەتی و کارگێڕیی دەریاچەی ورمێ.

 

چای ئاوەکان، بەنداوەکان و پردەکەی نێوان ورمی و تەورێز

ڕووبەری دەریاچەکە بەپێی کیلۆمەتری چوارگۆشە، لە ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٩دا هەر بەو جۆرەی کە لێژنەی بووژانەوەی دەریاچەکە ڕایگەیاندووە، ٢٧٦٧.٧٢ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە. لە حاڵێک‌دا کە لە ساڵی ڕابردوو و لە ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا ڕووبەری دەریاچەکە ٢٨٠٧.٧٩ کیلۆمەتری چوار گۆشە بووە. بەم پێیە، ئاستی مامناوەندی درێژماوەی ڕووبەری دەریاچەکە لەم بەرواردەدا دەوری ٤٤٤٩.٧٣ کیلۆمەتری چوارگۆشە بووە که دەتوانین بڵێین ڕووبەری دەریاچەکە تا ڕادەیەک نیوە بووە. کەواتە، ژمارەکان و ئامارەکانی لێژنەی بووژانەوە پاکیان دەرخەری دۆخی نالەباری دەریاچەکە، لاوازبوونی ئاستی ئێکۆلۆژیک و بارێکی ترسناکە کە یەکێک لە جوان‌ترین گەنجینە ژینگەییەکانی ئێرانی ڕووبەڕووی هەڕەشە کردۆتەوە.

 

دامەزراندن و لێدانی پردی "شەهید کەڵانتەری" لە نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات لە باشووری ڕۆژاوای ئێران کە لە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٨٧دا کەوتە کار، دەریاچەکەی ورمێی دوولەت کرد کە لە ڕوانگەی مەنسوور سۆهرابی‌یەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێک‌دانی بەکاوەخۆ و دەسپێکی ڕۆیشتنی دەریاچەکە بەرەو وشک‌بوون: "ئەم پردە لە مەترسیدارترین شوێنی دەریاچەکە واتە لە کەنداڵە قەوزاوییەکان و لە نێوان دوو کەرتی سەرەکی‌دا سازکراوە کە دەوری ١٥٠ تا ٢٠٠ مەتر قەوزە یان ڕۆس بوونی هەیە کە لە ڕاستی‌دا بۆتە هۆی نشست و تەپینی بەردەوامی ئاستی دەریاچەکە و بە گوێرەی بەراورد و هەڵسەنگاندنەکان لێدان و سازدانی ئەم پردە لە سەتا ١٧ دەوری هەبووە لە وشک‌کردنی دەریاچەکەدا."

بە بڕوای ئەم کارناسەی ئێکۆلۆژیا، دۆخی هەنووکەیی و پرۆسەی وشک‌بوونی دەریاچەی ورمێ دژێژماوە و لە ژێر کاریگەریی کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە ڕووبەری زەوییەکانی کشت‌وکاڵ لە بەستێنی ئاوەڕۆی دەریاچەی ورمێ‌دا؛ بە جۆرێک کە ئەگەر دۆخی بەستێنی ئاوەڕۆی دەریاچە بە درێژایی ٤ دەیەی ڕابردوو لێک‌بدرێتەوە، لەوە تێ‌دەگەین که: "ڕووبەری زەوییەکانی کشت‌وکاڵ لەچاو ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە و ٣٠٠ هەزار دۆنم زەویی کشت‌وکاڵ کە پێش شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی لە بەستێنی ئاوەڕۆدا هەبووە، ئێستا بۆ ٦٠٠ دۆنم زیادی کردووە؛ زیاد لە ٨٠ هەزار چای قووڵ و نیمچە قووڵ لە بەستێنی ئاوەڕۆی دەریاچەکەدا هەڵکەندراوە، زیاد لە ٨٨ بەنداو درووست کراون و ئەگەر ئەو بەنداوانەیشی کە بەتەمان سازی بکەن لێی زیاد بکەین، ژمارەی ئەو بەنداوانەی دەگاتە ١٠٠ بەنداو."

 

گۆڕانی بەستێنی ئاوەڕۆ و دەسکاری‌کردنی سرووشت

مەنسوور سۆهرابی پێیوایە کە گواستنەوەی ئاو لە بەستێنی ئاوەڕۆی دەریاچەکەوە بۆ شوێنەکانی‌تر، که بەشێکه لە حەقاوی [واتە مافێک کە دەریاچەی ورمێ بەسەر ئەو ئاوەوە هەیەتی] دەریاچەی ورمێ، یەکێکی‌ترە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی بەرهەمهێنانەوەی دۆخی قەیراناویی دەریاچەی ورمێ: "لە مێژ ساڵە کە دەوری ٥ مەتری چۆراگۆشە لە یەک چرکەدا ئاو لە "سەدی شەهید کازمی"ی بۆکانەوە بۆ تەورێز دەگوازرێتەوە. هەروەها لە "سەدی نورۆزلو"ی میاندواویشەوە ئاسان‌کاری کراوە بۆ ئەوەی بەم زوانە ٥ مەتری چوارگۆشەی‌تریش لە چرکەیەک‌دا ئاو لەوێوە بۆ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بگوازرێتەوە کە بە گشتی لە "زەڕینە ڕوود" و "سیمینە ڕوود"ەوە دەوری ١٠ مەتری چوارگۆشە لە چرکەیەک‌دا ئاو بۆ تەورێز بگوازرێتەوە."

ئەو پێیوایە کە جگە لە گواستنەوەی حەقاوی دەریاچەی ورمێ بۆ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، بە درێژایی ئەو هێڵەیش دەوری ٤٥ کارخانە و شارۆچکەی پیشەسازی ئەو ئاوە بەکار دەهێنن: "ئەو زەوییە شۆرەکات و کەم‌پیتانەی کە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات‌دا هەڵکەوتوون و کەوتوونەتە سەر ڕێگا و هێڵی گواستنەوەی ئاوەکەوە، ئەم ئاوە بۆ ئاوداشتن بەکار دەهێنن. ناوەندەکانی وزە کە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات‌دا چالاکن، ئەو بڕە ئاوەی کە پێویستیانە لەو سەرچاوەیە، واتە ئاوێک کە لە بەنداوی بۆکانەوە ڕادەگوێزرێت دابینی دەکەن. تەنانەت بەم ئاوە لە تەپۆڵکەکانی "عەین‌عەلی"ی تەورێزدا دەریاچە و دارستانی دەسکردیان ساز کردووە و تەنانەت بەشێک لە ئاوی خواردنەوەی تەورێز دابین دەکات.

ئەم توێژەرەی ئێکۆلۆژیا دەڵێت ئەگەر گواستنەوەی حەقاوی دەریاچەی ورمێ بۆ ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات نەبووبا، ئەوا هەموو ساڵێک دەوری ٦٠ میلیۆن مەتری چوارگۆشەی ئەم ئاوانە دەڕژایە دەریاچەی ورمێ‌وە. شایانی باسە کە گواستنەوەی ئاو لە پارێزگای کوردستان، لە بەنداوی "سیازا" و بەنداوی "قوچم" بۆ باقیی ناوچەکان، بۆ نموونە هەمەدان و لە مەریوانەوە بۆ نزیک زەنجان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان داناوە لەسەر بەستێنی ئاو و حەقاوی دەریاچەی ورمێ.

لە لایەکی‌ دیکەوە، تەرازی ئێکۆلۆژیکی دەریاچە کە ڕێگە بە مانەوەی "ئارتیما"، گرینگ‌ترین گیان‌لەبەری ئاوژینی پێست‌قایم و بوونەوەری وردی دەریاچەکە دەدات، ١٥ میلیارد مەتری‌چوارگۆشەیە و لە ئێستادا تەنیا ٣ میلیارد و سەت‌وشەست میلیۆن مەتری چوارگۆشە ئاو لە دەریاچەکەدا بوونی هەیە، لە حاڵێک‌دا کە گەڕانەوەی بۆ تەرازی ئێکۆلۆژیک دەریاچەکە پێویستی بە ١٢ میلیارد مەتری چوارگۆشە ئاو هەیە.

 

بەرپرسان جگە چاو لە ئاسمان‌بڕین هیچیان نەکردووە

مەنسوور سۆهرابی جگە ئاماژەدان بە شکستی گەڵاڵەکانی دەوڵەت بۆ بووژانەوە دەریاچەکە، بڕوای وایە کە ئامانجی کۆماری ئیسلامی گەڕانەوە نییە بۆ تەرازی ئێکۆلۆژیک، بەڵکوو پاراستی تەڕایی و شێی دەریاچەکەیە. چونکە ئەگەر دەریاچەکە بگۆڕێت بۆ حاڵەتی "پلایا"؛ واتە توێ و کڵۆی خوێ، چیتر ئاو زەفەری پێ‌نابا و بۆ بووژاندنەوە ناشێت: "بەرپرسانی پێوەندی‌دار هەوڵ دەدەن کە باران‌بارینەکانی ئەو دوو ساڵەی دوایی وەک کارامەیی گەڵاڵەکانی لێژنەی بووژانەوەی دەریاچەکە بقەبڵێنن، لە حاڵێک‌دا که باران‌بارینەکان لە بەستێنی ئاوەڕۆی دەریاچەکەدا تەنیا لەناوچوون و وشک‌بوونەکەی دواخستووە. چونکە ئەو بڕە ئاوەی کە لە ڕێگەی باران‌بارینەوە ڕژاوەتە دەریاچەکەوە لێی‌کەم بکەینەوە، ئەوەی لەگەڵی‌دا ڕووبەڕوو دەبینەوە کۆگایەکی گەورەی پرۆژە و گەڵاڵەی شکست‌خواردووە کە ئەو دۆخەی ئێستایان بۆ دەریاچەکە درووست کردووە. بەم پێیە، بەڕێوەبەران و بەرپرسانی پێوەندی‌دار جگە سەرهەڵبڕین و چاوبڕین لە تاقی ئاسمان  و چاوەڕوانی باران، جگە کردنەوەی بەنداوەکان، هیچیان پێ‌ناکرێت بۆ ئەوەی ئاستی دەریاچەکە بە شێداری بمێنێتەوە."

ئەو لەو باوەڕەدایە کە بەڕێوەبەرایتەیی ئاو لە بەستێنی ئاوەڕۆی دەریاچەکە، هێندەی تێکدەرانەیە ئەوەندە کاراناسانە نییە و هەندێک‌جار بۆ دووبەرەکی‌نانەوە و هەڵاوێردکارانەیە؛ چونکە: "ڕێگە بەوە دراوە لە پاڵ دەریاچەی ورمێ‌دا بەنداوی "حەسەن‌لو" ساز بکرێت و بە حەقاوی دەریاچەکە، ئەو زەوییە کشت‌وکاڵییانەی کە پێشتر دەیمی بووە و ئێستا گۆڕاون بۆ ئاوی، ئاودێری بکرێن. خاڵە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە بەرپرسە پێوەندیدارەکان لە ڕێگەی فیتنەیی و هەڵس‌وکەوتی هەڵاوێردکارانەیانەوە، لە لایەکەوە ڕێگە بە وەرزێرانی تورکی ئازەری داوە کە لە قەراخ و دەوروبەری دەریاچەی ورمێ‌دا ڕوەکی ئاوخۆری وەک چەوەندەر و گەرمەشامی بچێنن، بەڵام لە ناوچەی "شاروێران" و "شامات" کە بەشێکن لە ئاوەڕۆی دەریاچەکە وەرزێرە کوردەکانیان ناچار کردووە ئەو ڕوەکانە بچێنن کە ئاوی کەم‌تریان دەوێت."

 

چارەنووسی دەریاچەکانی وان، ئاڕاڵ و ورمێ

ئەم توێژەرەی ئێکۆلۆژیا جگە لە ئاماژەدان بە ڕێکاری بەپەلە بۆ دەرچوون لە قەیرانەگەورەکەی دەریاچەی ورمێ، ئاماژەی بە دەریاچەی وان لە تورکیا و کاریگەریی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو لەو وڵاتەدا کرد و پێیوایە: "ئاست و بڕی ئاوی دەریاچەی "وان" لە تورکیا کە دەوری ١٦٧ کیلۆمەتر لە دەریاچەی ورمێ‌وە دوورە، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو نەگۆڕاوە، بەڵام لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئاست و بڕی ئاوی دەریاچەی ورمێ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە کە لە ڕاستی‌دا ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ جۆری پلان و گەڵاڵە ناکارامە و شکستەکانی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو لە  بەستێنی دەریاچەی ورمی‌دا."

ئەو لەو باوەڕەدایە کە پێش هەموو شتێک پێویستە لە ئاوی بەنداوەکان، حەقاوەکەی دەریاچە دابین بکرێت، چا ڕێگەپێنەدراوەکان پڕ بکرێنەوە و ئەو پردەی کە دەریاچەکەی دوو لەت کردووە تێک‌بدرێت و سەرچەشنەکانی چاندن بگۆڕێن و سەرچەشنی چاندنی کارامە بخرێتە بواری جێ‌بەجێ‌کردنەوە: "هەڵبەت ڕەچاوکردنی ئەو خاڵانە، کە ڕەنگە مەحاڵ دەرکەون، تا ڕادەیەک دەتوانن ئاست و بڕی ئاوی دەریاچەکە بەرز بکەنەوە. بەڵام، تاقە کارێک کە ئێستا دەشێت بکرێ ڕاگرتنی یەک لە چواری ئاوەکە و ئاراستەکردنی حەقاوی دەریاچەکەیە. بە گوتەیەکی دیکە، ئەو ئاوانەی دەڕژێنە دەریاچەکەوە لە ئاستی ١٥٠٠ کیلۆمەتری‌دا ڕانگیردرێن و بەرەو ڕووبەرە لاوازەکان ئاراستە بکرێن بۆ ئەوەی پێش بە وشک‌بوونی زیاتری بلوورەکانی خوێ بگرێت. بەڵام پاراستنی ٥ هەزار کیلۆمەتری ئاوی دەریاچەکە بەو شێوازە لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدان، دەریاچەکە بەرەو وشک‌بوون دەبات و لە کۆتایی‌دا داهاتوویەکی دەبێت وەک دەریاچەی ئاڕاڵ."

"ئاڕاڵ" دەریاچەیەک بوو لە نێوان وڵاتی ئۆزبەکستان و قەزاقستان و یەکێک لە ٤ دەریاچەی گەورەی جیهان کە ڕووبەرەکەی دەوری ٦٨ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو و بە هۆی پرۆژە و گەڵاڵەکانی پەرەسەندنی کشت‌وکاڵ و گواستنەوەی ئاوی ڕووباری "ئاموون" و "سیر دەریا"، پرۆسەی بیابانی‌بوونەوەکەی لە ساڵی ١٩٦٠ەوە دەستی پێ‌کرد و لە ساڵی ١٩٨٠ بەسەر دوو بەشی باکوور و باشووردا دابەش کرا. لە ساڵی ٢٠٠٤دا ڕووبەری دەریاچە کەم‌بووەوە بۆ یەک لە چوار و لە ساڵی ٢٠٠٩یش‌دا وشک بوو.

 

قەیرانە گەورەکەی داهاتوو

ئەو لەو باوەڕەدایە کە جگە گەڕاندنەوەی حەقاوی دەریاچەکە، یەکێک لە ئالنگارییە جیدی و هەرە ئاڵۆزەکان ئەو ئاوانەن کە لە بەستێنی ئاوەڕۆکەوە دەڕژێنە دەریاچەکەوە: "ئەم ئاوانە لە ڕاگوزەرەکانی خۆیان‌دا لەگەڵ ئەو کوود و ژەهرە کیمیاییانەی کە لە ڕێگەی زەوییەکانی کشت‌وکاڵەوە دەچنە نێو قووڵکەکانی ژێر عەرز و زەوییەوە بنی دەریاچە پڕ دەکەن لە فۆسفۆر و نیترۆژێن کەم ئەم توخمانە بە خوێکانەوە دەنووسێن و گەناوێکی ژەهراوی درووست دەکەن کە جگە هەڕەشە بۆسەر بوونەوەرەکانی دەریاچەکە، کۆی ئێکۆلۆژیای ناوچەکەیش تووشی مەترسیی گەورە دەکەن."

ئەو کارناسەی ئاگرۆئێکۆلۆژیا جگە ئەوەی پێیوایە کە ئیدارەدانی وڵات پێویستە بنەماکەی بەڕێوەبەرایەتیی کارامە و هاوسەنگ بێت لەگەڵ توانستە ئێکۆلۆژیکییەکانی ناوچەکە، لەو باوەڕەدایە که: "کەم‌بوونەوە و بەهەڵم‌بوونی ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆتە قەیرانێکی گەورە و ئیدارەدانی سیاسی و کارگێڕیی کۆماری ئیسلامی، بەو هەڵس‌وکەوتە تێکدەرانە و گەندەڵییە داراییانەی بەرپرسانی پێوەندەی‌دارەوە، دۆخی دەریاچەکە، سەرچاوەکانی ئاو و ناوچەکانی دەوروپشتی لەگەڵ بارێکی هەرە مەترسی‌دار و ترسناک‌دا بەرەوڕوو کردۆتەوە. نادیدەگرتنی کوالیتیی سرووشت و لێکەوتەکانی و ڕەچاونەکردنی توانستی ئێکۆلۆژیکی ناوچەکە هێندەی‌تر دەریاچەکەی بارگران کردووە کە دەرێژەکێشانی ئەم ڕەوتە جگە مەترسی بۆسەر دەریاچەکە و بوونەوەرەکانی، بۆتە هەڕەشە لەسەر کۆی ئێکۆسیستمی ناوچەکە."

 

سەرچاوە: ئێران‌وایەری کوردی

گەڕان بۆ بابەت