ما 928 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بوونێکی بەربڵاو

زەمەن بەخێرایی تێدەپەڕێ و مرۆڤ زۆرجار ئاگای لە چۆنیەتی رووداوەکان نیە. ئێمە لە ژیانی ئاساییدا زۆرتر چاومان لە داهاتووە و بۆ ئەوەی بتوانین هەرچی زووتر بە ئامانجەکانمان بگەین. حەزی ئێمە بۆ تێپەڕینی خێراتر، کاریگەری لەسەر هەستی تێپەڕینی کات دەکا. بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە لەم ئاستەدا بۆ هەمیشە رادەوەستین.

چیرۆک یەکێک لە رێگا یاخود ئامرازەکانی ئاوڕدانەوەیە لەوەی تێپەڕی. راوەستانە لەسەری بەمەبەستی رۆچوون بە قووڵاییاندا و هەروەها تێگەیشتن لە بەریناییان.

بەڵام وەک دەزانین گەر بمانەوێ رابردوو بە زمانی چیرۆک بگێڕینەوە ئەوا رابردوو قەت وەک خۆی کتومت ناگێڕینەوە، بەڵکو ئەم گێڕانەوەیە تێکەڵیک دەبێ لە رووداو و لە چۆنیەتی رووانینی و وەسفی ئێمە لە رووداوەکان.

بە واتایەکی تر کاتێک بیر لەوەی دەکەینەوە تێپەڕی، لە رێگای بیرەوە لایەنی دیکەی لێدەبێتەوە و بەم شێوەیە ئەوەی کاتی خۆی زۆر لەلامان گرینگ نەبوو، کتوپڕ گرینگیی تایبەت پەیدادەکا. یاخود رەنگە ئەو بیرەی من ئیستاکە هەمە هەمان بیری ئەوکات لە کاتی روودانی رووداوەکەدا نەبێ.

بەم شێوەیە رووداوە فرەچەشن دەبێ.

کەواتە گێڕانەوەی چیرۆک لەگەڵ ئەوەی هەستێکی جوانناسییە بەڵام هەوڵە بۆ تێگەیشتنیش لەوەی گوزەرا، هەرچەند بە پێوانەی ئێستا.

جا بەم پێیە بڵێی قەت مرۆڤ بتوانێ لەوەی گوزەرا وەک خۆی تێی بگا؟

تێگەیشتنەکانی ئێمە خۆیان بەردەوام دادەڕێژنەوە و سووچ و لایەنی تر پەیدادەکەن. لێرەوە دەبینین رابردوو بەهۆی هەنووکەوە دەناسرێ و هەنووکەیش بە هۆی رابردووەوە. کەواتە بوونی ئێمە دیاردەیەکی پەخش و بڵاو لە زەمەندایە.

سایتی قەڵەم

١٦ی دێسامبری ٢٠٢٠

گەڕان بۆ بابەت