کامبیز غەفووری

بوونی سمێڵی درێژە بۆ زۆربەی پیاوانی یارسانی، زۆر گرینگە و بە بڕوا و بۆچوونیانەوە گرێ‌دراوە. ڕەنگە بۆ زۆربەی خوێنەران لە ساڵی ١٣٩٩دا سەرنج‌ڕاکێش بێت و پرسیاری ئەوە بکەن کە حکوومەت کاری بە سمێڵی ئەو خەڵکەوە چییە؟

یارسان دوای شۆڕشی ئیسلامی؛ چیرۆکی کۆچێکی دەستەجەمعی

 

کامبیز غەفووری

 

تازە شۆڕشی ١٣٥٧ سەرکەوتبوو. بنەڕەتی حکوومەتی نوێ، ئیسلام بوو و کەمایەتییە ئایینییەکان هەر لە یەکەم ڕۆژەکان‌دا بە نیگەرانییەوە ڕەوتی ڕووداوەکانیان سەیر دەکرد. لەگەڵ یەکلایی‌بوونەوەی "بەئیسلامی‌کردنی" حکوومەت لە ڕێفراندۆمی مانگی ڕێبەندانی ١٣٥٨دا، گوشارەکان بۆسەر کەمایەتییەکان ئاشکراتر بووەوە. لە ڕۆژاوای ئێران‌دا، شوێنکەوتوانی ئایینێكی کەونینە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ نیگەران‌تر دەبوون؛ یارسانییەکان.

دەنگۆی ئەوە بڵاوببوەوە کە بڕیارە حکوومەت زۆر زوو وەک بەهاییەکان هێرش بکاتەسەر ئەوانیش. هەزاران کەس لە یارسانییەکان بڕیاریان‌ دا بە شێوەیەکی کاتی بۆ ئەودیوی سنوور کۆچ بکەن بۆ ئەوەی بزانن بارودۆخی حکوومەت لە ئێران‌دا چی بەسەردا دێت. بەڵام لە پڕ جەنگی ئێران و عێراق دەستی پێ‌کرد، ئەوانیش کە لەودیوی سنوور مابوونەوە، شارۆمەندی ئێرانی بوون و بە شێوەیەکی دەستەجەمعی دوورخرابوونەوە بۆ کەمپێک لە باشووری عێراق؛ چەشنێک دوورخرانەوە لەناو دوورخرانەوەدا، کەمینەبوون لە هەر دوو شوێنەکەدا.

ئەم ڕاپۆرتە، چیرۆکی یەکێک لەو کۆچبەرانە دەگێڕێتەوە کە ئەوکات گەنجێکی تەمەن ١٥ ساڵان بووە. دەستی قەدەر "عەلی مورادی"ی لە دووخرانەوە لە عێراقەوە هێنایە باکووری ئەورووپا و لەسەر هەوڵ و ماندووبوونی خۆی بووبە ئەندامی شوورای یەکێک لە شارەکانی فینلاند. بەڵام ٤٠ ساڵە لە کرماشان کۆچی کردووە.

***

دوای شۆڕشی ١٣٥٧، لە گەرمەی قسەوباسەکان سەبارەت بە شێوەی تازەی حکوومەت دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی "ڕووحوڵا خومەینی" هەموو شتێکی یەکلایی کردەوە. ١٧ی ڕەشەمەی ١٣٥٧، هێشتا مانگێك بەسەر سەرکەوتنی شۆڕشەکەدا تێنەپەڕیبوو لە وتاردانێکی‌دا وتی: "ڕێگای ئێوە ئیسلامە، ڕێگای ئێوە ئەوەیە کۆماری ئیسلامی بەرپا بکەن. بۆخۆم دەنگ بە کۆماری ئیسلامی دەدەم و داوایش لە ئێوە دەکەم دەنگ بە کۆماری ئیسلامی بدەن، نە وشەیەک کەم، نە وەشەیەک زۆر؛ کۆماری ئیسلامی."

لێرەوە، هیچ بژاردەیەکی دیکە زیاد نەکرا بە هەڵبژاردنەکانی خەڵک لە ڕێفراندۆمی سیستمی داهاتوودا و کۆماری ئیسلامی لە خاکەلێوەی ١٣٥٨ لەگەڵ دوو بژاردەی ئەرێ یان نا ڕووبەڕووی پرسیار بووەوە. ناوی "ئیسلامی" لە شێوەی سیستمەکەدا، بۆ ئەوە ترس بخاتە دڵی کەمینە ناموسڵمانەکانەوە تەواو بوو، بەڵام کارەساتە گەورەکە بۆ زۆربەییان بەڕێوە بوو: یاسای بنەڕەتی لە سەرماوەزی ١٣٥٨ پەسەند کرا و تەنیا مەسیحییەکان، زەرتەشتییەکان و جووەکان وەک "کەمینە ئایینەییەکان" بە فەرمی ناسران.

هەڕەشەکان دەستیان پێ‌کرد

عەلی (علیڕەزا) مورادی ئێستا ٥٥ ساڵیەتی. لە کتێبخانەی ناوەندیی شاری یووسکۆلەی فینلاند، بەرامبەرم دانیشتووە و بیر لەو ڕۆژانە دەکاتەوە؛ "لە نزیک سنوورەکان‌دا دەژیاین. هەواڵمان پێ‌گەیشت کە حکوومەتیی ئیسلامیی تازە، یارسانییەکان قبووڵ ناکات و ڕێگە بە بەڕێوەبردنی بۆنە ئایینییەکان نادات. باسی ئەوە کرا کە سمێڵیان دەتاشن. ترسمان لێ‌نیشت و وردە وردە بەجێ‌هێشتنی ئێران دەستی پێ‌کرد."

بوونی سمێڵی درێژە بۆ زۆربەی پیاوانی یارسانی، زۆر گرینگە و بە بڕوا و بۆچوونیانەوە گرێ‌دراوە. ڕەنگە بۆ زۆربەی خوێنەران لە ساڵی ١٣٩٩دا سەرنج‌ڕاکێش بێت و پرسیاری ئەوە بکەن کە حکوومەت کاری بە سمێڵی ئەو خەڵکەوە چییە؟ بەڵام هەر لەم ساڵانەی داوایی‌دا، لە ساڵی ١٣٩٢دا، مەئموورەکانی زیندانی هەمەدان وەک بێ‌ڕێزییەک سمێڵی زیندانییەکی یارسانیان تاشی. تەنانەت چەند کەس لە ناڕەزایەتی‌دا بەم کردەوە ئەتک‌کارانە دەستیان دایە خۆسووتاندنی ناڕەزایەتییانە. ئەو کارە بە دژی کەمینەکان لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٣٥٠ی هەتاوی‌، لە سەردەمی نەبوونی ئینتێرنێت و میدیاکان‌دا، زۆر هاسان بوو.

هەر ئەم گوشار و هەڕەشانە لە سەرەتای شۆڕش‌دا بووە هۆی ئەوەی چەند هەزار کەس لە شوێنکەوتوانی ئایینی یارسان بڕیار بدەن لەگەڵ بنەماڵەکانیان‌دا ڕووبکەنە ئەو دیوی سنوورەکان تا چارەنووسی حکوومەتی ئیسلامی یەکلایی ببێتەوە. عەلی مورادی دەڵێت: "ساڵی ١٣٥٩، پازدە ساڵێکم دەبوو، سێ مانگ پێش دەست‌پێ‌کردنی شەڕی ئێران و عێراق بوو کە لە نزیک سنووری گلە، چەند سەت کەسێک بە دوو کاراوان لە ئێرانەوە دەرچووین. هەندێک کەس پێش ئێمە ڕۆیشتبوون. دەوری چوار تا پێنج هەزار کەس لە یارسانییەکان چووبوونە عێراق کە لە پڕ شەڕ دەستی پێ‌کرد."

دەست‌پی‌‌کردنی شەڕ و چارەنووسی "ئێرانییەکان" لە خاکی "عێراق"

٣١ی خەرمانانی ١٣٥٩ سپای عێراق هێرشی کردەسەر خاکی ئێران و جەنگێکی هەشت ساڵە لە نێوان ئەو دوو دراوسێ‌دا دەستی پێ‌کرد. ئەو چەند هەزار شارۆمەندە یارسانییەی ئێران کە پەنایان بردبووە بەر خاکی عێراق، کەوتنە ناوەڕاستی هێرشەکان و ئاگری تۆپخانەی ئەو شەڕەوە.

عەلی مورادی و خزمەکانی کە لە ناوچەی "مەیدان"، نزیک "دەربەندی‌خان"ی سەر بە شاری سلێمانی بوون، لە ژێر ئاگری تۆپخانەدا بەرەو ناوچەی "قوڕەتوو"ی شاری خانەقین لە پارێزگای دیالە ڕۆیشتن و تا نزیک ساڵی ١٣٦١ لە وێدا دەژیان. لەو ساڵەدا، حکوومەتی عێراق بڕیاری‌ دا هەندێک لە سەرۆک عەشرەتەکان و هەروەها چەند کەس لە خەڵکی ناسراوی یارسان دوور بخاتەوە بۆ باشووری عێراق.

بەڕێز مورادی کە ئەوکات لە تەمەنی ١٨ ساڵان نزیک دەبووەوە، لە خۆپیشاندانێک‌دا بەشداری دەکات کە بۆ ئەو و هاوبیرەکانی مەترسیی مەرگی بەدواوە بوو: "هاوینی ساڵی ١٣٦١ بوو. خۆپیشاندانێکمان لە قووڕەتوو لە نزیک خانەقین‌دا بەڕێوە برد. لە عێراقی سەردەمی سەدام‌دا، خۆپیشاندان یاساغ بوو. هەواڵەکە گەیشتە هێزە ئەمنییەکان کە ئێرانییەکان لە خانەقین‌دا خەریکی شۆڕشن. بۆ ئەوە هاتبوون هەموومان بەدەنە بە دەسڕێژی فیشەک."

لەم نێوانەدا، ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران کە لە باقیی خەڵکەکە وریاتر بوون، وێنەکانی "سەدام حسێن"یان بەدەستەوە گرت: "واقیان وڕمابوو تەقە بکەن یان نا! ئەگەر ئەمانە دژبەری حکوومەتن، بۆ وێنەی سەدامیان بەرز کردۆتەوە؟"

چاوەڕیی بڕیاری بەرپرسانی سەرووتری خۆیان دەکرد. لە کۆتایی‌دا، بڕیارێکی‌تریان دەرکرد: "تا پاییزی هەمان ساڵ (١٣٦١) هەموو کوردەکانی ئێرانیان لە دەوروبەری بەعقووبە و خانەقین و هەموو ناوچەکانی سنووری ئێران، ڕاگواست بۆ ڕۆمادی لە باشووری بەغداد؛ دەیان کامیۆنی سپای عێراق، لە چەند مانگ‌دا، کوردەکانیان ڕاگواست بۆ کەمپی ئاڵتاش."

دوورخستەوە بۆ کەمپێک بەبێ کەم‌ترین خزمەتگوزاری

کەمپی "ئاڵتاش" لە نزیک شاری ڕۆمادی، کەوتۆتە نێو دەشتێکی کاکی‌بەکاکییەوە. "ساڵی ١٣٦١ دەوری ٤٥ تا ٥٠ هەزار کەس لە کوردەکانیان بۆ ئەوێ ڕاگواست. چادرێکیان دەدایە یەک بنەماڵە؛ نە ئاو، نە برق. زۆر کەس تووشی نەخۆشیی هەمەگیر، سک‌چوون و برسێتی بوونەوە و گیان لە دەست دا."

دوو ساڵ بەم جۆرە تێپەڕی تا نزیک ساڵی ١٣٦٣ کە دەوڵەتی عێراق ڕێگەی دایە "خاچی سووری جیهانی" تاکوو سەردانی کەمپەکە بکەن. عەلی مورادی دەڵێت: "بارودۆخی ئێمە لە باری هەبوونی ئاو و کارەباوە کەمێک باش‌تر بوو. سەرەتا لە چادردا بووین. چادریش ئەوپەڕەکەی ساڵێک بەرگە دەگرێت. خۆمان عەرزەکەمان هەڵکەندبوو، بنمێچێکمان بۆ درووست کردبوو، بەڵام نەدەکرا. وردە وردە بۆخۆمان خانووبەرەمان بینا کرد."

کەمینە لە عێراق‌دا، کەمینە لە کەمپی عێراقییەکان‌دا

"لەم ٤٥ تا ٥٠ هەزار کەسەی کە باسم کرد، ڕەنگە ٦ تا ٧ هەزار کەسیان یارسانی بووین. بەڵام زۆربەیان سونی بوون. شیعەی زۆریشمان تێ‌دا نەبوو. سەرەتا لە ڕووی ئایینی زەختێکی زۆرمان لەسەر بوو. فەرقیان دەخستین. لێیان دەداین و تووندوتیژیان بەرامبەر دەنواندین. نەماندەتوانی وڵام بدەینەوە. ئێمەیان بە کافر دەزانی."

عەلی مورادی دەڵێت گوشارەکان ئەو کاتە کەم‌تر بوونەوە کە حیزبە کوردەییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران ڕێگەیان پێدرا سەردانی کەمپی ئاڵتاش لە ڕۆمادی‌دا بکەن: "یەک دوو ساڵی سەرەتا زۆر قورس و گران بوو. دواتر هەر دوو "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)" و "کۆمەڵە" هاتن. کۆمەڵێک کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد و باسی ئەوەیان دەکرد  کە نابێت ناکۆکییە ئایینییەکان ببێتە هۆکاری هەڵاواردن و ئێمە دەبێت یەکگرتوو بین. پاشان "ڕێکخراوی موجاهێدنی خەلق"یش بنکەیەکی بچووکی دامەزراند."

حکوومەتی عێراق بۆ دانیشتوانی کەمپەکە بڕە پارەیەکی کەمی دیاری کردبوو، بەڵام بۆ ئەو جۆرە ژیانە بەس بوو. "لە ساڵی ١٣٦٤ تا ١٠ ساڵ دواتر کە ئەوێم چۆڵ کرد، مامۆستا بووم. زمانی فارسیم دەوتەوە. لە ڕووی داراییەوە دەست تەنگ نەبووین، بەڵام ساڵی ١٣٦٩، کاتێک ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی هێرشی کردەسەر عێراق و جەنگی یەکەمی خەلیج دەستی پێ‌کرد، بارودۆخە قورس‌تر بووەوە. عێراق گەمارۆ درابوو و دۆخەکە لە جاران قورس‌تر بووەوە."

هەندێک کەس توانیان لە ساڵی ١٣٦٩دا کەڵک لە هەلی هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق بەرەو ئێران دەرباز ببن. "دواتر ڕێخراوی IOM (ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کۆچبەران) هاتە ناو کەمپەکەوە و دەستی کرد بە تۆمارکردنی ناوی ئەوانەی کە ئامادە بوون بە دڵخوازی خۆیان بەگەڕێنەوە بۆ ئێران. ئێران هەندێکیانی وەرگرتەوە، بەڵام لە پڕ خۆی لە قبووڵ‌کردنی باقیی دایشتوانی کەمپەکە بوارد. من بەهاری ساڵی ١٣٧٤ بە یارمەتیی ناوەندێکی نێونەتەوەیی، لەگەڵ هاوسەر و چوار منداڵەکم، هاتینە وڵاتی فینلاند."

یارسان، ڕەمزی سەربەمۆر

بە پێچەوانەی باوەڕی زۆرێک لە وانەی کە ئایینی یارسان بە لقێک لە ئیسلام دەزانن، ئەم ئایینە پێوەندییەکی بە ئایینی ئیسلامەوە نییە و کۆمەڵێک چەمکی تایبەت بە خۆی هەیە.

ئەوان بڕوایان بە چوار بنەمای "پاکی، نیستی و ڕەدا" هەیە، شوێنی کتێبی پیرۆزی خۆیان دەکەون و زۆربەی بۆنە ئایینییەکانیان بە ژەندنی تارەوە بەڕێوە دەبرێت.

لە ئایینی یارسان‌دا شتێک نییە ناوی مەرگ و نەمان بێت و بێ‌گومان میعاد و بەهەشت و جەهەنەمیش بوونی نییە. لە بەرامبەردا ئەوان بڕوایان بە "دۆنادۆن" هەیە؛ واتە کەسەکە پاش مردن، کەوڵاوکەوڵ دەبێت و لە بەرگێکەوە بۆ بەرگێکی دیکە دەگۆڕدرێت.

زۆربەی ئایینە کەونینەکانی فولاتی ئێران، لە سەردەمی داڕمانی ساسانییەکانەوە کەوتنە بەر هەڕەشەی فەرامۆشی و لەناوچوونەوە. لە شوێنکەوتوانی مانی و مەزدەکەوە تا باقیی ئایینە لۆکاڵییەکان سەرکوت کران. بەڵام یەکێک لە ڕەمزەکان مانەوەی یارسان شتێک بووە کە پێی دەگوترا "ڕەمزی سەربەمۆر". ئەوان بۆ ساڵانێکی دوور و درێژ هەوڵیان‌دا تا دەکرێت بیروباوەڕەکەیان ئاشكرا نەکەن.

ئەوڕۆکەیش، لە سەدەی بیست‌ویەکەمی زاینی‌دا، بە بەردەوامی ئەم ئاشکراکردنە بۆ یارسان لە ئێران‌دا زیانبار و پڕتێچووە. ئەوان ناچارن لە فۆرمە ئیداری، زانکۆ و ناوەندە دەوڵەتییەکان‌دا بژاردەی موسڵمان هەڵببژێرن.

عەلی مورادی دەڵێت: "ئێمە لە ئێران‌دا دوو شوناسمان هەیە. شوناسی سەرەکیمان و ئەو شتەی ناچارین لە ژێر ستمەی ئایینی فەرمی‌دا پیشانی بدەین؛ واتە خۆمان بە موسڵمان بناسێنین."

عەلی مورادی خاوەن پاشخانی ئەندامەتییە لە شوورای پەروەردە و بارهێنانی شاری یووسکۆلە و ئێستا ئەندامی شوورای دادگای لۆکاڵیی ئەم شارەیە، بەڵام ئەگەر یارسانێک لە ئێران‌دا ئایینەکەی بڵێت، تەنانەت ناتوانێت بچێنە زانکۆ. ئەو و باقیی هاوبیرەکانی کە دەتوانن لە ئەورووپادا بە ئازادانە بژین و بۆنە ئایینییەکانیان بەڕێوە بەرن، ئاواتی ئەوەیان هەیە بتوانن ڕۆژێک لە کرماشان و ئەو "داڵاهوو"ە جوان و خەمڵاوەدا، وەک ئێستا ئازاد بن.

 

سەرچاوە: ئێران‌وایەری کوردی