ما 2981 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شەڕ، سڕێنەری سوبژە و ئۆبژە

راسیونالیست یاخود ئەقڵگەراکان، ئەقڵیان بە تەنیا سەرچاوەی تەواو باوەڕپێکراوی زانست دەزانی. ئەوان کە بە پێچەوانەی ئیمپریستەکان واتە ئەزموونگەراکان بیریان دەکردەوە، پێیان وابوو "هەست" ەکانی مرۆڤ جێگای باوەڕ نین و خەڵەتێنەرن. "رنە دکارت" وەک باوکی ئەم تیۆرە دەگاتە ئەو جێگایەی کە دەڵێ "من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم." واتە بیرکردنەوەی من تەنیا شتە کە هەبوونی من دەتوانێ بە تەواوی بسەلمێنێ.

 

 

هەندێ رەخنەگر پێیان وایە کە درێژەی ئەم تیۆرە دەگاتە دەستەواژەیەکی فەلسەفی تر بە ناوی "سولیپسیسم"  solipsismeکە بە مانای "تەنیا من" دێت. واتە ئەوانی تر، یاخود شتەکانی تر تەنیا دەتوانێ لە شعوری مندا هەبن و بەس.

سولیپسیسمە، وەک تیۆرێک دەتوانێ حاڵەتی دەروونی شەڕ زۆر بە جوانی شی بکاتەوە. لە شەڕدا کەسی شەڕکەر لە راستیدا لە روانگەی "تەنیا من" ەوە دەجوڵێ. لە جیهانبینی ئەودا کەسی بەرانبەر تەنیا لە شعوری ئەمدا هەیە و بۆیە نە دەتوانێ لە راستیدا ئۆبژە بێت نە سوبژە. ئەو تەنیا بوونێکی زەینییە و بەس، هەر بۆیە بۆ شەڕکەر سڕینەوەی کەسی بەرامبەر زۆر ئاسان دەبێتەوە.

کاتێک کەسی بەرامبەر ئوبژە نەبێت، واتە لە دەرەوەی کەسی شەڕکەر نەبێ، یان کاتێک کەسی بەرامبەر سوبژە نیە، واتە ناتوانێ خاوەن پێگەیەک بێت کە لێیەوە خاوەن بیر بێت و لە گەڵ دونیا لە روانگەی خۆیەوە پەیوەندی بگرێت، ئیتر سڕینەوەی بوونەوەرێکی وا زۆر ئاسان دەبێتەوە.

لای کەسی شەڕکەر، بەرانبەر تەنیا ئایدیایە و بەس. سڕینەوەی ئایدیایش بە تفەنگ یان بۆمب و خەنجەر ئەگەرچی دەبێتە هۆی خوێن و لەت و پەت بوونی جەستەی، بەڵام خوێن و جەستەی لەت و پەتیش هەر وەک ئایدیا دەمێنێتەوە و کەواتە ترسناک نین.

بۆ کەسی شەڕکەر تەنیا ئایدیاکان گرینگن. ئەو لە ئایدیاوە دەست پێدەکا، لە ئایدیاوە گوزەر دەکا و تەنیا دەیەوێ بە ئایدیا بگاتەوە. بۆ ئەو مرۆڤەکان لە دەرەجە و رەگەزی دووهەمن. ئەو، باوەڕدارترین کەس بە فەلسەفە و تیۆری سولیپسیسمەیە. ئاقڵترین بکوژی سەر رووی زەوی.

سایتی قەڵەم

 

١٠ فێبرواری ٢٠١٥   

گەڕان بۆ بابەت