ما 3225 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لوقمان رەزەوی

ئێمەی کورد، بە سەرخۆماندا زۆر هەڵئەدەین و وشەی کورد و کوردستان لە گۆرانی و ئەدەبیاتماندا ئێجگار زۆر و زیاییە کە لە ڕوانگەی منەوە جگە لە خۆسووککردن هیچ ئاکامێکی تری نییە. ئێمەی کورد ئەبێت لە جیهان و مێژوودا، زۆر زۆرتر لەم جۆرە بابەتە لاواز و بێبایەخانە خۆمان بە بەرزتر و گەورەتر بزانین.

 

چۆن رێز لە جل و بەرگی کوردی بگرین

لوقمان رەزەوی

تووڕەیی، هاوار هاوار و قسەی سووک نیشانەی لاوازیی مرۆڤە. ماوەیەکە لە فەیسبووک و ئینستاگرام پۆستێکی زۆر سەبارەت بە بیڕێزی کابرایەکی پێشکەشکاری تەلەڤیزیۆنی کەناڵی دووی ئێران ئاراستەی برایەکی بەڕێز به ناوی دوکتور فەریبورز کە بە جلوبەرگی کوردی له بەرنامە تەلەڤیزیۆنیەکەدا حوزوری بووە، کراوە. "ئەم جلوبەرگە شوانیە چییه له بەرتا..." بە سەر پۆستەکانتا زۆر وردبوومەوە و کە بۆچوونی گشتیی من ئەمەیە:

ـ یەکەم، گرتە ڤیدیۆکە چەند چرکەیەک زیاتر نییە کە ئێمە ئەوندە هەستیارانە و نالۆژیک، شتەکە گەورە بکەینەوە و دەسبکەین بە هاوارهاوار و جنێودان. تووڕەیی و هاوارهاوار نیشانەی لاوازی مرۆڤە بۆ هەر بابەتێک. مرۆڤ ئەبێت خۆی زۆر لەوە بە گەورەتر بزانێت، جا بە تایبەت چ تاکی کورد و یان خود کۆمەڵگەی کوردی.

ـ دووهەم، شوان یان پێشەی شوانی له ڕوانگەی فەلسەفی و مرۆییەوە، ئایا ئەوەندە سووک و بێبایەخە کە ئێمە بەو جۆرە ناشیرینە هەڵوێست نیشان بدەین؟

ـ سێهەم، دوکتور فەریبورز وڵامی خۆی داوەتەوە، وڵامەکەیش زور لۆژیکانە و جێی خۆی بووە، ئیتر چ پێویست ئەکا، یان چ چاوەڕوانیەک بکەین کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا دوکتور فەریبورز بۆ وێنە تووڕە بێت و یان بەرنامەکە جێبێڵێت؟! خەڵکانێک خۆیان له ئورووپا و وڵاتانی تر پاڵیان لێداوتەوە و جێگایان خۆش و گەرم و ئەمنە، لە ئاکامدا خەت و نیشان بۆ ئەم برایە ئەکێشن کە ئەبووا بەو جۆرە و بەم جۆرە جووابی کابرای بدایەتەوە. ئەم خەڵکە وائەزانێ بەم کارە نالۆژیکانە کە هیچ پێویستیشی نەئەکرد، کوردایەتی و خەباتکاری خۆی ئەسەلمێنێت.

ـ چوارەم، من له پۆستێکی تردا دیم کە له بەرنامەیەکی کەناڵی سێی ئێران بوو (هەڵبەت ئەمەیش بڵێم، من نازانم ئەم بەرنامەیە پێوەندی بە چ ڕێکەوتێک بووە؟ هاوڕێیان پێمبڵێن) و هەر ئەم دوکتور فەریبورزە میوانی بەرنامەکە بوو، کابرای پێشکەشکار زۆر بەڕێز و بە جووانی دوکتور فەریبورز و جلوبەرگ و کولتوورەکەی ناساند. دەی کەواتە ئەبێت بۆ پێشکەشکاری بەرنامەی کەناڵی سێی ئێران، پۆستی جوان و سپاس و پێزانینی بۆ دانرێت؟!

ـ پێنجەم، کابرای پێشکەشکاری کەناڵی دووی ئێران، ئەو جۆرەی کە له پۆستێکدا دیم، کوردی کرمانجە، پێموانەبێت بە غەرەز و ڕق و مەبەستێکی تایبەت ئەوەی وتبێت. گریمان کورد بێت یان نا، گرنگ نییە. لەو کاتەدا ئەو ڕستەی بەدەما هاتووە کە زۆر جار بۆمان پێشدێ، بەڵام لە ڕووی ڕق و کینەوە نەبووە.

ـ شەشەم، ئێمەی کورد، بە سەرخۆماندا زۆر هەڵئەدەین و وشەی کورد و کوردستان، لە گۆرانی و ئەدەبیاتماندا ئێجگار زۆر و زیاییە کە لە ڕوانگەی منەوە جگە لە خۆسووککردن هیچ ئاکامێکی تری نییە. ئێمەی کورد ئەبێت لە جیهان و مێژوودا، زۆر زۆرتر لەم جۆرە بابەتە لاواز و بێبایەخانە خۆمان بە بەرزتر و گەورەتر بزانین.

ـ حەوتەم، بە جلوبەرگی کوردی خۆنیشاندان و یان بە جلوبەرگی کوردی ڕۆیشتن بۆ شارە فارس و تورکەکان، یەک زەڕە لە کوردایەتی تۆ ناسەلمێنێت، جگە لەوەی کە خۆت ئەکەیت بە تابلۆ هیچی ترت بۆ ناسەلمێت. زۆربەی ئەم کەسانە، کە بە جلوبەرگی کوردی ئەچن بۆ شاره فارس و تورکەکان، ئەگەر بێنە مەیدانی زانیاری و کردەوە سەبارەت بە مێژوو و کولتووری کوردی، بایی فلسێکیان پێ نییە و له خۆیشەوە بە هەستیاری و تووڕەیی، هەڵوێست نیشان ئەیەن. (لێرەدا مەبەستم لە دوکتور فەریبورز نییە).

ـ هەشتەم، جلوبەرگی کوردی و هەر پۆشاکێکی کوردی لە جیهاندا تایبەت و جوانە و من هەمیشە ئەڵێم یان نابێت جلوبەرگی کوردی له بەر بکەیت، یان ئەگەر لەبەری ئەکەیت، ئەبێت بە تەواوتی بێت. تۆ جاری وا هەیە کراس و پانتوڵی کوردی له بەر ئەکەیت دەی خۆ کراسەکە کوردی نییە! لە ئاکامدا ئەگەر شەرواڵ و کراسەکەت لە بەر بێت باشترە. کە واتە هەر کات ویستت کوردیپۆش بیت، ئەبێت بە تەواوەتی و بێکەم و کووڕی بێت. هەڵبەت ئەمە بۆ جلوبەرگی کوردی پیاوانەیە. بۆ ئافرەتان ئیتر ئەوە هەزار سەلیقە و گۆڕانکاری هەیە. جا خەڵکانێک هەیه کە کەسێک شەڕواڵی لە پێدایە هەر ئەو هەڵوێستە نالۆژیکە لە خۆیان نیشان ئەیەن؛ واتە کابرا بووە بە فارس یان بە قەولی خۆیان بووە بە عەجەم. ئەرێ کاکە، بۆ تۆ ئێستایش نازانیت کە چاکەت و شەرواڵ پێوەندی بە نەتەوە و مێژویەک نییە، چاکەت و شەرواڵ جلوبەرگێکی نێونەتەوەییە. تازە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کولتوور و شارستانیەتی مرۆڤایەتی، جلوبەرگی ئەو سەردەمانە حاڵەتێکی شەرواڵی و و جۆرێک چاکەتی بووە، کە بە گۆڕانکاری مێژوو و جوغرافیا و جۆری کەش و هەوا گۆڕانکاری بەسەر هاتووە و لە ناوچەکانی ئێمەی کورد گۆڕاوە بە جلوبەرگ و پۆشاکێکی جوان و تایبەت.

گەڕان بۆ بابەت