سەلیم حەقیقی
ئه‌گه‌رچی ڕه‌خنه‌گران زمانی نالی به ناڕێک و تێکهلاوێک له زمانه‌کانی کوردی، فارسی و عەره‌بی ده‌زانن به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێ که نالی زیاتر له ١٥٠ساڵ پێشتر ئه‌م هۆنراوانه‌ی نووسیون! ئه‌و کات زمانی کوردی له‌وپه‌ڕی بێکه‌سی و غه‌واره‌یی دابووه.
سه‌فه‌رێک بۆ هۆنراوه‌کانی نالی
سەلیم حەقیقی
ده‌بێ بناخه‌ی پێکهاتنی وێژه نووسراوه‌ی کوردی سۆرانی به هه‌وڵی میرنشینی بابان له سلێمانی بزانین. ئه‌م ڕه‌وته دوای هاتنه سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی عه‌بدوڵره‌حمان پاشای بابان (1816ز) ده‌ستی پێ‌کرد. دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م ڕێبازه له جوگرافیای میرنشینی بابان "مه‌لا خدر کوڕی ئه‌حمه‌دی شاوه‌یسی میکایلی ناسراو به "نالی"یه. وێژه‌ی کلاسیکی سۆرانی، به‌شێکی به‌رچاو بریتییه له هۆنراوه‌کانی نالی، سالم، کوردی و پێره‌وانی ئه‌وان که مه‌حویش یه‌کێک له‌و که‌ڵه شاعیرانه‌یه. له‌و ڕێبازه‌دا وه‌ک ڕێبازی ئه‌حمه‌دی کۆر کێشی عه‌رووزی له ڕووخساره جۆراوجۆره‌کاندا دههۆنڕێتهوه و کایه‌ی زمانی پێده‌کرێت. به‌ڵام جیا له سه‌نعه‌ته ئه‌ده‌بیه‌کان ئه‌وه‌ی که شایه‌نی ئاماژه‌یه ئه‌وه‌یه که له سه‌رده‌مانێک دا که شاعیران و نووسه‌ران زۆرتر به زمانی عەره‌بی و فارسی ده‌یان نووسی، ماموستا نالی به هۆنینه‌وه‌ی شێعری عیرفانی و چامه به زمانی سۆرانی، بره‌وی به‌م زمانه و ئه‌م ڕێبازه داوه. نووسین و خوێندنه‌وه به زمانی زگماکی ئه‌ویش له‌م ئاسته‌دا که نالی تاقی کردووته‌وه، هه‌ر به ته‌نیا ئه‌زمونێکی نووسین و خوێندنه‌وه نه‌بووه، به‌ڵکوو ئه‌زموونێکی وجودی و ئهگزیستانسییهل بووه. کوردی نووسین و کوردی خوێندنه‌وه بۆ خوێنده‌واری کورد ڕێگایه‌کی نوێ بۆ ڕوانین له جیهانی ده‌ورووپشت و تاقی کردنه‌وه‌ی گۆشه‌نیگایه‌ک بووه که پێشتر یا ده‌رفه‌تی نه‌بووه یا زۆر که‌متر ئه‌و شانسه‌ی هه‌بووه تاقی بکرێته‌وه. گۆڕینی زمانی نووسین و خوێندنه‌وه تێکه‌ڵ بووه ده‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه ئه‌زموونێکی قووڵی ئهگزیستانسییهلی وه‌ک گۆڕینی گۆشه نیگا، گۆڕینی جیهان ژین و گۆڕینی هه‌ست و سۆز ده‌رحه‌ق به دیارده‌کانی جیهانی ده‌ورووبه‌ر و گۆڕینی جیهان بینی.
ئه‌گه‌رچی ڕه‌خنه‌گران زمانی نالی به ناڕێک و تێکهلاوێک له زمانه‌کانی کوردی، فارسی و عەره‌بی ده‌زانن به‌ڵام ئه‌وه‌مان له‌بیرنه‌چێ که نالی زیاتر له 150ساڵ پێشتر ئه‌م هۆنراوانه‌ی نووسیون! ئه‌و کات زمانی کوردی له‌وپه‌ڕی بێکه‌سی و غه‌واره‌یی دابووه، جا نه‌ک هه‌ر زمانی کوردی به‌ڵکوو زمانی فارسی هه‌ر ڕێک عەرهبیهکی سواو بووه، به‌ڵام ماموستا نالی شاره‌زووری زۆر وه‌ستایانه و شاره‌زایانه توانیوه‌تی له ماته‌وزه‌ی وشه‌کان که له‌به‌ر ده‌ستی دابووه شاکاری سه‌رده‌می خۆی بخوڵقێنی و به له‌ده‌وری یه‌ک کۆکردنه‌وه‌ی وشه‌کان ڕسته‌ی مه‌وزوون پێک بێنیت و ئێستاش ئێمه فه‌خری پێوه بکه‌ین!
کۆڵێک هەستی پڕ له خه‌می ناسک! باوەشێک ڕستە و گڕی دەروون و پێڕێک بێی زەرد لە جۆری وشەی مزر و دڵی ته‌ڕ! له هەناوی هەر هەموو شێعرهکانیدا، ڕاستی و خەیاڵ، تەوژمی هیوا، هەست و خولیای ئه‌وین و خۆشه‌ویستی و ڕه‌گی ڕەسەنایەتی بۆتە سێبەری قەڵەم و ڕمب و زی بۆ شەوەزەنگی ئه‌نگوسته چاو. نالی پۆڵ پۆڵ گوڵی زەرد و سوور له ناو مێرگی که‌سکی زناویدا پێشکەشی بیر و هزری تینووی خوێنەر دەکا.
شاعیر ده‌خوازێ بە جوانترین وشە و ڕستەی مومکین قسەی دڵ و بیروباوەری خۆی بکاتە پۆڕێک تیسووی گوڵاوی کە بە لێ نزیک بووونەوەی دڕک و داڵی تیژی، خوێن لە جەستە و ئەنگوستەکانی جه‌رگی ڕەشانگ بێنێ. مه‌خابن سه‌رجه‌م ئه‌و حه‌سره‌ت و خه‌م و بۆسۆی ده‌روونانه ئەو ئێش و ئازارانە ئێستاش بەرۆکی ئه‌ویندارانی گرتووه و پێت وایە ئەمرۆیە و بۆ دڵداری ئێستا نووسراوە.
خامه‌ی نالی، شنەی وشە و بۆنی خەیاڵ و شەمامە و ڕێحانەی حه‌بیبی سلێمانێی دێنێ، دلێ پر لە هەست و گرکانی هزری لە شاره‌زووری نێو نیگادا ژان دەگرێ و هەڵدەکوتێتە سەر "جیلوه‌ده‌ری حوسن و جلهوکێشی ته‌ماشا"، ئەوە کۆتری ناسکی خەونە شەقەی باڵی دەگاتە تەشقی ئاسمان و باڵ دەگرێ سنوور دەستکردەکان دەبڕێ و ناوه‌ستێ، ئاخۆ بڵێی پێنووس بتوانێ نازی "خه‌ونی مه‌ستووره" بکێشێ؟!
مه‌ستووره که حه‌سناو و ئه‌دیبه به حیسابێ
هاته خه‌وم ئه‌مشه‌و به چ نازێک و عینابێ...
ئه‌م ئه‌وین خۆشه‌ویستییه هه‌ر بۆ ژن نه‌بووه و ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وده‌می کورد (بابان) ڕووگه‌ی دڵی بووه هه‌ر بۆیه ده‌فه‌رموێ:
هودهودی دڵ حه‌بسی به‌لقیسی سه‌بای دیوه یه‌قین
خۆی که دامێن گیری شاهی ئاسه‌فی سانی ده‌کات...
شاهی ئاسه‌فی یه‌که‌م حه‌زره‌تی سوله‌یمان بووه که وه‌زیره‌که‌ی ئاسه‌فی کوڕی به‌رخیا بووه و مه‌به‌ستی له شاهی ئاسه‌فی دووهه‌میش، سلێمان پاشای بابانه
ئه‌م تاقمه مومتازه که‌وا خاسه‌یی شاهن
ئاشووبی دڵی مه‌مله‌که‌ت و قه‌لبی سوپاهن.
کاتێک له شام بووه، میرنشینی بابان ده‌ڕووخێت و ده‌نگ و باسی ڕووخانه‌که‌ی پێده‌گات، شاعیریش کۆشکی هیوا و ئاواته‌کانی تێک داده‌ڕمێ، ئه‌و ده‌زانی ئیتر خۆشی سلێمانی نه‌ما، حه‌بیب و دۆست و ئه‌حبابه‌کانی جارانی نه‌ما لەو دەمە دا دەبێتە گڕ و ئاگر هه‌ر بۆیه سالمی هاوڕێ بۆی ده‌نووسێ:
توخوا بڵێن به‌و حه‌زره‌تی نالی ده‌خیلی بم
به‌و نه‌وعه نه‌کا به سوله‌یمانییا گوزه‌ر.
نالی له وێنا کردن به ڕێگای وێکچوون هه‌روه‌ها له که‌ڵک وه‌رگرتن له مانا و "جیناس" له هۆنراوه‌کانیدا له ناو شاعیرانی کورد بێ هاوتایه. شێعره‌کانی نالی پڕن له وه‌سف، خوازه، وێکچواندن و وه‌ک کانیاوی شه‌تاو ته‌ڕ و هه‌ست و مچوورکی خۆشی دێنێت، ماموستا زۆر شاره‌زایانه مه‌رکه‌بی به‌سه‌ر په‌ری سپی دا هه‌ڵڕشتووه و شاکاری خوڵقاندوو. له‌لایه‌کی تره‌وه ئۆگری نالی به حافزی شیرزای ئه‌وه‌نده زۆر بووه که ته‌نانه‌ت به حافزی کوردان ده‌ناسرێ و ده‌گوترێ نازناوی نالی له‌م به‌یته‌ی حافز وه‌رگیراوه که ده‌ڵێ:
"کوه اندوه فراقی به چه حالت بکشد
حافظ خسته از ناله تنش چون "نالی" است"
له به‌شێک له شێعره‌کانی دا به ڕوونی هاوته‌ریب بوونی هۆنراوه‌کانی نالی و حافز ده‌بینرێن وه‌ک:
حافز ده‌ڵێ:
بی مهر رخت روز مرا نور نماندست
وز عمر مرا جز شب دیجور نماندست
هنگام وداع تو ز بس گریه که کردم
دور از رخ تو چشم مرا نور نماندست
می‌رفت خیال تو ز چشم من و می‌گفت
هیهات از این گوشه که معمور نماندست
وصل تو اجل را ز سرم دور همیداشت
از دولت هجر تو کنون دور نماندست
نزدیک شد آن دم که رقیب تو بگوید
دور از رخت این خسته رنجور نماندست
صبر است مرا چاره هجران تو لیکن
چون صبر توان کرد که مقدور نماندست
در هجر تو گر چشم مرا آب روان است
گو خون جگر ریز که معذور نماندست
حافظ ز غم از گریه نپرداخت به خنده
ماتم زده را داعیه سور نماندست
و ماموستا نالیش ئاوا ده‌یقۆزیته‌وه:
شه‌وی یه‌ڵدایه، یا ده‌یجووره ئه‌مشه‌و؟
که دیده‌م دوور له تۆ بێ نووره ئه‌مشه‌و؟!
دڵم وه‌ک حاکمی مه‌عزوله قوربان
خه‌ڵاتی وه‌سڵی تۆی مه‌نزووره ئه‌مشه‌و
دڵیش مایل به دیده‌ی تۆیه، بۆیه
له من وه‌حشی و ڕه‌میده و دووره ئه‌مشه‌و
که تۆی شای که‌ج کولاهی دیده مه‌ستان
چ باکم قه‌یسه‌ر و فه‌غفووره ئه‌مشه‌و؟!
له خه‌و هه‌ڵسا یا ئاڵۆزه چاوت؟
هه‌میشه وایه، یا مه‌خمووره ئه‌مشه‌و؟
سرووشکم نه‌قشی چاوی تۆ ده‌کێشێ
جێگه‌م سه‌ر داره‌که‌ی مه‌نسووره ئه‌مشه‌و
موسلمانان ده‌پرسن حاڵی "نالی"
له کونجی بێ که‌سی مه‌هجووره ئه‌مشه‌و.
به گشتی پێکهاته‌ی هۆنراوه‌کانی ماموستا نالی تێکه‌ڵاوێک بووه له هۆنراوه‌گه‌لی:
1.ئه‌ویندارانه(دڵداری) وه‌ک:
گوڵبنی قه‌ددت له قوبه‌ی سینه غونچه‌ی کردووه
غونچه به‌م شیرینییه قه‌ت نه‌یشه‌که‌ر نه‌یکردووه
نه‌خلی باڵات نهوبهره، تازه شکۆفه‌ی کردووه
تۆ که بۆنی شیرت له ده‌م دێت، ئه‌م مه‌مه‌ت که‌ی کردووه!؟
قامه‌تت نه‌خله، به شیری، فائیقه‌ی په‌ی کردووه
نه‌حلی بێ نێشی مه‌مه‌ت شه‌هدی سپی قه‌ی کردووه
نه‌خل و ڕوومان پێکه‌وه، یا باغه‌بان وه‌ی کردووه
سه‌ری هێناوه له سێف و به‌ی موتور به‌ی کردووه!
بۆ مه‌مک "نالی" چ منداڵه وه‌ی وه‌ی کردووه
گه‌رچی مووی وه‌ک شیره، به‌و شیره شکۆفه‌ی کردووه
خۆش به هه‌ردوو ده‌ست و ده‌م گرتوویه ئۆخه‌ی کردووه
کیزب و توهمه‌ت، ئیفترا و بوهتان که تۆبه‌ی کردووه.
یا له هۆنراوه‌یه‌کی ترا ده‌فه‌رموێ:
عاشقی بێ دڵ ده‌ناڵێ، مه‌یلی گریانی هه‌یه
بێشکه، هه‌وره تریشقه، تاوێ بارانی هه‌یه
چاوی من ده‌م ده‌م ده‌ڕێژێ، ئاوی ساف و خوێنی گه‌ش
دا بڵێن ده‌ریای عومانه، دوڕ و مه‌رجانی هه‌یه
په‌رچه‌می ڕوو داده‌پۆشێ، پێچی زولفی پێچه‌یه
دا به ڕۆژیش پێی بڵێن، شه‌معی شهبوستانی هه‌یه
ئاسمانی حوسنی مهحبووبم له ئهبڕۆ و زولف و ڕوو
دوو هیلال و دوو شه‌و و دوو ماهی تابانی هه‌یه...
2.وه‌سف(بۆ به‌هار و دیمه‌ن و سرووشت و...).
گه‌رمی و ته‌ڕی به‌هاره که پشکۆ کوژایه‌وه
پشکۆی گوڵاته‌شین به نه‌سیم بوو گه‌شایه‌وه
لاله که مه‌جمه‌رێکه به با خۆش و گه‌ش ده‌بێ
ناوی که پڕ خه‌ڵووزه، به شه‌بنه‌م گه‌شایه‌وه
گوڵزاری ئه‌وا، که هه‌رچی ده‌مێکی بۆ پێکه‌نی
غونچه‌ی گه‌شه، که یه‌عنی گرێی دڵ کرایه‌وه...
ئه‌مه به‌یته‌شی به‌ناوبانگه:
ته‌شریفی نه‌وبه‌هاره که عاله‌م ده‌کا نوێ
دڵ، چوونکه میسلی غونچه‌یه، بۆیه ده‌پشکوێ...
3.نزا و پاڕانه‌وه له خوا.
ئه‌ی جیلوه ده‌ری حوسن و جڵوکێشی ته‌ماشا!
سه‌ر ڕشته‌یی دین بێ مه‌ده‌دی تۆ نییه، حاشا
فه‌ییازی ڕیازی، گوڵ و میهر و، مول و له‌علی
ئه‌ی شه‌وقی ڕووح و زه‌وقی له‌بت زائیقه به‌خشا!
زه‌ڕاتی عوکوسی کهششی میهری جه‌لالن
وا دێن و ده‌چن سه‌رزه‌ده سوڵتان و شه‌هه‌نشا...
4.یادی نیشتمان.
قوربانی تۆزی ڕێگاتم، ئه‌ی بادی خۆش مروور!
ئه‌ی په‌یکی شاره‌زا به هه‌موو شاری – شاره‌زوور!
یا زۆر به خه‌مه‌وه ده‌فه‌رموێ:
عومرێکه به میزانی ئه‌ده‌ب توحفه فرۆشم
زۆرم وت و که‌س تێنه‌گه‌یی، ئێسته خه‌مۆشم
له‌و گه‌رده‌ن و عیقده که پڕه گه‌رده‌ن و گۆشت
به‌و پێیه که‌نارم که پڕه دامه‌ن و کۆشم
وه‌ک تووڕه‌یی پێچیده‌یی تۆ ساغ و شکهستهم
وه‌ک نه‌رگسی نادیده‌یی تۆ خۆش و نه‌خۆشم
سه‌رخۆشی شه‌رابت ده‌می تۆ بووم و، ئه‌مێستاش
قوربان، سه‌ری تۆ خۆش، که نه‌ماوه سه‌ری خۆشم...
5.لاواندنه‌وه و پێداهه‌ڵگوتنی پاش مردن.
سهیلی هیجرت، به‌ردی بنچینه‌ی له ڕه‌گ هێنامه ده‌ر
باری فیکرت، قه‌ددی ڕاستی تێک شکاندم وه‌ک فه‌نه‌ر
شیری ئه‌برۆت، تیری غه‌مزه‌ت، وا له جه‌رگم کارییه
دێت له تۆفانی دوو چاوم، له‌ت له‌تی خوێنی جگه‌ر
چاو و دڵ شه‌ڕیانه، نازانم خه‌تای کامیانه! خۆ-
تا بهداری که‌م، ده‌ری که‌م، بیخه‌مه شین و چه‌مه‌ر
نووری چاوم! چاوه‌که‌م بێ نووره بێ تۆ، زهڕهیی-
خاکی ده‌رگاکه‌ت ببێژم، بیکه‌مه کوحلی به‌سه‌ر...
6.مه‌دح و به شان و باڵ هه‌ڵگووتن(مه‌دحی سپای بابان).
... سه‌ف سه‌ف که ده‌وه‌ستن به نه‌زه‌ر خه‌تی شوعاعن
حه‌ڵقه که ده‌به‌ستن وه‌کوو خه‌رمانه‌یی ماهن
نه‌رگس نیگهه و ساق و سه‌مه‌ن، کورته به‌نه‌فشه‌ن
موو سونبوول و، ڕوومه‌ت گوڵ و، هه‌م لاله کولاهن...