لەتیف حامد

وێڕای بێ توانایی نووسەرەکەی ئەو پرسیارەم لا دروست بوو کە ئایا بە چ ڕوویەکەوە ناوی شیعری لێنراوە؟ هەر لە ناونیشانەکەوە بۆمان دەردەکەوێت کە (هیوایەت) وشەیەکی کوردی نییەو هەروەها هیچ پەیوەندی بە شیعرەوە نییە.

تکایە ئەم تەوقە لە گەردنی شیعر دابماڵن

لەتیف حامد  

نازانم پەتای گەندەڵیی سیاسەتمەدارە شکستخواردووەکانە بەر لایەنەکانی تری ژیان کەوتووەو تام و رەسەنایەتی لە هیچ شتیكدا نەهێشتووە؟ یاخود کاڵبوونەوەی رەنگی ژیانە وا لەسەر ئادەمیزادەکان نیشتووە (ئەمەش بێگومان هەر بە هۆی کردارو قەناعە چەوتەکانی خودی مرۆڤ خۆیەوە)، وەکو خواردنی ئێکسپایەورو ژەهراویی و دەرخواردی ئێمەی بێهەڵوێست دەدرێت وەکو کاڵایەکی ڕزیوو تەقەلوبی دەکرێتە بەرمان، ئێمەش هەر دومەڵ و پەتاو قینچکەی پێ دەگرین، میللەتێك کە گەندەڵی بگاتە جومکە کولتووریی و فەرهەنگیەکانیان ئەوا سەردەمی فاتیحا دادان دێتە پێشەوە... لە راستیدا بێ چاودێری بازاڕ سەراپا کاڵا ماوە بەسەرچووەکان بەسەرماندا ساغ دەکرێنەوە و دەبێت پارەشی پێبدەین؟ ئایا لە ناو چ میللەتێکی جیهاندا بە ناوی چارەسەرەوە پەنجا مرۆڤ کوێر دەکرێن و کەس ورتەی لێوە نایەت؟ سەد حەیف بۆ ئەدەبی کوردی کە بەدەست کاڵوکرچی بەرهەمی ئەدەبییەوە بناڵێنێت و خاوەنەکانیشیان خۆیان لێ ببێتە سوارەی بەر لەشکرو بگرە بانگەوازی دەستەبژێری و خاوەندارێتی پرۆژەی کولتوریش بکەن! ئەوە دەبێت چ نەهامەتی و مەهزەلەیەك بێت؟ لە هەمانکاتیشدا عەقڵییەتی نکۆڵییکاریی و کەلـلەڕەقیی ڕێگر دەبێت لەوەی دان بە راستیدا بنرێت و هەر هیچ نەبێت شکۆیەك بۆ پێنووس و وشە دابنرێت و ئەو حازر بەدەستانە بابچن مەیدانەکانی تری ژیان تاقیبکەنەوە تا جێ دەست و بەرهەمی خۆیان ببیننەوە، بە جۆرێك هەم خەڵك لێیان سوودمەندبێت و هەم دانی قەبوڵ و ئەرێنی بە کارەکانیاندا بنرێت، کەچی بە پێچەوانەوە زۆرجار پێداگیریی دەکرێت لە سووک کردنی بەهای ئەدەب و هونەرو زۆرجاریش ئەو جۆرە لە قەڵەمبەدەستان زەوقی خوێنەران و ئەدەب دۆستان دەشکێنن و بگرە دەیانتۆرێنن تەنانەت لە خوێندنەوەش، یەکەم هەنگاوی ئەم دەستپێکردنی سوکایەتیەش لە شیعرەوە دەست پێدەکات، بۆیە هەندێكجار نەیارانی شیعر بە تەوسەوە دەڵێن: کورد هەمووی شاعیرە، بۆچ نا؟ خۆ هەرچی هەڵدەستێت خۆی بەشاعیر دەزانێت بە نووسینی دوو سێ پارچە نووسراوی فەلەج  کە هەموو شتێکە جگە لە شیعر، ئەوانەش کە هیچ شارەزاییان لە شیعردا نییە سەری بۆ دەلەقێنن، بەڵام ئەمە کاریگەریی نەرێنی یەکەمجار لەسەر نووسەرەکەی دەبێت پێش ئەوەی شیعری پێ سووك ببێت و ئیفلاسیی فەرهەنگیی خاوەنەکەی دەردەخات.

 لەم دواییەدا نووسینێکم بەناو شیعرەوە خوێندەوە بە ناونیشانی (هیوایەت) و لە ئاکامدا بەزەییم بە خۆمدا هاتەوە کە من کاتم بە چیەوە دەکوژم؟ بە راستی تەریقبوومەوە کە  لە خوێندنەوەی تەواو بووم، ئواتم دەخواست کارەبا ببڕایەو نەمبینیایە... وێڕای بێ توانایی نووسەرەکەی ئەو پرسیارەم لا دروست بوو کە ئایا بە چ ڕوویەکەوە ناوی شیعری لێنراوە؟ هەر لە ناونیشانەکەوە بۆمان دەردەکەوێت کە (هیوایەت) وشەیەکی کوردی نییەو هەروەها هیچ پەیوەندی بە شیعرەوە نییە، بە زمانی کوردی (ئارەزوو)ه، ئیتر ئەو کۆلکە شاعیرە خۆی هێندە ماندوونەکردووە بە دوای وشەیەکی شیعرییدا بگەڕێت بۆ ناونیشانەکە کە دەرگای چوونە ناو شیعرەکەیە، دواتر لە خۆم پرسی منی خوێنەر چم داوە بەسەر ئارەزووی تاکەکەسی خەڵکانی تر؟ ئەگەر خاوەنەکەی ئەوە بە ڕیکلام  دادەنێت بۆ خۆی  ئەوا لای من ئەوە ژیانی تایبەتی خۆیەتی و هیچ هونەرو ئەدەبی تێدا نابینمەوە، راستە شێوەکەی وەکو شیعر داڕێژراوە، بەڵام ئەگەر رستەکان بدرێنە دەم یەك هەر تەواوەو دەبێتە وتارێکی شەخسی لاوازو ناگرنگ، دواتر  دەبێ چ فێر ببین لە نووسینێکی ئاوها کە چەندان جار باسی بیرەی تێدا هاتووە وەکو ئەوەی نووسەرەکەی تازە لە کۆماری ئێرانی ئیسلامی هەڵهاتبێت و قەد تامی بیرەی نەکردبێت، دواتر باسکردنی کەسانێك بە ناوی خۆیان لە ناو شیعرەکەدا لێدانە لە تایبەتمەندیی ئەو هاوڕێیانەش وەکو (رەواو بەرهەم)، بەو واتایەی پەلکێشکردنیان بۆ دنیا کاولەکەی خۆی و هەڵماڵینی نهێنییەکانی ژیانیان، ئیتر نازانم ئەوانیش گەشکە دەکەن بە ناوهێنانیان لەو دەقە نەزۆکەدا یان قەڵس دەبن و کەمێك فیش دەخۆنەوە؟ چیدی نەمویست زیاتر سەری ئێوەو خۆم بیەشێنم و لای خۆمەوە لە ئاکامدا گەشتمە ئەو بەرەنجامەی بۆ تێکنەدانی چەشەو میزاجی خوێندنەوەم بڕیارمدا ئیتر لەمەودا بایکۆتی ئەو جۆرە نووسینە فەلەجانە بکەم و والێرەدا هەندێك دێڕی ئەو بەناو شیعرەتان بۆ دەنووسینەوە تا خۆتان سەرپشك بن و بڕیار بەسەر ئەو جۆرە نووسینانەدا بدەن:

بە هاوڕێیەکمم وت:

هیوایەتم بیرەخواردنەیە لەناو سەیارە،

وتی: دەزانم،

**  

هیوایەتم ئەوەیە هەموو کچە ڕەفیقەکانم جگەرەکێش بن

کاتێ قوومی لێدەدەن مڵچەیەک بکەن

**

جارێکی تریش وتبووم کە

حەزم لێیە ئەو ژنانە عاشقم بن

کە مێردەکانیان دڵیان پیسە   

**

هیوایەتمە هەموو ئەو هاوڕێیانەم سەیارەیان هەیە

وەک (ڕەوا) و (بەرهەم) بن

هەمیشە ئامادە بن بۆ بیرە هەڵدان،

لە سەیارە بێت یان لە باڕ

لە دەشت بێت یان لە ماڵ