رەحمان سۆفی

پياوێکی پيری شەده بەسەر که به دابی لای فەيزوڵڵابەگی، لايکی شەدەکەی ھێناوەته سەر تەوێڵی و لفکەيکی به لامليدا بەرداوەتەوه و لەگەڵ کوڕێکی مێرمنداڵ خەريکی نان و ماستاو خواردنن. کابرا باوەکوو پاروو له دەمدا با ئەدا دەڵێ "کاکه فەرموو تيکەيک نانمان لەگەڵ بخۆ!"

 

ڕەحمان سۆفی

کۆسه چوو بۆ ڕيش...

 

نازانم بۆ له ماڵ دەر دەکەوم. بڕيارم نەداوه بچمەکوێ. له تاو باران خۆم دەکەم به چايخانەيەکدا. ھەرکه دەچمه ژوورەوه ھەڵم و دوکەڵی سيگار ھاشاوڵم بۆ دێنێ. ماوەی چەن چرکه تەم بەر چاوم لێڵ دەکا. چاويلکەکانم له بەر چاوم دائەگرم و خاوێنيان دەکەمەوه. چاوەکانم ھەڵدەگڵۆفم و دەستيان پێدا دێنم. چاوه چاوێک دەکەم. دەڕوانم به  ساڵۆنی چايخانەکەدا. پڕه له ميوانی جۆراوجۆر...

وەک ئەوەی له بزر بوێک بگەڕێم چاو دەگێڕم. بەڵام ناسياوێک بەدی ناکەم. ئەوکەسەی که من بەبێ مەبەست بەدوايدا وێڵم نايته بەر چاوم سەرنجم دەڕوا بۆ لای دەستەيەک کوڕ و کچی لاو که لە دەوری مێزێکی گردی گەوره دانيشون. بەگەرمه قسەدەکەن و قا قا پێدەکەنن. قريشکەيان به فەزای چايخانەکەدا بڵاو دەبێتەوه. نزيکتر دەڕوانم له  لای ئەوانەوه سەندەڵيک بەتاڵه. دەچمه پێشەوه و بەئەدەبەوه له یەکێکيان دەپرسم«ببوورە!بۆم ھەيه لێرە دانيشم؟»

بەڵام ئەو بەلالووتەوە وەڵامدا بە مۆڕەوه خێسەيەکم لێدەکا و دەڵێ نا، جێگای کەسێکی ديکەيه، ئێستا ده گەڕێتەوه

بەڕەفتاريدا تێدەگەم حەز ناکا منی بێگانه و نامۆ لای ئەوانەوه دانيشم. منيش خێسەی لێدەکەم و ئەيدەمه بەر پلاری سەرنج و توانج. بەڵام بێجگه لەوەی که له دەروونی خۆمدا پيش بخۆمەوه ھيچم له دەست نايه. لێوی خۆم دەکرۆژم. ھەناسەی ساردی غەريبی و نامۆيی ھەڵکێشم

لەقوژبنێکەوه له پنای ديوارەکه ڕادەوێستم. چاوەڕوانم که بەڵکوو يەکێک له دانيشتن وەڕەزبێ و ھەستێ بڕوا بچم دانيشم. چاويلکەکانم بە دەستمەوەيه. دووباره خاوێنيان دەکەمەوه و له چاويان دەکەمەوە.  له پەنجێرەکەوه دەڕوانمه ئەو ديوی شوشەکه. باران خێراتر و بێ وچان دەبارێ. ھەڵبەته تەنيا باران نييه، بەفر و باران پێکەوەيه. واته شڵێوه دەکا. ئاوڕ ئەدەمەوه، بەختم ياره. دوو کەس ھەڵدەستن و دەر دەکەون . منيش خێرا خۆم دەگەيەنمه لای مێزەکه. بەبێ پرس چاکەتەکەم له بەرم دادەکەنم و ئەيدەم به سەر سەندەڵيیەکەدا. بەکەيفی خۆم دائەنيشم. سەيرێکی دەور و بەرم دەکەم. ئەو کوڕه که لێمپرسی بۆم ھەيه لێره  دانيشم به لاچاو تەماشايەکم دەکا. ھەميسان قاقای پێکەنينيان بەم سەر و ئەو سەری چايخانەکەدا بڵاو دەبێتەوه. يەکێک له کچەکان ئاوڕ ئەداتەوه بۆ لای من. سەر له نوێ قريشکەی پێکەنينيان بەرز دەبێتەوه. به سەر خۆمی ناھێنم. گوێی لێ دەئاخنم. دەچمه دنيای خەياڵاتی خۆمەوە. نوقمی گۆلاوی بيرکردنەوه و تێڕامان دەبم. مەلی خەياڵم باڵ ده دەگرێتەوه بەرەو فەزای بێسنوور ئەدا له شەقەی باڵ. نيازی نييه له سەر گوێسوانێک، يان لقەدارێک بنيشێ و ئارام بگرێ.

بيرەوەريم دەگەڕێتەوه بۆ وڵاتی خۆمان. بۆ ھەرێمی موکريان، بۆ شاره جوانەکەی بۆکان. دەڕوا بۆ لای قەڵای سەردار و حەوزەگەوره و مزگەوتی جامێعه. بەخەياڵات دائەگەڕێم بۆ چايخانەکەی "عەوڵای خات خاوەر" دەچمە ژوورەوه. تەماشا دەکەم پڕه له ميوانی جۆراوجۆر. دەستەيک ڕێبواری مێزهر و شەده بەسەر دانيشتون. ھەر کەسێ به  شتێکەوه خەريکه. يەکێک چايی تازه دەم و پڕ رەنگ ھەڵدەقوڕێنێ. يەکی ديکه نان و پەنير به چايی شيرينەوه دەخوا. يەک سەبيلەی پڕ کردوه له  توتنی خۆماڵی و مژی ڵەئەدا و دووکەڵ بڵاو دەکاتەوه. جار به جاريش دەکۆخێ. يەک دوانێک به دەنگی بەرز قسه دەکەن. باسی ئاژەڵداری و کشت و کاڵ و باخداری و حاسڵاتی ساڵ بۆ يەکتر دەگێڕنەوە.

مام عەوڵا ڕوو دەکاته من و دەڵێ«کاکه بە خێر هاتی. چايی دەخۆیەوە يان نانت بۆ بێنم؟»

لەوەڵامدا دەڵێم «چاێيکی تازەدەم و قلياناوێکيشم بۆ داگرسێنه!»

پياوێکی پيری شەده بەسەر که به دابی لای فەيزوڵڵابەگی، لايکی شەدەکەی ھێناوەته سەر تەوێڵی و لفکەيکی به لامليدا بەرداوەتەوه و لەگەڵ کوڕێکی مێرمنداڵ خەريکی نان و ماستاو خواردنن. کابرا باوەکوو پاروو له دەمدا با ئەدا دەڵێ«کاکه فەرموو تيکەيک نانمان لەگەڵ بخۆ!

نوقمی ئەم بيرەوەرييه دەبم، که دەگەڕێتەوه بۆ ساڵه ھای ساڵی له مەو بەر، ئاگام له خۆم نييه له ناکاو دەنگێکی نەرمی ژنانه لەو فەزايەم وەردەگێڕێ. دێمەوه نێو فەزای چايخانەکه و ئەم سوێده سارد وسڕه و پڕ  بارانه. سەرم ھەڵدەبڕم و سه ير دەکەم. کچێکی باڵا بەرزی چاو شين، قژکاڵ، خوێن شيرين و له  دڵەوه نزيک به ڕوو خۆشييەوه دەڵێ

«فەرموو چ دەخۆيتەوه. چای، قاوه  شەربەت؟»

تەماشايکی سيگارەکەی نێوان پەنجەم دەکەم. بێ ئەوەی دايگرسێنم دەڕوانمە کچه و دەڵێم ئاھا، بمبووره ھۆشم لێره نييه، زەحمەت نەبێ قورييەک چاييم بۆ بێنه کەچەکە دەڕوا. زۆری پێناچێ دەگەڕێتەوه. قۆرييەک چايی و دوو کەيکی له سەر کەشەفێک به دەستەوەيه. لێم نزيک دەبێتەوه. لای شانی ڕاستمەوه دەوێستێ و قۆرييه چايەکه له بەر دەستم دائەنێ. بزهەيەکیبێتين دێته سەر لێوی. چاوەڕێيی ئەوەیە که حەقی چاییەکەی بدەمێ. پووڵی چاييەکەی ئەدەمێ. دەڕوا بەلای کاری خۆيەوە.

ھەناسەيەک له ناخەوه ھەڵدەکێشم. سيگارێک دائەگرسێنم. چاوێک له فينجانەکەی بەر دەستم دەکەم. مژێک له سيگارەکەم ئەدەم. سەرم ھەڵدێنم و له شوشەی پەنجێره کەوه دەڕوانمه ديوی دەرەوه. ھۆشم  ئەگەڕێتەوه بۆ لای چاييەکەی بەر دەمم و فينجانەکه پڕ دەکەم و قومێکی لێ دەخۆمەوه. مژێک له سيگارەکەم ئەدەم و دەچمه قوڵايی بير و خەياڵاتی خۆمەوه. له دەرەوه بارانەکه بەردەوامه. ميوان دێنه ژوورەوه. يەک دوانێک ھەڵدەستن و وەدەر دەکەون. ھی وا ھەيه پاڵتەی بارانی له  بەردايه. ھی واش ھەيه کڵاوی له سەر دايه و تا بناگوێێ داکێشاوه. زۆربه شيان چەتريان به دەسته وەيه. چاو دەگێڕم به ساڵۆنی چايخانەکەدا. دەڕوانمه پەنجێرەکه و بارانەکەی دەرەوه. سەرم وەر دەگێڕم سەيری ئەم لاو لای خۆم دەکەم. ديسان حيلک و ھۆڕی پێکەنينی ئەو دەسته کوڕ و کچەی دەوری مێزه گردەکه سەرنجم ڕادەکێشێ. دەکەومه گومانەوه.

خەياڵم دەڕوا، سوتووی سيگارەکه له دەستم بەر دەبێتەوه و دەکەوێته نێو چايەکەم. پەنجەشم دەسوتێنێ. ئەمجار مەلی نيگام دەفڕێ بۆ لای تابڵۆ ھەڵواسراوەکانی ديواری ساڵۆنەکه. خانووەکه بينايەکی کۆنساڵی و له مێژينەيه. وەک قەڵای سەردار دێتە بەر چاوم.بەڵام بەو جياوازييه که  قەڵای سەردار له خاکی کوردستان و لە بۆکان دروست کراوه. بەڵام ئەم خانووه له مێژينەیە لە خاک و بەردی سوێد و لە یوتەبۆری ساز کراوە.

چايی دەخۆمەوه. به تاسەوه مژ له سيگارەکەم ئەدەم و دووکەڵی خەم به  با دەکەم . ئەمجار سەرنجم دەڕوا بۆ لای کچێکی سپيکەلانەی قژکاڵ و لێو سوور که لەگەڵ کوڕێکی قوله ڕەشەی ئەفريقايی وەکوو ماری عاشقه  و ماشقه لە یەک ھاڵاون. دەکەومه دنيای ئەندێشه و تێڕادەمێنم. له زەینی خۆدا دەڵێم «خۆشەويستی ڕەگەز ناناسێ، و سنووريشی نييه. گوێ ناداته ڕەش يان سپی بون و نه بونی ئەم و ئەو».

ھەندێک گرژ دەبم. دەمەوێ ھەستم و بڕۆم. بەڵام بارانەکەی دەرەوه خاوم دەکاتەوه. له بەر خۆمەوه دەڵێم «ئاو و ھەوای ئەم وڵاته مرۆڤ فسۆڵ دەکا. بۆ وا تەمەڵ و تەوه زەل بووم! خۆ من له وڵاتی خۆمان رۆژه ڕەيەک به بەفر و باران به ڕێدا دەڕۆييم. بۆ ئێستا زاتم نييه بچمه بەر باران. ئەوه ھات و بەم زووانه باران خۆشی نەکردەوه

دەڕوانمه سووچ و قوژبنی ساڵۆنەکه. چەن مێز لەو لاترەوه بۆ لای درگاکه دوو دڵداری ديکه دەبينم کە سەريان ناوه به سەری يەکەوه و ڕاز و نياز دەکەن.کچەکه سەری وەردەگێڕێ و من دەبينێ به شەرمەوه تۆزێک له  کوڕه دەکشێتەوه. گوێم لێيه به سرته و به سوێدی دەڵێ وامەکە! ئێستا نا بە دەنگيدا دەيناسمەوه کچه چکۆڵەکەی مامۆستايه. بۆ ئەوەی که شەرم نەکا و به خۆيدا نەشکێتوه ڕووم وەردەگێڕم. مژێکی دیکەم له  سيگارەکەم ئەدەم و دووکەڵەکەی ھەڵدەمژم و دەکوژێنمەوه. ھەڵدەستم و چاکەتەکەم له بەر دەکەم و دەمەوێ بڕۆم. به ناچار دەبێ به لای ئەواندا تێپەڕم. نزيکيان دەبمەوه، کيژەکەی مامۆستا ڕوو له من دەکا و به ڕوو خۆشييەوه به سوێدی سڵاو دەکا.

به کوردی دەڵێم ڕۆژ باش! ببوره له ھەوەڵەوه نەتم ناسييەوه

ئەويش سەرێک دەلەقێنێ و دەڵێ قەی ناکا، ھيچ نابێ

دەڵێم خۆ تۆ کوردی، کچی مامۆستای باوکت له ڕێی کوردايەتيدا ئاوارەی ئەم وڵاته بووه بۆ به کوردی قسه ناکەی؟ منيش ھاو وڵاتی ئێوەم. پێم خۆشه به زمانی خۆمان قسه بکەی.

نازانم له قسەکانم دڵگير دەبێ يان نا. تۆ بڵێی له مەبەستم تێ بگا؟ بەڵام ئەو ھەميسان به سوێدی يەکەی خۆی دەڵێ من کوردی کەم دەزانم، ڕاسته که دايک و باوکم کوردن بەڵام من ھەرگيز له کوردستان نەبووم.

دەڵێم  قەيدی ناکا، ئەگەر بگەڕێتەوه بۆ وڵاتی خۆمان، له وێ فێری کورديش دەبی. بنێشتەکەی له دەميدا دێنێ و ده با، شانی ھەڵ ئەتەکێنێ و به چاو و برۆ و دەست دەڵێ نازانم بەڵکوو

سەيرێکی دەکەم، نازانم بڵێم چی. ئەوەندەی ديش باری وەڕەزی و بێ تاقەتيم قورس و گرانتر دەبێ. ھيچم بۆ نامێنێتەوه، تەنيا ئەوه نەبێ، دەستم بۆ لای ڕادەوەشێنم و به سوێدی دەڵێم زۆر باشه، جارێ خودا حافيز.

له چايخانەکه وەدەر دەکەوم. خۆم ئەدەمه ژێر باران و دەست سەرما. دەڕۆم و ئەو قسەيەی باوەگەوره مم وەبير دێنێتەوه که دەیگوت «کۆسه چوو بۆ ڕيش سمێڵيشی دۆڕاند.»