دەوڵەت و نەزم

ویل دورانت لە کتێبی 'مێژووی شارستانییەت'، بەرگی یەکەم، پێی وایە نیازی مرۆڤ بۆ سیستم لە پێناوی دابینکردنی خواردن، بنەمای پێکهێنانی دەوڵەت یاخود حکومەتە. ئەم نووسەرە 'خواردن' یاخود هەوڵدان بۆ دابینکردنی خواردن بە کاکڵی شارستانییەت لە قەڵەم دەدا.

دیاردەی دەوڵەت لای گەلێک بیرمەندی تر باسی لێکراوە. کەسێکی وەک مارکس لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا وەک ئامرازی چینی دەسەڵاتدار و خاوەن کەرەسەی بەرهەمهێنان و سامان لێی دەڕوانێ. هەر لە سەر تێڕوانینی ویل دۆڕانت بیرمەندی دیکەیش هەن کە لایەنی خزمەتگوزاریی دەوڵەت بەرجەستەدەکەنەوە.

دەکرێ هەموو ئەم بۆچوونانە راست بن. دەوڵەت لە راستیدا هەم نەزم و سیستم لەگەڵ خۆی دێنێ و، هەم پارێزەری بەرژەوەندییەکانی چینی باڵادەستیشە. هەتا دیمۆکراسی و ئازادیی رادەربڕین و مافی خۆرێکخستن هەبێ، ئەوا کاریگەریی چین و توێژەکانی تر لەسەر دەسەڵات زیاترە و دەوڵەت دەبێ بە شوێنی ململانێی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان.

گەر روانگەی ویل دۆڕانت بەرجەستە بکەینەوە ئەوا بە هۆی نیازی مرۆڤ بۆ سیستم لەبۆ دابینکردنی خواردن، دەوڵەت هەمیشە دەبێ، بەڵام بە گوێرەی مارکس لەگەڵ سڕینەوەی چینەکان چیتر مرۆڤ نیازی بە دەوڵەت نامێنێ. هەرچەند مارکس پێ لەسەر هەبوونی جۆرێک سیستم دادەگرێ کە لەم بەشەدا زیاتر لە بۆچوونەکەی ویل دۆڕانت دەچێ.

بەم پێیە دەوڵەت دەکرێ چینایەتی بێت یان نەبێت، بەڵام لەهەر حاڵەتێکدا رێکخەری جۆرێک نەزمە. نەزم ئەو شوێنەیە مرۆڤ بە دیاردەیەک باڵاتر لە خۆی وەک 'تاک' دەبەستێتەوە.

سایتی قەڵەم   ١٦ مانگی دووی ٢٠٢١

 

 

بازدید: 1584