بوونی مەجازی و گۆڕانی واقعی

لە دونیایەکدا ئێمەی تیا دەژین، نێت بووەتە شوێنی پەیوەندی گرتنی سەرەکیی نێوان مرۆڤەکان. کۆڵان و جادەکانی نێت بووەتە قاوەخانە، شوێنی پیاسە، گەڕانی مەجازی لەگەڵ یەکتری و تەنانەت ئەو گۆرانییانەی وا کاتی خۆی لە دانیشتنە راستەوخۆکانماندا بۆ یەکترمان دەگوت.

تەنانەت نێت بووەتە شوێنی چالاکییە کۆمەڵایەتیی و بە تایبەت سیاسییەکانیشمان. گەر لە نێت دا نەبێ تەنانەت لە حیزبیش ناچین. هەتا چالاکیشت تیایا زیاتر بێت، ئەوا زیاتر گرنگیی خۆت دەردەخەی، بە مەرجێک پێوانەی سەرەکیی چالاکییەکان چلۆنایەتی بێت نەک هەراوهوریا.

بەڵام لە هەمان کاتدا جیهانی نێت نیشانەیەکە بۆ بەتەریک کەوتنەوەی کۆمەڵایەتیمان. چیتر وەک جاران یەکتر نابینین و ئەمە لە کاتێکدایە سیاسەت بە بێ حوزوری جەستەیی ناتەواوە.

رەنگە ئەمە گەورەترین خەسارناسیی جیهانی نێت بێت. لە جیهانێکدا چالاکییەکان پاشەکشە دەکەن بۆ بوونێکی مەجازی، ناکرێ بەرامبەر دەسەڵاتێک بینەوە کە یەکێک لە دەرکەوتەکانی بوونی مەجازییە.

راستە جاری وایە جیهانی نێت یارمەتیی دەرکەوتنە راستەوخۆ جەماوەرییەکان دەدا، بەڵام لە بیرمان نەچێ کە ئەم جۆرە دەرکەوتنانە تا رادەیەکی زۆر شوێنی خۆیان داوە بە دونیای مەجازی. لێرەوە دەلێی دەسەڵاتەکان بیر و خەیاڵیان راحەتترە.

دەبێ بیرێک بۆ ئەمە بکرێتەوە. دەبێ لە بیرمان بێت تەنیا بە بوونی مەجازی، گۆڕانی واقعی دروست ناکرێ.

سایتی قەڵەم، ٢٣ مانگی دووی ٢٠٢١

بازدید: 1765