ما 3827 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

ئێمە بە ژن و پیاوەوە دەبێ نیگامان لە ژن وەک رەگەزی مێی خاون لەشێکی سێکسیەوە بگۆڕین بۆ ژن وەک مرۆڤ کە بە جل و بەرگ یان بێ ئەوە ھەر مرۆڤە و خاوەن لەش و ژیانی خۆیەتی و کالا و کۆیلە و سەربازی کەس نییە.

 

ژن و خۆی (بەبۆنەی هەشی مارسەوە)

 

رەسول سەفەریانی

 

بە درێژای مێژوو، یان باشترە بڵێین لەو رۆژەوە مرۆڤ بیری لە عەدالەت و دادپەروەری و یەکسانی کردوەتەوە جۆرێک لە خەباتی راستەوخۆ یان ناراستەو خۆ لە نێوان دەسەڵاتداران و بندەستەکاندا دروست بووە و بە گوێرەی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکانەوە ئەم خەباتە رەنگ و دەنگی گۆڕاوە و بەرزتر و نمودارتر بووە. شان بە شانی ئەم خەباتانە خەباتی نیوەی راستەقینەی کۆمەڵگا کە ھەتا ھەتایە رێژەکەی ھەروا دەمێنێت و ناگۆردرێت، لە گەلەڵ نیوەکەیتری ھەبووە و ئەمڕۆش ھەر بەردەوامە. ئەم نیوەی کۆمەڵگا بەردی بناخەی بەردەوامیی ژیان و بوونە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا. ژن کە ھەموومان دان بە گرینگی و زەرورەتی بوونیدا دەنێین بە درێژایی میژووی شارستانیەت وەک ژێردەستە و پلە دوو و کۆیلە ھاتووەتە ئەژمار و و لە لایەن پیاوانەوە وەک موڵک و ماڵ چاولێکراون و ھەموو شتێکی ژیانی ژنانیان لە ئیرادە و فەرمانی خۆیاندا داناوە و ھیچ چەشنە خاوەنداریەتیێکیان بۆ ژن نەھێشتوەتەوە و ھەر کاتێکیش سنوری کۆیلایەتیان بەزاندبێت بێ بەزەییانە کوژراون یان کەوتونەتە بەر توند و تیژی و ئازار و ێەشکەنجە.

ئەوەی لە ھەر دوو بواری خەباتەکدا، بندەستەکان دژی دەسەڵاتداران و ژنان دژی زولمی پیاوان، ئەوەی زۆرتر شکستی بە خەباتەکان ھێناوە، یان بەری بە سەرکەوتنیان گرتووە، نەک دەسەڵاتداران بەڵکو  خودی بندەستەکان و ژنان بوون کە ھەمیشە وەک سربازی باڵادەستەکان سنگی خۆیان کردووەتە قەڵخان و ناویانەتە بەر ھێرش و خەباتی بندەستان و خەباتکاران بۆ مانەوەی زاڵمان و باڵا دەستان. بە بێ ئەم قەڵخان و سەربازانە ھەرگیز ھیچ دیکتاتۆریک لە ھیچ کوێی دونیا دروست نەدەبوو و ھەرگیزیش ھیچ پیاوێک بە تەنیا نەیدەتوانی ببێتە ئەربابی ھیچ ژنێک.

سەربازانی حکومەتە دیکتاتۆرەکان ھەموویان ھەر کوڕان و کچانی بندەستانن کە لە لایەن دەسەڵاتەوە تەیاریان کردوون بۆ سەرکوتی بەرابەریخوازان و کوشتنی ھاوڕەگەز و ھاودەردەکانیان. لە ژنانیشدا ئەوەی زۆرتر پەرە بە دەسەڵاتی پیاوان دەدات خودی ژنانن. ژنانی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان ئێستاشی لەگەڵ بێت وەک سەربازانی گیانفیدای پیاوان، وێڕای گوێڕایەڵی خۆیان بۆ ھەموو داب و نەریتە پیاوسالارییەکەی کۆمەڵگا، بە ھەموو ھێز و توانایانەوە لە ھەر شوێن و پلەیەکدا بن تەنیا کاریان پاراستنی داری وشکھەڵاتووی کۆنی پیاوسالارییە و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام ھێرش دەکەنە سەر ھاورەگەزە بەرانبەری خوازەکان و ھەر تاوێک بە ناونوتکە و تۆمەتێک ھەوڵ دەدەن قۆڵبەستیان بکەن و بیاندەنە دەس دادگای پیاوان.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوئرەی راپۆرتی عەفوی نێنەتەوەیی (Amnesty)رۆژانە لە جیھاندا ١٣٧ ژن دەکوژرێت، تەنیا بۆ ئەوەی ویستویانە خۆیان خاونی جەستەی خۆیان بن و خۆیان بڕیاربدەن جۆن بژین. ئەم ژنانە ھەرگیز دەسدرێژیان بۆ سەر ژیان و ماڵی کەس نەبووە و دەستیشیان لە ژیانی کەس وەرنەداوە. بە پێچەوانەوە ھەوڵیانداوە کە دەستی دەسدرێژان لە ژیان و جەستەی خۆیان دووربخەنەوە. ئەو دەسدرێژانەی کە لەوانەیە زۆربەیان بە ھان و ھاوپشتی ژنانەوە توانیویانە دەستدرێژییەکەیان ئەنجام بدەن. ئەم ھاودەستی و ھاندانە لە لایەنی ھاورەگەزە ژنەکانەوە دەتوانێت جۆراوجۆر بێت و لە شکڵ فۆرمی جۆراوجۆردا خۆی بنوێنێت. لە کۆتایی ئەم بابەتەدا لینکێک دادەنێم١ کە چۆن ژنێک ھانی پیاوان دەدات کە بەر بە ژنێک یان ژنانیێک بگرن کە تەنیا تاوانیان ئەوەیە ویستویان خۆیان بڕیاردەری جل و بەرگ و ژیانی خۆیان بن نەک پیاو و نەریت.

بەڵام ئەوەی کە جێگەی داخەو سەرسوڕھێنەر، ئەوەیە کە دوو رۆژی تر کە ھەشتی مارسە لەوانەیە ھەر ئەم خاتونە باس لە بەرابەری و مافی ژنان بکات. من پێم وایە تا کاتێک نیگاکانمان بۆ ژن نەگۆڕین ھوشیارانە یان ناھوشیارانە ئاو بە ئاسیاوی پیاوسالاریدا دەکەین. ئێمە بە ژن و پیاوەوە دەبێ نیگامان لە ژن وەک رەگەزی مێی خاون لەشێکی سێکسیەوە بگۆڕین بۆ ژن وەک مرۆڤ کە بە جل و بەرگ یان بێ ئەوە ھەر مرۆڤە و خاوەن لەش و ژیانی خۆیەتی و کالا و کۆیلە و سەربازی کەس نییە. ھەرکەسیش بە رووت بوون، یان دەرکەوتنی ئەو قەڵسە تەنیا نیشانەی نەخۆشبوونی ئەو کەسەیەو بەس. ھەموو ئەو داوەریانەی کە لەسەر ژنان دەکرێت و ھەموو ئەو ئەبێ و نەبێیانە کە دانراوە بۆ ژیانی، ھیچ پێوەندیێکی بە خودی راستەقینەی ژنەوە نییە و ھەمووی لە لایەن ئاین و کولتور و نەریت و شتە دەسکردەکانی مرۆڤەوە ھاتووە و پابەند بوون یان نەبوونی ژن بەوانەوە نابێت ببێتە ھۆی سزا یان پاداش بۆ ژنان. مرۆڤ و بە تایبەت ژن دەبێ خۆی بێت و بەس، دەبێت ھەموومان فێر بین بزانین پابەند بوون بە ئەو شتانەی کە باسمانکرد ئەرکی کەس نییە و کەسیش بۆی نییە کەس مەجبوربکات یان سزای بدات بۆ پابەند نەبوون. ئەوەی کە دەبێت سزای بۆ بدرێت تەنیا دەسرێژی و دەستێوەردانە لە ژیانی مرۆڤەکان. مرۆڤ دەبێ ئازاد بێت.

 

ژێرنووس:

(2) Watch | Facebook

 

گەڕان بۆ بابەت