ئەحمەدی مەلا

چۆن ئە‌م موفرە‌دە‌یە‌ تێکهە‌ڵکێشی وێنە‌ی شیعریی دە‌بێت و ڕە‌گوڕیشە‌کانی لە‌ قووڵایی چ خاکێکدا، تەڕ‌یی و گە‌رمایی دە‌قۆزنە‌وە‌. خوێنە‌ر، یان توێژە‌ر دە‌توانێت لە‌سە‌ر چە‌ند ڕە‌گە‌زی دیکە‌ بگیرسێتە‌وە‌ و زیاتر پە‌ی بە‌ دنیای شیعریی شاعیر بە‌رێت، بە‌ڵام ئە‌وە‌ی جێی سە‌رنجە‌، ئە‌و جیا دە‌نووسێت و باجی ئە‌م جیانووسینە‌ش دیارە‌.

 

 

باجی جیانووسین: ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر

 

ئەحمەدی مەلا

شیعر لای سە‌باح ڕە‌نجدە‌ر لە‌ شیکلی جیهانێکدایە، کە‌ نە‌ سە‌رە‌تای دیارە‌ نە‌ کۆتایی، بە‌ڵکو لە‌ پە‌ڵە‌ی جوانیی، لە‌ دە‌نگی نامۆ، لە‌ بزاوتێک، لە‌ ئاماژە‌یە‌ک، لە‌ ساتمە‌یە‌ک، لە‌ بیرە‌وە‌رییە‌ک پێکهاتووە‌، لە‌ کۆتاییدا، هە‌موو شتێک لای شاعیر دە‌بێتە‌ ماددە‌ و مایە‌ی شیعر. ڕە‌نگە‌ باس لە سەرەتایەک بکات، بە‌ڵام سە‌رە‌تایە‌کی زە‌مە‌نی نییە‌، بە‌ڵکو لە‌ ئێستایە‌ک پێکدێت، کە‌ زە‌حمە‌تیشە‌ دە‌ستی بە‌سە‌ردا بگرین. لە‌ زمانی ئینجیلە‌وە‌ ئە‌وە‌ فێردە‌بین کە‌ (لە‌ سە‌رە‌تادا وشە‌ هە‌بوو)، ئە‌گە‌ر (وشە) مە‌بە‌ست لە‌ کردە‌ی خە‌ڵق بێت، ئە‌وە‌ بە‌ (کردار)یش دە‌کرێت لێکبدرێتە‌وە‌، بە‌ڵام لە‌ ژێر زمانی شاعیر ئە‌وە‌ دە‌خوێنینە‌وە،‌ کە‌ (لە‌ سەرەتادا تە‌نیا جوانیی هە‌بوو). جوانیی لای ڕۆمانسییە‌کان دنیایە‌کی خە‌یاڵییە‌، دنیایە‌کی دوورەدەستە، بە‌ڵکو لە‌ زۆرباریشدا، ئاوێتە‌ی مە‌رگیش دە‌بێت. هە‌ر ئە‌و جوانییە‌یە، دواتر‌ ڕامبۆ بە‌ (تاڵ) دە‌یچوێنێت.

لۆژیکی شیعر، لە‌سە‌ر نالۆژیک بە‌ندە‌، جیهانی ئەم شاعیرە وە‌کو نارنجۆکێک هە‌پروون بە‌ هە‌پروون بووە‌، هیچی بە‌سە‌ر یە‌کە‌وە‌ نە‌ماوە‌، پارچە‌کانی جارێکی دی مە‌حاڵە‌ پێکە‌وە‌ گرێ بدرێنە‌وە‌، بە‌ڵام هە‌ر پارچە‌یە‌ک خۆی لە‌ خۆیدا پێکهاتە‌یە‌کی شیعرییە‌. ئە‌م جیهانە‌ ئینسان تووشی گێژبوون دە‌کات، ئە‌و گێژبوونە‌ی کە‌ ڕامبۆ دە‌یویست دە‌ستی بە‌سە‌ردا بگرێت. ئایا ئە‌م کردە‌یە‌ بە‌ شیعر ئە‌نجام دە‌درێت، ئایا شاعیر دە‌توانێت ئە‌م جیهانە‌ لە‌یە‌کترازاوە‌، لە‌ یە‌کداماڵاوە‌ جارێکی دی بداتە‌وە‌ دە‌م یە‌ک و وە‌ک سە‌نعە‌تکارێک، هە‌وڵی ئە‌وە‌ بدات برین و شوێنە‌واری ئە‌و ئازارانە‌ بسڕێتە‌وە‌:

شیعر دە‌ستی لە‌سە‌ر شانم دانا

گوتی لە‌ دوورە‌وە‌ هاتووم و نە‌زرم لە‌ خۆم گرتووە‌

نیشانە‌ی زیندووکردنە‌وە‌ بناسم

شاعیر زۆر خولیای جیهانی خۆیە‌تی، هە‌ست ناکات کە‌ کات تێدە‌پە‌ڕێت، هە‌ست ناکات کە‌ دە‌رە‌وە‌ کاریگە‌ریی بە‌سە‌ر ئە‌زموونی ئە‌وە‌وە‌ هە‌یە‌‌، بە‌ پێچە‌وانە‌وە‌ ڕە‌نگە‌ بیە‌وێت، جیهانە‌ شیعرییە‌کە‌ی خۆی ببێتە‌ مە‌رجە‌ع، نە‌ک ئە‌زموون، بۆیە‌ هە‌ست بە‌ گۆڕانکارییە‌کی بنە‌ڕە‌تی لە‌ دە‌قە‌ سە‌رە‌تایییە‌کانی و دە‌قە‌ تازە‌ نووسراوە‌کانی ناکە‌ین. جیهانی شیعریی ئە‌و بە‌بێ کە‌لێن دروست بووە‌،، ڕە‌نگە‌ بواریشمان نە‌داتێ هە‌ناسە‌ی تێدا بدە‌ین. وە‌کو ئە‌وە‌ی ئینسان لە‌ دوا ساتە‌کانی خۆیدا بژێت و ئە‌وە‌ی دە‌مێنێتە‌وە‌ تە‌نیا هە‌ر شیعر بێت. بە‌رجە‌ستە‌کردنی ئە‌و جیهانە‌ بە‌بێ خاڵ، بە‌بێ وێرگوڵ، بە‌بێ مە‌سافە‌ی نێوان وێنە‌کان، بە‌بێ سپێتی، بە‌بێ پە‌نجە‌رە‌ و دە‌رگا. جیهانێکی سیخناخە‌ بە‌ خودی خۆی. دە‌ق جێگای واقیع دە‌گرێتە‌وە‌:

وەک یەکەم ڕۆژی چوونە قوتابخانە

لافاو لەو جۆگەیە نیشتەوە

خوداناس بۆ دەستنوێژ گرتن دەچنە سەری

ئەو شەقامانەی هاتوچۆیان لێ بەستراوە

ڕێکخراوی جانەوەران بە دەستە بەدەکانیان

ڕووناکییان لە بن دروشمەکانیان درۆزن کرد

ئە‌م جیهانە‌ سوریالیئامێزە، لە‌ هە‌مان کاتیشدا لۆکاڵیشە‌، بە‌ تێرم و موفرە‌دە‌ی دە‌شتی دزە‌یی پڕ و پاراو دە‌بێت، بە‌ ئاماژە‌یە‌کیش بۆ فە‌زای دە‌شتی هە‌ولێر کۆتایی دێت،، پانتایییە‌کی خاوە‌، دووبارە‌بوونە‌وە‌ی خودی خۆیە‌تی، کە‌مێک هە‌ست بە‌ تەڕایەتى بینین، چاو دە‌کرێت، بە‌رجە‌ستە‌کان لە‌ناو دژایە‌تی و بە‌ دژایە‌تی خۆیان دە‌ژین. هیچ شتێک لە‌ کۆتاییدا، پە‌یوە‌ندی بە‌ هیچ شتێکە‌وە‌ نە‌ماوە‌‌. هە‌موو (پنت)ێک سەربەخۆییەکی تە‌واوی هە‌یە‌، بۆ خودی خۆی واقیعێکە‌. شاعیر کە‌س ئاشت ناکاتە‌وە‌، بانگە‌شە‌ی کە‌س ناکات، قسە‌ لە‌گە‌ڵ کە‌س ناکات، نایە‌وێت دە‌می ئاراستە‌ی هیچ کە‌سێک بکات. ئینسان لە‌ دە‌قی سە‌باح ڕەنجدەردا، بە‌ بێ هیچ ئاراستە‌یە‌کی دیاریکراو هە‌نگاو دە‌نێت:

لە ژووری زێوانی خۆم گۆڕەپانێکی گشتیم چۆڵ و قەرەباڵغ

بۆیە‌ لای ئەو، بە‌رجە‌ستە‌کان، ماددە‌کان، چ سروشتی بووبێتن، چ ماددی ڕووت، کە‌وتوونە‌تە‌ هە‌رە‌کە‌ت و گیانیان لە‌بە‌رە‌. زمان لە‌سە‌ر هێڵی بە‌یانی ئاراستە‌کراو بە‌کار نە‌هاتووە‌، بە‌ڵکو لە‌ ئاماژە‌، هە‌ندێ جار ئە‌و ئاماژە‌یە‌ بۆ خودی خۆی ‌گەڕاوەتەوە. ئە‌م جۆرە‌ شیعرە‌ لە‌ناو ئە‌دە‌بییاتی کوردیدا، ڕە‌نگە‌ خوێنە‌ری زۆری نە‌بێت، چونکە‌ دە‌یان دە‌یە‌یە‌، شیعریان بە‌وە‌ ڕاهێناوە‌ کە‌ (سیاسی) بێت و حە‌ماسییانە‌ بێتە‌ دە‌نگ، پە‌یامی هە‌ڵوێستبازیی هە‌بێت، لە‌ یاوە‌ر و مورید و چە‌پڵە‌ بگە‌ڕێت، یان (ڕۆمانسی) بێت، ختووکە‌ی هەستە چەپێنراوەکان و داپلۆسێنراوە‌کان و مە‌حروومە‌کان بدات، ئە‌رکی کۆمە‌ڵایە‌تی و سایکۆلۆژی ببینێت، تە‌نانە‌ت هەندێ جار وە‌کو وێنە‌ی (پۆرنۆ)ی لێ بێت، لە‌پێناو فێنککردنەوەی دەروونێکی گڕگڕتوودا بەکارهاتبێت. سەباح ڕەنجدەر لەم دیدەوە دژە شیعر دەنووسێت.

ئە‌م دژە‌ شیعرە‌ دە‌مێکە‌ لە‌ناو ئە‌دە‌بییاتی کوردیدا دە‌نووسرێت، نە‌یاری لە‌ یاوە‌ر زۆرترە‌. هە‌ندێ جار تۆمە‌تی ئە‌وە‌ی دە‌درێتە‌ پاڵ کە‌ لە‌ پاشۆڵی ڕێتۆریکی تە‌قلیدی نە‌هاتووەتە‌ خوارێ، بۆ پە‌ردە‌ی گوێی کوردان قورس و بە‌دفە‌ساڵە‌، هە‌ندێ جاریش گومانی ئە‌وە‌ی لێدە‌کرێت کە‌ دیمە‌نی دڵڕفێنی خە‌یاڵیی ناکێشێت و دە‌مێکیش بە‌ لاترازاو لە‌ سیاقی گشتیدا دەخوێندرێتەوە.

ئە‌م تۆمە‌تانە‌ هە‌ند ڕاستن، ئە‌گە‌ر نووسین وە‌کو تە‌قلیدێکی قوتابخانە‌یی سە‌یر بکرێت، نە‌ک وە‌ک ئافرێندراوێکی تاک، بۆیە‌ دە‌بینین، ئە‌گە‌ر لای شاعیر ئاماژە‌یە‌کیش بۆ جە‌ستە‌ی ژن کرابێت، ئە‌وە تە‌نیا هە‌ر‌ بە‌م جۆرە‌ بە‌ ژێر قە‌ڵە‌می شاعیردا تێپە‌ڕیوە‌:

ئاو چاوی کوێر نەبوایە

بە لەشی نەرمی کیژان وشک نەدەبووەوە

یان ئە‌گە‌ر بێتو ئاماژە‌یە‌ک بۆ شەڕ‌ی ناوخۆ و شەڕ‌ی براکوژییە‌کانی دوای ڕاپەڕ‌ینیش کرابێت، ئە‌وە‌ شتێکمان پێ دە‌ڵێت، کە‌ ڕە‌نگە‌ تە‌نیا ئە‌و کە‌سانە‌ هەستی پێ بکە‌ن کە‌ لە‌ نزیکە‌وە‌ ئاگاداری بارودۆخە‌کە‌ بوونە‌. بە‌ شێوە‌یە‌ک لە‌ شێوە‌کان ئاماژە‌ بۆ دوو لە‌قلە‌قە‌کە‌ی سە‌ر منارە‌ی مزگە‌وتی خانەقا دە‌کات. ئە‌و دوو تە‌یرە‌ وە‌کو لە‌ ئە‌بە‌دییە‌تە‌وە‌ هاتبێتن و لە‌سە‌ر ئە‌و منارە‌یە‌ نیشتبێتنە‌وە‌. لە‌ تە‌یرێتی خۆیان کە‌وتبێتن و بووبێتنە‌ ڕۆحی زیندووی شارە‌کە‌، بە‌ڵام مە‌خابن ئە‌م ڕۆحە‌ بە‌ دە‌ستی (نیشتیمانییە‌ک) وە‌کو نارنجۆک هە‌پروون بە‌ هە‌پروون دە‌بێت. شاعیر بە‌ تە‌وسێکە‌وە‌ باسی لێوە‌ دە‌کات. هە‌ولێری دێرین دە‌بێتە‌ باڵندە‌ی دێرین. کێ کۆنترە: پیرە‌‌ حاجی لە‌قلە‌ق، یان شاری هە‌ولێر؟ بێگومان لە‌ کوشتنی باڵندە‌دا پە‌یامێکمان پێ وتراوە‌: (کوشتنی شار و ئینسان و شارستانییە‌تە). ئینسان بە‌ تاقی تە‌نیا بە‌ هیچ جۆرێک ئیمکانییە‌تی ژیانی نییە‌ لە‌سە‌ر ئە‌م خاکە‌ بریندارە‌:

نیشتیمانییە‌ک باڵندە‌ی دێرینی هە‌ولێری کوشت

هە‌روە‌ها دە‌بێت ئاماژە‌ بۆ خاڵێکی دیکە‌ لە‌ شیعری ئەم شاعیرەدا بکرێت، ئە‌ویش زمانی سیحرە‌. شیعر و سیحر دوو دە‌ستە‌خوشکن، بە‌ڵکو دوو جمکانە‌ن. ئە‌وە‌ی بە‌ کردار ناکرێت، بە‌ خە‌یاڵ ئە‌نجام دە‌درێت. ئە‌م دوو جمکانە‌یە‌ پێکە‌وە‌ سە‌ریان هە‌ڵداوە‌ و پێکە‌وە‌ش هە‌ڵدە‌کە‌ن. دە‌بێت ئاماژە‌ بۆ ئە‌وە‌ بکە‌ین کە‌ سە‌رهە‌ڵدانی زمان لە‌ پێناو سیحرکردن بووە‌. سیحرکردن لە‌ گە‌ردوون، لە‌ شتە‌ بینراوە‌ و نە‌بینراوە‌کان. واتە:‌ ئاشتکردنە‌وە‌ی دنیا لە‌ ڕێگای زمانە‌وە‌، هە‌ڵبە‌تە‌ شیعر نزیکترین زمانی ئاشتکردنە‌وە‌یە‌. شیعر شەڕ‌ێکە‌ لە‌ پێناو ئاشتکردنە‌وە‌دا‌.

سە‌باح ڕەنجدەر شاعیری سرکە‌، ئە‌و وە‌کو ئە‌کرۆپاتانە‌ گە‌مە‌ بە‌ وشە‌کانی دە‌کات، لە‌پێناو سڕینە‌وە‌ی ئە‌و ناوە‌ندە‌، شاعیر گە‌مە‌یان پێدە‌کات کە‌ واقیع لە‌ زمان جودا دە‌کاتە‌وە‌، هە‌وڵدانێکە‌ بۆ ڕووخاندنی ئە‌و پردانە‌ی کە‌ ئینسان لە‌ زمان جودا دە‌کە‌نە‌وە‌. گەڕ‌انە‌وە‌ بۆ زمانی منداڵیی، بۆ ئە‌وە‌ی منداڵ و زمان ببنە‌وە‌ بە‌ یە‌ک جە‌ستە‌. ئیتر شتێک نییە‌ بە‌ ناوی فیکرە‌وە‌ و شتێکی دیکە‌ش‌ بە‌ ناوی زمانە‌وە‌، بە‌ڵکو جە‌ستە‌ دە‌بێتە‌ زمان و زمانیش وە‌کو جە‌ستە‌ هە‌ڵسوکە‌وت دە‌کات. هە‌روە‌کو لە‌ سە‌رە‌وە‌ش ئاماژە‌مان پێی کرد، شیعر لای شاعیر لە‌سە‌ر لۆژیک بە‌ند نییە‌، بە‌ڵکو دژە‌ لۆژیکیش ئیش دە‌کات، لێرە‌وە‌ وڕێنەکردن پانتایییە‌کی مە‌زن لە‌ دە‌قی ئە‌م شاعیرە‌ داگیر دە‌کات. وڕێنەی نە‌خۆشێک نا، بە‌ڵکو چە‌ماندنە‌وە‌ی زمان بۆ ئاستێکی دی، زمان ئە‌و ئاسنە‌ گە‌رمبووە‌‌یە،‌ کە‌ شاعیر بە‌ کە‌یفی خۆی دە‌یچە‌مێنێتە‌وە‌، پاشانیش کە‌ سارد دە‌بێتەوە،‌ شیکلی سە‌یر و سە‌مە‌رە‌یان وە‌رگرتووە‌. هە‌ڵدانی ماسی بۆ حە‌وزی شووشە‌، بە‌ هە‌ڵدانی وشە‌یە‌ک ناکات بۆ ناو ڕستە‌:

ماسی هە‌ڵدە‌دە‌مە‌ ناو حە‌وزی شووشە‌

هە‌ندێ جاریش بە‌رانبە‌ر بە‌ وێنە‌ی سوریالیئاسا خوێنە‌ر تووشی حە‌پە‌سان دە‌بێت، چونکە‌ ئە‌م ئە‌کرۆپاتکردنە‌وە‌ دە‌گە‌یە‌نێتە‌ ئاستێک، کە‌ ڕە‌نگە‌ دوا سنووری خە‌یاڵ بێت. خوێنە‌ری کە‌مخە‌یاڵ تە‌واو بێزار دە‌کات:

دە‌می بە‌ قاقبەقاقی ئاسوودە‌یی گە‌رم کرد

یان

پێغە‌مبە‌ران لە‌ شە‌رمی ڕووناکیدا مردن

شاعیر دە‌ستە‌واژە‌ ئاینییە‌کان، ئاماژە‌کردن بۆ پیاوچاکان و پێغە‌مبە‌ران و ئە‌دە‌واتی بواری پیرۆز بە‌کاردە‌هێنێت، لە‌پێناو هە‌ڵگە‌ڕانە‌وە‌، یان لە‌پێناو ئاراستە‌یە‌کی دیکە‌ بە‌کاریان دە‌هێنێتە‌وە‌، یان ئە‌وە‌تا زمان دە‌بە‌ستێتە‌وە‌ بۆ زە‌مانێکی دێرین، زە‌مانێکی بە‌سە‌رچوو و لە‌ ژێر لێوە‌وە‌ بە‌ خوێنە‌ر بڵێت ئە‌م دە‌قانە‌ ڕە‌گوڕیشە‌یان هە‌یە‌. لە‌م هاوکێشە‌یە‌دا، ئینسان وە‌کو یە‌کە‌م کائین و یە‌کە‌م بوونە‌وە‌ر و یە‌کە‌م بە‌رجە‌ستە‌ دێتە‌ پێشە‌وە‌. ئینسان کائینێک نییە‌ لە‌ گۆڕانکارییە‌ سروشتییە دێرینە‌‌کانە‌وە‌ هاتبێتە‌ کایە‌وە‌، بە‌ڵکو سە‌رە‌تا ئە‌و دروست دە‌بێت، ئینجا ڕە‌گە‌زە‌ بێ ئە‌ژمارە‌کانی سروشت دروست دە‌بن. ئە‌م دیدە‌ ئاماژە‌ بۆ تێرمی (ئیومانیسم) دە‌کات و لە‌ هە‌مان کاتیشدا ڕە‌گە‌زێکی ئۆرگانیکی دە‌قی سە‌باح ڕە‌نجدە‌رە:

ئاسمان لە‌ دە‌مودووی هە‌ور

پێش ئە‌وە‌ی ببێتە‌‌

باران یان بە‌فر

تە‌رزە‌ یان شە‌ختە‌

ئێمە‌ی دروست کرد

زۆر ڕە‌گە‌زی دیکە‌ هە‌ن دە‌کرێت هە‌ڵوێستە‌یان لە‌سە‌ر بکرێن و بهێنرێنە‌ زمان. خوێنە‌ر دە‌توانێت لە‌ تێرمی (گە‌رم) بڕوانێت و لە‌ سیاقە‌ جیاوازە‌کانی وردبێتە‌وە‌. چۆن ئە‌م موفرە‌دە‌یە‌ تێکهە‌ڵکێشی وێنە‌ی شیعریی دە‌بێت و ڕە‌گوڕیشە‌کانی لە‌ قووڵایی چ خاکێکدا، تەڕ‌یی و گە‌رمایی دە‌قۆزنە‌وە‌. خوێنە‌ر، یان توێژە‌ر دە‌توانێت لە‌سە‌ر چە‌ند ڕە‌گە‌زی دیکە‌ بگیرسێتە‌وە‌ و زیاتر پە‌ی بە‌ دنیای شیعریی شاعیر بە‌رێت، بە‌ڵام ئە‌وە‌ی جێی سە‌رنجە‌، ئە‌و جیا دە‌نووسێت و باجی ئە‌م جیانووسینە‌ش دیارە‌.