هاوڕێ نەهرۆ

خەڵکەکە بوون بە دوو بەشەوە هەندێک دەیانگووت ئەمانە خێزانێکی زیرەکن دەتوانن هەلیکۆپتەر دروست بکەن هەندێ خەڵکیش بە گومانەوە بۆیان دەڕوانین و دەیانگووت ئەمانە شێتن هەلیکۆپتەر چۆن بە مان دروست دەکرێ.

 

 

ماڵە جۆکەرەکە               

ئەم ماڵە لە گوندێک دەژیان نزیکەی حەوسەد ماڵ دەبوو، بە ماڵە جۆکەرەکە ناویان دەرکردبوو، خێزانەکەیان بریتی بوو لە مام رەحمان کە پێشەی حەللاجی بوو، هاوسەرەکەی نێوی زوهرا بوو، دەم وچاوی ئافرەتانی گوندی هەڵدەگرت بەرانبەر بڕێکی پارەی کەم، سێ کوڕیان هەبوو بە ناوەکانی مەهدی و نەبیل و وەسفی، تەمەنی مەهدی کە برا گەورە بوو نزیکەی سی ساڵێک دەبوو، نەبیل کورتە باڵا بوو، دوو ساڵ لە برا گەورەکەی بچوکتر بوو، وەسفی برا بچوکیان بوو، ئەم خێزانە کچیان نەبوو، وەسفی تەمەنی نزیکەی بیست و شەش ساڵ دەبوو. دەرچووی ئامادەیی کشتوکاڵ بوو، دواتر پیشەی بەرگدووری هەڵبژارد لەشار دوکانێکی بچکۆڵانەی کردەوە، ماڵی مام زۆراب دراوسێ یان بوو، دیوارێکیان بەین بوو، مام زۆراب دوکانی وردە واڵەی هەبوو، کچێکی هەبوو بە نێوی مونا، چهرەی سپی و چاو شین بوو، جوانترین کچی گوند بوو، خۆشبەحاڵی ئەو کەسەی سەردانی دوکانەکەیانی دەکرد، چاوی بە جوانترین کچی گوند دەکەوت، وەسفی حەزی لە مونا بوو، هاوینان لە بەر دەرگا بە دوو قوڵی ژووانیان دەبەست، وەسفی گەنجیکی باریکەڵەی درێژی قۆز بوو، خەڵکی گوند پێ یان وابوو مونا دەبێتە نسیبی وەسفی بەڵام مەخابن ڕانندەیەکی بارهەڵگری نەوت لە نێوان بەغداو پاڵێشگا ئیشی دەکرد ناسیاوی لەگەڵ ماڵی مونا پەیدا کرد، هەر هەڵی بۆی برەخسایە سەردانی ماڵی مونای دەکرد ئیدی هەموو خەڵک دەیزانی فەریدی ڕانندە داوای مونا دەکا، مونایش لە ژێر فشاری دایک و باوکی ڕازییە، کاتێ مونایان گواستەوە وەسفی ماوەی هەفتەیەک دووچاری خەمۆکی بوو، دواتر دەستی کرد بە گیتار ژەنین بە ئاوازی خەمناک لەسەر ژێی دي. چەند ساڵێک ئیشی کرد وەک بەرگدروو تا وەکو توانی ئۆتۆمبیلیکی مۆسکۆ فیج بکڕێ و هاتۆچووی دوکانی پێ دەکرد، گوندەکەیان دوو کیلو مەتر لە شارەوە دوور بوو، لە سەردەمی بەعس نێوی گوندەکەیان گۆڕی بۆ گەڕەکی بڵێسە تەنانەت پاسی حکومی پیا تێدەپەری بە نرخێکی هەرزان، نەبیلی برای دەرچووی سێی ناوەندی بوو لە دەزگای هەواڵگری دەوڵەت ئیشی دەکرد، لەو بازگەیە ڕادەوستا کە لە نێوان شارو گەڕەکی بڵیسە بوو خەڵکی گوندی دەپشکنی بەم هۆیەوە خەڵکەکە زۆر ڕقیان لێ دەبووەوە، ئاخر ئەوەی بەعسی تۆخ نەبوایە نەیدەتوانی لە دەزگای هەواڵگری دەوڵەت کار بکا.

کویخای گوند و خزمەکانی هەرچەند بەڕواڵەت لەگەڵ میری بوون بەڵام مەیلی کوردایەتیان هەبوو، هەر بۆیە رۆژێکیان پەلاماری ماڵی مام رەحمانیان داو کوڕەکانی بەر لێدان کەوتن بەشێوەیەک سەرو گوێلاکیان خوێناوی بوو تاوەکو بە ناچاری شکاتیان کرد لای میری ئیدی کەس نەوێرا دەستدرێژی بکاتە سەریان، نەبیل وێرای ئیش کردنی لە دەزگای هەواڵگری ماتۆری سواری چاک دەکرد، جارێکیان سێ ماتۆری خراپی جاوەی کڕی و هەڵی وەشاندەوەو دانەیەکی چاکی لێ دروست کرد ئیدی بە ماتۆری جاوە هاتۆچووی دەکرد، کاتێ لێدەخوڕی دوکەڵیکی چڕی شین بە دوای خۆی دا جێدەهێشت.

 کوڕەکانی مام رەحمان زیرەک بوون لە ماڵەوە دەزگای دڵوپاندنیان هەبوو، خۆیان دروستیان کردبوو، پێکهاتبوو لەمەنجەڵیکی هەڵمپەست و چەند مەترێکی بۆڕی مسی لوول دراو، جۆیان دەکوڵاند لەگەڵ گوڵی (دینار) کە لەهەندی شوێن پێ دەڵێن جەنجەر بە ئینگلسی پێ دەڵێن (هوپس) تێکەڵیان دەکرد لەگەڵ بڕێک شەکر و هەویر ترش لە لایەکی دی بەو دەزگای دڵوپاندنە رۆنی گوڵیان دەگرتەوە، لەباغچەیەکی نزیک گوندەکە گوڵیان دەڕنی و لەماڵەوە رۆنەکەیان هەڵدەهێنجان دواتر تێکەڵی ئەلکولیان دەکرد تەنانەت ئەلکولەکەش بە ئاوو شەکر و خومرە لە ماڵەوە دروستیان دەکرد، لە لایەکی ترەوە زوهرای دایکیان زۆر دەست ڕەنگین بوو وێڕای پێشەی دەم و چاو هەڵگرتن لە ماڵەوە سابونی دروست دەکرد بەشێوەیەک کە سەوداو زەیت و مادەی گیریسلینی تێکەڵ دەکرد و دەیکوڵاند  وەک قالب دەریدەکرد، بەرهەمەکانیان ئەدایە ماڵی مام زۆراب لە دوکانەکەیان بۆیان دەفرۆشت بەرانبەر بڕی پارە کە لەسەری پێکهاتبوون، بەرهەمەکانیان بریتی بوو لە بیرە و بۆن و سابون بە نرخێکی هەرزان دەیانفرۆشت، گەنجانی گوند ئەوەی حەزی لێ بوایە، ئێوارانی رۆژی هەینی چەند بیرەیکیان لە ماڵی مام زۆراب دەکڕی و خۆیانی پێ مەست دەکرد هەروا سابون و بۆنەکەشیان رەواجی هەبوو لای خەڵک تەنانەت خەڵک لە شارەوە دەهاتن بۆ ماڵی مام زۆراب بیرەو بۆن و سابونیان دەکڕی، لەبەر ئەوەی هەم هەرزان بوو هەمیش جورەکەی باش بوو، زوهرای دایکیان کە سەردانی دڕاوسێ یەکانی دەکرد بەمەبەستی دەم وچاو هەڵگرتن، چەند بوتڵە عەترێکی بچوک ، بچوک لە گیرفانی زبونەکەی دابوو بە نیازی فرۆشتن.

مەهدی برا گەورەیان یەکی بوو لە خوشنووسانی پارێزگاکە تەنانەت نێوی لە نێو ئاماری خوشنووسان بڵاوبوەوە هەروا ڕادیوو تەلەفزیۆنی چاک دەکرد، مەهدی و نەبیل هەمیشە لە نێو گاراجەکەیان خەرێکی کاری فیتەری بوون، کۆڵانێکی تەسک دەرۆیشت بۆ بەر دەرگای ماڵەوەیان هەر بۆیە کاتێ وەسفی ئۆتۆمبیلی مۆسکۆفیجی کڕی نەیتوانی بە کۆڵانەکەیا تێپەڕێ ناچار ئەم لاو ئەو لای کۆڵانەکەیان بە تیشوو تاشی و بەم شێوەیە کوڵانەکەیان گەورە کردەوەو ئیدی بە شینەیی ئۆتۆمبیلکەی پیا دەرۆیشت، رۆژێکیان مەهدی  ئۆتۆمبیلێکی فوڵکس ڤاکنی کڕی و لە گاراجەکەیان داینا، چەند رۆژێک خۆی و نەبیلی برای خەرێکی هەڵوەشاندنەوەی ئۆتۆمبیلەکە بوون، خەڵکی گوند نەیاندەزانی کە بۆ چی ئۆتۆمبیلەکەیان هەڵوەشاندەوە تومەز ئەمان بە تەمای هەنگاوی گەورەترن. هەروا ماشینی لەحیم کردنیان کڕی و دەستیان کرد بە دروست کردنی پەروانەیەکی سێ پەڕە، دەنگۆی ئەوە لە ناو گوند بڵاوبۆوەوە کە مەهدی و نەبیل بە تەمای دروستکردنی هەلیکۆپتەرن، خەڵکەکە بوون بە دوو بەشەوە هەندێک دەیانگووت ئەمانە خێزانێکی زیرەکن دەتوانن هەلیکۆپتەر دروست بکەن هەندێ خەڵکیش بە گومانەوە بۆیان دەڕوانین و دەیانگووت ئەمانە شێتن هەلیکۆپتەر چۆن بە مان دروست دەکرێ تا دوای ماوەیەک تێپەڕی، لە رۆژێکی هاوین سەعات دوازدەی نێوەرۆ کاتێ قوتابیان بەر دەبوون لە دەوام، خەڵکی گوند مەهدیان بینی لە نێو هەلیکۆپتەری سپی دایەو بە ئاسمانی گوندەکە دەسۆڕێتەوە، مناڵ و گەورەی گوند چوونە سەربان دایان لە چەپڵەوەو دەستیان ڕاوەشاند، مەهدیش لە ئاسمانەوە سڵاوی لێ دەکردن، لە سۆڕانەوەی دا خۆی لە ئاسمانی شار بێبەش نەکرد.

خەڵکی شاریش سەرسام و حەپەسا بوون، دیار بوو پێش وەخت دەزگاکانی ڕژێمیان ئاگادار کردبوەوە کە بەتەمای دروستکردنی هەلیکۆپتەرن ئەگینا بۆ خەڵکی ئاسایی قەدەغە بوو.

دوای هەفتەیەک بەرنامەیەک هەبوو لە تەلەفزیۆنی بەغدا بە نێوی (زانست بۆ هەمووان) پێشکەشەکەری ئەو بەرنامەیە کامیل دەباغ بوو دەعوتی نارد بۆ مەهدی و نەبیل وەک دوو داهێنەر چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ساز کرا و بەهەموو خەڵکی ئیراق ناسران، رۆژێ دوایی رۆژنامەی کۆماری وێنەو رێپۆرتاژێک لەسەر خۆیان و خێزانەکەیان بڵاوکردەوە، مەهدیش دەرچووی سێی ناوەندی بوو بەڵام وەک پاداشت وەزارەتی پەروەردەی پارێزگا هەردووکیانی دامەزراند وەک دوو مامۆستای ئامادەیی پێشەسازی، ئیدی خەڵکی گوند بەڕێزەوە سەیری ئەم خێزانەیان دەکرد لەلایەکی دی ڕقیان لێ دەبوونەوە لەبەر ئەوەی بەعسی بوون، دوای ماوەیەک ژنیان بۆ مەهدی هێنا لە گەڕەکێکی شار کچێکی تاقانەی ماڵە هەژارێکیان دۆزییەوە بە نێوی نەسرین، بە بێ دەنگی مارەیان بڕی کەسیان دەعوەت نەکرد! دواتر چوون بۆ مانگی هەنگوین، دەبێ ئەوەش بڵێن ماڵی مام رەحمان خزمیان نەبوو نە لە نێو گوند نە لە دەرەوەی گوند، نە مام رەحمان برای هەبوو نە دایکە زوهرا خۆشکی هەبوو، خەڵکی گوند دەیانگووت کاتێ خۆی بە گەنجی لە ئیرانەوە هاتوون تا وەکو ساڵی ١٩٧٩- ١٩٨٠ ڕژێمی بەعس کوردە فەیلیەکانی دەرکرد بەرەو ئیران و لەسەر سنوور فڕیان دان بە بێ ئەوەی هێچ شتومەکیکی نێو ماڵ لە گەڵ خۆیانا بەرن تەنانەت پارەو زێڕێشیان لێ وەردەگرتن، ماڵی مام رەحمان بەری ئەم شاڵاوە کەوتن، رۆژێکیان لە کۆتایی وەرزی زستان دا پیکاپێکی ئاسایش لە شارەوە هات، مام رەحمان و دایکە زوهراو هەرسێ کوڕکانیان و بووکەکەیان سوار کرد بەرەو سنووری ئیران بردنی، ئەمجارەیان بەدڵێکی تەنگەوە لە نێو پێکاپ دا دوا ماڵئاواییان لە خەڵکی گوند کرد، ئەو گوندەی کە یادەوەری شکست و سەرکەوتنیان تیا تۆمار کرد بوو، کاتێ خەڵکی گوند چوون بۆ سەیری پاشماوەی ماڵەوەیان جۆرەها پەرتووکی زانستی یان دۆزییەوە لە نێویاندا دەفتەرێک بوو کۆنووسی کۆبوونەوەی نەبیلی تیا بوو لەگەڵ حزبی بەعس لەساڵی شەستەکان پێش هاتنە سەر کاری بەعس بەڵام بەعس ئەوەی لە بەرچاو نەبوو هەموویانی رەوانەی ئەو دیوی ئیران کرد.

 

هاوڕێ نەهرۆ / نەرویج

١٦ / ٣ / ٢٠٢١ماڵە جۆکەرەکە