فەڕۆخ نێعمەتپوور

کتێبەکانم دێنەوە بیر. دەیاندەمێ. یەکیان ناوەکانی سەر بەرگەکان دەخوێنێتەوە و، سووڕێک نیگای بە ناو لاپەڕەکاندا دەگێڕێ. لەگەڵ هاوڕێکەی بە چرپە دەدوێ. ئەوسا پێش خۆیانم دەخەن. نازانم بۆ، بەڵام زۆر ئاسان لەگەڵیان دەکەوم. نە پرسیارێک دەکەم بۆ کوێ و نە دەڵێم بۆ. وەک بڵێی من تەنیا دەبێ بەقسەیان بکەم و تەواو.

 

لە بیرم دێت (٥)

 

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کەمێکی تر خۆم لە ژێر لێفەکە دەخافڵێنم. هەستدەکەم نایەتەوە بیرم کە لانیکەم دوێنێکە بیستبێتم ئەمڕۆ جەژنە. لام سەیرە. جاران، لە یەک مانگ لەوە پێش باس باسی جەژن بوو. سەیرتر ئەوەیکە کتوپڕ هەستدەکەم روخساری دایکم وەک جاران نەبوو و جۆرێکی تر بوو. بەپەلە لێفەکە لادەدەمەوە. دایکم، پشتی لە من خەریکی شتێکە. چاوێک شێتانە بە ژوورەکەدا دەگێڕم. ژوورەکەیش کەمێک گۆڕاوە. هاواردەکەم دایکە! دایکم بێ ئەوەی لابکاتەوە، دەڵێ چییە رۆڵە؟ دیسان هاواری لێدەکەمەوە. روخساری دایکم لانیکەم دە ساڵ پیربووە! بە سەرسوڕمانەوە لێی ورددەبمەوە، بەڵام دڵم نایەت هیچ بڵێم. لەناو هەستە دژبەیەکەکانی خۆمدا ماومەتەوە. مەگەر منداڵێکی دوانزە ساڵان نەبوو دوێ شەو لە حەوشە دانیشتبوو و لە ئاسمانی دەڕوانی؟ باشە ئەم بەیانییە بۆ ئەوەندە ئاسان باوەڕم بە ریش و سمێڵی خۆم هێنا؟ دەستێکیان پیادێنمەوە. دەڵێ "هەستە، ئیتر ئیستا بەرەبەرە باوکت و باوەگەورە دێنەوە، بۆ نوێژی بەیانی چوون بۆ مزگەوت، ئەمڕۆ مەلا خوتبەی تایبەتی هەیە، ئەوەندەی نەماوە سەروسەکوتی میوانەکانی رۆژی جەژنیش پەیداببەن،... دەی یاڵڵا رۆڵە!"

من لە ژێر زەبری هەبوونی راستەقینەی دایکم و روخسار و قسەکانی، باوەڕدێنم کە ئەوەی دەیبینم راستە، نەک ئەوەی بیری لێدەکەمەوە. هەرچەند هەرچی دەکەم پیربوونی دە ساڵەی کتوپڕی دایکمم بۆ چارەسەرناکرێ. کە باوکم و باوەگەورەیش دێنەوە، دەبینم ئەوانیش زیاتر بە تەمەندا رۆچوونەتە خوارەوە، خوشک و براکانم گەورەتر بوونە و بگرە پووریشم سەروچاوی داژەنراوە. ئەو کە قەت لەچکی بە سەرەوە نەبوو، دەبینم لەچکێکی رەش کە بە جوانی لە ژێر چەناگەیدا گرێیداوە پێستی سپیی روخساری ئەوەندەی تر سپی دەنوێنێ. بەپەلە روودەکەمە کتێبەکانم. دوو کتێبی ئەو ساڵانە وا لە کتێبخانە وەرمگرتبوون هەر لەوێ لەسەر تاقەکە ماون. دوو کتێبی تایبەتی مێردمنداڵان. کۆنن. رەنگ و روویان هەڵبزرکاون و لاپەرەکان بۆربوونە. یەکیان تایبەت بە رووداوەکانی ژیانی مێردمندالێک بە سواری بەلەمێکەوە روو لە دونیا دەکا و ئەوی تریان 'بیست و چوار کاتژمێر لە خەو و بێداریدا' لە نووسینی سەمەد بێهرەنگی. باسی منداڵێک کە لە گەڵ باوکی لەبەر هەژاری و بۆ پەیداکردنی کار و بژیوی روودەکەنە تاران. باوکی دەبێ بە دەستفرۆش. لە دووای هەندێ رووداو مندالەکە لە کۆتایی کتێبەکە ئارەزووی ئەوە دەکا کە تفەنگی پشت ویترینی دووکانێکی فرۆشتنی کایەی منداڵان هی ئەو بێت. لەبیرم دێت ئەم رستەیەی دووایی، هەڵگری جۆرێک لە رق و لە تۆڵەسەندنەوە یاخود هەوڵدان بۆ وەرگرتنەوەی شتێک بوو. جوان نایەتەوە بیرم. ساڵانی ساڵ لەوە پێش خوێندبوومەوە. روودەکەمە دایکم و دەڵێم دایە ئەم کتێبانە لە کەیەوە لێرەن. دایکم دەڵێ رۆڵە گیان چووزانم، ئەوەتەی لە کتێبخانەوە هێناوتن!

پوورم لەم کاتەدا دێتە ژوورەوە. دەڵێ دوو جار بە نامە ئاگاداریان کردینەوە ئەم کتێبانە بەرینەوە، نەتبردنەوە؛ بەڵام فریانەکەوتن جەریمەمان بکەن. دۆخ گۆڕا.

دۆخ گۆڕا! حەزدەکەم بپرسم چۆن. بەڵام هیچ ناڵێم. شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ پەلەمەکە، پێم دەڵێ تۆ کتێبخوێنی و نابێ وەک کەسی حۆلکە بێیتە بەرچاو.

من بۆ ئەوەی بزانم چی روویداوە، روودەکەمە دەرەوە. کۆڵان و گەڕەک حاڵ و هەوای جەژنیان هەیە. پیاوەکان بە دەستە، یان دوو دوو و بە تەنیا بۆ جێژن موبارەکی روو لە ماڵان دەکەن. کۆڵانەکان خاوێنن و جووڵەی ئاسایی رۆژانی پێشوو نابینرێ. لە شەقامیش هەموو دووکانەکان داخراون و گەنجەکان پۆل پۆل راوەستاون و پێکەوە دەدوێن. بۆنی بخور و عەتر لە هەموو شوێنێک دێتە لووت. تەنیا شتێک جیاوازدەنوێنێ تێپەڕینی تاک و تەرای ئەو ماشینانەیە وا هەندێ پیاوی ریشنیان تیایە بە جلوبەرگی سەربازییەوە، ئەو جلوبەرگەی لەوەی لەوە پێش من بینیبووم، جیاوازبوون. تەنانەت وێنەکانی شایش نەماون. بەسەر دیوارەکانەوە هەندێ دروشمی سەیرو سەمەرە دەبینرێ. لەبیرمە ئەمەیشم قەت نەبینیبوو. نە کەس لە گەنجەکان دەناسمەوە و ئەوانیش چەند بە تەعەجوبەوە لێم دەڕوانن.

بەپەلە دەچمەوە بۆ ماڵەوە. نا، نابێ ئەمڕۆ روو لە زۆر شوێن بکەم. دەبێ لە ماڵەوە دابنیشم و چاوەڕوانی کۆتایی جەژن بم. تەنیا شتێک لە ماڵەوە ورەم پێدەبەخشێ و دڵخۆشم دەکا ئەوەیە لەوێ تا رادەیەکی زۆر هەموو شتێک وەک جارانە. تەنانەت بەردەنوێژەکەیش. باشە لەو کاتەوە منداڵی ناو چیرۆکەکەی سەمەد تاسەی تفەنگی پشت شووشەکەی کردبوو، چی بەسەر دونیادا هاتبوو؟

پوورم کە دەتوانێ چاوەکانم بخوێنێتەوە (دیارە هەمیشە لەم توانایە بەهرەمەند بووە)، دەڵێ پەلە مەکە، عادەت دەگری! دەلێ تازە تۆ بەختت هەبوو کە کتوپڕ گەورە بووی و ئاگات لەو ساڵانە نەبوو! من دیسان ناوێرم پرسیاربکەمەوە. نەکا تاوانی کتێبەکان بێت، یان نا، تاوانی پوورم خۆی کە بە بەڕێکردنی من بە ناو جادەکەدا دەرفەتی دیتنی ئەوەی لێ سەندم وا لە ناو شار روویاندەدا. رێک لە پشت سەرمەوە.

پرسیارێکی زۆرم لە مێشکدایە. حەزدەکەم لیی پرسم هەموو ئەوانەی دەمناسین چییان لێ بەسەرهاتووە. گەڕەکەکان، ئەی ئەوەی وا بە دەم خوێندنەوەی رۆژنامەوە روو لە شاخەکەی باشووری شار، گوێی لە گۆرانی و مۆسیقا هێمنەکان دەگرت. داخۆ ماون.

لە ماڵەوە جگە لە برایەکی بچووکم کە تەمەنی دەساڵانە، کەسی تر لە تەمەنی وەرگرتنی جێژنانەدا نەماوە. ئەوە چایی دادەنێ، نوقڵ دەگێڕێ و لە کاتی خواحافیزیکردنی میوانەکان لەبەر دەرگای ژووری میواندا لە تەنیشت باوکم رادەوەستێ و چاوەڕوانی جێژنانەیە. زۆربەی کاتیش بەریدەکەوێ. کە ئێوارێ دێ و جەژن روو لە کزی دەکا، پوورم بانگی لێدەکا و هەرچی پووڵ لە گیرفانیانە لێی دەستێنێ. براکەم نایداتێ، دەگری، شەڕی خۆی دەکا، بەڵام بێسوودە. پوورم لای وایە ئەو پووڵە هی هەموو منداڵەکانی تریشە، بە تایبەت کچەکان کە هەموو ئەو رۆژە چاییان تێکرد و پیاڵەیان شۆرد و خزمەتی خێزان و میوانیان کرد. جا با تەمەنیشیان کشاوەتر بێت. بەم شێوەیە براکەم تەنیا بەشێکی کەمی پێ بڕا. ئەو تەنیا توانی ئەو تفەنگەی پێ بکڕێ وا ماوەیەکی زۆر بوو خەونی پێوە دەبینی.

دووانیوەڕۆ دەچمەوە ژووری دانیشتنەکە. حەزدەکەم زەنگێک بۆ جەمشید لێبدەم. روودەکەمە تاقەکە. چی! تەلەفۆنەکە نابینم! سەیری پوورم دەکەم. دەڵێ چیتر لە شار تەلەفۆنی ماڵان نەماوە. دەڵێ گەر دەتەوێ لەگەڵ کەسێک قسەبکەی دەبێ بچی و راستەوخۆ بیبینی. شەویش کاتێک دیسان وەک جاران خێزان دادەنیشنەوە و تەلەفزیۆنەکە دەکەنەوە، دەبینم بەرنامەکان وەک ساڵان نین. نە گۆرانی بێژێک و نە سەمایەک و نە ئەو ژنە شۆخ و شەنگانەی وا باوەگەورە چاوی تێدەبڕین. لە هیچ شوێنێکی ماڵەکەیشدا رۆژنامەیەک نابینمەوە. باوکمم زۆر بێدەنگ دێتە بەرچاو. وەک بڵێی بەردەوام نایەوێ باوەڕ بە شتێک بکا. شتێک کە روویداوە و تازە کەس هیچی پێناکرێ. وەک بڵێی حەمە سوور تەقەی خۆی کردبوو و بۆ هەمیشە شووشەی پەنجەرەکەی ماڵی خازوڵەیخای شکاندبوو. من لە کتێبەکاندا خوێندبوومەوە ئەوەی روویدا تازە روویداوە و گەر دەتەوێ چیتر درێژەی نەبێ دەبێ بیر لەوەی بکەیتەوە کە لە داهاتوودا روودەدا نەک ئەوەی لەوە پێش هەبوو و دەتەوێ دیسان رووبداتەوە. هەستدەکەم باوکم وڕە. وڕی زەبری هێزێکی پڕ هێز کە بە هەموو جۆرێک لە هەموو شوێنێکەوە داگیرت دەکا و،... تەواو. وڕێک تەژی لە تەسلیمبوون و بڕوا بە بێ هێزیی خۆت. باوەگەورەیش لەوە دەچێ لە خەون و ئارەزووی ژنهێنانێکی تر بۆ هەمیشە وازی هێنابێ. هەستدەکەم ئەو شوێنەی ئەو ساڵانی ساڵە لەسەری دادەنیشێ، وەها بەوەوە دەقی گرتووە کە تازە کەسی تر لەوێ ناتوانێ دابنیشێ. شوێنێک لە بەر پەنجەرەکە، شانی چەپی رووەوە کۆڵان و پشتی لە باشوور. عادەت باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشا. رەنگە لەوە ترسابێ کە ناشوکر بووەو قەدری تەلەفزیۆنەکەی جارانی نەزانیبێ. مەگەر قەناعەت شەرتێکی گرینگی شوکرگوزاریی مرۆڤ بۆ خواوەند نەبووە! یان رەنگە هی بچووکبوونەوە جەستەی بێت. باوەگەورە بچووکتر دەنوێنێ. کە تووڕەیش دەبێ دەنگی زۆر بڕناکا. نیگاکانی چەند غەمگینن.

من ئەو شەوە سەر لە نوێ بە یادی جاران هەر دوو کتێبەکە دەخوێنمەوە. چەند سادە و ساکار دێنە بەرچاوم. نەکا هەموو ئەو شتانەی وا لەم دە ساڵەدا روویانداوە شتێکن لە چەشنی سەفەری مندالەکەی ناو کتێبەکە و، حەزی ئەوی تریان بۆ تفەنگ. یان رەنگە تێهەڵکێشێک لە هەر دووکیان بێت. دەمەوێ بچم و گلەیی لە پوورم بکەم کە لەگەڵ ئەوەی فێری جادە بەناوبانگەکەی کردم، بەڵام قەتیش نەیپرسییەوە ئەرێ چۆ دەگوزەرێ. راستی بەڕاستی ئەو جادەیە بەناوبانگە، یان هەر لای من وایە.

نا، نابێ پەلە بکەم. خۆ من جارێکە لە ماڵ بە جوانی نەچوومەتە دەرەوە. باشە ئەم خەیاڵاتە چن هەڵمدەگرن؟ لام سەیرە. وەک بڵێی کەسێک خزابێتە ناو جەستە و مێشکمەوە و لە جیاتی من بیردەکاتەوە. منێک کە تازە لە خەوێکی قووڵی دە ساڵە بەئاگاهاتووم، تەنیا دەبێ چاوەڕوانی رووداوەکانی داهاتوو بم.

باوکم دەڵێ خەفەت مەخۆ تەواوی ئەو ساڵانە من هەموو رۆژێک هەر ئەوەندەی رۆژنامەم دەستکەوتایە خێرا بۆم دەخوێندیتەوە؛ پوورم دەڵێ منیش هەر چی رۆمانی دونیایە لە کیسم نەدا و بۆم خوێندییەوە. هەر دووکیان دەڵێن تەنیا ئەوەندەی تۆ بە چاوەکانی خۆت شتەکانت نەبینی.

ئەمەیش جۆرێکە لە خوێندنەوەی مێژوو.

شەو کە دێت بۆ یەکەم جار جێگای من لە ژووری باوەگەورە رادەخەن. خوشک و براکانیشم هەر هەموویان لە ژووری دانیشتنەکە لەگەڵ پوورم دەخەون. سەرئەنجام لە دووای ساڵانی ساڵ دایکم و باوکم تەنیا بە جووتە ژووری خۆیان بەردەکەوێ. باوەگەورە نەک تەنیا توورە نیە، بەڵکو خۆشحاڵیشە لەوەی من لە ژوورەکەی ئەودا دەنووم. تەنیا ئەوەندەی، دەبێ من لە لاخوارووەوە بم. تاقمەکانی دەردێنێ و دەیانخاتە لێوانە ئاوەکەی بەر پەنجەرەکە. ئەو شەوە هەستێکی غەریب رووی تێکردم. وەک بڵێی فڕێیان دابێتمە دەرەوەی مێژوو،... مێژووی منداڵی. ئەو شەوە لە کاتێکدا باوەگەورە بە بێ تاقمەکانی دەیپرخاند و دەیفیشکاند، زانیم لەگەڵ سەردەمێکی غەریب، سەردەمی منداڵیی منیش بۆ هەمیشە کۆتایی پێهاتبوو.

 

دوو کتێبەکەی دە ساڵ لەوە پێش دەخەمە بن باخەڵم و بەرەو کتێبخانەکە بەڕێدەکەوم. جادەکە وەک جاران نەماوە. بە درێژایی شەقامەکە دوو بینا گەورەکەی دەستی چەپی کە لەوە پێش یەکیان دیواری بەرزی حەوشەی پشتەوەی فەرمانداری بوو و ئەوی تریان ئیدارەی پۆست، کرابوون بە بنکەی سەربازی. لە دوو شوێن بە سەر حەسارەکەوە پۆستی بڵیند بەو چەکدارانەی ناوییەوە دەبینران کە بەرزبەرز بەسەر رێگاکە و کۆڵانەکانی دەرورووبەردا دەیانڕوانی. ئیدارەی پۆستی جارانیش لەبەر دەمیدا سەنگەرێک و چەند ماشینی سەربازی! هەنگاوەکانم ئارام دەکەمەوە. هەر وەک دە ساڵ لەوە پێش جادەکە چۆڵە. شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ باش نیە بە بەردەمی ئەم هەموو دیمەنە تازەدا تێپەڕم، بەڵام تازە هاتووم. لە کتێبەکانی بن باخەڵم دەڕوانمەوە. حەزدەکەم بیانخەمە بن کراسەکەمەوە! دیسان شتێک دەنگم دەدا نا وا مەکە، دەڵێ هەر بەو شێوەیە بەردەوام بە. بەردەوام دەبم. لە دوو سەنگەرە بەرزەکە دەڕوانم. حەرەسەکانی ناویان بەدەرەوە نین. جگە لەوە بەرزن، رەنگە دەنگ و نیگاشیان نەگەنە من. منێک کە لە ژێریانەوە دەڕۆم. کە دەگەمە ئیدارە کۆنەکە، ئاگام لێیە نیگابانەکە لەگەڵ قایشی چەکەکەی لە کاتێکدا لەسەر کورسییەک دانیشتووە، وەڕەزانە کایەدەکا. بە بینینی من لێم ورددەبێتەوە. زۆر گەنجە. تەنانەت ریش و سمێڵیشی نەهاتووە. تەمەن رەنگە لە دەورووبەری شانزە ساڵدا. ئارام لە کاتێکدا نیگا دردۆنگەکانی لاملم گەرم دەکەنەوە، تێدەپەڕم. دەنگی هاڕەی ماتۆڕی لەنەکاوی یەکێک لە ماشینەکان دامدەچڵەکێنێ.

باشە ئەم ترسە کتوپڕیانە لە کوێوە دێن!

درەختەکان بە درێژایی جادە زیاتر باڵایان کێشاوە و چروپڕتر لێک ئاڵاون. وەک بڵێی شوێنێکن بۆ خۆحەشاردان. بانگم دەکەن. سەرهەڵدەبڕم و بە خۆم دەڵێم بەردەوام بە. دیسان بەردەوام دەبم. قیڕەقیڕی قەلەڕەشێک لە با دەئاڵێ و لە شوێنێک وندەبێ. جارێکیان پوورم گوتی دەنگە دوورەکان زۆر جار خەیاڵ لەگەڵ خۆیان دەبەن.

لە کتێبخانەکە نزیک دەکەومەوە. شتێک لە دوورەوە هەڵەیە. نزیکتر دەکەومەوە. بە دەرگاکەوە قوفڵێکی زلی ژەنگاوی دەبینم. شووشەی پەنجەرەکان یان شکاون، یان درزیان بردووە. دەعەبەسێم! هەروا لەبەر خۆمەوە لێی دەڕوانم. تۆزی سەر پلیکانەکان پێم دەڵێن لەمێژە مرۆڤێک لێرەوە تێنەپەڕیوە. سەردەکەوم. قوفڵە ژەنگاوییەکە بە دەستی چەپم دەگرم. سەر بە شووشەکەوە دەنێم و لە ژوورەوە دەڕوانم. چۆڵ چۆڵە. جگە لە چەند کورسیی لەت و پوت، خشت و بەرد و چەند کۆگای بچووکی خۆڵ کە لێرەو و لەوێ کەفەکەیان داپۆشیوە، چیتر نابینم. سیمەکانیش بێ گڵۆپ خەمگینانە بە سەقفەکەوە شۆڕبوونەتەوە. باشە کتێبەکان بۆ کوێ چوون؟ لەم ساڵانەی دووایی چییان لێ بەسەرهاتووە؟ لەم سەر تا ئەو سەری کۆڵان کەسێکی لێ نیە وەڵامی پرسیارەکەم بداتەوە. دەزانم و دڵنیام لە ساڵە قەرەباڵغ و دژوار و پڕ لە رووداوەکاندا ئەوانیش شوێنێکیان هەیە بۆ مانەوە و بۆ رووانین و بۆ لەبیرمانەوە. لە کوێ؟ نازانم. لەم خەیاڵانەدام کتوپڕ کەسێک لە دوواوە دەنگم دەدا. لادەکەمەوە. دوو چەکدارن. لێم دێنە پێشەوە.

ـ ئەوە چییە پێتە؟

کتێبەکانم دێنەوە بیر. دەیاندەمێ. یەکیان ناوەکانی سەر بەرگەکان دەخوێنێتەوە و، سووڕێک نیگای بە ناو لاپەڕەکاندا دەگێڕێ. لەگەڵ هاوڕێکەی بە چرپە دەدوێ. ئەوسا پێش خۆیانم دەخەن. نازانم بۆ، بەڵام زۆر ئاسان لەگەڵیان دەکەوم. نە پرسیارێک دەکەم بۆ کوێ و نە دەڵێم بۆ. وەک بڵێی من تەنیا دەبێ بەقسەیان بکەم و تەواو. دەمبەنەوە بەر ئیدارە کۆنەکەی پۆست. لەوێ لەگەڵ کەسێکی تر دەدوێن و ئەوجار سوار ماشینێکم دەکەن و دەڕۆین. رێک بە ناو گەڕەکی خانە سازمانییەکاندا دەڕۆین. ئای ئەوێیش چەندە گۆڕاوە. نە پاسکیلەکان ماون و نە کچانی گەڕەک و نە لە سەوزەڵانیی حەوشەکانی جاران. جۆرێک لە فەزای خۆڵەمێشی هەموو شوێنێکی داگیرکردووە. دیوارە تەلەکان نەماون و حەسارە بلۆکەکان جێگایانی گرتووەتەوە. لەبەر دەرگای ماڵی ئاغای ئەسەدەی دوو پیاوی ریشن بە جلوبەرگی سەربازییەوە لەگەڵ ژنێکی چارشێوبەسەر کە تەنیا روخساری بەدەرەوەیە، راوەستاون و قسەدەکەن. ژنەکە چاوی لە سەر عەرزەکەیە. وەک بڵێی لەگەڵ ئەوان نادوێ. هەرچەند دوو پیاوەکە روویان لەوە. کە تێدەپەڕین دەبینم 'ژێ سێ' یەک بە دەستی چەپی ژنەکەوەیە. نا، لەوە ناچێ گەڕەک هیچ بنەماڵەیەکی تیامابێ. ئەوسا لەسەر چەند سووچێکی جادەکان، لەو شوێنانەی شەقامەکان بەیەکتر دەگەنەوە، سەنگەرەکان دەبینم. رقم لە خۆمە لە پوورم نەپرسی داخۆ لە ماوەی ئەو دە ساڵەی من خەوم لێکەوت چی بەسەر نیشتماندا هاتبوو. یان رەنگە من دەبێ خۆم بە شوێن وەڵامەوە بم. لە گەڕەکەکە دەترازێین و دەگەینە بینایەکی قەبە. من ئەمەم لەبیر نایەت. ئەوێیش سەنگەرێک لەبەردەمیدایە و چەند ماشینێک راوەستاون. دەمبەنە ژوورەوە. پیاوە ریشنەکان لە هەموو شوێنێک هەن. پاش ماوەیەک چاوەڕوانی لە هۆڵێکی درێژدا، دەرگای ژوورێک دەکرێتەوە و دەچینە ژوورەوە. پیاوێکی کەتەی چاویلکە لەچاو کە دەڵێی ئاسمی هەیە و بە دەستی راستی بە خودکارێک کایەدەکا، بەچاو پێم دەڵێ دانیشە. لەدووای نووسینی ناو و ئادەرسی ماڵەوە و ناوی باوکم و دایکم، لە ئیش و کارم دەپرسێ.

ـ بێکارم.

ـ بێکار؟

ـ یەعنی بێکار نەئەبووم، بەڵام وای لێهات؟

ـ وای لێهات!

شتێک لە دەروونمەوە پێم دەلێ نابێ باسی دە ساڵەکە بکەم.

ـ بەڵێ وای لێهات.

تووڕە دیارنیە. هەڵدەستێتە سەرپێ و دوو کتێبەکەی من کە لەسەر مێزەکەی بەردەمیدایە هەڵدەگرێ و، لەبەردەمی من لە سەر هەمان مێز دادەنیشێتەوە. کتێبی ئەو کوڕەی وا بە ناو رووباردا بە پاپۆر سەفەردەکا، دەخاتە لاوە و لە کاتێکدا کتێبی بیست و چوار سەعات لە خەو و بێداریدا بە دەستی رادەوەشێنێ، دیسان بە هەمان هێوری دەپرسێ:

ـ ئەمەت لە کوێ بوو؟

ـ هی کتێبخانەیە؟

ـ کوێرنیم، ئەزانم. مەبەستم ئەوەیە لە کێت وەرگرتووە؟

ـ لە کتێبخانە، لە کتێبخانەکەی شار، ئەوەی ناو کۆڵانەکە کە ئیستاکە نەماوە.

ئەوسا باسی ئەو ساڵانەی بۆ دەکەم. شەپەڵاخەیەکی مزر گڕ لە روومەتم بەردەدا. من کە بە منداڵیش ئەگەرچی زۆرم لێ توورەدەبوون و بەڵام قەت لێدانم نەخواردبوو، بە بێ ئیرادە راستدەبمەوە. دانەیەک لە دوواوە توند رامدەگرێ.

ئەو شەوە رامدەگرن. لە ژوورێک وەک ژوورەکەی خۆم لە ژێرخانەکە. یەکەم جارە لە ژیانمدا لە ژوورێکدا دەمێنمەوە بەبێ ئەوەی ئیزنی ئەوەم هەبێ بچمەدەرەوە. بیری خاڵم دەکەومەوە. راستی چی بەسەرهات و ئیستا لە کوێیە؟ نەکا ئەویش هەر ئاوا کاتی خۆی پێوەبووبێ؟ لەسەر تاقە پەتوی چڵکنی سەر چیمەنتۆکە پاڵدەکەوم. سەرەما بەرەبەرە دەکشێتە ناو جەستەمەوە. بێدەنگییەکی سەیر زاڵە. خەیاڵم دەچێتەوە سەر کتێبخانەکە. هەرچی دەکەم ناگەمە هیچ شوینێک. بە خۆم دەڵێم گەر بەتووش باوکم و پوورم و باوەگەورە و مامەکانم و حەمەسوور و بەکرەکوێر و... بوومەوە بێگومان لێیان دەپرسم کە چی روویداوە. هەستدەکەم ئەم چیرۆکە نە تەنیا بە من دەدۆزرێتەوەو نە تەنیا بە منیش دەگێڕدرێتەوە. وادیارە من خەریکە بەرەبەرە دەچمە ناو جیهانێکەوە کە زۆر خێرا دەکرێ دیمەنەکەی بەردەمت لەسەداسەد بگۆردرێ، تەنیا لەبەر ئەوەی شتێکت بەدەستەوەیە هی ساڵانی ساڵ لەوە پێشە. بۆنی سیمان و بەتانییە کۆنەکە مەزاجم تێکدەدەن. بە پشتدا دەکەوم. بەخۆم دەڵێم کە بەتووش خاڵمەوە بوومەوە لێی دەپرسم هەموو ئەو ساڵانەی چۆن چۆنی تێپەڕاندووە؟ دەپرسم داخۆ لەوە تووڕەنیە کەس نازانێ چۆن ژیاوە؟ قاچەکانم ئارەقدەکەنەوە. لەبیری خوراندنیاندام و پێم وایە دەستیشیان بۆ دەکێشم کە خەوم لێدەکەوێ. زەمەن و چیمەنتۆکە لێکدەئاڵێن.

بۆ سبەی باوکم لەگەڵ پیاوێک دێن و من دەبەنەوە. پیاوەکە قاتێکی رێک و پێکی کوردی لەبەردایە بەو جامانە زل و تازەوە وا بەسەر روخساری گۆشتنیەوە لەکەلەکیەتی. پیاوەکە هیچ ناڵێ و تەنیا چەند جارێک لێم دەڕوانێ. من کە جەستەم پڕی سەرمای دوێشەوە و دەڵێی گلێنەکانم بەستوویانە، تەنیا دەڕوانم بە بێ ئەوەی هیچ مەبەستێکم لە رووانین هەبێ. دەمەوێ بڵێم ئەی کتێبەکان. دیسان شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ وس بە! وس دەبم. باوکم دەڵێ سوپاسی کاک بەختیار بکە پیاوەتی کرد و یارمەتی داین و رزگاری کردی. لەبەر خۆمەوە دەڵێم رزگاری کردم. جوان لە بیرم نیە، بەڵام پێم وابێ گوتم سوپاس کاک بەختیار. وەک بڵێی ئەویش زۆری پێخۆش بێت. دیانەکانی کاک بەختیار شتێک بوون لە رەگەزی بەردە سپی و لووسەکانی بن چەم. کاتێک قەرژاڵمان تیادەکوشتن.

کە دەگەمەوە ماڵەوە. دایکم بە باڵامدا شۆڕدەبێتەوە و دەگری. پوورم بە چاوەکانی پێدەکەنێ. باوەگەورە قوڵپی گریانێک لە گەروویدایە. دایکم دەڵێ حەک خوا بە ئاگری جەحەننەم بیانسووتێنێ بزانە بە شەوێک چییان بە کوڕەکەم کردووە. من تا یەک هەفتە تەب و لەرز دەمگرێ و لە جێگادا دەکەوم. سەرمای ئەو شەوە دەڵێی جێگای جەستەمی گرتووەتەوە.

لە دووای ئەوەی چاکیش بوومەوە قەت بۆنی تیکەڵی پەتووە چڵکنەکە لەگەڵ چیمەنتۆکە بەرینەدام. بۆ ساردێک کە هەتا لە ژیاندا مامەوە لەگەڵما ژیا. حەمە سوور کاتی خۆی گوتبووی جا زیندانەکانی ئەو دیو سنوورتان نەبینیوە!

 

هەوڵدەدەم بە بیرکردنەوە لە زەمەن، درێژایی دە ساڵەکە بێنمە بەرچاوی خۆم بۆ ئەوەی لە گۆڕینی دۆخەکە تێبگەم. بۆ ئەوەی تێبگەم ئەوەی هەیە بوونێکی راستەقینەیە و لە راستیدا کات و رووداو دوو رووی لێکجیانەکراوەن. بەتایبەت کاتێک رووداو هەوڵدەدا کات جێ بێڵێ یاخود خۆی بەسەردا بسەپێنێ. زۆو جار وەهایە، یەکیان دەیەوێ ئەوی تریش داگیربکا بۆ ئەوەی بڵێ ئەها چەند دوو گیانین لەناو جەستەیەکدا!

سەرەتا بیر لە رۆژێک دەکەمەوە، ئەوجا لە هەفتە و لە مانگ و لە وەرز و لە ساڵ. ئەوەیکە لە ماوەی رۆژێکدا من چی دەکەم و لە ماوەی هەفتە و مانگ و... . زەمەن بە جوانی لەبەرچاومدا دەکشێ، ئەوسا تێدەگەم کە دە ساڵ یەکجار درێژە. کەواتە گەر لەبەر دەم کات دانیشی و بیر لە ئەو سەری لە داهاتوودا بکەیتەوە، درێژدەنوێنێ؛ بەڵام بەرەو دوواوە شتێکی ترە. هەموو ئەو شتانەی وا روویان داوە، چڕدەبنەوە و لە یەک چرکەساتدا خۆیان دەنوێنن. ناتوانم بەسەر رۆژەکان و هەفتە و مانگ و... دابەشیان بکەم. ئەوەندە لێکدەئاڵێن کە تەنیا وەک جەستەیەکی گەورەی لێڵ و بێ شکڵ خۆیان دەنوێنێ. جا بۆ ئەوەی بتوانم لە زەمەن بگەم هەوڵدەدەم رابردوو وەک داهاتوو لێبکەم. خۆشحاڵم بە شوێنێک دەگەم. کەواتە لەو ساڵانە وا جەمشید ئەلبۆمەکەی پیشاندەدام، یەکجار گوزەراوە. راستی بڵێی جەمشید چی بکا؟ لە کوێ دەژی؟ داخۆ ماون یان نا؟ شتێک لە دەروونمەوە پێم دەڵێ چارەنووسێکی باشیان نەبووە. خازوڵەیخا لای وایە ئەوەی رۆژێک لە رۆژان خراپەی دەرحەق بە کەسێک کردبێ، تەقاسەکەی دەداتەوە، تەنانەت گەر لە بن بەردیشدا خۆی حەشاردابێ. ئەوجا بە بۆچوونێکی تریش دەگەم. ئەویش ئەوەیکە هەموو شتێک بەشێوەیەکی بێڕەحمانە لە گۆڕاندایە. ئەوەیکە گۆڕان تەنیا گۆڕان نیە و ئاراستەیەکیشی هەیە بەرەو لەناوبردنی شتەکان. دڵم دەگوشرێ. خەیاڵی ئەوەیکە رۆژێک دێت و من و باوکم و دایکم و پوورم و هەموو ئەوانەی وا دەیانناسم بۆ هەمیشە بزردەبن، وەها بێ ئۆقرەم دەکا ئەژنۆکانم دەکەونە لەرزین؛... پاڵ بە دیوارەکەی پشتمەوە دەدەم. پووچییەکی پیس سەرتاپام دەگرێتەخۆی. بیر لە باوەگەورە دەکەمەوە. نەکا هۆکاری هەموو تووڕەییەکانی ئەمە بێت؟ نەکا تووڕەیی جۆرێکە لە خۆشەویستی بە ژیان؟

رێک لەم رۆژانەدا بەم جۆرە خەیاڵانەوە، هەواڵێکی ترسناک لە کۆڵانەکەی ئێمە بڵاودەبێتەوە و دەگاتە هەموو شار؛ یان رەنگە لە شارەوەیە بەرەو کۆڵانەکەی ئێمە. نازانم. باسی ئیعدامکردنی کوڕێکی دراوسێی ئێمەیە. ناوی رزگارە. چەند مانگ لەوە پێش گیراوە و ئیستا تەرمەکەی لە مزگەوتەکەی گەڕەکە. رزگار تەنیا دوو سێ ساڵێک لە من گەورەترە. دایکی بە گریان و بە لەخۆدان و خۆڕنین لە بەر پەنجەرەکەی ئێمەوە تێدەپەڕێ. مێردەکەی رایگرتووە و هەوڵدەدا ئارامی بکاتەوە. بۆ خۆی ناگری. سڕسڕ لە دونیا و لە دەورووبەری دەڕوانێ. کەسی تریان لەگەڵ نیە. چەند کەسێک دووراودوور لە گەڵیانن و خەڵکی گەڕەکیش دێنە بەردەرگاو بەر پەنجەرە. ژنەکان دەگرین. دانەدانە خۆیان دەگەیەننە ژنەکەکەو هەوڵدەدەن دڵداریی بدەنەوە. هەر ئەم کوڕەیان هەبووە. ئەوسا من رزگارم دێتەوەبیر. لە فوتباڵ لە هەموو منداڵی گەڕەک زیرەکتر بوو. هەمیشە تۆپە لاسیقییەکان هی ئەو بوون. جگە لە چەند ئاشنا و دۆست و رفیقێک، لە مزگەوتیش تەنیان. دەڵێن تەنیا جانتایەکیان وەرگرتوەتەوە. هەندێ جل وبەرگ و شمەکی ریشتاشین و لەگەڵ دەفتەرچەیەکی دڕاو کە زۆربەی لاپەڕەکانی نەماون. چەند عانەیەکیش. کە دەیشینێژن هەر ئەوەندەن. نا، لەگەڵ گۆڕهەڵکەنەکان و ئەو حافزە کوێرەی ئەوەندە بە پارە موحتاجە کە لە گرتن ناترسێ و ئامادەیە رستەکانی قوڕعان، لەبەر، بە دەنگێکی حەزین بڵێتەوە. دیارە منم باوەڕناکا کەس بیانگرێ. دیمەنەکە لەوە وێرانترە کەس، تەنانەت پیاوانی حکومەتیش، بیر لە گرتن و ئازاردانیان بکەنەوە. هەندێ جار زەلیلی ئەوەندە بەرچاوە کە تەنانەت زاڵمیش بەزیی پیاتدا دێتەوە و لێت دەگوزەرێ. باوکم دەڵێ جا بزانە چەند بەختت هەبوو رزگارت بوو! باوکم راستدەکا. رزگار رزگاری نەبوو، بەڵام من با. دەڵێ خوا کاک بەختیارمان لێ نەستێنێ، هەرچەند کەم کەس قەدری دەزانن. من بیری شکڵ و شەمایلی دەکەمەوە. ئیستا دێتەوە بیرم لە کێ دەچێ. کاک بەختیار لە کیسەکێش دەچێ. لە کیسەکێشی حەمامەکەی گەڕەکەکەمان. من کە نازانم چۆن چۆنی کەسێکی وەها ئەوەندە دەستی دەڕوا، تیایا دەمێنمەوە. وادیارە هەندێ ئیش لە ژێرەوە بە هەندێ رایەڵی وەهاوە بە کاروباری ترەوە بەستراونەتەوە کە تێگەیشتن لێیان و دۆزینەوەیان بۆ هەموو کەس دەستنادا. هەرچەند باوکم دەڵی هۆکارەکەی ئەوەیە کە کاتی خۆی کاک بەختیار، بە دەیان و سەدان تەرمی سەربازە کوژراوەکانی حکومەتی شۆردووە و کفن و دفنی کردوون. گوایا لە سەردەمێکدا لە حکومەت بێ کەستر لەم وڵاتەدا نەبووە، کاک بەختیار بەم کارەی خۆی نیشانی داوە چەند پیاوی رۆژ تەنگانە و هاوڕێی مردووەکانە. بە کورتی هەموو توانای ئەو لەوەدایە کە لە فکری مردووی حکومەت و زیندووی خەڵکی شاردایە. دیارە بە مەرجێک زیندووەکە زۆر کاری گەوجانەی نەکردبێ.

چاوێک بە ماڵەکەدا دەگێڕم. یەک تاقە کتێب چییە لێی نیە. وەڕەزیی کتێبخانەکە دەکەم. پوورم دەڵێ کتێبخانەکە ئیستا لە شوێنێکی ترە. بینایەکی گەورە و بەرز بە کتێبی یەکجار زۆرترەوە! من کە هاوکات هەم سەرم بەم قسەیە سووڕدەمێنێ و هەم خۆشحاڵ دەبم، ئادرەسەکەی لێوەردەگرم. دەنگم دەدا جارێکە پەلە نەکەم. دەڵێم مەگەر کاک بەختیار فریامان ناکەوێ؟ پوورم پێدەکەنی. من لەوەی کە بە جیددی قسەکەم وەرنەگیراوە، دڵگیردەبم. پوورم دەڵێ مەبەستم ئەمە نیە، مەبەستم ئەوەیە بە پەلەپەل دە ساڵەکە قەرەبوو ناکرێتەوە. دەپرسم کاک بەختیار چکارەیە؟ پوورم دەڵێ هیچکارە. راستدەکا. ئەو کە لە خەو هەڵدەستێ، لە دووای ئەوەی ریشی پاک پاک دەتاشێ و رۆن لە سمێڵی دەدا و لەبەر ئاوێنەکەدا جوان جوان خۆی بەسەردەکاتەوە، بەرەو بازاڕ خلۆردەبێتەوە. هەتا نیوەڕۆ و لە دووانیوەڕۆیشەوە هەتا ئێوارە ئەم دووکانەو دووکان دەکا،... لەگەڵ ئەم و ئەو دادەنیشێ و زیاتر لەوەی باسی داهاتوو بکا بە ئیستاوە خەریکە. پوورم دەڵێ نانی مردوو و زیندووەکان پێکەوە دەخوا. منیش لام وایە کەواتە دووبەرابەری خەڵکی تر دەردێنێ و بۆیە وەزعی گەلێک باشترە. کاک بەختیار حەزیشی لە تەسبێحە. لە ماڵەوە کلۆکسیۆنێکی تەسبێحی هەیە و هەمیشەیش لە گیرفانیدا چوار نەوعی پێکەوە تیایە. لەوە دەچێ بە گوێرەی شوێن تەسبێحەکان دەگۆڕێ. بۆ وێنە لە چایخانە هەمیشە لە جۆری دەنک شووشەیی درشتی بە دەستەوەیەو، کاتێک دەدوێ حەزدەکا شەقەشەقیان لێ بێنێ.

راستییەکەی ئەوەیە کەس بە قەدەر ئەو لە ژیانی خۆی دڵنیا نیە. ئەوە بەختیارە کاتێک چەکدارەکانی حکومەت لە دەرەوەی شار لە رێگاوبانەکاندا دەکوژرێن، لەلایەن حکومەتەوە بۆ مەعامەلە و کۆکردنەوە و ستاندنەوەی تەرمەکان دەنێردرێ و هەمیشەیش لە کارەکەیدا سەرکەوتووە. بە کوردی و بە کورتی لە حەوت دەوڵەت ئازادە.

باشە پوورێ چ قەوماوە؟ دونیا بۆ وای لێهاتووە؟ ئەم هەموو مردن و کوژران و تەرمە چین؟ لە کوێوە دێن؟ پوورم بە نیگاکانی لێم زیت دەبێتەوە و دەڵێ رەنگە خراپتریش بێت! دەڵێم باشە لەو شەوەوە من بە تووش خەوە نگریسە دە ساڵەکەوە بووم، بۆ دونیا ئەوەندە گۆڕاو؟ ئەو بێدەنگە. من جاری وایە تاوانەکەی بۆ ئاغای ئەسەدی دەگێڕمەوە، جاری وایە بۆ حەمەسوور و جاری وایشە لەبەر خۆمەوە دەڵێم ئاهی مامەجوێنفرۆشە، بە سەلمێ نەگەیشت و عالەمی گرتەوە. باوەگەورە سەرم لێ بادەدا و لام وایە لە دڵی خۆیا دەڵێ نەوەڵلا ئاهی من بوو. من هەرچی بیری لێدەکەمەوە دەبینم بەهەرحاڵ ئاهێک لە شوێنێکەوە بەڕێوەبووە. لانیکەم رۆحێک هەیە کە لەم دونیادا یەکجار ناشادە و بۆیە جیهان نیشتووەتە سەر تەوقی سەری خۆی.

رۆژێک بەڕێکەوت بە تووش کاک بەختیارەوە دەبم و، لەگەڵ ئەوەی حەزم لێێ نیە سڵاوی لێ بکەم، بەڵام سڵاوی لێدەکەم. بە رێکوپێکی وەڵامم دەداتەوە. نیگاکانی دەڵێن نامناسنەوە. دەمەوێ بگەڕێمەوە و بڵێم فڵانە کەسم،... بەڵام پەشیمان دەبمەوە. ساڵانی دوواترە تێدەگەم ئەو وەک مردووەکان، زیندووەکانیش، ئەوانەی وا رزگاری کردوون زۆر لە بیریا نامێنن. بەتایبەت کە زۆرینەیان گەنجن و لەخۆی کەم تەمەنتر. بە خۆم دەڵێم لەبیری کە، قەرزداری نیت! مەگەر من چیم کردبوو؟ هیچ. ئەو لەسەر شتێکی هیچ بووە بە خاوەن پیاوەتی بەسەر ئێمەوە. رقم لە خۆم و لە باوکم و لەم سەردەمە دەبێتەوە. داخۆ باشتر نەبوو جارێکە لە خەو هەڵنەستم؟

رۆژێک کۆپتەرێک لە دووای ئەوەی سووڕێک بەسەر شاردا دەداتەوە، نزم دەبێتەوە و لە مەیدانە بەرینەکەی سەربازخانەکەی شار دەنیشێتەوە. لە دووای نیوسەعات دیسان بەرزدەبێتەوە و لە پاش ئەوەی سووڕێکی تر بەسەر شاردا دەداتەوە، لەناو ئاسمان و لە پشت کێوەکانی رۆژهەڵات وندەبێ. دەڵێن هەر ئەو رۆژە کاک بەختیار بە ماشینێک نیوسەعات پێش ئەوەی هلیکۆپتەرەکە بنیشێ، چووە بۆ سەربازخانەکە. دەڵێن بە هەمان کۆپتەریش لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

لەم شارە بچووکە کە خەڵکی سەریان یەکجار بە ژیانی خۆیانەوە سەرقاڵە، من تێناگەم چۆن چۆنی ئەم هەواڵانە ئاوەها پێکەوە گرێدەدرێن و چیرۆکیان لێ سازدەبێ. بەڵام هاوکات دڵنیام راستیشە. رەنگە لەبەر ئەوەی دەروازەی سەرەکیی سەربازخانەکە رێک لەو شوێنەیە وا گەڕەکەکەی نێزیکی کۆتایی پێدێ.

درێژەی هەیە...