چیرۆک و شار

بێگومان هەتا مرۆڤەکان زیاتر بن و چڕتر پێکەوە بکەونە هەڵسوکەوت و پێوەندییەوە، ئەوا رادەی چیرۆکەکانیش زیاتر دەبن. لە شارێکدا لە چاو گوندێک چیرۆک و بەسەرهاتی گەلێک زیاتری تیا دەستدەکەوێ. لە خۆوە نیە گەنجەکان ئەوەندە حەزیان بە ژیانی شارنشینیە و پیر و بەتەمەنەکان حەزیان بە شوێنە تەریکەکانە. بە واتایەکی تر ئێمە جاری وایە لە دەست چیرۆک و بەسەرهاتەکان رادەکەین.

بەڵام چیرۆک تەنیا بە ژمارەکانەوە نەبەستراوە، بەڵکو بە چۆنیەتی پێوەندیشەوە بەستراوەتەوە. لە راستیدا چیرۆک ئەوەندەی بە چلۆنایەتییەوە گرێدراوە بە ژمارەوە گرێنەدراوە. جا بۆ ئەوەی چیرۆک بخوڵقێندرێ، دەبێ نووسەر پێش لە هەر شتێک چاوی لەم بەشە بێت.

دیارە چیرۆک کاتێک ژمارەی زیاد دەبێ، دەتوانێ لەگەڵ خۆی هەڵگری ئەگەری بردنە سەرەوەی ئاستی چلۆنایەتیش بێت. بەو مانایە کە کاتێک بەسەرهاتەکان تێکەڵ بە یەکتر دەبن، لەگەڵ خۆیان پێوەندیی تر دەخوڵقێنن. بۆیە گرینگە نووسەر، چیرۆک زۆر بژنەڤێ و زۆر ببینێ. بۆ ئەوەی بیانکا بە هەوێنی چیرۆکی هونەری.

لە خۆوە نیە دەگوترێ چیرۆکی نوێ، لە بەستێنی شاردا سەرهەڵدەدا. چڕبوونەوەی مرۆڤەکان لە گەڵ خۆی هەوێنی چڕبوونەوەی ژمارە و چلۆنایەتییە.

سایتی قەڵەم    ٢٤ مانگی سێی ٢٠٢١

 

 

بازدید: 1700